
ئیبراهیم لاجانی
تێبینی: ئەو سەرنج و بۆچوونانەی لەم وتارەدا خراونەتە ڕوو، دەربڕی بیروڕای نووسەرن و مەرج نییە دەربڕی هەڵوێست و بۆچوونەکانی کوردستان میدیا بن.
لە مێژووی بزووتنەوە ئازادیخواز و عەدالەتخوازەکاندا، چەپ ئەو کاتە متمانە و پێگەی تایبەت بە خۆی بەدەستهێناوە کە لە پاڵ خەڵکدا وەستاوە؛ لە پاڵ کرێکاران، زەحمەتکێشان، ژنان، لاوان، گەلانی بندەست، کەمایەتییەکان و هەموو ئەوانەی کە لەژێر باری هەڵاواردن و چەوسانەوە و نادادپەروەریدا بوون. ناسنامەی ڕاستەقینەی چەپ، نەک لە نزیکبوونەوە لە دەسەڵات، بەڵکوو لە ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات و بەرگریکردن لە مافە پێشێلکراوەکانی چین و توێژە زەحمەتکێشەکاندا شکڵی گرتووە. هەر کاتێک ئەم ئەسڵە لەبیر کرابێت، چەپیش لە ئەرکە مێژووییەکەی خۆی دوور کەوتووەتەوە و بووەتە هێزێکی بێکاریگەر یان تەنانەت پاساوهێنەرەوەی دۆخی باو و وەزعی مەوجود.
ئەمڕۆش یەکێک لە گرنگترین ئاستەنگەکانی بەردەم هێزە چەپەکان لە ئێراندا، پرسی سەربەخۆیی سیاسییە. ئەو چەپەی سەربەخۆیی خۆی لە دەست بدات و بە بیانووی جۆراوجۆر، چاو لە ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات بپۆشێت، ئیتر ناتوانێت بانگەشەی نوێنەرایەتیکردنی خەڵک و چینە بێبەشەکان و گەلان و توێژە زەحمەتکێشەکان بکات. ئەزموونی چەند دەیەی ڕابردوو نیشانی داوە کە بەشێک لە ڕەوتە چەپەکان، بەتایبەتی دوای سەرکوتی بەرفراوانی ئەوان و هەرەسهێنانی بەشێکی گەورەی ڕێکخستنە سیاسییەکانیان، وردە وردە لە جیاتی ئەوەی سەرنج بخەنە سەر داواکارییەکانی خەڵک و مافەکانی هاووڵاتییان، لە چوارچێوەی هاوکێشە ژیۆپۆلیتیکییە هەرێمی و جیهانییەکاندا گیریان خواردووە. لەم نێوەندەدا، دوژمنایەتیی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکا بۆ هەندێک لەم هێزانە، بووە بە تەوەرێکی ئەوەندە یەکلاکەرەوە، کە خەبات دژی ستەمکاری و سەرەڕۆیی نێوخۆیی، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، سەرکوتی ئازادییەکان و قەیرانی گوزەرانی خەڵک، لای ئەوان بووە بە پرسێکی لاوەکی. ئەم ڕوانگەیە وای کردووە بەشێک لە چەپ، بە ئاگاییەوە یان لە نائاگاییەوە، لە جیاتی وەستان لە پاڵ کۆمەڵانی خەڵکدا، لە پاڵ دەسەڵاتدا ڕاوەستاون.
ڕاستییەکەی ئەوەیە کە خەڵکی ئێران قوربانیی سەرەکیی سیاسەتی سەرکوتکەرانەی ڕێژیمن لە ئاستی نێوخۆدا. هەروەها ئاکامەکانی سیاسەتی ئاژاوەگێڕانەی کۆماری ئیسلامیش لە دەرەوە، ئاکامی زۆر نالەباریان بۆ سەر ئاسایشی ئێران و ژیان و گوزەرانی خەڵک بە دواوە بووە. کرێکاران، مامۆستایان، پەرستاران، خوێندکاران، ژنان و لاوان، گەلان و کەمایەتییە مەزهەبی و ئیتنیکی و چین و توێژە مەینەتبەشەکان، نە لە پرۆسەی سیاسەتگوزاری و بڕیاردانی وڵاتدا بەشدارن و نە سوودێک لە دەرەنجامەکانیان وەردەگرن. لەگەڵ ئەوەشدا، تێچووی هەر قەیرانێک، هەر گەمارۆیەک، هەر ئاڵۆزییەک و هەر پێکدادانێک لە کۆتاییدا دەخرێتە سەر شانی هەر ئەم خەڵکە. لەبەر ئەوە، بەرگریکردن لە خەڵک، ئەوە دەخوازێت کە هاوکات لەگەڵ دژایەتیکردنی دەستێوەردانی دەرەکی، سیاسەتە نێوخۆییەکانی کۆماری ئیسلامیش بکەونە بەر ڕەخنە و ناڕەزایەتی و مەحکووم بکرێن.
