کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میکۆنۆس؛ جینایەتێکی لەبیرنەکراو و زامێکی ساڕێژنەبوو!

10:13 - 3 رەزبەر 2726

هەیاس کاردۆ

سەرەتا

مێژوو تەنیا تۆمارکردنی زنجیرەی ڕووداوەکان نییە، بەڵکوو تۆمارکردنی ئەو چرکەساتانەیە کە ئاراستەی ژیان و خەبات دەگۆڕن. هەر ڕووداوێک مێژوو دروست ناکا؛ بەڵکوو ئەو وەرچەرخانانە مێژوو دەخوڵقێنن کە کاریگەری لەسەر چارەنووسی بەکۆمەڵی نەتەوەیەک یان بەشێکی بەرچاو لە کۆمەڵگە دادەنێن.

شەوی ١٧ی سێپتامبری ساڵی ١٩٩٢ی زایینی، لە ڕێستۆرانی «میکۆنۆس»ی شاری بێرلینی وڵاتی ئاڵمان، شەوێکی ئاسایی نەبوو؛ بەڵکوو ساتەوەختێکی مێژوویی و چارەنووسساز بوو. لەو شەوەدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لووتکەی بێباکیدا، «تێرۆری دەوڵەتی» وەک ئامرازێکی سیاسی بەکار هێنا تا لەو ڕێگەیەوە دەنگی ئازادیخوازیی گەلێکی ڕاپەڕیو کپ بکات. لەو شەوە شوومەدا، دوکتور سادقی شەرەفکەندی، جێنشینی شەهید دوکتور قاسملووی نەمر و سکرتێری گشتیی ئەوکاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هاوڕێ لەگەڵ فەتاح عەبدولی نوێنەری حیزب لە ئورووپا، هومایوون ئەردەڵان نوێنەری حیزب لە ئاڵمان، و نووری دێهکوردی دۆستی نزیکی حیزب، لە کاتێکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی خەریکی بیروڕاگۆڕینەوە بوون، کەوتنە بەر دەستڕێژی گوللەی تێرۆریستانی نێردراوی ڕێژیم و شەهید کران.

ئەم جینایەتە، تەنیا تێرۆرکردنی چوار تێکۆشەر نەبوو، بەڵکوو پەلامارێکی ئاشکرا بوو بۆ سەر ئیرادەی سیاسی، ئازادیی بیروڕا و ئەو بەها دێموکراتیکانەی کە شەرەفکەندی و هاوڕێیانی تەمەنیان لە پێناودا بەخت کرد.

میکۆنۆس؛ دڕاندنی پەردەی بێدەنگی و ڕووتکردنەوەی جینایەت!

دەرەنجامی دادگای «میکۆنۆس» لە بێرلین، یەکێک لە گرنگترین ڕووداوە سیاسی و یاساییەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێرانە. ئەو دادگایە بە ڕوونی و ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە بڕیاری ئەو تێرۆرە لە «کۆمیتەی کاروباری تایبەت» لە تاران دەرچووە، کە پێکهاتەیەکی سەرەکیی دەسەڵاتی سیاسی و ئەمنیی ئێران پێک دەهێنێت. ئەو بڕیارە ئازایانەیەی دەزگای دادوەریی ئاڵمان، ماسکی دووڕوویی لە ڕوخساری کۆماری ئیسلامی داماڵی و سەلماندی کە تێرۆر تەنیا کاری چەند کەسێکی سەرکێش نەبووە، بەڵکوو سیاسەتێکی ستراتیژی و بەرنامە بۆ داڕێژراوی دەوڵەت بووە کە لەلایەن باڵاترین بەرپرسانی ڕێژیمەوە بڕیاری لەسەر دراوە.

