کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئابووریناسان: هەڵاوسان تا کۆتایی ساڵ لەوانەیە بگاتە ٩٩ لەسەد

14:36 - 4 رەزبەر 2726

بەپێی ڕاپرسییەکی ڕۆژنامەی "دنیای ئێقتساد" لە ١٨ ئابووریناس، هەڵاوسانی خاڵبەخاڵ لە ئێران تا کۆتایی ئەمساڵ و لە خراپترین دۆخدا، دەگاتە نزیکەی ٩٩ لەسەد.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، سێ سێناریۆی توندبوونی ئاڵۆزییەکان، جێگیربوونیان و کەمبوونەوەیان، هەڵاوسانی مانگی ڕەشەمە بە ڕیزبەندی بە ٩٩٪، ٨٠٪ و ٦٢٪ دەخەمڵێنن. مەترسییە سیاسییەکان و ئاستەنگی دابینکردنی وزە هۆکاری سەرەکیی ئەم داڕمانەن.

مەهدی فەیزی، ئابووریناس، ڕایگەیاند ئابووریی ئێران لە وەرزێکدا ١٠٪ بچووک بووەتەوە و هاوکاتبوونی شەڕ، گۆشەگیریی دەریایی، داخرانی گەرووی هۆرمۆز، سزای هاوبەشە بازرگانییەکان و نەفرۆشتنی نەوت، شۆکی گەورەیان دروست کردووە.

محەممەدمەهدی بەهکێش هۆشداریی دا هەڵاوسانی خۆراک لە ١٠٠٪ تێپەڕیوە و توانای کڕینی مووچەخۆران ٧٠ تا ٨٠ لەسەد دابەزیوە.

ناوبراو هەروەها وتی: "مووچەی مامۆستایەکی زانکۆ تەنیا بەشی دوو ساندویچی ڕۆژانە دەکات."

وەلیوڵڵا سەیف، سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەنگی جەختی کردەوە ناهاوسەنگیی بانکەکان، دابەزینی بەهای دراو و کەمیی داهاتی نەوت، بازنەیەکی وێرانکەری کێشەکانیان پێک هێناوە کە ئابووریی بەرەو داڕمانی زیاتر بردووە.

هەروەها عەلینەقی مەشایخی ئاماژەی بەوە دا هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ گەیشتووەتە ٨٩ لەسەد و بێکاریش زیادی کردووە.