
د. کوێستان گادانی
لە مێژووی نەتەوەکاندا، هەندێک ڕووداو تەنیا وەک بیرەوەرییەکی مێژوویی نامێننەوە، بەڵکوو دەبنە خاڵی وەرچەرخان لە بیرکردنەوەی سیاسی و ئاراستەکردنی داهاتووی نەتەوەکان. کارەساتی ڤییەن و تێرۆری د. قاسملوو لەم جۆرە ڕووداوانەن. ڕووداوێک کە کاریگەرییەکەی هەر لە چوارچێوەی ئەو ساتە مێژووییەدا نەمایەوە و بووەتە بەشێک لە مێژووی هاوچەرخی خەباتی نەتەوەیی کورد و سەرچاوەی پرسیارکردن لەسەر سنوور و توانای دیپلۆماسی، شێوازی خەبات و چارەسەری پرسی کورد لە ئێران.
بە تێپەڕبوونی نزیکەی چوار دەیە، ئەو ژینگە سیاسی و ژێئۆپۆلیتیکییەی تێرۆری ڤییەن تێیدا ڕووی دا، بە تەواوی گۆڕاوە. قەیرانەکانی بەردەوامی ڕێژیمی ئێران، گۆڕانی هاوکێشەی هێز لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دەرکەوتنی ئەکتەرە نوێیەکان و گواستنەوەی سیستەمی نێودەوڵەتی بۆ جیهانێکی چەندجەمسەری، بارودۆخێکی نوێیان دروست کردووە کە پێویستی بە خوێندنەوەیەکی نوێ هەیە. لەبەر ئەوە، ئەو کارەساتە نابێت تەنیا وەک بەشێک لە مێژوو بخوێندرێتەوە، بەڵکوو دەبێت وەک سەرچاوەیەک بۆ هەڵسەنگاندنی ستراتیژیی ئێستا و داهاتووی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات لێی بڕوانرێت.
بنەمای ئەم وتارە ئەو تێڕوانینەیە کە چارەنووسی بزووتنەوە نەتەوەییەکان تەنیا بە قوربانیدان، هەڵچوون یان بیرەوەریی مێژوویی دیاری ناکرێت، بەڵکوو بە توانایان بۆ گواستنەوەی ئەزموونی مێژوویی بۆ ستراتیژی، دامەزراوەسازی و بڕیاری سیاسی دیاری دەکرێت. لەم ڕوانگەیەوە، ئەم وتارە هەوڵ دەدات ڤییەن لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی ئێستای ئێران و ناوچەکە بخوێنێتەوە و بپرسێت: وانەی ستراتیژیی ئەو ڕووداوە بۆ داهاتووی بزووتنەوەی کورد چییە؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، وتارەکە سەرەتا وانە سیاسی و ستراتیژییەکانی ڤییەن شی دەکاتەوە، دواتر هەلومەرجی ئێستای ئێران و گۆڕانکارییە ژێئۆپۆلیتیکییەکانی ناوچەکە هەڵدەسەنگێنێت، و لە کۆتاییدا هەوڵ دەدات چوارچێوەیەکی فیکری بۆ ستراتیژیی داهاتووی حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش بکات.
ئێرانی ئێستا و قەیرانی دەسەڵات
ئەگەر ڕێژیمی ئێران بۆ ساڵانێک توانیبووی ڕووخساری دەوڵەتێکی پێشکەوتوو لە بەکارهێنانی هێزی ئەمنییەتی و سیاسەتی توند بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی لەخۆی بە جیهان بنوێنێت، ئێستا دوای نزیکەی چوار دەیە، دەسەڵاتی خۆداسەپێن لە بارودۆخێکدایە کە زیاتر لە هەر کاتێکی تر بە قەیرانە نێوخۆییەکانی خۆیەوە سەرقاڵە. ئەم گۆڕانە تەنیا بە تێپەڕبوونی کات پێناسە ناکرێت، بەڵکوو بە گۆڕانی سروشتی قەیرانەکان و لاوازبوونی توانای سیستەم بۆ بەڕێوەبردنیان پێناسە دەکرێت. ئەگەر لە هەشتاکاندا ئێران زیاتر هێزی خۆی لە دەرەوەی سنوورەکان پێشان دەدا، ئەمڕۆ سەرەکیترین تاقیکردنەوەی لە نێوخۆی وڵاتدا خۆی دەنوێنێت.
