
ئەحمەد پالانی
زۆربەی مرۆڤەکان تەنیا لەنێو ڕەوتی مێژوودا دەژین و لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ڕۆژگاردا دێن و دەڕۆن. هەندێکی کەمیان مێژوو دروست دەکەن، بەڵام دەگمەنترین ئەوانەن کە نەک تەنیا ڕووداوەکان دەگۆڕن، بەڵکوو شێوازی بیرکردنەوەی نەوەکان و نەتەوەکان و ئاراستەی داهاتوویان دیاری دەکەن.
ئەو جۆرە کەسانە تەنیا ڕێبەر نین، قوتابخانەی فیکرین و قۆناغێکی نوێ لە هۆشیاریی نەتەوەیی دەخولقێنن. شەهید دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو لەو دەگمەن کەسانە بوو. ئەو پێش ئەوەی سەرۆکی حیزبێک بێت، بیرمەندێکی ستراتیژیست، ڕووناکبیرێکی جیهانی، دیپلۆماتێکی لێهاتوو و مامۆستایەکی ئەخلاق و سیاسی بوو.
ئەگەر زۆربەی ڕێبەران شوێنەواریان لە مەیدانی شەڕدا جێ هێشتووە، دوکتور قاسملوو شوێنەواری خۆی لە مەیدانی بیر، دیپلۆماسی، دێموکراسی و متمانەی مرۆڤایەتیدا جێ هێشت.
لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، زۆربەی ڕێبەرە سیاسییەکان، لە سەنگەری چەک، لەنێو خێڵ، لە کۆشکی دەسەڵات یان لە دەزگا ئەمنییەتییەکان یان ڕێکخراوە سیاسییەکان سەریان هەڵداوە و ناوبانگ و ڕەوایەتییان وەرگرتووە، بەڵام دوکتور قاسملوو ڕێگایەکی دیکەی هەڵبژارد: ڕێگای زانست، ڕووناکبیری، گفتوگۆ، دیپلۆماسی و متمانەی نەتەوەکەی. هەر لەبەر ئەمەش، لە مێژووی سیاسییەکانی کوردستاندا ناوی دوکتور قاسملوو تەنیا ناوی سەرۆکی حیزبێک نییە، بەڵکوو ناوی قۆناغێکە تێیدا خەبات لە مەیدانی چەکەوە بەرەو مەیدانی بیر، یاسا، زانست و دیپلۆماسی گواسترایەوە.
لە زۆربەی ئەزموونە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، زۆرجار زانست بووەتە پاشکۆی دەسەڵات؛ واتە سەرەتا دەسەڵات بە هێز، بە کودەتا، یان بە ویستی تاک یان حیزبێک دامەزراوە، و دواتر زانست و ڕووناکبیری بۆ ڕازاندنەوەی ئەو دەسەڵاتە بەکارهاتوون. بەڵام لای دوکتور قاسملوو، ئەم پێوەرە بە تەواوی پێچەوانە بوو.
ئەو باوەڕی وا بوو دەسەڵات ئەگەر لەسەر زانست، وشیاری و ویژدانی مرۆڤ دانەمەزرێت، لە کۆتاییدا دەبێتە ئامرازێکی چەوساندنەوە. لەبەر ئەوە، زانست لەلای ئەو تەنیا جوانی و زینەتی سیاسی نەبوو، بەڵکوو بناغەی ڕێبەرایەتی و سەرچاوەی ڕەوایەتیی سیاسی بوو.
شەهیدی نەمر، دوکتورای لە ئابووریدا هەبوو، چەندین زمانی جیهانی دەزانی، مامۆستای زانکۆ بوو و لە زانکۆ و ناوەندە زانستییەکانی ئەورووپا پێ گەیشتبوو.
ئەم پاشخانە زانستییانە وای کردبوو بڕیارە سیاسییەکانی هەرگیز لەسەر کاردانەوەی ساتی، هەستی و کاتی یان هەڵچوونی عاتیفی نەیێنە ئاراوە، بەڵکوو لەسەر شیکردنەوە، توێژینەوە، زانیاری و بیرکردنەوەی ستراتیژی بڕیارەکانی بدات. ئەو دەیزانی نەتەوەیەک کە ڕێبەرایەتییەکەی لەسەر زانست و وشیاری دانەمەزرا بێت، زوو دەکەوێتە ژێر کاریگەریی هەست، دروشمی بێبناغە و گێژاوی مێژوو.
