
شاڕوخ حەسەنزادە
ورمێ، وەک شارێکی مێژوویی کوردستان و یەکێک لە ناوەندە ژیۆپۆلیتیکی و ستراتیژییەکانی ناوچەکە، هەمیشە هێمای ڕەنگاڵەیی کولتوور، زمان و ناسنامەی جیاوازی نەتەوەکانی وەک کورد، تورک (ئازەری)، ئاشووری و ئەرمەنی بووە. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات و لەژێر سێبەری قورسی چەندین دەیەی حوکمڕانیی ناوەندگەرا، دیکتاتۆر و تاکڕەهەند، ناهاوسەنگییەکی زۆر لە نێوان ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکانی نێو شەقام و پەیکەرە ڕەق و ئیدارییەکەی پارێزگاکە و شارەکەدا دروست بووە.
وەک لە هەڵوێست و ڕەخنەی ئەم دواییانەی یەکێک لە ئەندامانی کوردی ئەنجومەنی شاری ورمێدا سەبارەت بە پەراوێزخستنی کورد لە ڕووداوە کولتووری و ئابوورییەکانی وەک «فێستیڤاڵی ترێ» ڕەنگی داوەتەوە، کێشەی سەرەکیی ئەم ناوچەیە تەنیا سڕینەوەی زمان و هونەری کوردی لە ڕووداوێکی لەم چەشنەدا نییە، بەڵکوو حاشاکردنێکی ڕێکخراو، هەڵاواردنێکی سیستەماتیک و پرۆسەیەکی داڕێژراوی دەسەڵاتی ئەمنییەتییە کە هەوڵ دەدات دانیشتووانی ڕەسەنی کورد لە شارەکەدا بێکاریگەر بکات و کار بۆ سڕینەوە و سانسۆرکردنیان دەکرێت.
ئەم ڕەوشە مەترسیدارە بەرهەمی هەژموونێکی بیرۆکراتیک و فاشیستییە کە تێیدا جڵەوی بڕیاردان و سیاسەتداڕێژیی کولتووری و کۆمەڵایەتی بە تەواوەتی قۆرخ کراوە. لێرەدا کێشەکە تەنیا ئیدارەی نێوخۆیی شارەکە نییە؛ بەڵکوو سەرجەم دامەزراوە ئەمنییەتی، نیزامی و دادوەرییەکانی پارێزگاکە ئاراستەکراوی ڕەوتێکن بە ڕوانگەیەکی توندی ئەمنییەتی و پانتورکیستیی حکوومیی بەرژەوەندیخواز. ئەم ڕەوتە ناسراوە بە پشتیوانیی بەشێک لە بازنەکانی بڕیار لە ناوەند و دەستێوەردانی وڵاتانی ناوچەکە (بە تایبەت هەژموون و سیاسەتە ئیقلیمییەکانی تورکیا لە ڕێگەی ئایدۆلۆژیای پانتورکیزمەوە)، هەوڵ دەدەن ورمێ لە دەقە جوگرافی و مێژووییەکەی داببڕن و شۆڤێنیزمی نەتەوەیی بەسەر تەواوی دامەزراوەکاندا بسەپێنن.
لە ڕەهەندی نیزامی و ئەمنییەتیشدا، ورمێ خراوەتە ژێر چاودێرییەکی چڕی دەزگا ئەمنییەتییەکانەوە و ڕوانگەی باڵادەست بەرامبەر بە کورد لە ڕوانگەیەکی هاووڵاتیبوونەوە گۆڕدراوە بۆ هەڕەشە و مەترسیی ئەمنییەتی. ئەم ڕوانگە ئەمنییەتییە نەک هەر مافە نەتەوەیی و مرۆییەکانی کورد بەڵکوو مافی بنەڕەتیی هەموو پێکهاتەکانی دیکەی ناوچەکەشی کردووەتە قوربانیی بەرژەوەندیی خۆی. دامەزراوە ئیداری و سەربازییەکان کە دەبوو چەتری ئاسایش و خزمەتگوزاری بن بۆ هەمووان، کراونەتە قەڵای پاراستنی باڵادەستیی نەتەوەیی و ئایدۆلۆژیی ڕەوتێکی دیاریکراو و بەم جۆرە هاوسەنگیی سروشتیی ناوچەکەیان شێواندووە.
لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە، ئەم جیاکارییە جومگەبەندییە ڕوخسارە ستەمکارەکەی بە ڕوونی پیشان دەدات. لە کاتێکدا هاونیشتمانیانی کورد بەبێ جیاوازی باج، ماڵیات، عەوارز و سەرجەم ئەرکە داراییەکانی خۆیان بۆ شارەوانی و دامەزراوە حکوومییەکان دابین دەکەن، بەڵام کاتێک نۆرەی دابەشکردنی بودجە، پەرەپێدانی ژێرخان، ئاوەدانکردنەوە، قیرتاوکردن و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان دەگات، گەڕەکە کوردنشینەکان بەرەوڕووی پەراوێزخستن و دروشمی بێبودجەیی دەکرێنەوە. بودجەی گشتی کە دەبێت سەرچاوەی پەرەپێدانی هاوبەشی هەموو دانیشتووان بێت، بۆ پڕۆژەی وەرزشی، کولتووری و میدیایی یەکلایەنە و بڵاوکردنەوەی بیری دەمارگرژانە تەرخان دەکرێت، لە کاتێکدا لاوانی کورد لە سەرەتاییترین مەیدانی وەرزشی، ناوەندێکی سەربەخۆی کولتووری و دەرفەتی دامەزراندن لە فەرمانگە ئیدارییەکان بێبەش دەکرێن. ئەم جیاکارییە ئاراستەکراوە، دروستکردنی هەژارییەکی ڕێکخراوە لە گەڕەکە پەراوێزخراوەکاندا هەتا ڕێگە لە گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی کورد بگرێت؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە کەرتە ئابوورییە سەربەخۆکان، بازاڕی شار و هێزی کاری مەیدانی، سەلمێنەری ئامادەیی زەق و کاریگەریی قووڵی کوردان لە شادەماری ئابووریی ورمێدان.