ئێران هەنووکە هاوکات لەگەڵ چوار قەیرانی بنەڕەتی بەرەوڕوویە: قەیرانی ئابووری، قەیرانی دامەزراوەیی، قەیرانی متمانەی کۆمەڵایەتی و قەیرانی ناسنامەی سیاسی. کۆبوونەوەی ئەم قەیرانانە نیشانەی ئەوەیە کێشەکە هەر قەیرانی بەڕێوەبردن نییە و قەیرانی مۆدێلی حوکمڕانیشە. مۆدێلێک کە لە وەڵامدانەوە بە داواکارییەکانی کۆمەڵگەدا سنووری خۆی نیشان داوە.
لە بواری ئابووریدا هەڵکشانی نرخەکان، لاوازبوونی تمەن، بێکاری و کەمبوونی وەبەرهێنان، ئاستی ژیانی بەشێکی زۆری هاووڵاتیانی دابەزاندووە. بەڵام گرنگتر لە خودی ئەم کێشانە ئەوەیە ناڕەزایەتیی ئابووری بە ناڕەزایەتیی سیاسی گۆڕاوە. ئەزموونی چەند ساڵی ڕابردوو نیشانی داوە کە هەر شەپۆلێکی ناڕەزایەتی، لە پشت کێشە ئابوورییەکانەوە، پرسی متمانەی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگە دەورووژێنێت.
لە بواری سیاسیشدا، سیستەم لەگەڵ قەیرانێکی تر بەرەوڕووە واتە قەیرانی نوێکردنەوەی خۆی. پرسی جێنشینیی ڕێبەر، ناکۆکیی نێو دامەزراوە دەسەڵاتدارەکان، ململانێی نێوخۆیی ئیلیتی حوکمڕان و کەمبوونی توانا بۆ بەرهەمهێنانی ڕەزامەندی، هەموویان نیشانەی ئەوەن کە سیستەم زیاتر خەریکی پاراستنی خۆیەتی هەتا پێشکەشکردنی وێنایەکی نوێ بۆ داهاتوو.
لە ئاستی کۆمەڵایەتیشدا، بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ بوو. ئەو بزووتنەوەیە هەر ناڕەزایەتییەکی کاتی نەبوو و سەلماندی نەوەی نوێ لە ئێران تێگەیشتنێکی جیاوازی لە پەیوەندیی نێوان دەوڵەت، ئازادی و هاونیشتمانی هەیە. هەروەها، ئەم بزووتنەوەیە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دووبارە خستە ناوەندی گفتوگۆی سیاسی، چونکە درووشمی «ژن، ژیان، ئازادی» لە کوردستانەوە بووە زمانێکی جیهانی بۆ بانگەوازی ئازادی. ئەم ئەزموونە هەروەها نیشانی دا کە پرسی کورد لە ئێران ناتوانێت بە جیا لە پرسی دێموکراسی و مافی هاونیشتمانی چارەسەر بکرێت. بۆ بزووتنەوەی کورد، ئەم بارودۆخە دەرفەتە و تاقیکردنەوەیشە.
دەرفەتە، چونکە لاوازبوونی دەسەڵات دەتوانێت بوار بۆ گۆڕان و گفتوگۆی نوێ بکاتەوە. تاقیکردنەوەشە چونکە مێژوو پێمان دەڵێ قەیرانی دەوڵەت بەخۆی نابێتە سەرکەوتنی ئۆپۆزیسیۆن. سەرکەوتن دەبێتە بەشی ئەو هێزانەی پێش قۆناغی گۆڕان، خۆیان لە ڕووی فکری، دامەزراوەیی و ستراتیژییەوە ئامادە کردبێت.
