
عەزیم ئەلیاسی
ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەگەڵ شەڕ و ئاڵۆزی مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و زۆر بە کەمی ئاشتی و ئاسایشی بە خۆیەوە دیوە. من لێرە نە دەرفەتی ئەوەم هەیە کە ئاوڕ لەم مێژووە پڕ لە ئاڵۆزییە بدەمەوە، نە پێشم وایە کە لە چوارچێوەی ئەم بابەتەدا دەگونجێ. کەوابوو، تەنها ئەوەندەی کە بۆ ڕوونتربوونەوەی بابەتەکەم یارمەتیدەر بێ، جاروبار ئاوڕێک بۆ دواوە دەدەمەوە.
وەک دەبینین، پاش هێرشەکەی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ بۆ سەر ئیسرائیل، ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە پێیان ناوەتە قۆناغێکی نوێوە. دەرئەنجامی ئەم هێرشە ئەوەیە کە حەماس بە شێوەیەک تێکشکێندرا کە چیدی لە هاوکێشە سیاسی و نیزامییەکاندا ڕۆڵێکی ئەوتۆی نەمێنێ. ئەوەی کە حەماس چۆن توانی لە حەوتی ئۆکتۆبردا دەوڵەتی ئیسرائیل غافڵگیر بکات، بۆ خۆی پرسێکە کە پێویستی بە لێوردبوونەوەیەکی زیاترە. بە هەڵسەنگاندنی تواناکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل، لەگەڵ لۆژیک ناگونجێ کە ئەم وڵاتە ئاگاداری پێشوەختەی ئەم هێرشە نەبووبێ. ئیسرائیلییەکان پێویستیان بە سۆز و پاڵپشتییەکی نێوخۆیی و دەرەکی هەبوو بۆ ئەوەی بتوانن دەسەڵاتی حەماس لە غەززە کۆتایی پێ بهێنن. بۆیە خۆیان لە ئامادەکارییەکانی حەماس لەسەر ئەو هێرشە و هەروەها خودی هێرشەکە بێئاگا نیشان دا و بارودۆخێکی لەباریان بۆ حەماس ڕەخساند تا ئەو هێرشە بکات. چەند کاتژمێرێک دوای هێرشەکە، بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆکوەزیران لە پەیامێکدا ڕایگەیاند کە ئەوان لە تۆڵەی ئەو هێرشەدا ڕوخساری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگۆڕن. ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەوان پێشتر لەسەر گۆڕانی ڕوخساری ناوچەکە بڕیاری خۆیان دابوو و هێرشەکەی حەماسیش تەنها بیانوو بوو بۆ دەستپێکردنی ئەو گۆڕانکارییە.
بەرنامەی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەرەتا لە دەورانی سەرۆککۆماریی جۆرج بووشی کوڕدا باسی لێوە کرا کە دیارە لەبەر هێندێک هۆ ئەم پلانە دیزەبەدەرخۆنە کرا. ئەمریکا بۆ پاراستنی باڵادەستیی خۆی لە جیهاندا، پێویستی بەوەیە کە دەسەڵاتی بەسەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەبێ. ئەم دەسەڵاتەش ئەو کاتە مسۆگەر دەبێ کە ئێران بێنێتە ژێر هەژموونی خۆی. کۆماری ئیسلامی تا پێش حەوتی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ حوکمڕانیی بەسەر عێراق، سووریە، لوبنان، بەشێک لە یەمەن و غەززەی لە فەلەستیندا دەکرد. کەوابوو ڕاستەوخۆ هێرشکردنە سەر کۆماری ئیسلامی کارێکی ئەوەندە ئاسان نەبوو. سەرەتا دەبوو دەسەڵاتی تاران لەم وڵاتانە کورت بکرێتەوە و پاشان دەست بۆ گۆڕانکاری لە ئێران ببەن. دیتمان کە دەوڵەتی ئیسرائیل چۆن لقوپۆپەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی یەک لە دوای یەک تێک شکاند و لە کۆتاییدا هێرشیان کردە سەر ئێران. ئەوەی کە زۆربەی هەرە زۆری سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کەوتنە بەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و کوژران، ئاماژەیەکن بۆ ئەوەی کە ئەم هێرشانە بۆ گۆڕینی ڕێژیم لە تاران ئەنجام دران. بەڵام دیتمان کە ئەم گۆڕینە وەک پلانی بۆ دانرابوو ڕووی نەدا. بە بڕوای من پلانی گۆڕینەکە هەر لە جێی خۆیدا ماوەتەوە، بەڵام تاکتیکەکان گۆڕانیان بەسەردا هاتووە.