پێش دوکتور قاسملوو، زۆربەی بزووتنەوە کوردییەکان لە سنووری جوگرافیای خۆیاندا دیار بوون و دەناسران. جیهان کوردی زیاتر بە ئازایەتیی پێشمەرگە و خەباتی چەکداری دەناسی، بەڵام کەمتر وەک پرسێکی سیاسی، یاسایی و مافی مرۆڤ باس دەکرا. دوکتور قاسملوو ئەو سنوورەشی شکاند، ئەو پرسی کوردی لە شاخەکانی کوردستان بەرزکردەوە و بردییە نێو پارلەمانەکانی ئەورووپا، زانکۆکان، ناوەندە توێژینەوەکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، میدیا جیهانییەکان و کۆڕە دیپلۆماسییەکان. ئەو باش دەیزانی کە لە جیهانی نوێدا، ئەو نەتەوەیەی تەنیا بە زمانی چەک بدوێت، دەنگی لە سنووری شەڕ تێناپەڕێت، بەڵام ئەو نەتەوەیەی بە زمانی یاسا، دیپلۆماسی و مافی مرۆڤ بدوێت، دەتوانێت ویژدانی جیهان بۆ لای خۆی ڕاکێشێت.
دوکتور قاسملوو پێشتر لە هەموو سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تێگەیشتبوو کە سەدەی بیست و یەک، تەنیا سەدەی هێزی سەربازی نییە، بەڵکوو سەدەی متمانە، هاوپەیمانی، ڕای گشتیی جیهان، یاسای نێودەوڵەتی و هێزی نەرمە. لە کاتێکدا زۆر سەرکردەی کورد هێزی خۆیان لە ژمارەی پێشمەرگەکان و چەکەکاندا دەبینی، دوکتور قاسملوو هێزی ڕاستەقینەی خۆی لە ژمارەی هاوپەیمانە دێموکرات، ڕۆشنبیر و مرۆڤدۆستەکانی جیهاندا دەبینی. ئەو دەیزانی دۆستایەتیی ویژدانی مرۆڤایەتی، لە هەر چەکێک بەهێزترە. ئەمەش تەنیا تاکتیکێکی سیاسی نەبوو، بەڵکوو بینینێکی قووڵی ستراتیژی و جیهانبینییەکی پێشکەوتوو بوو کە توانی کورد بە جیهان بناسێنێت و ئێستا بووەتە یەکێک لە بنەماکانی دیپلۆماسیی نوێی بزووتنەوەی کورد.
لە هەموو گرنگتر ئەو دێموکراتێکی بە تەواو مانا بوو، لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، زۆرجار دێموکراسی دروشمێک بووە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، نەک سیستەمێک بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵات.
دوکتور قاسملوو، دێموکراسی بە فەلسەفەی ژیان و ڕێکخستنی کۆمەڵگە دەزانی.
ئەو باوەڕی وابوو نەتەوەیەک ناتوانێت داوای ئازادی بکات، ئەگەر ڕێز لە ئازادیی ئەوانی تر نەگرێت، ناتوانێت داوای مافی مرۆڤ بکات، ئەگەر خۆی باوەڕی بە مافی مرۆڤ نەبێت و ناتوانێت داوای دێموکراسی بکات، ئەگەر لە نێوخۆی خۆیدا دێموکرات نەبێت. ئەم بیرۆکەیە، تەنانەت تا ئەمڕۆش، لە زۆر شوێنی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هێشتا نوێ و کۆرپە دەردەکەوێت، چونکە زۆر دەسەڵات هێشتا دێموکراسی بە ئامراز دەزانن، نەک بە بنەما.
ئەگەرچی دوکتوری شەهید مامۆستای دێموکراسی بوو، بەڵام نەتەوەپەروەرێکی مرۆڤدۆست و کراوەش بوو. یەکێک لە گەورەترین جیاوازییەکانی دوکتور قاسملوو لەگەڵ زۆر لە ناسیۆنالیزمەکانی ناوچەکە، تێگەیشتنی ئەو بوو لە مانای نەتەوەپەروەری.