تێرۆری دوکتور شەرەفکەندی، یەکەم هەڵمەتی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامی دژ بە ئازادیخوازانی ئێران و بەتایبەت بزووتنەوەی مافخوازانەی کورد نەبوو. لەو نێوەندەدا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک شێلگیرترین و بەهێزترین هێزی سیاسیی نەیاری ڕێژیم، کەوتبووە بەر زۆرترین شاڵاوی تێرۆر. تەنیا سێ ساڵ پێشتر بوو کە لە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨دا (١٣ی ژووییەی ١٩٨٩)، ڕێبەری ناوداری کورد دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو سکرتێری گشتیی ئەوکاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای کاک عەبدوڵڵا قادری ئازەر نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات، و دوکتور فازڵ ڕەسووڵ، لە شاری ڤییەنی وڵاتی ئۆتریش و ڕێک لەسەر مێزی وتووێژ تێرۆر کران. بوونی دوکتور شەرەفکەندی وەک جێنشینی شایستەی دوکتور قاسملوو، بۆشایی نەمانی ئەو ڕێبەرە مەزنەی پڕ کردبووەوە؛ چونکە ناوبراو چ لە ڕووی پێگەیشتوویی سیاسی و شارەزایی دیپلۆماسی و چ وەک سەرکردەیەکی مەیدانی، بە تەواوی جێی متمانەی هەمووان بوو. بەداخەوە، دەزگای تێرۆری ڕێژیم مەودای نەدا زیاتر بمێنێتەوە تا بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە تواناکانی زیاتر بەهرەمەند بێت.

کاردانەوەی کارەساتی تێرۆری میکۆنۆس، چ لە ڕووی مرۆیی و چ لە ئاستی سیاسی و یاساییدا، دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە. بڵاوبوونەوەی وێنەی نێو خوێنی ئەو شەهیدانە، شەپۆلێکی گەورەی هاوسۆزیی خوڵقاند کە تا ئەو کاتە نە حیزبی دێموکرات و نە بزووتنەوەی کورد لە ئێران وێنەی نەدیبوو. هەرکەس چاوی بە دیمەنەکان دەکەوت، دەیهێنایە پێش چاوی خۆی کە چۆن سەرکردەیەکی خاوەن قەڵەم، دیپلۆمات و خاوەن ڕوانگەی بەرزی سیاسی، بووەتە قوربانیی ڕقی کوێرانەی ڕێژیمێکی خوێنڕێژ و بێبەزەیی؛ ڕێژیمێک کە توانای بیستنی بچووکترین دەنگی جیاوازی نییە و تەنیا زمانی فیشەک و پەتی سێدارە دەزانێت. ئەوەی لە بێرلین ڕووی دا، دەرخەری ترسی قووڵی دەسەڵات بوو لە بیروباوەڕەکانی شەرەفکەندی. شەرەفکەندی دەیزانی کە بزاڤی ئازادیخوازی لە ئێراندا، بەبێ دێموکراسی و چارەسەری پرسی نەتەوەکان و لەسەرووی هەموویانەوە کورد، هەنگاوێک بەرەو پێش ناچێت. بێگومان بەرجەستەکردنی دێموکراسی و مافە نەتەوەییەکان، گەورەترین هەڕەشە بوو بۆ سەر بیرکردنەوەی ژەنگهەڵاتووی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی.

بەردەوامیی جینایەت لە میکۆنۆسەوە تا ئەمڕۆ!

ئەگەر سەیری ڕەوتی ڕووداوەکانی چەند دەیەی ڕابردووی دوای تێرۆری میکۆنۆس بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە نێوەرۆکی ئەو ڕێژیمە هیچ گۆڕانێکی بە باری ڕیفۆرم و چاکسازیدا تێدا پێک نەهاتووە. ئەوەی گۆڕاوە تەنیا شێوازەکانی سەرکوت و جینایەتە. تێرۆری دوکتور شەرەفکەندی بەشێک بوو لە «پلانی تێرۆری دەرەکی» کە دوای ئاشکرابوون و لە قاودرانی، ئیتر ڕێژیم نەیتوانی وەک پێشوو لە وڵاتانی دیکە درێژەی پێ بدات. لە ڕاستیدا دەکرێ بڵێین مەحکوومبوونی سەرانی کۆماری ئیسلامی لە لایەن دادگای بێرلینەوە و بڕینەوەی حوکمی زیندان بۆ تێرۆریستەکان، دوا ئاڵقەی زنجیرە تێرۆرەکانی ئەو ڕێژیمەی لە وڵاتانی جۆراوجۆردا پساند.