لەگەڵ ئەوەی ئەم ناوچەیە بۆ هەموو جیهان گرنگە، کاریگەریی زۆر وڵات لەسەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە هەیە. من لێرەدا تەنها باسی ئەو فاکتۆرانە دەکەم کە بە کردەوە ڕەوتی ڕووداوەکان ئاراستە دەکەن.
لایەنی ئەمریکایی بۆ ئەوەی وەک هێزی یەکەمی جیهان بمێنێتەوە، پێویستی بەوەیە کە ڕێڕەوە ئاوییەکانی وەک گەرووی هورمز و بابولمەندەب کۆنترۆڵ بکات. دیارە ئەم کارەش بێ ئەوەی دەسەڵاتی تاران بخەنە ژێر نفووزی خۆیان زۆر زەحمەتە. کەوایە پلانی ئەمریکا دەبێ کۆنترۆڵکردنی ئێران بێ و تاکتیکەکانی ئەم وڵاتە لە ئاراستەی ئەوەدا دەبێ کە ئێران لەژێر نفووزی ڕووسیە و چین دەربێنن.
دەوڵەتی ئیسرائیل تا ئێستا زۆرتر لە چوارچێوەی جوغرافیایەکی بچووکدا بەرگری لە خۆی کردووە و ئەمەش بە باشی وەڵامدەر نەبووە. هەر بۆیە سیاسەتی ئەم وڵاتە لەمەودوا ئەوەیە کە لەو جوغرافیا بچووکە بچێتە دەر و لە ناوچەکەدا هاوپەیمان و پێگەی باشتر بۆ خۆی دروست بکات. هەر لەم ڕوانگەیەوە حەماس لە غەززە دەردەکات و چیدی ڕێگە بە دەسەڵاتێکی بەتەواوی فەلەستینی لە غەززە نادات. نەک هەر ئەمە، بەڵکوو لە لوبنانیش نفووزی خۆی زیاتر دەکات و چیدیکەش ڕێگا نادات حیزبوڵڵا لە سنوورەکانی ئیسرائیل نزیک بێتەوە. وەک دیتمان، بە لاوازکردنی حیزبوڵڵا و هەروەها ڕێگریکردن لە یارمەتیدانی ئەسەد لە لایەن حیزبوڵڵا و کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، ئیسرائیلییەکان لەگەڵ ئەمریکا ڕێگایان بۆ ڕووخانی دەسەڵات لەو وڵاتەدا خۆش کرد. دیارە ئەم کارەش بەبێ بەرامبەر نەکراوە و دەسەڵاتی نوێی سووریە پێشوەختە واژۆی لەسەر زۆرێک لەو ئیمتیازانەی کە ئیسرائیلییەکان ویستوویانە کردووە. پاش ڕووخانی ئەسەد، سوپای ئیسرائیل نزیک بە هەموو هێزی بەرگریی ئاسمانی ئەو وڵاتەی لەنێو برد. ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە بەرپرسانی ئیسرائیل زۆر باوەڕیان بە دەسەڵاتی نوێی سووریە نییە. لەم پێوەندییەدا بابەتی کوردانی ڕۆژئاوا، درووزەکان و هەروەها عەلەوییەکانیش بایەخی خۆیان دەبێ بۆ ئەوەی بتوانن لەو ڕێگایەوە ڕێگری لە دەسەڵاتێکی یەکگرتوو لە دیمەشق بکرێ کە بتوانێ لە دواڕۆژدا مەترسی لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل دروست بکات.
دەوڵەتی تورکیەش لە ناوچەکەدا کاریگەریی خۆی هەیە. تورکیە ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆیە، لەمەش گرنگتر خۆی بە پاڵپشتیی سوننەکانی ناوچەکە دادەنێ کە لە لایەن ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامییەوە لە ژێر گوشاردان. خاڵی لاوازی دەسەڵاتدارانی ئانکارا بوونی پرسی ڕەوای کوردە لە باکووری کوردستان و کاریگەریی لەسەر پارچەکانی دیکەی کوردستان. دەکرێ هەر لەبەر ئەمەش بێ کە ئێستا باس لە چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ڕێگای ئاشتییەوە دەکات. ئەوەی کە دەوڵەتی تورکیە لەم بارەوە نییەتی پاکە یان نا، بابەتێکی دیکەیە کە من زیاتر بە تاکتیکی دەزانم تا ئەوەی کە بیانهەوێ پرسی کورد لە ڕێگای ئاشتییەوە چارەسەر بکەن.
