کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کلاسێکی پەروەردەیی لە سوید

14:23 - 30 خەرمانان 2726

ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٥هەتاوی، بەشی پەروەردەی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە سوید، کلاسێکی پەروەردەی سیاسیی لەژێر ناوی "ناسیۆنالیزمی تورکی، عەرەبی، ئێرانی و کوردی" بۆ بەڕێز "د. سمایل بازیار"  مامۆستای زانکۆ و کەسایەتیی سیاسی لە شاری ڤێستێرۆس بەڕێوە برد.
کلاسەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان بەگشتی و شەهیدانی مانگی خەرمانان  بەتایبەتی دەستی پێکرد.  بەڕێوەبەری بەرنامە خاتوو "موژدە عەزیزی" بەرپرسی بەشی پەروەردە لە کۆمیتەی سوید وێڕای بەخێرهێنانی میوانەکان و د.سمایل بازیار و ناساندنی نێوەڕۆکی بەرنامەکە، وەبیر بەشداربووانی هێنایەوە  کە ئەو کلاسەش لە درێژەی ئەو دەورە پەروەدەییانەدا بەڕێوە دەچێ کە بەشی پەروەردە و ڕاگەیاندن لە ماوەی ڕابردوودا بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەی بردوون.
پاشان د.سمایل بازیار باسەکەی خۆی بە پێشەکییەکی زانستی لەسەر چەمکەکانی «شوناس» و «ناسیۆنالیزم» دەست پێکرد و پرسی  بزووتنەوە ئۆتۆنۆمیخوازەکان و چۆنیەتیی پێناسەکردنیانی لە ڕوانگەی زانستییەوە تاوتوێ کرد. لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا ڕەگوڕیشە مێژووییەکانی ناسیۆنالیزمی تورکی شی کردەوە و چۆنیەتیی گەشەکردنی بیری ناسیۆنالیستی لەنێو "تورکە لاوەکان" دا و دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیەی لەدوای دابەشکردنی میراتی عوسمانی و ڕۆڵی مستەفا کەماڵی لەو بەستێنە مێژووییەدا ڕوون کردەوە.
پاشان لە باسی ناسیۆنالیزمی عەرەبیدا ڕەوتی گەشەکردنی ئەو بیرۆکەیەی گەڕاندەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و ڕۆڵی  ڕووناکبیرانی عەرەبی لە زیندووکردنەوەی ڕەگەزەکانی نەتەوەیی باس کرد و ئاماژەی بە دەرکەوتنی بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی وەک دژەکردەوەیەک بە سیاسەتەکانی دەوڵەتی عوسمانی کرد.  پاشان چۆنیەتیی وەسەریەکنانی دەوڵەتی عێراق و ڕۆڵی ئینگلیزەکانی لەو پرۆسەیەدا و کاریگەری لەسەر پرسی کورد تاوتوێ کرد.
د.سمایل لە تەوەرێکی دیکەی باسەکەیدا چۆنیەتیی گەشەکردن و دەرکەوتنی وشەی «ئێران»ی وەک چەمکێکی سیاسی لەسەروبەندی بزووتنەوەی مەشرووتە خستە بەرباس و ڕۆڵی ڕوناکبیرەکانی دیاسپۆرای ئێرانی لە خەملاندن و گەشەپێدانی ئەو چەمکەدا شی کردەوە. پاشان  ئاماژەی بە دروستبوونی دەوڵەت- نەتەوەی ئێران کرد و ڕۆڵی کەسایەتییەکی سەربازی بە ناوی "ڕەزامیرپەنج"ی لە سەپاندنی بیرۆکەی سێکۆلاریستی و پان ئێرانیستیدا تاوتوێ کرد و هەروەها چۆنیەتیی شکستهێنانی هەر دوو ئیدۆلۆژی سێکۆلاریستی و ناسیۆنالیستی لە ئێران و تورکیەشدا بە ئاماژەکردن بە دۆخی ئێستای ئەو وڵاتانە تاوتوێ کرد.
لە باسی ناسیۆنالیزمی کوردیدا بەوردی باسی لە جیاوازی نێوان ناسیۆنالیست بوون و ناسیۆنالیزم کرد و پرۆسەی گەشەکردنی بیرۆکەی نەتەوەیی لە دژەکردەوە بۆ بەرنامەیەکی سیاسیی گشتگیر بۆ دروستکردنی دەوڵەت هێنایە بەرباس. باسی لە ڕۆڵی ڕۆژنامەی "کوردستان"، بزووتنەوە سیاسییەکانی کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست کرد تا دەگاتە  دامەزرانی کۆمەڵەی "ژێ-کاف" و دامەزرانی "کۆماری کوردستان" کە
لەوێدا هەستی نەتەوەیی کورد گەیشتە ئەوپەڕی پێگەیشتوویی خۆی.
جێی باسە کلاسەکە نزیک چوار کاتژمێری خایاند و لەو ماوەیەدا، ئامادەبووان بە پرسیار و سەرنجەکانیان بەشدارییەکی چالاکانەیان کرد لە باسەکاندا کرد و هاوڕێیانی کۆمیتەی وێسترۆسی حیزبیش بە ئامادەکاری و میوانداریی گەرمیان لە هاوڕێیانی بەشدار، ئاسانکاریان بۆ بەڕێوەچوونی کلاسەکە کرد.
لە کۆتاییدا بەڕێز کاک خسرەو قادری  ئەندامی ڕێبەری حیزب و بەرپرسی بەشی پەروەردە لە دەرەوەی وڵات وێڕای سپاس لە د.سمایل و بەشداران و کۆمیتەی حیزب، کۆمەڵە ڕوونکردەوەیەکی لەسەر بەڕێوەچوونی کلاسە پەروەردەییەکان دا.
کلاسەکە بە پێشکەشکردنی چەپکەگوڵی سپاس و ڕێزلێنانی بەشی پەروەردە لەلایەن شاعیر خاتوو "ناهید حوسێنی" کۆتایی پێهات.