کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێگای بەتاڵی خەڵک و مافەکانیان لە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا

22:25 - 10 پووشپەڕ 2726

تاهیر قاسمی

هێرشێک کە لە ڕۆژی ٢٨ی فێورییەی ٢٠٢٦دا لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ سەر ڕێژیمی کۆماری ‏ئیسلامی لە تاران دەستی پێ کرد، بە ڕواڵەت، بەجێهێنانی ئەو بەڵێنە بوو کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆک‌کۆماری ‏ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە خۆپێشاندەرانی شەوانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباری تاران و شارە ‏گەورەکانی دیکەی ئێران و کوردستانی دابوو. ئەو خۆپێشاندانە بەرینانەی ڕۆژی ٧ی بەفرانبار دژ بە گرانی و ‏هەڵبەزدابەزی ئابووری، لە بازاڕی تارانەوە دەستیان پێ کرد و بە شێوەی هێمنانە زۆربەی کەڵانشارەکانی ‏ئێران بەتایبەت شاری تارانی گرتەوە، لەلایەن سەرۆک‌کۆماری ئەمریکاوە بەڵێنیی ناردنی هاوکارییان پێ درا. ‏بە پاشەڕۆیی لە ئەویش، ڕەزا پەهلەوی داوای لە لایەنگرەکانی کرد کە مادام هاوکاری بەڕێوەیە، ‏خۆپێشاندانی هێمنانە بۆ توندوتیژی دژ بە دەسەڵات بگوێزنەوە و دامودەزگا حکوومەتییەکان داگیر بکەن. ‏لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە هەڵە و هەلپەرەستانەیەدا، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە ‏درێژایی شەوانی ١٨ و ١٩ی بەفرانبار، بە دڕندانەترین شێوە بەرەوڕووی خۆپێشاندەرانی دەستبەتاڵ ‏بوونەوە و هەر بە وتەی سەرکۆماری ئەمریکا و دەسکەلایی کوڕی شا، گیانی زیاتر لە چل هەزار کەس لە ‏خۆپێشاندەرانی بێ چەک و بەرگرییان ئەستاند. ئەوە سەرەڕای برینداربوون و دەستبەسەرکران و ‏ماڵسووتانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئازادیخوازی بە زاڵەهاتووی ئەو وڵاتە بوو.

بەڵێنییەک کە دۆناڵد ترامپ بەو خەڵکە بریندارەی دابوو، سەرەنجام مانگ و نیوێک دوای ئەو جنایەت و ‏کارەساتە گەورەیە، بە دەسپێکردنی هێرشێکی چڕی ئاسمانی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ سەر ‏ناوەندە سیاسی و سەربازییەکانی ئێران دەستی پێ کرد. بەوەش جەنگێک لە نێوان دوو لایەندا هەڵگیرسا ‏کە ماوەی ٣٩ ڕۆژی خایاند. لەو ماوەیەدا ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی ‏سەربازی و ئەمنیەتیی ڕێژیم کوژران. ئێرانیش بە هاویشتنی هاژەک و درۆن بۆ سەر وڵاتانی دەوربەر و ‏بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا، دەستی کردەوە و سەرەنجام دۆناڵد ترامپ ئاگربەستی ڕاگەیاند. لەو کاتەوە ‏دوو لایەن لەپاڵ گرژی و پێکدادانە جار بە جارەکاندا، دەستیان بە وتووێژ و دانوستان کردووە تا ئەوەی بە ‏شەڕ نەیانتوانی دەستەبەری بکەن، بە وتووێژ چارەسەری بکەن. ئێستا دانوستانەکان گەیشتوونەتە قۆناغی ‏واژۆکردنی لێک‌تێگەیشتنێک بە مەبەستی خۆ ڕزگار کردنیان لەو قەیرانە ئابوورییەی کە بەو شەڕە بۆ ‏یەکتریان خوڵقاندووە و بڕیارە بە زوویی بۆ ماوەی شەست ڕۆژ واژۆ بکرێ. لەو ماوەیەشدا کێشەی ‏سەرەکیی دوو وڵات کە بۆ ئەمریکا لە کێشەی ئەتۆمیزە بوونی ئێراندا کورت کراوەتەوە و بۆ ئێرانیش لە ‏لابرانی گەمارۆ ئابوورییەکان واوەتر نییە، چارەسەر بکرێن. ئەوەی لەم نێوەشدا سەرنجڕاکێش و بە تەواوی ‏جێی نیگەرانییە، ئەو هۆکارە ڕواڵەتییەیە کە هێرشی ڕۆژی ٢٨ی فێوریەی بۆ وەڕێ خرا و جێگای بەتاڵی ئەو ‏خەڵکە مافخواز و دادخوازە لە دەوری مێزی دانوستانەکانە کە ئازیزانیان لە شەوانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباردا ‏بە ئومێدی گەیشتنی هاوکاریی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆمەڵکوژ کران. ‏