بەڵام لە بەرامبەردا، دەسەڵاتدارانی ئێران ئەوجار بەربوونە کوشتاری ئازادیخوازانی نێوخۆ و لە هەر ڕێگایەکەوە بۆیان لوا دەستیان نەپاراست. سەرکوتی بەربڵاوی ناڕازییانی وەزعی مەعیشەتی لە ساڵەکانی ١٣٩٦، ١٣٩٨ و بەتایبەت بزووتنەوەی بەربڵاوی «ژن، ژیان، ئازادی» لە ساڵی ١٤٠١دا، ئەو ڕاستییەی سەلماند کە ماشێنی کوشتاری ڕێژیم هەروا دەگەڕ دایە. بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کە بە کوشتنی کچە کوردی سەقزی سەرەتا لە کوردستان دەستی پێ کرد و دوایە هەموو ئێرانی گرتەوە و تەنانەت بوو بە جیهانییش، ڕووی کۆنەپەرستانە و ماهییەتی دژی گەلیی ئەو ڕێژیمەی زیاتر دەرخست. دیسان ڕاپەڕینی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە بەفرانباری ساڵی ١٤٠٤دا کوشتاری دەیان هەزار کەسیی لێ کەوتەوە کە ئیتر ئەمجارەیان تەنانەت خودی ڕێژیمیش نەیتوانی بیشارێتەوە.

قەیرانە جۆراوجۆرەکانی ڕێژیم لە حاڵی حازردا گەیشتوونەتە ئەوپەڕی خۆیان. ئەگەر لە کاتی تێرۆری میکۆنۆسدا، کۆماری ئیسلامی لە دەوڵەتی ڕەفسەنجانیدا بە قەول خەریکی «پەرەپێدانی وەزعی ئابووری»ی دوای شەڕی ئێران-عێراق بوو، ئەمڕۆ ڕەوتی ئابووریی ئێران ڕوو بە داڕمانی تەواوە. نەک هەر ئەوە، ئەو زەبرە قورسە نیزامییانەی لە لایەن سوپای ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پێی کەوتوون و ئەو ژمارە زۆرەی لە دەسەڵاتداران لێی کوژراوە، قەرەبووکردنەوەیان لە توانا بەدەرە. بەو حاڵەش ڕێژیم هێشتا لە پەلوپۆ نەکەوتووە و هەروا خەریکی قەتڵوبڕی خەڵکی ئاسایی و بێدیفاعی ئێران و کوردستانە.

جیاوازیی گەورە لەنێوان ئەمڕۆ و کاتی تێرۆری میکۆنۆسدا ئەوەیە: ئەمڕۆ خەڵکی ئێران و بە تایبەت نەوەی نوێ بە باشی لەوە گەیشتوون کە ئەم ڕێژیمە چاکسازیی هەڵنەگرە. ئێستا ئیتر کەس باسی ڕیفۆرم و ئیسڵاحات ناکا و مەقوولەیەک بە ناوی ڕیفۆرمخواز و کۆنەپارێز باوی نەماوە. تێرۆری میکۆنۆس وانەیەک بوو کە نیشانی داین، ڕێژیمێک کە بە تێرۆر بژی، ناتوانێ دەگەڵ ئاشتی، ئازادی و دادپەروەری هەڵبکا.

لۆژیکی مێژوویی؛ بۆچی تێرۆر شکست دێنێ؟

لە ڕووی لۆژیکەوە، تێرۆر تەنیا کات بۆ دەسەڵات دەکڕێ کە بتوانێ تەمەنی خۆی کەمێک درێژتر بکاتەوە. لە غەیری ئەوەدا، هیچ یارمەتییەکی درێژخایەن بە سەقامگیریی سیستەمی دەسەڵاتدار ناکا. تێرۆری ڕێبەرانی سیاسیی ڕێبازێکی دادپەروەرانە، نەک ئیدە و ڕێبازیان نافەوتێنێ، بگرە دەیانکاتە سیمبولی بەرخۆدان و لەنێو زەینی خەڵکدا زیندوویان ڕادەگرێ. ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران توانیبای بە تێرۆر و کوشتار پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆی قایم بکا، دەبوو ئێستا سەری لە عەرشی فەلەک دابا. مێژوو پێمان دەڵێ ڕێبەرانی ڕێبازێکی مافویستانە چ لە سێدارە بدرێن، وەک پێشەوا قازی محەممەد و چ تێرۆر بکرێن، وەک شەهیدان قاسملوو و شەرەفکەندی، دەبنە سیمبولی خەبات و هەزاران کەس ڕێبازیان درێژە دەدەن.