کۆماری ئیسلامیش دەوری خۆی هەیە. وەک وتمان تا پێش هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، دەسەڵاتدارانی تاران حوکمی بەغدا، دیمەشق، بەیرووت، سەنعا و غەززەیان دەکرد. ئێستا چیدی ئەو کاریگەرییەی جارانیان بەسەر غەززە، دیمەشق و بەیرووتدا نەماوە. لە عێراقیش خەریکن لە ڕێگای بێچەککردنی میلیشیاکانەوە کاریگەریی کۆماری ئیسلامی لەم وڵاتەش کەم بکەنەوە کە لەوانەیە ئەم کارە ئەوەندە ئاسان نەبێ. حوسییەکانی یەمەنیش لەم دواییانەدا زیاتر لەگەڵ خودی یەمەنییەکان و دەوڵەتی سعوودییە لە ململانێدان. ئەم بارودۆخەی دەسەڵاتدارانی تاران لە کاتێکدایە کە زۆربەی هەرە زۆری سەرکردەکانی ڕەدیفی یەک، دوو و تەنانەت سێهەمی میلیشیاکانی خۆیان لە دەست داوە و بارودۆخیان تا دێت نالەبارتر دەبێ. دەسەڵاتدارانی تاران زۆر بژاردەیان لەبەر دەستدا نییە، یان دەبێ تەسلیمی ئەمریکا بن، یان ئەوەتا ڕووخانی کۆماری ئیسلامی تەنها لەسەر کات وەستاوە. ئەمریکا و ئیسرائیل هیچ کات نە لە بەرژەوەندییان دەبێ کە کاری ڕووخانی ڕێژیم لە تاران بە ناتەواوی بەجێ بێڵن، نە دەستیشی لێ هەڵدەگرن.
ئێمەی کورد لە نێو ئەم هەموو ئاڵۆزییانەدا هەم دەرفەتی ڕۆڵگێڕانمان لەبەر دەمدایە و هەمیش مەترسی زۆرمان لە پێشە. هەر لە ئێستاوە دەسەڵاتدارانی ئانکارا کار بۆ ئەوە دەکەن کە کاریگەریی دۆزی کورد لەسەر دەوڵەتەکەیان کەم کەنەوە. پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بابەتی ئازەرییەکانی ئێران یەخەی دەسەڵاتی تاران دەگرێ و دەوڵەتی تورکیەش لەم بارەوە دەست لەسەر دەست دانانیشێ و بێگومان پاڵپشتی لە دۆزی ئازەرییەکان دەکات. لێرەدایە کە دەسەڵاتدارانی ئێران و تورکیە بۆ ئەوەی بتوانن بە باشی لە بەرانبەر هەژموونی یەکتر خۆیان ڕاگرن، ناچارن ئاوڕ لە دۆزی کورد بدەنەوە. هیچ کام لە دەسەڵاتەکانی ناوچەکە بێ ئەوەی کورد لەگەڵ خۆیان بکەنە دۆست و هاوپەیمان، ناتوانن لە ناوچەکەدا بەسەر ئەویتردا هەژموونی خۆیان بسەپێنن. وێدەچێ جگە لە کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، دەسەڵاتدارانی تاران پاش کۆماری ئیسلامی هیچ لایەنێکی دیکەی باشتریان لەبەر دەستدا نەبێ کە وەک هاوپەیمان لەگەڵی ڕێک بکەون. ئانکارا لەم بابەتە باشتر تێگەیشتووە و بابەتی چارەسەرکردنی ئاشتییانەی دۆزی کورد لە باکووری کوردستانیش دەکرێ هەر لەم ڕووەوە هاتبێتە گۆڕێ. واتە هەر کام لە دەوڵەتانی تورکیە و ئێران زووتر و باشتر کێشەی کورد چارەسەر بکات، پێشوەختە خۆی لە بەرانبەر گۆڕانکارییەکاندا بەهێزتر دەکات.
