کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاپۆرتی ئاماریی مانگی خەرمانانی ١٤٠٥دا، هەواڵی تۆمارکردنی ١٨ حاڵەتی پێشێلکاریی زەقی مافی ژنان و کچانی لە کوردستان ڕاگەیاند، کە دەسبەسەرکردن، جێبەجێکردنی سزای قامچی، ژنکوژی، خۆکوژی و تۆمەتی ئەمنیی لەخۆ گرتووە.
سەرچاوە: کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران / ئامادەکردنەوە لە کوردستان میدیا
کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە چوارچێوەی چاودێریی بەردەوام لەسەر ڕەوشی مافی ژنان، حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی ژنان و کچانی کوردی لە مانگی خەرمانانی ١٤٠٥دا، بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و سەرچاوەکانی هەواڵ کۆ کردووەتەوە.
حاڵەتە تۆمارکراوەکان لەم مانگەدا، شێوازی جیاوازی پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی ژنان دەگرێتەوە؛ لە دەسبەسەرکردن و بێبەشکردن لە ئازادی و مافە یاساییەکانەوە تا جێبەجێکردنی سزا، ژنکوژی، توندوتیژیی خێزانی، خۆکوژی و دۆسییە و تۆمەتی ئەمنی.
بەپێی بارودۆخی ئەمنیی زاڵ بەسەر کوردستاندا، سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەکان و گوشار لەسەر بنەماڵەکان، ئەم ئامارە تەنیا ئەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە تۆمار و بڵاو کراونەتەوە و ئەگەری ئەوە هەیە ژمارەی ڕاستەقینەی پێشێلکارییەکانی مافی ژنان زیاتر لە ئاماری تۆمارکراو بێت.
١. دەسبەسەرکردنی ژنان و کچان (٧ حاڵەت)
لە مانگی خەرماناندا، لانیکەم ٧ ژنی کورد دەسبەسەر کراون:
سەیران عەرەبی، بلاگری کورد و خەڵکی مەهاباد، لەلایەن پۆلیسی فەتاوە دەسبەسەر کرا.
ڕازیە هاشمی، پارێزەری دادگوستەری و خەڵکی ئاودانان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر کرا.
ناهید کەسنەزانی، تەمەن ٤٨ ساڵ و خەڵکی ئاوایی کەسنەزان سەر بە سەقز، دوای گەمارۆدانی تەواوی ئاواییەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
ئێلهام عەلیزادە، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
شوعلە ڕوحی، خەڵکی سنە، هاوكات لەگەڵ هاوسەرەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
دنیا وەیسی، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی دیواندەرە، بە توندوتیژییەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
بەیان قادری، تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی پەسوێ سەر بە پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر کرا.
٢. جێبەجێکردنی سزا (٢ حاڵەت)
سزای قامچی بەسەر نێدا دەدەجانی و ستایش سەرابیدا جێبەجێ کرا و هەردووکیان ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی سنە کران.
٣. ژنکوژی و کوشتنی ژنان (٤ حاڵەت)
لە مانگی خەرماناندا، لانیکەم ٤ حاڵەتی کوشتنی ژنان و کچان تۆمار کراوە:
ئاتووسا جەعفەری، تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی سنە، لەلایەن هاوسەری پێشوویەوە بە چەکی سارد کوژرا.
هانا ڕەکانی، تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی کرماشان، لەلایەن باوکییەوە بە چەکی گەرم کوژرا.
نیلووفەر موجاوری، تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی پیرانشار، لەلایەن پیاوێکەوە ڕفێندرا و بە شێوازێکی نامرۆڤانە ئەشکەنجە درا و دواتر گیانی لەدەست دا.
سوهەیلا مەحموودی، تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی ڕوانسەر لە پارێزگای کرماشان، لەلایەن برایەکەیەوە بە چەکی سارد کوژرا.
٤. خۆکوژی (٣ حاڵەت)
لە مانگی خەرماناندا، لانیکەم ٣ حاڵەتی خۆکوژیی ژنان و کچانی کورد تۆمار کراوە:
سوعدا شنۆیی، تەمەن ٢٧ ساڵ، دایکی دوو منداڵ و خەڵکی ئاوایی مەلاعیسا، بەهۆی کێشەی خێزانی و کۆمەڵایەتییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
شوکری باتووتە، تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی پیرانشار، بەهۆی توندوتیژیی خێزانییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
شیما چەمەنی، تەمەن ١١ ساڵ و خەڵکی پیرانشار، بەهۆی کێشەی خێزانییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
٥. سزاکان و تۆمەتەکان (٢ حاڵەت)
ڕۆیا سامانی و پەری سامانی، دوو خوشکی خەڵکی مەهاباد، بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی» تۆمەتبار کراون.
کۆبەندیی کۆتایی
ئاماری تۆمارکراو لە مانگی خەرمانانی ١٤٠٥ نیشان دەدات کە ژنان و کچانی کوردستان هێشتا لە بواری جیاوازدا بەرەوڕووی پێشێلکاریی مافە بنەڕەتییەکانی خۆیان دەبنەوە:
دەسبەسەرکردن: ٧ ژن
جێبەجێکردنی قامچی: ٢ ژن
کوشتن و ژنکوژی: ٤ ژن و کچ
خۆکوژی: ٣ ژن و کچ
دۆسییە و تۆمەتی ئەمنی: ٢ ژن
کۆی گشتیی حاڵەتە تۆمارکراوەکان: ١٨ حاڵەتی سەرەکیی پێشێلکاریی مافی ژنان
کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران جەخت دەکاتەوە کە بەردەوامیی ئەم حاڵەتانەی پێشێلکاریی مافەکان، لە دەسبەسەرکردن و جێبەجێکردنی سزاوە تا ژنکوژی و توندوتیژیی خێزانی، نیشاندەری بەردەوامیی هەڕەشە لەسەر مافی ئازادی، مافی ژیان، ئاسایشی تاکەکەسی و مافی ژنان بۆ بەهرەمەندبوون لە دادگاییکردنی دادپەروەرانەیە.