کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەكی پێشووی حیزب لە شاری ڕەبەت

10:39 - 18 خەرمانان 2726

ڕۆژی هەینی ١٣ی خەرمانی ١٤٠٥، هەمزەئاغا خزری، پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات و کەسایەتیی خۆشناوی خەڵکی ئاوایی گەنمان سەر بە شاری ناوچەی ڕەبەت، بەهۆی پیری و نەخۆشییەوە لە شاری سەردەشت کۆچی دوایی کرد.

‎ناوبراو مرۆڤێکی خۆشەویست و كۆمەڵایەتی و جێگەی متمانەی خەڵکی ئاوایی گەنمان و ئاواییەكانی دەوروبەر بوو.

لە ساڵەکانی ٤٦ــ ٤٧ی هەتاویدا، یەکێک لەو کەسانە بووە كە هاوكارییەکی باشی کادر و پێشمەرگەكانی حیزبی لەو سەردەمەدا کردووە.

‎هەروەها لە سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێراندا لە ١٣٥٧ ئەوکاتەی حیزبی دێموكرات بنكە و بارەگای لە ئاوایی و شارەكانی كوردستاندا دامەزراند، ناوبراو چەكی پێشمەرگایەتی لە شان کرد و بۆ ماوەی چەندین ساڵ دڵسۆزانە پێشمەرگایەتیی کردووە.

‎ناوبراو لەو ماوەی پێشمەرگایەتیدا بەرپرسایەتیی لە ئەستۆ بووە و دڵسۆزانە ئەرکەکانی ڕاپەڕاندووە و لە چەندین تێکهەڵچوون دژ بە هێزەكانی دوژمندا ئازایانە بەشەڕ هاتووە.

کاک هەمزە ساڵی ٦١ی هەتاوی لە سەر داوای خۆی و ڕەزامەندیی حیزب، چووەوە نێوخۆ و هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی پڕسەروەریی حیزبی دێموکرات مایەوە. 

‎ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.