کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگە؛ دیرۆکی خۆنەویستی و خۆڕاگری

12:19 - 8 گەلاوێژ 2726

ئەحمەد پاڵانی

لە لاپەڕەکانی مێژووی مرۆڤایەتیدا هەندێک وشە هەن بە خوێنی ئەوانە نووسراون کە لەپێناو ڕزگاریی مرۆڤ و سەربەخۆیی گەلەکانیان، ژیانی خۆیان کردووە بە پردی تێپەڕینی نەوەکان بۆ داهاتوویەکی ئازاد. ئەو وشانە تەنیا دەربڕینی زمان نین، بەڵکوو ڕۆحی مێژوون؛ تەنیا زاراوە نین، بەڵکوو پەیمانن؛ تەنیا دەنگ نین، بەڵکوو هەناسەی مانەوەی نەتەوەکانن. لە نێو هەموو ئەو وشانەدا، وشەکانی ئازادی، بەرخۆدان، خەبات، پێشمەرگە و شەهیدان وەک هەتاو لە ئاسمانی بەرزی ویژداندا دەدرەوشێنەوە.
ئەم وشانە تەنیا هەر چەمکی سیاسی نین، بەڵکوو ناسنامەی ئەو نەتەوانەن ڕازی نەبوون کەرامەتی مرۆڤ لەژێر پێی ستەم و زۆرداری و داگیرکاریدا پێشێل بکرێت. هەر وشەیەکیان لە پشت خۆیدا کتێبخانەیەک لە قوربانی، هیوایەک لە ژیان و مێژوویەک لە بەرخۆدانی هەڵگرتووە.
کورد یەکێکە لەو نەتەوانەی مێژووی خۆی بە خوێن و فرمێسک، بە ئازار و هیوا، بە شەهید و پێشمەرگە نووسیوەتەوە. سەدان ساڵە کوردستان لەنێوان شاخ و دۆڵ، لەنێوان ئاگر و ئاسن، لەنێوان سێدارە و زیندان، لەژێر هەڕەشەی ئینکار و لەژێر بارودۆخی دابەشبووندا، تەنیا یەک دەنگی بەرز کردووەتەوە، دەنگی مافی ژیانێکی ئازاد و سەربەرز.
ئەم دەنگە هەرگیز بانگەوازی شەڕ نەبووە، بەڵکوو بانگەوازی ژیان بووە. بانگەوازی ئەو مافەی کە هەر مرۆڤێک مافی هەیە بە ئازادی بیر بکاتەوە، بە زمانی دایکی بێتە گۆ، ناسنامەی خۆی بپارێزێت و لەسەر خاکی باوانی خۆی بە سەربەرزی بژی. بەڵام وەڵامی ئەو بانگەوازە، هەموو جارێک ئەنفال و جیهاد و قەڵاچۆکردن بووە، هەڵخستنی پەتی سێدارە و گرتن و هەزاران کارەساتی دڵتەزێنی تر کە مێژووی کوردستانیان بە خوێن سوور کردووە. تازەترین کارەسات، بەردەوامیی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامییە بە شەهیدکردنی ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات کە لەپێناو ئازادی و کەرامەتی نەتەوەکەیان، گیانی خۆیان بەخشی.
مێژوو بەڕوونی فێرمان دەکات کە هیچ دیکتاتۆرێک بە خۆشیی دڵ و بە دەستپێشخەری مافی نەتەوە بندەستەکانی نەداوە. هیچ داگیرکەرێک بە ویژدانی خۆی خاکی داگیرکراوی جێ نەهێشتووە، و هیچ دەسەڵاتێکی ستەمکار بە ئارەزووی خۆی زنجیری کۆیلایەتیی نەبڕیوە. هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی ڕووخساری جیهانیان گۆڕیوە، لە هەناسەی مرۆڤە ئازاکان و لە ئیرادەی کەسانی وەک پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات سەرچاوەی گرتووە کە لە ساتی هەڵبژاردندا، کەرامەتی نەتەوەکەیان و ئازادیی مرۆڤایەتییان بە سەدان جار لە ئارامی و ئاسوودەیی کەسی خۆیان بەنرختر زانیوە.
بەڵام خەبات خۆ تەنیا هەر چەک و فیشەک نییە. ئەگەر چەک ڕووخساری خەبات بێت، ویژدان ڕۆحی خەباتە. خەبات، پێش هەر شتێک، هەڵوێستێکی ئەخلاقی و مرۆییە؛ ڕاوەستانە دژی ستەم، نەک تەنیا بۆ پاراستنی خۆت، بەڵکو بۆ پاراستنی مافی ئەوانەی کە دەنگیان کپ کراوە، مافی ئەوانەی لە ترسی سێدارە ناتوانن قسە بکەن، و هیوا بۆ ئەوانەی لە تاریکیی دیکتاتۆریدا چاوەڕوانی تیشک و ڕووناکی دەکەن.