لەبەر ئەوە، ستراتیژیی حیزبی دێموکرات نابێت تەنیا لەسەر چاوەڕوانیی لاوازبوونی دەسەڵاتی ئێران بنیات بنرێت و پێویستە لەسەر ئامادەکاریی سیاسی، یەکڕیزیی نەتەوەیی، دامەزراوەسازی و دیپلۆماسیی کاریگەر دابمەزرێت. مێژووی گۆڕانکارییە سیاسییە گەورەکان سەلماندوویەتی ئەو هێزانە سەرکەوتوون کە لە کاتی قەیراندا، زیاتر لە هەر کاتێکی تر خۆیان بۆ داهاتوو ئامادە کردووە.
گۆڕانکارییەکانی ناوچە و ژێئۆپۆلیتیکی نوێ
ئەگەر قەیرانی نێوخۆیی ئێران یەکێک لە هۆکارەکانی گۆڕانی هاوکێشەی سیاسی بێت، ئەوە گۆڕانکارییە ژێئۆپۆلیتیکییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هۆکاری دووەمن کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر داهاتووی پرسی کورد داناوە. لە جیهانی ئێستادا، بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی ناتوانێت ستراتیژیی خۆی تەنیا لەسەر هەلومەرجی نێوخۆ بنیات بنێت چونکە زۆرجار گۆڕانە گەورە سیاسییەکان لە هاوکێشەی هێزی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا ئامادە دەکرێن.
کاتێک د. قاسملوو لە ڤییەن تێرۆر کرا، ناوچەکە هێشتا لەژێر کاریگەریی جەنگی سارد و سیستەمی دوو جەمسەریدا بوو، بەڵام ئەمڕۆ ئەو هاوکێشەیە بەتەواوی گۆڕاوە. ڕووخانی ڕێژیم لە عێراق، دامەزراندنی هەرێمی کوردستان، شەڕی سووریە، دەرکەوتنی هێزە کوردییەکان و پاشان شەڕی دژی داعش، هەموویان شوێنی کوردیان لە هاوکێشەی ئەمنییەتی ناوچەدا گۆڕیوە. کورد پێشتر زۆرجار وەک کێشەیەکی نێوخۆیی دەبینرا، بەڵام دوای ئەم گۆڕانکارییانە، بووە ئەکتەرێک کە زۆرێک لە هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان ناچار بوون لە هاوکێشەکانی خۆیاندا لەبەرچاوی بگرن.
هەروەها ئەزموونی شەڕی دژی داعش سەلماندی کە گرنگبوونی ستراتیژیک هەمیشە بە مانای پشتگیریی سیاسیی بەردەوام نییە. زلهێزەکان لە سیاسەتی دەرەوەدا بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بڕیار دەدەن، نەک بەپێی هاوسۆزی یان هاودەردی. بۆیە هەرجۆرە ستراتیژییەکی کورد کە هیوای سەرەکیی خۆی بە هاوپەیمانی دەرەکی ببەستێت، لە بنەڕەتدا لەگەڵ مەترسیی وابەستەبوون بەرەوڕوو دەبێتەوە.
بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم ڕاستییە گرنگترە چونکە پرسی کورد لە ئێران لە خاڵی یەکگرتنی سێ بازنەی هێزدا ڕاوەستاوە: سیاسەتی نێوخۆی ئێران، کێبڕکێی هەرێمی و بەرژەوەندیی زلهێزەکان. هەر گۆڕانێک لە تاران، ئەنکارا، بەغدا، واشینگتۆن یان برۆکسێل دەتوانێت کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هەلومەرجی ڕۆژهەڵاتدا هەبێت. ئەمە لە هەمان کاتدا هەم دەرفەت دروست دەکات و هەم مەترسی. دەرفەت چونکە پرسی کورد دەتوانرێت زیاتر بناسرێت. دیارە مەترسیش هەیە بەرژەوەندیی دەرەکی شوێنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی بگرێتەوە.
بێگومان پرسیاری ستراتیژیی سەرەکی بۆ حیزبی دێموکرات ئەوە نییە کە کام هێزی دەرەکی دەتوانێت پشتیوانی بکات، بەڵکوو ئەوەیە چۆن دەتوانێت لە ژینگەیەکی ئاڵۆزی ژێئۆپۆلیتیکدا سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی و بەرژەوەندیی نەتەوەیی بپارێزێت. ئەو هێزەی بتوانێت لەنێوان هاوکاریی نێودەوڵەتی و پاراستنی بڕیاری سەربەخۆ هاوسەنگی دروست بکات، لە جیهانی چەندجەمسەریدا دەرفەتی زیاتر بۆ کاریگەری و مانەوە دەبێت.
