کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕعی ماری هەر بە داری!

22:10 - 14 گەلاوێژ 2726

عەلی بداغی

هیچ مرۆڤێکی خاوەن ویژدان شک نابەی شەڕ و ماڵوێرانی، کوشتوبڕ و کاولکاریی پێ باش بێت، لەو سۆنگەیەوە دژایەتیی شەڕ و لایەنگری لە ئاشتی هەڵوێستێکی مرۆیی و بڕیارێکی جێی ڕێزە. بەڵام کێشە ئەوکاتە دەست پێ‌دەکات کە لاشەڕی لە پڕەنسیپێکی مرۆیی و ویژدانییەوە ببێتە ئامرازی سیاسی بۆ سپیکردنەوەی تاوانەکان و سڕینەوەی بەرپرسایەتی و کوێرکردنەوەی سەرچاوەی قەیرانەکانی لایەنێکی خولقێنەری شەڕ، کە لێرەدا مەبەستمان کۆماری ئیسلامییە.

پرسیار ئەوەیە چۆن دەکرێ بە بەرزکردنەوەی دروشمی "نا بۆ شەڕ" بەرهەڵستی دوژمنێک ببیتەوە کە لەوەتی هەیە دەکوژێ و دەبڕێ و خەڵکی لە برستێتیدا ڕاگرتووە؛ هاوکات نەک هەر کۆمەڵگەی ئێران، بەڵکوو کۆمەڵێک وڵاتی دیکەشی لەگەڵ خۆی نوقمی قەیران و کاولکاری کردووە. یان چۆن دەبێ بە سینگ‌دەرپەڕاندن و جاڕدانی دروشمی "نا بۆ دەستێوەردانی دەرەکی" کە لەڕاستیدا هەر بۆ چەککردنی سیاسیی دژبەرانی ڕێژیمە بتوانی هەموو جینایەت و کارەساتەکانی کۆماری ئیسلامی دیزەبەدەرخۆنە بکەیت؟ بەناو کەس یان ئۆپۆزیسیۆنێکی پێگەیشتوو، یان ڕەوت و لایەنێکی سیاسی و دامەزراوەیەکی بەناو دژبەری ڕێژیم چۆن دەتوانێ کۆماری ئیسلامی بە قوربانیی دەستێوەردانی دەرەکی دابنێ، لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی خۆی هێزی باڵادەستی دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. هەموو مێژووی ئەو ڕێژیمەش لە پێکهێنانی هێزە نیابەتییەکانەوە بگرە هەتا نانەوەی قەیران و ئاژاوە لە وڵاتانی ناوچە گەواهی لەسەر ئەوە دەدەن ماکەی گشت شەڕ و قەیرانەکانی ئێستای نێوخۆی ئێران و ناوچەکە هەر کۆماری ئیسلامییە. بۆیە بانگەشەی "نا بۆ شەڕ" و "نا بۆ دەستێوەردانی دەرەکی" لە لایەن هەرکەس و لایەنێکەوە بێت لە ڕاستیدا داماڵینی ڕێژیمە لە بەرپرسایەتیی کۆی قەیرانەکان و هاوکات قازانجەکەی هەموو دەچێتە گیرفانی کۆماری ئیسلامی و دەبێتە هۆکاری درێژکردنەوەی زیاتری تەمەنی ئەو ڕێژیمە. چونکی بە داماڵینی بەرپرسایەتیی قەیرانەکانی کۆمەڵگە لە کۆماری ئیسلامی و پووش‌بەسەرکردنی جینایەتەکانی ڕێژیم و سەرکوتی ماف و ئازادییەکانی خەڵک، ڕێڕەوی ئیرادەی خەڵک بۆ گۆڕینی ڕێژیم بەرەو داکۆکی لە حکوومەت لەهەمبەر هێرشی دەرەکی دەگۆڕێ.