زۆر جار خەبات دەبێت بە قەڵەم و لە هزر و فەلسەفەدا دەردەکەوێت، هەندێک جار بە زمانی ڕاستگۆیی و ڕێکخستن و وشیاری نەتەوەیی دێتە مەیدان، بەڵام کاتێک هەموو دەرگاکانی ئاشتی و گفتوگۆ دادەخرێن و گوللە شوێنی وشە دەگرێتەوە، لە وەها کاتێکدا پێشمەرگە و بەرگریی چەکداری دەبێتە ناچارییەکی مێژوویی، نە هەڵبژاردنێکی خوازراو.
لە فەرهەنگی سیاسی و نەتەوەیی کورددا، پێشمەرگە تەنیا ناونیشانی هێزێکی چەکدار نییە، پێشمەرگە ناوی قوتابخانەی ویژدانە. قوتابخانەیەک کە وانەی فیداکاری، خۆبەخشین، ڕێزگرتن لە مرۆڤ و نیشتمانپەروەریمان فێر دەکات. پێشمەرگەی ڕاستەقینە، پێش ئەوەی فێری بەکارهێنانی چەک بێت، فێری پاراستنی مرۆڤبوون دەبێت. دەزانێت چەک دەتوانێت دەست بەهێز بکات، بەڵام ئەوە تەنیا ویژدانە پاکەکانن کە دەتوانن دادپەروەری بپارێزن و ڕێز بۆ ئازادیی هەمووان دابنێن.
فەلسەفەی پێشمەرگە، فەلسەفەی مردن نییە، فەلسەفەی ژیانە. هیچ پێشمەرگەیەک بە ئارەزووی شەهیدبوون ناچێتە سەنگەر. ئارەزووی ئەو زاتە پیرۆزە ئەوەیە بە سەربەرزی بژی، بگەڕێتەوە بۆ باوەشی دایک، بۆ لای خێزان، بۆ گوند و شارەکەی؛ بۆ ئەوەی منداڵانی نەتەوەکەی لە سێبەری ئازادی، دادپەروەری و ئاشتیدا گەورە ببن. ئەگەر چی دەزانن بۆ شکانی ترس و بەردەوامی خەبات، شەهادەتیش ڕوو دەدات، ئەوە هەڵبژاردنی مردن نییە، ئەنجامی تاڵی ئەو ڕێگایەیە بۆ پاراستنی ژیان و کەرامەتی مرۆڤەکان هەڵیان بژاردووە. هەر بۆیە لای ئێمەی کورد، شەهید، فەلسەفەی کۆتایی نییە؛ سەرەتای ژیانێکی نوێی نەتەوەیە. خوێنی شەهید ئەو ڕەنگە سوورە پیرۆزەیە کە لاپەڕەکانی مێژووی پێ دەنووسرێن و تا مانەوە هەیە، ناوی ئەوانەی بۆ ئازادی ژیاون و بۆ کەرامەتی مرۆڤ شەهید بوون، وەک چرایەکی هەمیشەیی، ڕێگای نەوەکان ڕووناک دەکاتەوە.

قوربانی نرخی ئازادییە 
جێگای سەرسوڕمانە کە لە زۆر بارودۆخدا، کاتێک نەتەوەیەک لەژێر هێرشی داگیرکاری و چەوساندنەوە دەناڵێنێت، هەندێک دەنگ زیاتر لەوەی تیری ڕەخنەکانیان بەرەو ڕووی دەسەڵاتی ستەمکار بڕوات، ئاراستەی حیزبی دێموکرات و ئەوانە دەکەن کە لە پێشەوەی بەرخۆدان وەستاون و لە سەنگەری کەرامەت و ئازادیدا پارێزەری شەرەفی نەتەوەکەیانن.
ئەگەر پێشمەرگە لە مەیدانی بەرخۆدان ئامادە نەبێت، دەنگی گلەیی بەرز دەبێتەوە کە بۆچی دەنگی خەبات بێدەنگ بووە؟ بۆچی هیچ کەس بەرگری ناکات؟ بەڵام هەر کاتێک هەمان پێشمەرگە بە خوێنی خۆی سنووری کەرامەت و ئازادی دەنووسێتەوە، هەر ئەو دەنگانە دەڵێن، بۆچی شەهید دەبن؟ بۆچی خوێن دەڕژێت؟
ئەم دوودڵییە، زیاتر لەوەی ڕەخنەیەکی زانستی و ئەخلاقی بێت، نیشانەی تێنەگەیشتنە لە بنەماکانی خەباتی ڕزگاریخوازی. چونکە خەبات دژی دیکتاتۆری و داگیرکاری، بەداخەوە، هەرگیز بەبێ نرخ و قوربانی سەر ناکەوێت. مێژووی مرۆڤایەتی وەک دادوەرێکی بێلایەن شایەتی دەدات کە هیچ گەلێک بەبێ زامداری، بەبێ بەندکران، بەبێ خوێن و بەبێ شەهید، نەگەیوەتە ئازادی و سەربەخۆیی. ئازادی هەمیشە بەهای دەوێ و ئەو نرخە زۆرجار خوێنی باشترین کوڕ و کچانی نەتەوەکەمان بووە و دەبێ.