لە هەر ڕێککەوتنێکی گرینگی نێودەوڵەتیدا، پرسیارێکی سەرەکی ئەوەیە کە ئایا بەرژەوەندی و ‏خواستەکانی خەڵکیش لەبەرچاو دەگیرێن یان تەنیا بەرژەوەندییە سیاسی و ئاسایشییەکان بۆ لایەنەکان ‏گرینگن؟ ئەوەی لە زاری بەرپرسانی دوو لایەنەوە دەبیسترێ و زۆرێک لە چاودێرانیش پێیان وایە، ئەگەر ‏ڕێککەوتنی نوێی نێوان ئەمریکا و ئێران واژۆ بکرێ، بابەتی سەرەکی بۆ واشینگتۆن بریتییە لە کێشەی ‏ئەتۆمی، ئاسایشی ناوچەیی و ئارامیی بازاڕی نەوت. هەرچەند دوناڵد ترامپ بۆ خۆدزینەوە لە بەڵینیی ‏گەیاندنی هاوکاری بە خۆپێشاندەرانی مافخواز، چەندان جار کوردی بە نەناردنی چەکی ئەمریکایی بۆ ‏خۆپێشاندەرانی تۆمەتبار کردووە بەڵام لەو ماوەیەدا بە دەگمەنیش باسی خواستەکانی ئەو خەڵکەی لە ‏زاری دەرنەهاتووە. تەنانەت هیچ کاردانەوەیەکی بەرامبەر بە ئیعدامی ئەو دەیان هاوڵاتییەش نەبووە کە لەو خۆپێشاندانانەدا گیران و لەو ماوەیەدا لەلایەن دەزگای دادوەریی ئەو وڵاتەوە ئێعدام کران. وەک چۆن لە ئەنجامی هێرش و بۆردومانەکانیشدا کەمترین زیان لەو دەزگا سەرکوتکەرە و بەرپرسانی نەدرا. چاوەڕوانیش ناکرێ کە دێموکراسی و مافەکانی خەڵکی ئێران‎ ‎بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ‏جێگە و پێگەیەکیان لەسەر مێزی دانوستان و دوا جار لەو ڕێککەوتنەدا هەبێ. لە ماوەی چەند ساڵی ‏رابردوودا، خەڵکی ئێران بەردەوام داوای ئازادی، دێموکراسی و کۆتاییهێنان بە سەرکوتکاری کردووە بەڵام ‏لەم وتووێژانەشدا وەک زۆربەی وتووێژ و دانوستانە نێودەوڵەتییەکانی تر، نوێنەرایەتییەکی ڕاستەوخۆی ‏خەڵک و بزووتنەوە ئازادیخوازەکان بوونی نەبووە. زۆرێک لە دەنگە نێوخۆییەکانی ئێرانیش هەست بەوە ‏دەکەن کە چارەنووسی نزیکەی نەوەت ملیۆن هاوڵاتی، بەبێ ئەوەی خۆیان بەشدار بن و ‏نوێنەرایەتییەکیان تێیایاندا هەبێ، لە پشت دەرگا داخراوەکانی دانوستاندندا دیاری دەکرێ. ‎ئەمەش ‏دیاردەیەکی نوێ نییە و مێژوو نیشانی داوە کە لە ڕوانگەی ئەمریکاوە، زۆرجار دڵنیابوون لە بەرژەوەندییە ‏ستراتیژییەکان پێش هەموو شتێک دێ. ئەگەر ڕێککەوتنەکە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاڵۆزییە ‏ناوچەییەکان و سنووردارکردنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، ئەوا دۆناڵد ترامپ خۆی بە براوە و واشینگتۆن ‏خۆی بە سەرکەوتوو دەزانێ تەنانەت ئەگەر گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادییە ‏سیاسییەکاندا ڕوو نەدا. لە هەمان کاتدا، کاریگەریی ڕێککەوتنەکە بۆ داهاتووی بزووتنەوە ئازادیخوازەکان ‏دوو ئاراستەی جیاوازی دەبێ؛ لایەک، ئەگەر ڕێککەوتنەکە ببێتە هۆی ئازادبوونی سەرچاوە داراییەکان و ‏بەهێزتر بوونی دەسەڵات، ڕەنگە ئامرازەکانی سەرکوتکردنیش بەهێزتر بن و فشار لەسەر ئۆپۆزسیۆن زیاد ‏بکرێ. لایەکی تریش، ئەگەر خەڵک هەست بەو ڕاستییە بکەن کە هیچ هێزێکی دەرەکی دادیان نادا و ‏چارەسەری کێشەکانیان ناکا، ڕەنگە زیاتر پشت بە هێزی خۆیان و ڕێکخستنە مەدەنییەکانی خۆیان ببەستن. ‏زۆرێک لە دەنگەکانی نێو ئێران ئاماژە بەوە دەکەن کە گۆڕانکاریی ڕاستەقینە دەبێ لە نێوخۆی ئێرانەوە ‏بێتە ئاراوە نەک لە ئەنجامی ڕێککەوتنی دەوڵەتە گەورەکان. بۆیە داهاتووی سیاسی و دیموکراتیکی ئێران ‏لە هەموو شت زیاتر پێوەندیی بە توانای خەڵکی ئێران و بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی خۆیەوە هەیە، نەک ‏بەو ڕێککەوتنانەی لە نێوان دەوڵەتاندا واژۆ دەکرێن. ‏