لە سەدەی بیستەمدا زۆربەی ڕێکخراوە ناسیۆنالیستییەکان لەسەر بناغەی دوژمنسازی، ڕەتکردنەوەی ئەوانی تر و بەرهەمهێنانی ڕق دروست بوون. بەڵام دوکتور قاسملوو باوەڕی بە نەتەوەپەروەرییەک هەبوو کە لەسەر بناغەی ئازادی، دادپەروەری و هاوژیانی دامەزرابێت. ئەو دژی ستەم بوو، نە دژی گەلان، ئەو دژی سیاسەتی چەوساندنەوە بوو، نە دژی ناسنامەی هیچ نەتەوەیەک. لە ڕوانگەی ئەودا، ئامانجی خەبات شکاندنی زنجیری ستەم بوو، نە بەستنەوەی زنجیرێکی نوێ بە دەستی قوربانییانی دوێنێ. بۆیە، نەتەوەپەروەریی دوکتور قاسملوو سنووری کوردستانی تێپەڕاند و گەیشتە لوتکەی مرۆڤایەتی. ئەو ئازادیی کوردی بە ئازادیی مرۆڤەوە گرێدەدا، چونکە باوەڕی وابوو کە ئەگەر مافی مرۆڤ لە شوێنێک پێشێل بکرێت، هیچ نەتەوەیەک پارێزراو نابێت.
یەکێکی تر لە گەورەترین میراتەکانی دوکتور قاسملوو ئەخلاقی سیاسی بوو.
لە ناوچەیەکدا کە زۆرجار سیاسەت بە فێڵ، درۆ، ترساندن، تۆمەتبارکردن و لابردنی نەیارەکان ناسراوە، ئەو هەوڵی دا ئەخلاق بکاتە بناغەی سیاسەت. لە ڕوانگەی ئەودا، سیاسەت بەبێ ئەخلاق تەنیا کێبڕکێیەکە بۆ دەسەڵات، نەک خزمەتکردن بە کۆمەڵگە. بۆیە، گوێگرتن لە ڕەخنە، ڕێزگرتن لە جیاوازیی بیر، قبووڵکردنی فرەدەنگی، دووربوون لە تاکپەرستی، باوەڕ بە دامەزراوەکان و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ، هەموویان بەشێک بوون لە فەلسەفەی ڕێبەرایەتیی ئەو.
ئەو دەیزانی دەکرێت مرۆڤ بە ترس ملکەچ بکرێت، بەڵام ناتوانیت متمانەی بەدەست بهێنیت، دەکرێت بە هێز حوکمڕانی بکرێت، بەڵام ناتوانرێت ویژدانی خەڵکی فەرمانبەر و ڕازی بکرێت. هەر بۆیە، لەلای دوکتور قاسملوو، متمانە گەورەترین سەرمایەی سیاسەت بوو. گەرچی لە ڕوانگەی هەر مرۆڤێکی تێگەیشتوو، پێگەیشتوو و باوەڕدار بە بەهای مرۆڤایەتی، گفتوگۆ و وتووێژ شارستانیانەترین، ژیرانەترین و کەمزیانترین ڕێگای چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسییەکان و کۆتاییهێنانە بە شەڕ و خوێنڕشتن. دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو هەر بە هەمان فەلسەفە و باوەڕە چووە سەر مێزی وتووێژ. ئەو بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی نەتەوەکەی و کۆتاییهێنان بە خوێنڕشتن و کارەساتەکانی کوردستان دەستی بۆ دیپلۆماسی درێژکرد.
لە ڕوانگەی ئەودا، سەرکەوتنی ڕاستەقینە ئەوەیە مافی نەتەوەکان بە زمانی یاسا، دیپلۆماسی و متمانە بناسرێت و بسەلمێنرێت. هەر بۆیە، بە دڵێکی پڕ لە هیوای ئاشتی و متمانە بە هێزی گفتوگۆ، چووە ناو وتووێژ. بەڵام بەداخەوە، لە شوێنێک کە دەبوو وشە شوێنی گوللە بگرێتەوە، گوللە شوێنی وشەی گرتەوە، لە مێزێک کە دەبوو هێمای متمانە و چارەسەری سیاسی بێت، خوێنی ڕێبەرێکی گەورەی نەتەوەی کورد بە دەستی تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی ڕژا. لەو ساتەدا، تەنیا مرۆڤێک شەهید نەکرا؛ بەڵکوو هیوای چارەسەری ئاشتییانە، ڕێز لە دیپلۆماسی و پیرۆزیی گفتوگۆش بوون بە ئامانجی تێرۆر.
