کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگە و کۆمەڵگەی مەدەنی؛ دوو ڕۆڵ، یەک کۆمەڵگە

13:24 - 5 گەلاوێژ 2726

بەهار حوسێنی

لە مشتومڕ و باسەکانی گرێدراو بە داهاتووی کوردستاندا، جاروبار ئەم تێڕوانینە دێتە ئاراوە کە گوایە دەبێت لە نێوان پێشمەرگە و کۆمەڵگەی مەدەنیدا یەکێکیان هەڵبژێردرێت؛ وەک بڵێیت هەرچەندە دامەزراوە مەدەنییەکان بەهێزتر بن، پێویستیی بوونی پێشمەرگە کەمتر دەبێتەوە، یاخود لە هەر شوێنێک پێشمەرگە دەور بگێڕێت، چیتر بوارێک بۆ گەشەکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی نامێنێتەوە. ئەم دووانەییە (دوالیزمە) نە لەگەڵ ئەزموونی مێژوویی کوردستاندا دێتەوە، نە لەگەڵ لۆژیکی کۆمەڵناسیی خەباتی کوردستاندا دەگونجێت. لەم لۆژیکەدا، پێشمەرگە و کۆمەڵگەی مەدەنی دوو هێزی دژبەیەک نین، بەڵکوو دوو کارکردی جیاوازی یەک کۆمەڵگەن کە لە هەلومەرجی جۆراوجۆردا، بەرپرسیارێتیی جیاواز لەپێناو ئامانجێکی هاوبەشدا دەگرنە ئەستۆ. چاوخشاندنێک بە مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا ئەم هاوپەیوەندییە بە ڕوونی دەردەخات.

پێش ئەوەی خەباتی چەکداریی ڕێکخراو سەر هەڵبدات، بەشێکی گرنگ لە داخوازییەکانی خەڵک لە ڕێگەی چالاکییە کولتووری، پەروەردەیی و مەدەنییەکانەوە پێوشوێنیان دەگیرا؛ وەک ئەو کۆمەڵە و ڕێکخراوانەی لە سەردەمی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژ.ک) سەریان هەڵدا، بە بڵاوکردنەوەی گۆڤار و بڵاوکراوەکان، چالاکیی مامۆستایان، شاعیران و ڕۆشنبیران، هەوڵدان بۆ پاراستنی زمان و ناسنامەی کوردی، و دروستکردنی ڕایەڵە کولتوورییەکان لە دەیەی ٤٠ی هەتاویدا (شەستەکانی زایینی). ئەمانە هەموو نیشاندەری ئەو ڕاستییە بوون کە کۆمەڵگەی کوردی پێش هەر شتێک خەریکی بونیادنانی سامان و ژێرخانی کۆمەڵایەتیی خۆی بووە.

دواتر، بە زۆربوون و توندبوونی سەرکوتکارییەکان و داخرانی ڕێگاکانی چالاکیی مەدەنییانە، بەشێک لەم هێزە کۆمەڵایەتییانە بەرەو شێوازە ڕێکخراوەیی‌ترەکانی بەرگری هەنگاویان نا و «پێشمەرگایەتی» بوو بە یەکێک لەو ڕۆڵانەی کە هەمان کۆمەڵگە بۆ خەبات لەپێناو ماف و بەرگریکردن لە خۆی هەڵیبژارد.

بەم هۆیەشەوە، پێشمەرگە لە ئەزموونی کوردستاندا قەت هەر هێزێکی سەربازی نەبووە؛ بەڵکوو دەرئەنجام و درێژکراوەی خەباتی مەدەنیی کۆمەڵەی ژ.ک - کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد و لە قۆناغە مێژووییەکاندا، تەواوکەر و هەڵقوڵاوی خەباتە مەدەنییەکانی کوردستان بووە، وەک تێپەڕین بەرەو ڕاپەڕینی چەکداریی ساڵانی ١٣٤٦-١٣٤٧ (١٩٦٧-١٩٦٨) و زیندووبوونەوەی کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی دیکە. زۆرێک لە پێشمەرگەکان پێشتر مامۆستا، خوێندکار، نووسەر، پزیشک، جووتیار یان کرێکار بوون و دوای گۆڕانی دۆخی خەباتیش، دیسانەوە گەڕانەوە سەر هەمان ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان. بێگومان لە هەمان سەردەمدا، کۆمەڵگەی مەدەنی لە قاڵبی ئەدەبیات و داهێنانی ئەدەبیشدا ڕەنگی دایەوە و بەشێک بوو لە هەمان خەباتی چەکداری. تەنانەت لە سەختترین ساڵەکانی خەباتدا، لە پاڵ چالاکیی نیزامیدا، قوتابخانە، پەروەردە، چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب و بڵاوکراوە، چالاکیی کولتووری، خزمەتگوزاریی پزیشکی و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتییش بەردەوام بوو. ئەم هاوکاری و هاوکاتییە نیشانی دەدات کە لە کوردستاندا، بەرگریکردن لە کۆمەڵگە و بونیادنانی کۆمەڵگە دوو پڕۆژەی لێک‌جیاواز نەبوون.