لە ڕوانگەیەکی دێموکراتیک و گەلییەوە، دژایەتیکردنی شەڕ هەرگیز نابێت بە بەرگریکردن لە حکوومەت تەواو بێت. ئەم دوو بابەتە نەک هەر یەک نین، بەڵکوو لە زۆر حاڵەتدا دژ بە یەکتر ڕادەوەستن. شەڕ وێرانی و مردن بۆ خەڵک دەهێنێت و لەبەر ئەوە دەبێت دژایەتی بکرێت. بەڵام دژایەتیکردنی جەنگ نابێت ببێتە بیانوویەک بۆ بێدەنگی لە بەرامبەر سەرکوت، گەندەڵی، هەڵاواردن و پێشێلکردنی بەرفراوانی مافەکانی هاووڵاتییان لەلایەن ڕێژیمی ئاخوندییەوە. هەروەک چۆن بەرگری لە ئاشتیش نابێت بە واتای پشتیوانیکردن لەو سیستەمە سیاسییە بێت کە خۆی یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی قەیرانە نێوخۆیی و ژئۆپۆلیتیکییەکان.
چەپی سەربەخۆ دەبێت بتوانێت هاوکات دوو هەڵوێستی ڕوونی هەبێت: نە بە شەڕ بڵێ و لە بەرامبەر سەرکوت و ستەم و زەبروزەنگی ڕێژیمیش، لە پەنای خەڵک ڕاوەستێ. هەر هەوڵێک بۆ قوربانیکردنی یەکێکیان لە پێناوی ئەوی تردا، لە کۆتاییدا بە زیانی خەڵک تەواو دەبێت. کۆمەڵگای ئێران پێویستی بە دەنگێکە کە بەبێ ئەوەی ببێتە پاشکۆی هێزە دەرەکییەکان، نەبێتە کلکەی دەسەڵات. بەڵکووو دەبێت داواکارییە ڕاستەقینەکانی خەڵک نوێنەرایەتی بکات.
یەکێک لە هەڵە جددییەکانی بەشێک لە ڕەوتە چەپەکان لە ساڵانی ڕابردوودا، کورتکردنەوەی پرسی عەداڵەتە بۆ ململانێ نێودەوڵەتییەکان. وەک ئەوەی تاکە دەسەڵاتێک کە دەبێت خەباتی دژی بکرێت، دەبێ دەسەڵاتی دەرەکی بێت؛ لە کاتێکدا خەڵک هەموو ڕۆژێک ڕووبەڕووی شێوە جۆراوجۆرەکانی ستەم و سەرکوتی نێوخۆیی دەبنەوە. ئەو کرێکارەی لە مافی ڕێکخراوبوون بێبەش کراوە، ئەو مامۆستایەی بەهۆی داواکردنی مافە پیشەییەکانییەوە زیندانی دەکرێت، ئەو ژنەی ڕووبەڕووی هەڵاواردنی یاسایی دەبێتەوە و ئەو لاوەی لە سەرەتاییترین ئازادییە سیاسییەکان بێبەش ماوەتەوە، ئەو گەلانەی حاشا لە بوون و هەیەتیان دەکرێ، هەموویان لەگەڵ ستەم و سەرکوت و نادادپەروەریی نێوخۆیی دەستەویەخەن.