ئەو تێرۆرە تەنیا تاوانی شەهیدکردنی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو نەبوو؛ بەڵکوو تاوانێک بوو لە دژی فەلسەفەی سیاست، ڕێگای دیپلۆماسی، متمانە، یاسا و ویژدانی مرۆڤایەتی. ئەو فیشەکانە تەنیا بەرامبەر بە جەستەی مرۆڤێک نەتەقینەوە، بەڵکوو بەرامبەر بە هیوای نەتەوەیەک، بەرامبەر بە ویژدانی یاسای نێودەوڵەتی و بەرامبەر بە پرەنسیپی پیرۆزی گفتوگۆ لەجیاتی توندوتیژی تەقینەوە.
بەڵام مێژوو جارێکی دیکە سەلماندی کە فیشەک دەتوانێت جەستە بکوژێت، بەڵام ناتوانێت بیر بکوژێت. ئەوانەی کە دوکتور قاسملوویان شەهید کرد، ویستیان دەنگی خامۆش بکەن؛ بەڵام بە پێچەوانەوە، ناو و دەنگی قاسملوو بە نەمری مایەوە. ئەوان دەیانویست مەکتەبێک لەناو بەرن، بەڵام خوێنی قاسملوو بوو بە خوێنی ژیان بۆ مەکتەبەکەی.
دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو تەنیا شەهیدێکی نیشتمان نەبوو؛ دامەزرێنەری مەکتەبێکی نوێی بیرکردنەوەی سیاسیی کورد بوو. مەکتەبێک کە زانستی لەجیاتی نەزانی، دیپلۆماسیی لەجیاتی گوشار، دێموکراسیی لەجیاتی دەسەڵاتخوازی، ئەخلاقی سیاسیی لەجیاتی فێڵ، و متمانەی لەجیاتی ترس دانا. ئەو تەنیا ناوێک لە لاپەڕەکانی مێژوو نییە، بەڵکوو قوتابخانەیەکە هەر نەوەیەک، ئەگەر بیەوێت نەتەوەکەی لە ئاستی مێژوودا بژی، دەتوانێت و دەبێت وانەی لێ وەربگرێت.
لەو ڕوانگەیەوە، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو تەنیا پێشەوای سەردەمێک نەبوو، پێشەوای داهاتووشە. ناوی ئەو تەنیا بە خوێنی شەهادەت لە لاپەڕەکانی مێژووی کوردستان تۆمار نەکراوە، بەڵکوو بە ماکەی زانست، بە شکۆی ئەخلاق، بە هێزی دیپلۆماسی، بە باوەڕی دێموکراسی و بە هیوای ئازادی نووسراوە. تا ئەو ڕۆژەی کە مرۆڤایەتی بەدوای یەکسانی، ئازادی و کەرامەتی مرۆڤدا بگەڕێت، ناوی قاسملوو هەر دەژێت، مەکتەبەکەی هەر هەناسە دەدات و بیرەکەی هەر ڕێگای داهاتوو ڕووناک دەکاتەوە. بە هەموو پێوەرەکان، ئەو شەهیدە گەورەیە توانی هێمای هەموو گەورەپیاوانی مێژوو لە خزمەتی پرسی کورددا کۆ بکاتەوە.
ئەگەر ماندێلا هێمای ئاشتیکردنەوەی نەتەوەیی بوو، هاڤێل هێمای ئەخلاقی سیاسی بوو، ئەگەر گاندی هێمای خەباتی مەدەنی و ڤاوێنسا هێمای ڕێکخستنی کۆمەڵگە بوو، دوکتور قاسملوو هەوڵی دا هەموو ئەو تایبەتمەندییانە لە خزمەتی پرسی کورددا کۆبکاتەوە. ئەو زانایەک بوو، دیپلۆماتێک بوو، ڕێکخەرێک بوو، ڕێبەرێکی دیموکرات بوو و لە هەمان کاتدا سەرکردەی بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخواز بوو. کۆبوونەوەی هەموو ئەو خەسڵەتانە لە یەک کەسایەتیدا، لە مێژووی نوێی جیهاندا زۆر زۆر کەمە و بەدی ناکرێت.