لە لایەکی دیکەشەوە، دەوڵەتی ئیسرائیل یەکێک لە ئەکتەرە بەهێزەکانی ناوچەکەیە و ڕۆڵێکی کاریگەر لە هاوکێشەکاندا دەگێڕێ. چیدی ئیسرائیل تەنها بەرگری ناکات، بەڵکوو لە چۆنیەتیی داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ناوچەکەدا ڕۆڵ دەگێڕێ. ئەم دەوڵەتە کێشەی لەگەڵ بەرەی توندڕەوی عەرەبی و بە دیاریکراوی هێزە توندڕەوە سوننەکان هەیە. بۆیە بە هیچ شێوەیەک بەهێزبوونی بەرەی توندڕەو لە ناوچەکەدا لە بەرژەوەندی ئەم دەوڵەتەدا نابێ. لەم ڕوانگەیەوە، جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کورد (نەک وەک لایەنگری مەزهەبی شیعە یا سوننە) حیسابی لەسەر دەکرێ. ئەمەش دەرگایەکی دیکە جگە لە پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە بە ڕووی کورددا دەکاتەوە. دیارە ئەم دەرگایەش هەم دەرفەتە و هەم دەتوانێ مەترسی زیاتریش بۆ ئێمەی کورد دروست بکات.
گەر بمانهەوێ بابەتەکە کۆ بکەینەوە بۆ ئەوەی بزانین ئێمەی کورد لەم بارودۆخەدا پێویستە چ بکەین و لە کوێی هاوکێشەکاندایین، ئەم چەند خاڵەی خوارەوە جێگای سەرنجی زیاترن:
تەباییی نێو لایەنە کوردییەکان لە هەر پارچەیەک و تەنانەت لە نێوان پارچەکانی کوردستانیشدا جێگای بایەخە. لایەنە کوردییەکان گەرچی هەر یەکە و خاوەنی بەرنامەی سیاسی جیاوازی خۆیانن، بەڵام لەسەر دۆزی ڕەوای کورد ناکرێ ناتەبا بن. وەک چۆن حیزبێکی سۆسیالیست، مەسیحی و ڕاستڕەو بۆ وێنە لە نۆروێژ بەو هەموو جیاوازییە فیکرییەوە لە سەر خاک و نەتەوەی خۆیان ناکۆک نین، لایەنە کوردییەکانیش پێویستە کێبڕکێی بەرنامەکانیان بۆ کاتی دەسەڵاتداری لە کوردستان هەڵگرن، نەک لە کاتی خەباتی ڕزگاریخوازانەدا.
پاشان، لە دروستکردنی دۆستایەتی و هاوپەیمانیدا پێویستە لە ڕێگاچارەی گونجاوتر بگەڕێین. دەیان ساڵە ئێمە هەوڵمان داوە تەنها لە ڕێگەی داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤەوە سەرنج و پشتیوانی بۆ سەر دۆزی کورد ڕابکێشین؛ ئەم شێوازە لە سیاسەتکردن چیدی بەتەنیا کاریگەرییەکی ئەوتۆی نییە و پێویستە لەم بارەوە سیاسەتمان بگۆڕین. هاوپەیمانیی سیاسی و پشتیوانیی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی بنیات دەنرێ و ئێمە لەسەرمانە ئەم بەرژەوەندییە هاوبەشە دروست بکەین، نەک چاوەڕێ بین هەمیشە لایەنەکانی دیکە بێن لە دەرگامان بدەن.
لە سیاسەتکردندا پێویستە تا ڕادەیەک ریسکی ژیرانەش بکەین. نەک ئەوەی هەموو شتێکمان لەسەر مەترسی دابنێین، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانین دەرفەتێکی باشتر بۆ دۆزی گەلەکەمان بکەینەوە، پێویستە ئامادەی بەرپرسیارێتیی قورس بین. ڕاستە دەوڵەتانی ناوچەکە خاوەنی پێگەی نێودەوڵەتین، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە بارودۆخیان زۆر لەبارە و لە قەیران بەدوورن. ڕێک لەم بارودۆخەدا ئێمە دەتوانین بە شێوەیەکی دیپلۆماتیک لەگەڵ لایەنە کاریگەرەکان باس لە هاوپەیمانی و بەرژەوەندیی هاوبەش بکەین. واتە بە کورتی، ئەگەرچی ئێمە ڕووبەڕووی مەترسیی زۆر دەبینەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەرفەتی گەورەشمان لەبەردەمدایە کە دەتوانین ڕۆڵی مێژوویی لە هاوکێشەکاندا بگێڕین.