ئەو هێز و لایەنانە پێش جاڕدانی ئەو گوتارە دەبوا ئەم پرسیارەیان لە خۆیان کردبا لە بارودۆخێکدا خەڵکی ئێران بەتوندی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە سەرکوت و خەڵتانی خوێن دەکرێن، ئەدی ئەرک و بەرپرسایەتییەکانی کۆمەڵگەی جیهانی چ دەبن و لەکوێ جێ دەگرن؟ ئەگەر ئەوان دژی شەڕ لەدژی ئەو ڕێژیمەن، باشە چ ڕێکارێکی بەکردەوە و کاریگەری دی بۆ وەستاندنی سەرکوتی خەڵک و ڕاگرتنی ڕێژیم لە تاوان و جینایەتەکانی شک دەبەن؟ دیسان ئەو شەڕەی ئێستا شەڕی وڵاتانێک دژی کۆماری ئیسلامییە کە ئەو ڕێژیمە لە رۆژی یەکەمی هاتنەسەرکاریەوە نەک دروشمی مردن بۆ ئەوان و سڕینەوەیانی لەسەر گۆی زەوی داوە؛ بەڵکوو بەکردەوەش بازنەی ئاگری بە دژ دروست کردوون و بە پڕۆژە ئەتومی و مووشەکییەکانی خۆی ئەمنییەتی مان و ژیانی لێ هەڵگرتوون.

دوایەش ئەو بەناو لاشەڕانەی لە بەرگی نووسەر، چالاکی سیاسی و تەنانەت حیزب و دامەزراوەی سیاسیدا دەردەکەون، هیچ وڵامێکیان بۆ ئەو پرسیارە نییە خەڵکێک کە بەبێ چەک لەهەمبەر حکوومەتێکی هەتا بن ددان چەکدار و سەرکوتگەردا وەستاونەتەوە، چۆن دەتوانن ئەو سیستمە مرۆڤکوژ و سەرکوتگەرە تێک‌بشکێنن؟ ڕاستە کە ئەوە خەڵکە دەبێ دوایین بزمار لە تابووتی ئەم ڕێژیمە بدا و داهاتووی ئێران دەبێ لەلایەن نەتەوەکانی ئەم وڵاتەوە بڕیاری لەسەر بدرێت، بەڵام ڕۆڵەکانی ئەم نەتەوەیە کە ڕۆژانە دەگیرێن، لەژێر ئەشکەنجەدا بەند دەکرێن، دەکوژرێن و ئێعدام دەکرێن؛ بە کام ئامراز و هێزی ڕەق بەگژی ڕێژیمێکدا بچنەوە و بیڕووخێنن کە سپا، ئەڕتەش، ناوەندە ئەمنییەتییەکان، زیندان، دادگا، مێدیا و هەموو ئامرازێکی هەزار بە هەزاری سەرکوت و کوشتوبری هەیە؟

شک لەوەدا نییە نەتەوەکانی ئێران لەمێژ ساڵە "نا"یان بە کۆماری ئیسلامی گوتووە و لە تەواوەتیی ئەم ڕێژیمە تێپەڕیون. خەڵک بە بایکۆتی هەڵبژاردنە حکوومەتییەکان، بە نافەرمانیی مەدەنی، بە خۆپێشاندان و مانگرتن، بە ناڕەزایەتیدەربڕین و بەگیان‌کڕینی هەموو تێچووەکانی ئەو خەباتە وەک گیران و بەندکران و تەنانەت ئێعدامکرانیش، ئازایەتی و بوێری و ئیرادەی خۆیان بۆ ڕووخاندنی ڕێژیم پێشان داوە؛ بەڵام ئەوەی دۆخەکەی نەگۆڕیوە ناهاوسەنگیی هێزە لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتێکی سەرکوتگەر کە بۆ مانەوەی خۆی لە هیچ جینایەتێک ناپرینگێتەوە.