ناکرێت باس لە دادپەروەری بکرێت و لە بەرامبەر ئەم ڕاستییانەدا بێدەنگ بمێنینەوە. ناکرێت بانگەشەی بەرگریکردن لە زەحمەتکێشان بکرێت، بەڵام داواکارییەکانیان لە پێناوی حیساباتە سیاسی و ئایدیۆلۆژییەکاندا بکرێنە قوربانی. سەربەخۆیی سیاسی بە تەواوی بەو واتایەیە کە هیچ دەسەڵاتێک، چ دەرەکی و چ نێوخۆیی، نەتوانێت دەنگی خەڵک بۆ خۆی زەوت بکات، سەرکوت بکات، ستەم و زەبروزەنگ بەڕێوە ببات و ماف و ئازادییەکانی خەڵک پێشێل بکات.
ئەدەبیاتی سیاسی بزووتنەوە دێموکراتیکەکان هەمیشە جەختی لەسەر ئەم بنەمایە کردووەتەوە کە مەشروعیەتی هەر هێزێکی سیاسی لە ڕادەی نزیکبوونەوەی لە خەڵک و داواکارییەکانیانەوە سەرچاوە دەگرێت. هەر ڕەوتێکی سیاسی کە خۆی بە جێگرەوەی خەڵک بزانێت یان بەرژەوەندییەکانی دەسەڵات بخاتە پێش مافەکانی خەڵک، درەنگ یان زوو لە پشتیوانی کۆمەڵایەتی بێبەش دەبێت. ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو نیشانی داوە کە کۆمەڵگای ئێران زیاتر لە هەر کاتێکی تر بەرامبەر بە هەر جۆرە پاساوهێنانەوەیەک بۆ سیاسەتەکانی ڕێژیم هەستیارە. خەڵک لە هێزە سیاسییەکان چاوەڕوانی ئەوە دەکەن کە ڕاشکاو، شەفاف و سەربەخۆ بن و هەمیشە لە ڕیزی میللەت و چین و توێژە زەحمەتکێشەکاندا بمێننەوە.
ئەمڕۆ چەپی ئێران، ئەگەر بیەوێت جارێکی تر ببێتەوە هێزێکی کاریگەر، دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ڕەگە ڕەسەنەکانی خۆی؛ بۆ بەرگریکردن لە ئازادی، دادپەروەری، یەکسانی و کەرامەتی مرۆیی. ئەم گەڕانەوەیە تەنیا لە ڕێگەی پاراستنی مەودای ڕەخنەگرانە لەگەڵ هەموو ناوەندەکانی دەسەڵاتەوە دەکرێت. ئەو چەپەی لە بەرامبەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤدا بێدەنگ بێت، ئەو چەپەی سەرکوت پشتگوێ بخات و ئەو چەپەی لە وەرچەرخانە مێژووییەکاندا لە جیاتی خەڵک لە پاڵ دەسەڵاتدا ڕابوەستێت، ناتوانێت ڕۆڵی ڕزگاریخوازانە بگێڕێت. ناتوانێت ڕیسالەتی مێژوویی خۆی بەجێ بگەیەنێت.
لە بارودۆخی ئێستادا، زیاتر لە هەر کاتێکی تر پێویستە هێزە پێشکەوتنخواز و دێموکراتەکان لەسەر بنەمای دیفاع لە بەرژەوەندییەکانی خەڵک و مافەکانی هاووڵاتییان یەک بگرن. دەبێ بەرگری لە ئاشتی، بەرگری لە ئازادییە سیاسییەکان و مافی ڕێکخراوبوونی سەربەخۆ، حەقی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکان و گەلان بکەن. دەبێت نەهێشتنی هەڵاواردن، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ڕێزگرتن لە ئیرادەی خەڵک، ببێتە بەشێکی گرنگ لە پێکهاتەی لێکجیانەکراوەی هەر پرۆژەیەکی سیاسی پێشکەوتنخواز.
چەپی سەربەخۆ دەبێت بە دەنگی بەرز ڕابگەیەنێت کە نە جەنگ چارەسەری کێشەکانی ئێرانە و نە بەردەوامبوونی دۆخی ئێستا. خەڵکی ئێران شایستەی داهاتوویەکن کە تێیدا ئازادی و دادپەروەری دەستەبەر کرابێت. هیچ هێزێک ناتوانێت بە ناوی خەبات دژی دوژمنی دەرەکی، پاساو بۆ ستەمکاری نێوخۆیی بهێنێتەوە و هیچ پرۆژەیەکیش ناتوانێت بە پشتگوێخستنی ئازار و ژانی خەڵک، خۆی بە خەڵکی ناو ببات.