کۆماری ئیسلامی بە تێرۆری ڕێبەرانی سیاسی و یەک لەوان دوکتور شەرەفکەندی، ویستی «سەری بڕوا بە ئازادی» بپەڕێنێ. بەڵام هەروەک پێشتر دیترابوو، ئەمجارەش بەپێچەوانە دەرچوو. دەیان ساڵ پێشتر ڕێژیمی پاشایەتیی ئێران قازی محەممەدی پێشەوای لە سێدارە دا بەو مەبەستەی تۆوی خەبات لەنێو کورددا وشک بکا. کەچی مێژوو دەریخست کوردستانی ڕاپەڕیو دەتوانێ قازی محەممەدی دیکە دروست بکا. دواتریش کە بینیمان کەسایەتییەکی بەرزی وەک دوکتور قاسملووی مەزن پەیدا بوو کە بە وشیاری و لێزانیی خۆی توانی بزووتنەوەی کوردایەتی چەند هەنگاو بەرێتە پێشتر.

ئەگەر سەیری مێژووی چەند دەیەی ڕابردوو بکەین، دەبینین تێرۆر و کوشتار نەک هەر پاشەکشەی بە بزووتنەوەی ئازادیخوازانە و مافویستانەی کورد نەکردووە، بگرە چالاکتر و پوختەتریشی کردووە. هەروەک ئێستا دەبینین ڕێڕەوانی ڕێبەرانی شەهیدی وەک قازی، قاسملوو و شەرەفکەندی هەروا لە مەیدانی خەباتدا ماون و ئەوە کۆماری پەت و سێدارەیە خەریکە دوا هەناسەکانی خۆی هەڵدەکێشێ.

پەیامێک بۆ نەوەکانی داهاتوو!

ساڵڕۆژی تێرۆری میکۆنۆس تەنیا بیرەوەرییەکی سۆزدارانە بە مەبەستی هەڵوەراندنی فرمێسکی حەسرەت نییە. ئەو یادەوەرییە بۆ نوێکردنەوەی پەیمانی درێژەی خەبات لە پێناو گەیشتن بە ئازادی و سەربەستییە. ئەم یادە، وەبیرمان دێنێتەوە لەگەڵ سیستەمێک بەرەوڕووین کە هیچ سنوورێکی ئەخلاقی و یاسایی پەیڕەو ناکا. هەر بۆیە دەبێ وەبیرمان بێنێتەوە بۆ ئەوەی چیدیکە تێرۆر و کوشتار نەکرێین و مافمان پێشێل نەکرێ، دەبێ یەکگرتوانە بە گژ دەسەڵاتدا بچینەوە.

ئێمە دەبێ بە جیهان بسەلمێنین تێرۆر ناتوانێ دەنگمان کپ بکا. میکۆنۆس برینێکی قووڵە، بەڵام دەتوانێ وانەیەکی باشیش بێ. ئەو وانەیە دەبێ پابەندمان بکا کە ڕێگای شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لەبیر نەکەین و درێژە بە ڕێگای خەباتیان بدەین کە ڕێگای ئازادییە.

لە بیرمان نەچێ کاتێک باسی میکۆنۆس دەکەین، تەنیا لە ڕووداوێکی ئاسایی نادوێین. باسی میکۆنۆس، باسی نێوەرۆک و ماهییەتی تێرۆریستی و تێرۆرپەروەریی ئەو دەسەڵاتەیە کە نزیکەی نیو سەدەیە ژیان و جووڵەی خەڵکی بە بارمتە گرتووە. بیرەوەریی تێرۆری میکۆنۆس، وانەی خەبات و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە دنیایەکی بێ تێرۆر و ڕەشەکوژی و تۆقاندنە. خەباتی ڕێبوارانی ڕێبازی قازی، قاسملوو، شەرەفکەندی، ڕاست بۆ ئەو مەبەستەیە و بەرەی ئێستا و داهاتووی کورد لەسەریەتی ئەو پەیامە وەرگرێ و بیکاتە کردەیی. بۆ ئەوەی نەوەکانی دواڕۆژ بە ئاسوودەیی بژین، ئەم نەوەیە دەبێ لە خەبات بۆ گەیشتن بە ئازادی بەردەوام بێ.