لە نیوەی یەکەمی مانگی خەرماناندا، تێکڕای نرخی ماشین لە ئێران ۱۳ لەسەد زیادی کرد و ماشینە هاوردەکراوەکان بە تۆمارکردنی گەشەی ١٦.٤ لەسەدی بەرزترین خاڵی گرانبوونەکانی بازاڕیان مسۆگەر کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "دنیای ئێقتساد"، دوای ماشینە هاوردەکراوەکان، جۆرە نێوخۆیییەکان بە ۱۴.۷ لەسەد و مۆنتاژکراوەکان بە ۷.۵ لەسەد ڕوویان لە بەرزبوونەوە کردووە.
لەم نێوەدا "نەیسان ئاڵتیما" بە زۆرکردنی یەک میلیارد و ۸۵۰ میلیۆن تمەن و "تارا ئۆتۆماتیک" بە ۵۵۰ میلیۆن تمەن بەرزترین گەشەیان تۆمار کردووە.
ئەم بازدانەی نرخەکان هاوکاتە لەگەڵ دابەزینی بەرچاوی ئاستی بەرهەمهێنانی نێوخۆیی.
ئامارەکان دەریانخستووە کە بەرهەمهێنانی ۱۲ کۆمپانیای مۆنتاژکار لە مانگی گەلاوێژدا ۳۸ لەسەد کەمی کردووە و سێ شیرکەتی گەورەی بەرهەمهێنانی ماشینیش لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵدا تووشی دابەزینی ۲۹ لەسەدیی بەرهەم بوونەتەوە.
هاوکات بزوێنەری سەرەکیی ئەم بەرزبوونەوەیە، داڕمانی بەهای ڕیاڵ و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بووە کە لە ماوەی کەمتر لە دوو حەفتەدا لە ۱۹۷ هەزار تمەنەوە بۆ سەرووی ۲۲۴ هەزار تمەن هەڵکشا.
لە بەرانبەردا، ڕێژیم بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ لە ڕێگەی سەرمایەی دەرەکیی کەسەکانەوە، پرۆسەی هاوردەکردنی ماشینی بەکارهاتووی مۆدێلی ۲۰۲۱ و ۲۰۲۲ی وەک پێنجەمین ڕێگەی یاسایی چالاک کرد.
هاوکات دیوانی ژمێریاری هۆشداری داوە کە هەوڵی دیاریکردنی پێناسی گومرکیی ۱۰۰ لەسەدی بە شێوەیەکی نەگۆڕ بۆ هەموو ماشینەکان، پێچەوانەی یاساکانی ڕێکخستنی پیشەسازیی ماشین و هەوای پاکە.