لە فەلسەفەی خەباتی ڕزگاریخوازیدا، یەکێک لە پیرۆزترین بنەماکانی دادپەروەری ئەوەیە شوێنی تاوانبار و قوربانی تێکەڵ نەکرێت. تاوانبار ئەو دەسەڵاتەیە زمانێک قەدەغە دەکات، ناسنامەی نەتەوەیەک دەسڕێتەوە، پەتی سێدارە هەڵدەخا، مرۆڤە ئازادەکان ڕاپێچی زیندان دەکات، و وەڵامی داواکاریی ئازادی گەلان بە گوللە، ئەشکەنجە و کوشتن دەداتەوە.
پێشمەرگە هۆکاری شەڕ نییە؛ وەڵامی شەڕە. هۆکاری خوێنڕشتن نییە؛ بەڵکوو بەرهەمی ئەو سیستەمەیە کە بونیادی خۆی لەسەر ستەم، زۆرداری، ئینکار و داگیرکاری دامەزراندووە. ئەگەر ستەم نەبێت، هۆکاری هەڵگرتنی چەکیش نامێنێت؛ ئەگەر داگیرکاری کۆتایی پێ بێت، بەرخۆدانیش دەبێتە مێژوو.
بۆیە ئەو ڕەخنەیەی سەرچاوەی ستەم لەبیر دەکات و تەنیا لەسەر بەرگری و بەرخۆدان دەوەستێت، بەئەنقەست یان بێ‌ئەنقەست، لە ئەنجامدا دەبێتە هاودەنگی گوتاری داگیرکەر. دادپەروەری ئەوە نییە هەمووان بە یەک چاو ببینرێن، دادپەروەری ئەوەیە هەر کەس بەپێی بەرپرسیارێتیی خۆی لێپرسینەوەی لێ بکرێت. ئەوەی دەستی بۆ چەک و گوللە بۆ کوشتنی ئازادی بردووە، هەرگیز لەگەڵ ئەوەی گیانی خۆی بۆ پاراستنی ئازادی داناوە یەکسان نییە.
ئەمنیش ڕۆژگارێک پێشمەرگە بووم. ساڵانێک لە سەنگەری بەرگریی نەتەوایەتی، دێموکراسی و کەرامەتی کوردستاندا ژیاوم، و دەزانم قورسایی ئەو بارەی لەسەر شانی پێشمەرگەیە چییە. دەزانم شەونەخونی یانی چی؛ چاوەڕوانیی هێرشی دوژمن چییە، و دڵەڕاوکێی ئەو ساتانەی هاوڕێیەکت لە تەنیشتتە و نازانیت سبەینێ لەگەڵت دەبێت یان نا، چەند قورسە!
پێشمەرگە هەموو ڕۆژێک بە چاوانی لە مەرگ دەڕوانێت، بەڵام هەموو بەیانییەک بە هیوای ژیان هەڵدەستێتەوە، ئەو عاشقی ژیانە، نە عاشقی مردن. ئەو دڵی بۆ گەڕانەوە بۆ باوەشی دایکی لێ دەدا، بۆ ماچی منداڵەکانی، بۆ دەستی باوک، بۆ چاوەکانی هاوسەر، بۆ گوند و شار و کێڵگە و چیاکانی نیشتمان وەک پەروانە دەسووتێ. چەکی ئەو پەیمانی مردن نییە؛ بەڵکوو سوێندی پاراستنی ژیان و شەرەفی مرۆڤە.
ئەگەر پێشمەرگە لەم ڕێگایەدا شەهید دەبێت، ئەوە هەڵبژاردنی مردن نییە؛ ناچاریی بەرگرییە لە ژیان. شەهید، مرۆڤێکە بۆ ئەوەی خەڵکی تر بژین، خۆی ڕووبەڕووی مەرگ دەبێتەوە. بۆیە شەهید فەلسەفەی مردن نییە، فەلسەفەی ژیانە. ژیانێک کە بە ئازادی جوان دەبێت.
لە کۆتاییدا، ئەو نەتەوەیەی قوربانیی ڕۆڵەکانی خۆی لەبیر بکات، مێژووی خۆشی لەبیر کردووە، و ئەو گەلەی کە مێژووی خۆی لەبیر بکات، داهاتوویشی لەدەست دەدات. بۆیە ڕێزگرتن لە پێشمەرگە و شەهیدان، تەنها ڕێزگرتن لە تاکەکەسێک نییە، ڕێزگرتنە لە مانای ئازادی، لە کەرامەتی مرۆڤ، و لە مافی نەتەوە بۆ ژیانێکی ئازاد و سەربەرز.