ئەمڕۆ ئەرکی هێزە دێموکرات و پێشکەوتنخوازەکان ئەوەیە لە پاڵ کۆمەڵگادا ڕابوەستن؛ نەک بچنە سەنگەری دەسەڵاتەوە. متمانەی هەر ڕەوتێکی سیاسی بە ڕادەی وەفاداری بۆ خەڵک هەڵدەسەنگێنرێت. چەپیش تەنیا ئەو کاتە دەتوانێت ڕۆڵە مێژووییەکەی خۆی وەدەست بێنێتەوە کە سەربەخۆ، ڕەخنەگر و پابەندی داخوازییە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگا بمێنێتەوە. واتە ئەو چەپەی دژایەتی شەڕ دەکات بەڵام هەرگیز نابێتە بەرگریکاری کۆماری ئیسلامی؛ ئەو چەپەی ئازادی ناکاتە قوربانی مەسڵەحەت و دادپەروەریش ناکاتە قوربانی بەرژەوەندییە سیاسییەکان؛ ئەو چەپەی هەمیشە لە پاڵ خەڵکدا ڕادەوەستێت، نەک لە پاڵ دەسەڵاتی فەرمانڕەوادا.
لە بەستێنی سیاسی ئێراندا، بەتایبەتی لە کوردستان کە هەمیشە یەکێک بووە لە سەنگەرە سەرەکییەکانی خەبات بۆ ئازادی، دێموکراسی و مافەکانی نەتەوە ژێردەستەکان، ناکرێت باس لە چەپی ڕزگاریخواز بکرێت، بەڵام بەرامبەر بە پرسی نەتەوەیی و مافی دیاریکردنی چارەنووس بێ هەڵوێست بمێنینەوە. ئەزموونی مێژوویی کوردستان نیشانی داوە کە خەبات بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە خەبات بۆ ئازادی سیاسی و نەهێشتنی ستەمی نەتەوایەتی جیا ناکرێتەوە. هەر ڕەوتێکی چەپی ڕەسەن و خەڵکی، بە ناچاری دەبێت لە پاڵ داواکارییە ڕەواکانی نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی تری ئێراندا ڕابوەستێت و بەرگری لە مافیان بکات بۆ دیاریکردنی ئازادانەی چارەنووسی خۆیان لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیکدا. ئەو چەپەی لە بەرامبەر ئینکارکردنی ناسنامەی نەتەوەیی، هەڵاواردنی پێکهاتەیی و سەرکوتی داواکارییە نەتەوەییەکاندا بێدەنگ بێت، لە کردەوەدا لە نێوەڕۆکە ئازادیخوازانەکەی خۆی دوور کەوتووەتەوە. هەروەک چۆن بەرگریکردن لە مافەکانی کرێکاران و ژنان و زەحمەتکێشان ئەرکی سروشتی هێزە پێشکەوتنخوازەکانە، بەرگریکردن لە مافەکانی نەتەوەکانی ئێران و بە فەرمی ناسینی مافی دیاریکردنی چارەنووسیان، بەشێکی لێکجیانەکراوەی هەر پرۆژەیەکی دێموکراتیک و ڕزگاریخوازە.
لەم ڕوانگەیەوە، کوردستان تەنیا جوگرافیایەک نییە؛ هێمای خۆڕاگرییە لە بەرامبەر ستەمکاری، بەرەنگارییە لە بەرامبەر ئینکارکردنی مافە نەتەوەییەکان و سەنگەرێکە بۆ بەرگریکردن لە ئازادی و دێموکراسی لە سەرتاسەری ئێراندا. هەر هێزێک خۆی بە بەرگریکاری ئازادی و دادپەروەری بزانێت، دەبێت هەڵوێستی خۆی لە پەیوەند دەگەڵ بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی کوردستاندا ڕوون بکاتەوە و بە هەموو تواناوە بەرگری و پشتیوانی لێ بکات. ئەوە پێوانەیە بۆ ڕاستی و دروستیی هەڵوێستەکانی هەر ڕەوتێکی چەپ و پێشکەوتنخواز.