لە ڕوانگەی ستراتیژییەوە، گەورەترین گۆڕانی ئەم سەردەمە ئەوەیە کە کورد ئێستا تەنیا بابەتی گفتوگۆ نییە و ئەکتەرێکی سیاسیی کاریگەرە. بەڵام ئەکتەربوون بەخۆی سەرکەوتن نییە؛ کاریگەریی هەر ئەکتەرێک بە توانایی ئەو لە دروستکردنی ستراتیژی، دامەزراوە و دیدێکی درێژخایەن پەیوەستە. لەبەر ئەوە، خوێندنەوەی ژێئۆپۆلیتیک بۆ پرسی کورد تەنها کارێکی تیۆری نییە و پێداویستییەکی ستراتیژییە.
لە خەباتی نەتەوەیی بۆ ستراتیژیی نێودەوڵەتی
گۆڕانکارییەکانی سێ دەیەی ڕابردوو تەنها نەخشەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان نەگۆڕیوە، سروشتی خەباتی سیاسیشی گۆڕیوە. ئەگەر لە سەدەی بیستەمدا هێزی سەربازی و خەباتی چەکداری زۆرجار یەکەمین ئامرازی بزووتنەوە نەتەوەییەکان بوون، ئەمڕۆ هێزی سیاسی زیاتر بە توانای دامەزراوەسازی، دیپلۆماسی، کاریگەری لەسەر ڕای گشتی و بەشداری لە بڕیارسازیی نێودەوڵەتی پێوانە دەکرێت. لەبەر ئەوە، جیهانی نوێ نەک هەر ئامرازەکانی خەبات، بەڵکوو پێوەرەکانی سەرکەوتنیشی گۆڕیوە.
بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەم گۆڕانە تەنیا هەر هەلێکی سیاسی نییە، پێویستییەکی ستراتیژییە. میراتی کۆماری کوردستان، خەباتی دوای شۆڕشی ١٣٥٨ و بیرکردنەوەی د. قاسملوو، سەرمایەیەکی مێژوویی و سیاسیی گەورەن و ئەم سەرمایەیە ئەگەر بە زمانی سیاسەتی ئەمڕۆ وەرنەگێڕدرێت، کاریگەرییەکەی سنووردار دەبێت. پاراستنی میراتی مێژوویی بە مانای دووبارەکردنەوەی ڕابردوو نییە، بە مانای نوێکردنەوەی ئەو بیرۆکانەیە لە گونجاندندا لەگەڵ پێداویستییەکانی ئەمڕۆ.
لە سەدەی بیست و یەکدا، دیپلۆماسی تەنها پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتان نییە. پەرلەمانەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ناوەندە توێژینەوەییەکان، زانکۆکان، میدیای نێودەوڵەتی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەموویان بەشدارن لە دروستکردنی ڕای گشتی و کاریگەری لەسەر بڕیارسازی. لەبەر ئەوە، دیپلۆماسیی گشتی و دیپلۆماسیی مەدەنی نابێت بە کارێکی لاوەکی سەیر بکرێت؛ دەبێت ببێتە یەکێک لە بنەماکانی ستراتیژیی درێژخایەن.
لە هەمان کاتدا، گواستنەوەی جیهان بۆ سیستەمێکی چەندجەمسەری واتای ئەوەیە کە هیچ زلهێزێک هاوپەیمانی هەمیشەیی نییە. دەوڵەتان بەپێی بەرژەوەندییەکانیان هەڵسوکەوت دەکەن و ئەم بەرژەوەندییانە بە گۆڕانی بارودۆخ دەگۆڕێن. بناغەی ستراتیژیی حیزبی دێموکرات وەکو هەمیشە پاراستنی سەربەخۆیی لە بڕیاردانی سیاسی و پەرەپێدانی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانەیە کە لەسەر بنەمای دێموکراسی، مافی مرۆڤ و چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان هاوبەشن.