کۆمەڵگەی مەدەنی بریتییە لە کۆمەڵێک دامەزراوە، میدیا، سەندیکا، کۆمەڵە، نووسەر، هونەرمەند، ئەکادیمیست، چالاکانی مافی مرۆڤ و ئەو هاووڵاتییانەی بێ پەنابردنە بەر هێز و توندوتیژی، لە پێناو وشیاری، بەشداریی سیاسی و دادپەروەریدا تێدەکۆشن. ئەم هێزانە سەرمایەی کۆمەڵایەتی بەرهەم دەهێنن، کولتووری گفتوگۆ گەشە پێ دەدەن و دەسەڵات ناچار بە لێپرسینەوە و وەڵامدانەوە دەکەن. هیچ کۆمەڵگەیەکی ئازادیش بێ بوونی هێزی لەم شێوەیە بەردەوام و پایەدار نابێت.

بەڵام هەر ئەم کۆمەڵگە مەدەنییەش، تەنیا کاتێک دەرفەتی گەشەکردنی بۆ دەڕەخسێت کە لانی کەمی ئەمنییەتێکی بنەڕەتیی هەبێت. قوتابخانە، ڕۆژنامە، ڕێکخراوە و ئەنجومەن و زانکۆ، لە فەزایەکدا کە چرکە بە چرکە هەڕەشەی توندوتیژی و سەرکوتکارییان لەسەر بێت، ناتوانن خۆیان ڕاگرن و بەردەوام بن. هەر ئەمنییەت بە تەنیا ئازادی بەدیاری ناهێنێت، بەڵام ئازادییش بەبێ ئەمنییەت ئەگەری بەردەوامبوونی نییە. لەبەر ئەوە، بەرگریکردن لە کۆمەڵگە و بونیادنانی کۆمەڵگە، دوو ئەرکی تەواوکەری یەکترین، نەک دوو ڕێڕەوی دژبەیەک.

لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە، دەکرێت ئەمە وەک جۆرێک لە دابەشکردنی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی سەیر بکرێت. وەک چۆن کۆمەڵگە پێویستی بە پزیشک، مامۆستا، نووسەر، ڕۆژنامەنووس و دادوەر هەیە، لەو بارودۆخانەشدا کە ئەمنییەتی خەڵک دەکەوێتە مەترسییەوە، پێویستی بە هێزێکیش هەیە بۆ بەرگریکردن. جیاوازییەکە لە دەور و نەخشەکان‌دایە، نەک لە ناسنامەی مرۆڤەکاندا. هەمان ئەو مرۆڤەی لە سەردەمی ئارامیدا بە پەروەردەکردنەوە سەرقاڵە، چارەسەری پزیشکی پێشکەش دەکات، دەنووسێت یان چالاکیی مەدەنی دەکات، ئەگەری هەیە لە سەردەمی هەڕەشە و مەترسیدا بۆ بەرگریکردن لە کۆمەڵگەکەی، چەک بگرێتە دەست. بێگومان، وەک چۆن نابێت کۆمەڵگەی مەدەنی زەروورەتی بەرگریکردن ڕەت بکاتەوە، هێزی بەرگرییش نابێت جێگەی کۆمەڵگەی مەدەنی بگرێتەوە.

هەر کاتێک بەرگری، جێگەی سیاسەت، یاسا و ئیرادەی گەلی داگیر کرد، مەترسیی دەسەڵاتخوازی سەر هەڵدەدات؛ و هەر کاتێکیش کۆمەڵگە زەروورەتی بەرگریی ڕەوا پشتگوێ بخات، ڕەنگە تەنانەت دەرفەتی بەردەوامبوونی چالاکییە مەدەنییەکانی خۆیشی لە دەست بدات. سەقامگیری و پایەداریی کۆمەڵگە، لە پاراستنی هاوسەنگیی نێوان ئەم دووانەدا کورت دەبێتەوە.

ئەمنییەت و ئازادی دوو ڕکابەری یەکتر نین؛ وەک چۆن پێشمەرگە و کۆمەڵگەی مەدەنییش دوو ناسنامەی لێک‌جیاواز نین. لە ئەزموونی کوردستاندا، ئەم دووانە جاروبار لە وجودی یەک مرۆڤدا بە یەک گەیشتوونەتەوە؛ مرۆڤێک کە لە سەردەمی ئاشتیدا کۆمەڵگە بونیاد دەنێت و لە سەردەمی مەترسیدا، بەرگری لە هەمان کۆمەڵگە دەکات. لە سەر بنەمای ئەم گێڕانەوەیەیە کە دوکتور قاسملوو دەڵێت: «پێشمەرگە باسکی بەهێزی گەلە». باشتر وایە لەم ڕاستییە تێبگەین کە داهاتووی کوردستان نە هەر بە تەنیا بە چەک دەپارێزرێت و نە تەنیا بە پێنووس بونیاد دەنرێت.