واقعی ڕاستەقینەی ورمێ لە پشت دەرگا داخراوەکانی فەرمانگە ئەمنییەتی و ئیدارییەکان یان لە ڕێگەی ئامارە دەستکاریکراوەکانەوە پێناسە ناکرێت، ئەم حەقیقەتە لە ڕۆحی بازاڕ و شەقامەکاندا زیندووە. بەشداریی سەدان هەزار کەسیی خەڵک لە جەژنەکانی نەورۆزدا بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر بوو لە ڕەسەنایەتی، گەشەی دیمۆگرافی، کولتووری زیندوو و بەردەوامیی ناسنامەی نەتەوەیی کورد لەم جوگرافیایەدا. دیارە لە بەرامەر ئەم وێنە پڕ لە ژیار و درەوشاوەیەدا، ڕەوتە پانتورکیستەکانی دەسەڵات، کە لە وشیاریی نەتەوەیی و گەشەی دیمۆگرافیی کورد تۆقیون، پەنایان بۆ بەکارهێنانی مەزهەب و دروستکردنی مەترسیی دەستکرد برد و هەوڵی تێکدانی پێکەوەژیانی مێژوویی شارەکەیان دا و بە گۆپاڵ و چڕینی دروشمی «حەیدەر حەیدەر» دەیانەویست سیناریۆ سەربازی و خوێناوییەکانی وەک کارەساتی نەغەدە دووبارە بکەنەوە کە وشیاری و ژیریی نەتەوەی کورد و بەشێک لە تورکە ئاوەزمەندەکان لەم شارەدا پێشی بەم پیلانگێڕییە گرت.
ئەم هەڵسوکەوتە توندڕەوانەیە تەنانەت بەزەیی بەو توێژەر، مێژوونووس و بیرمەندە تورکە دادپەروەرانەشدا نایەتەوە کە هەوڵ دەدەن بە ڕوانگەیەکی واقیعبینانە و مێژوویی بۆ ڕاستییەکانی ورمێ بڕوانن؛ تەنانەت ئەوانیش دەستبەسەر و زیندانی دەکرێن هەتا دەنگی حەقیقەت و تەبایی کپ بکرێت. کەچی ئەزموونی مێژوویی، وەک سەردەمی هاوچەرخی هەردوو کۆماری کوردستان و ئازەربایجان، ئەوە دەسەلمێنێت کە کورد و تورک بەبێ دەستوەردانی ئیقلیمی، ئەمنییەتی و ئایدۆلۆژیا توندڕەوەکان، توانای دروستکردنی دیالۆگ، لێکتێگەیشتن و هاوپەیمانیی ئاشتییانەیان هەیە.
داهاتووی گەشی ورمێ لە سڕینەوە، توندوتیژی و باڵادەستیی ئەمنییەتیدا نییە، بەڵکوو لە پێویستیی دەستبەجێی گواستنەوە بەرەو مۆدێلێکی دێموکراسیی تەوافوقی و پێکەوەژیاندایە. مۆدێلێک کە تێیدا دابەشکردنی دەسەڵاتی ئیداری، سەرمایەی گشتی، ئاسایش و دەرفەتە سیاسییەکان بەپێی کەرامەتی مرۆیی و مافی یەکسانی هاووڵاتیبوون بێت، نەک هەژموونی فاشیستیی نەتەوەیی یان سنووردارکردنی ئەمنییەتی.
ورمێ کاتێک دەتوانێت بەرەو لووتکەی گەشەپێدان و ئاسایش هەنگاو بنێت کە وەک باڵندەیەک بە هەردوو باڵی کورد و تورک و بە ئامادەیی چالاکی ئاشووری و ئەرمەنییەکان بفڕێت. سڕینەوەی کولتوور و ناسنامەی هەر پێکهاتەیەک، داڕمانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی هەموو شارەکەی لێ دەکەوێتەوە. تەنیا بە کۆتاییهێنان بە دەستێوەردانی وڵاتانی ناوچەکە، بڕینەوەی دەستی ڕەوتە پانتورکیستە حکوومییەکان، شەفافییەت لە کاروچالاکی و زامنکردنی بەشداریی ڕاستەقینەی کورد لە بڕیارە سیاسی و ژێرخانییەکاندا، ورمێ دەبێتە مۆدێلێکی درەوشاوەی ئاشتی، تەبایی و دادپەروەری لە سەرجەم ئێران و ناوچەکەدا.