جیهانی نوێ گوتارێکی نوێش داوا دەکات و گوتاری سیاسیی کورد نابێت تەنها لەسەر ستەملێکراویی مێژوویی بنیات بنرێت، هەرچەندە ئەو مێژووە بەشێکی گرنگی ناسنامەی خەباتە. ئەزموونی بزووتنەوە نەتەوەییە سەرکەوتووەکان نیشان دەدات کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر گوێ لەو هێزانە دەگرێت کە جگە لە ڕەخنە، پڕۆژەیەکی ڕوون بۆ داهاتووش پێشکەش دەکەن. لەبەر ئەوە، داواکاریی مافی نەتەوەیی دەبێت لەنێو دیدێکی فراوانتر بۆ دێموکراسی، دەوڵەتی یاسا، دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات و پاراستنی فرەیی نەتەوەیی و زمانی و هەروەها پاراستنی قەڵەمڕەوی کوردستان لە ڕوودانی هەر ئەگەرێکدا پێشکەش بکرێت.
لەم بارەیەوە، میراتی فکریی د. قاسملوو هێشتا تازەیە. قاسملوو باوەڕی وابوو کە مافی نەتەوەیی و دێموکراسی دوو پڕۆژەی جیاواز نین، بەڵکوو دوو ڕووی یەک پڕۆژەن. ئەم تێڕوانینە هێشتا گرنگە، ئەو بزووتنەوانەی دەتوانن داواکاریی نەتەوەیی لەگەڵ بنەماکانی دێموکراسی و مافی مرۆڤ یەکبخەن، تواناتر دەبن لە بەدەستهێنانی هاوپشتیی نێودەوڵەتی و دروستکردنی هاوپەیمانیی درێژخایەن.
لە ئاستی نێوخۆشدا، هیچ دیپلۆماسییەکی سەرکەوتوو بەبێ بناغەیەکی بەهێزی نێوخۆ دروست نابێت. پەرەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ هێزەکانی کوردستان، هەروەها هێزە دێموکراتەکانی ئێران، تەنها تاکتیکێکی سیاسی نییە، بەڵکوو بەشێکی سەرەکیی ستراتیژیی درێژخایەنە. هێزێک کە نەتوانێت لە نێوخۆدا متمانە و هاوکاری دروست بکات، لە ئاستی نێودەوڵەتیش بە زەحمەت دەتوانێت هاوپەیمانییەکی جیددی بەدەست بهێنێت.
لە کۆتاییدا، جیهانی نوێ دوو ڕێگا لە بەردەم حیزبی دێموکرات دادەنێت: یان لە چوارچێوەی بیرکردنەوەی ڕابردوودا بمێنێتەوە و چاوەڕوانی گۆڕانکارییەکان بێت، یان ببێتە بەشێکی کاریگەر لە دروستکردنی ئەو گۆڕانکارییانە. هەڵبژاردنی یەکەم مانەوە دابین دەکات، بەڵام هەڵبژاردنی دووەم دەتوانێت پێگەیەکی مێژوویی نوێ بۆ بزووتنەوەی کورد دروست بکات.
لە بیرەوەریی ڤییەنەوە بۆ پڕۆژەی داهاتوو
دوای نزیکەی چوار دەیە، ڤییەن تەنیا بیرئانینەوەی ڕووداوێکی مێژوویی نییە، بەڵکوو پێوەرێکە بۆ هەڵسەنگاندنی ئاراستەی خەباتی کورد. ئەگەر قەیرانی ئێران، گۆڕانکارییە ژێئۆپۆلیتیکییەکان و گواستنەوەی جیهان بۆ سیستەمێکی چەندجەمسەری ژینگەیەکی نوێیان دروست کردبێت، ئەوا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە حیزبی دێموکرات چۆن دەتوانێت لەم ژینگە نوێیەدا ستراتیژییەکی گونجاو و کاریگەر بنیات بنێت.