لایەنگرانی گوتاری "نا بۆ شەڕ و نا بۆ کۆماری ئیسلامییش" پێیان وایە بە حەواڵەکردنی بەرپرسایەتییەکانی ڕێژیم لەهەمبەر مافەکانی خەڵک و داهاتووی وڵات بۆ ڕێوشوێنە نیونەتەوەییەکان توانیویانە باڵانسی سەربەخۆیی خۆیان بپارێزین. بەڵام لە خۆیان ناپرسن کۆماری ئیسلامی بۆ مەگەر هەتا ئێستا بۆ یەک چرکەش پێبەندی ئیرادەی خەڵکی نێوخۆ بۆ گۆڕان و بڕیار و ڕێوشوێنەکانی مافە نێونەتەوەییەکان زانیوە؟ ئەگەر مەبەست لە کاولبوونی ئێران لەسۆنگەی شەڕی دەرەکییە، بۆ مەگەر هەر ڕێژیم خۆی پێش لە سەرهەڵدانی ئەو شەڕە بە گەندەڵی، ناکارامەیی و سیاسەتی دژەژینگەیی هەموو سەرچاوەکانی ئاو، وزە و ژێرخانە ئابوورییەکانی وڵاتی کاول نەکردوون؟ یان ئەوان کە ئاوا دژی شەڕی وڵاتانی دی دژی کۆماری ئیسلامیین، ئایا بەیاننامە و ڕاگەیاندراوەکانیان بۆ مەحکوومکردنی کوشتاری خەڵک دەروویەکی ڕوون بە ڕووی نەتەوەکانی ئێراندا دەکاتەوە کە ڕووخانی ڕێژیمیان دەوێ؟ ڕاستە مانگرتن، ملبادانی مەدەنی، ڕێکخستنی کۆمەڵگە و ڕایەڵبەندیی پێوەندییەکان و خۆڕاگریی گشتی ئامرازی گرینگی خەباتی مەدەنین، بەڵام بۆ مەگەر بە بانگەشەی ئەوان لەسەر کاغەز ئەم ئامانجانە بەدی دێن؟ یان بۆ مەگەر کۆماری ئیسلامی کە لە ڕۆژێکدا بەبێ سڵکردنەوە ٣٠-٤٠ هەزار کەس دەکوژێ، ڕێژیمێکە بە مانگرتن و نافەرمانیی مەدەنی بڕووخێت؟

لەڕاستیدا کێشەی ئەو کەس و لایەنانە ئەوە نییە هیچ بەدیل و چارەسەرێکی ڕاستەقینەیان بۆ گۆڕینی دۆخی هەیی نییە، بەڵکوو زیان و خەسارەکە ئەوەیە بەشی زۆری وزەی سیاسیی ئەو ڕەوتانە نەک لە دژی کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو بۆ سەرکۆنەکردنی خەڵکی ئێران و هێرشکردنە سەر ئەو بەشە لە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی دەکار دەکرێ کە خوازیاری گوشار و ڕێکاری بەکردەوەی دەرەکی دژی ڕێژیمن. ئەو دژایەتییەش دەگاتە ئەو جێیەی بەئاشکرا ئاو لە ئاشی کۆماری ئیسلامی دەکەن، ئەویش لە کاتێکدا چەشنی ئەسپی ترۆواش خۆیان خزاندۆتە نێو ڕیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمەوە.

لە کۆتاییدا ئەمەش ڕاستە کە هەموو دەستێوەردانێکی دەرەکی ڕەنگبێ ئاکامەکەی دێموکراسی و ئازادی نەبێت، بەڵام زۆر وڵات هەن بێتوو بە دەستێوەردانی مرۆڤدۆستانەی دەرەکی شەڕی نیزامە سیاسییە سەرکوتکار و تۆتالیتێرەکانی ئەم وڵاتانە نەکرابا؛ بەبێ ئەو یارمەتییانە ڕێژیمەکان نەدەڕووخان و نیزامی دێموکراتیک لەجێی وان چێ نەدەبوو. بۆ مەگەر ئاڵمانی نازی بە نافەرمانیی مەدەنی و مانگرتن و ناڕەزایەتیی خەڵک و ئۆپۆزیسیۆنی ئەو ڕێژیمە ڕووخا؟ نا، ئەوکاتە ڕووخا کە هێرشی کرایە سەر، چەک کرا، دەزگای شەڕ و سەرکوتەکەی لە پێ خرا و ڕەگ و ڕیشەی لە بنەوە هەڵکەندرا. بۆیە کورد دەڵێ شەرعی ماری هەر بە داری!