یەکەم شت؛ نوێکردنەوەی شێوازی بیرکردنەوەیە، نەک گۆڕینی بنەماکان. ئەزموونی بزووتنەوە نەتەوەییە سەرکەوتووەکان نیشان دەدات ئەو هێزانەی مێژوویان پاراستووە و لە هەمان کاتدا ئامراز و شێوازی کارکردنیان لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەم گونجاندووە، توانیویانە بەردەوامی و کاریگەری خۆیان بپارێزن. بۆ حیزبی دێموکرات، ئەمە واتای ئەوەیە کە پاراستنی مافی نەتەوەیی و ناسنامەی کوردی دەبێت هاوشانی دامەزراوەسازی، دیپلۆماسی، میدیا، توێژینەوە و پەیوەندیی نێودەوڵەتی بڕوات. ئەمانە جێگرەوەی یەکتر نین، تەواوکەری یەکترن.
دووەم؛ حیزبی دێموکرات پێویستی بە پڕۆژەیەکی ڕوون بۆ داهاتووی ئێران هەیە. مێژووی هاوچەرخی ئێران نیشانی داوە کە قەیرانی دەسەڵات بەخۆی گۆڕان بەرهەم ناهێنێت، مەگەر ئەوەی هێزە جێگرەوەکان بتوانن وێنایەکی باوەڕپێکراو بۆ داهاتوو پێشکەش بکەن. بۆیە، داواکاریی مافی نەتەوەیی دەبێت لەنێو پڕۆژەیەکی فراوانتر بۆ دێموکراسی، دەوڵەتی یاسا، دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات و پاراستنی فرەیی نەتەوەیی و زمانی پێشکەش بکرێت. ئەو کاتە پرسی کورد لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی گشتیی وڵاتیش مانا دەدۆزێتەوە.
سێیەم؛ یەکڕیزیی نیشتمانی دەبێت ببێتە بناغەی هەر ستراتیژییەکی داهاتوو. مێژووی بزووتنەوەی کورد بەردەوام نیشانی داوە کە زۆرێک لە هەلە مێژووییەکان بەهۆی ناکۆکیی نێوخۆییەوە لەدەست چوون. یەکڕیزی بەمانای یەکدەنگیی سیاسی نییە، بە مانای دروستکردنی هاوڕێیی لەسەر ئامانجە نیشتمانییە هاوبەشەکانە. هێزێک کە لە نێوخۆدا نەتوانێت هاوکارێتی و متمانە دروست بکات، لە دەرەوەش بە زەحمەت دەتوانێت هاوپشتیی درێژخایەن بەدەست بهێنێت.
چوارەم؛ سەرمایەی مرۆیی و نەوەی نوێ دەبێت لە ناوەندی ستراتیژیی داهاتوودا بن. ئەمڕۆ نەوەیەکی نوێ لە نێوخۆی کوردستان و دیاسپۆڕادا هەیە کە لە بواری زانکۆ، توێژینەوە، تەکنەلۆژیا، میدیا و پەیوەندیی نێودەوڵەتیدا ئەزموونی جیاوازی هەیە. ئەگەر ئەم توانایە بە شێوەیەکی ڕێکخراو لە خزمەتی پڕۆژەی نەتەوەییدا بەکار بهێنرێت، دەتوانێت هەم سەرمایەی فکری و هەم پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ پرسی کورد زیاد بکات.
پێنجەم؛ دیپلۆماسی دەبێت لە تاکتیکێکی وەرزی بگۆڕدرێت بۆ بەشێکی هەمیشەیی ستراتیژی. جیهانی ئەمڕۆ تەنها لە پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتان کورت نابێتەوە؛ پەرلەمانەکان، دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ، زانکۆکان، ناوەندە توێژینەوەییەکان، میدیا و کۆمەڵگەی مەدەنی هەموویان بەشدارن لە دروستکردنی بڕیار و ڕای گشتی. لە هەمان کاتدا، دەبێت سنوورێکی ڕوون لەنێوان هاوکاری و وابەستەییدا بپارێزرێت، چونکە مێژووی کورد نیشانی داوە بەرژەوەندیی دەوڵەتان دەگۆڕێت، بەڵام بەرژەوەندیی نەتەوەیی دەبێت جێگیر بمێنێت.