
د. مەجید حەقی
پرسیارێک کە تا ئێستا زۆر کەس کردوویانە و لێرە و لەوێش دەگوترێ دەکەمە دەروازەی کردنەوەی باسێک: دکتۆر قاسملوو کە بڕوای بە "دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان" هەبوو و خۆی لە هەموو ئێرانییەک بە ئێرانیتر دەزانی، داخۆ ئەگەر ئەمڕۆ زیندوو بوایە، ئەم دروشمانەی ئێستای کوردەکانی ڕۆژهەڵات وەک فیدڕالیزم، داوای مافی دیاریکردنی چارەنووس و تەنانەت سەربەخۆیی بۆی قبووڵ دەکرا؟
وڵامەکەی ڕوونە: بەڵێ! چونکی بۆ دکتۆر قاسملوو پرسی نەتەوەیی پرسێکی نەگۆڕ و ڕاوەستاو نەبوو، بگرە پرسێکی سیاسیی زیندوو و لە حاڵی گۆڕان و پەرەسەندنی بەردەوامدا بوو. قاسملوو ڕێبەرێکی ئاسۆبین بوو؛ مرۆڤێک نەبوو لە قاوغی دروشمێکی سەردەمی خۆیدا بمێنێتەوە، بەڵکوو بۆ دواڕۆژ خاوەنی بەرنامە و پرۆژەی ستراتیژیی گەورەتر بوو.
"کوردستان و کورد"، تێزی دکتۆراکەی دکتۆر قاسملوو باشترین بەڵگە بۆ ئەوەیە. ئەم تێزە لە دەیەی ١٩٦٠دا نووسراوە؛ سەردەمێک کە جیهان لە گەرمەی شەڕی سارددا بوو و دکتۆر قاسملووش خۆی لە چێکۆسلۆڤاکیا دەژیا، وڵاتێکی سۆسیالیستیی سەر بە پەیمانی وەرشۆ و لەژێر هێژمۆنی و سێبەری توندی یەکیەتیی سۆڤیەتدا. لەو سەردەمەدا کە بلۆکبەندییەکان ڕێگەیان بە هیچ جۆرە گۆڕانکارییەک لە پێکهاتەی دەوڵەتاندا نەدەدا، قاسملوو لەو کتێبەدا پێشنیاری "کۆنفدراسیۆنی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست" دەکات، بە شێوەیەک کە فیدراسیۆنی کوردستان ببێتە بەشێک لەو یەکیەتییە گەورەیە؛ شتێک هاوشێوەی ئەم مۆدێلەی "یەکیەتیی ئورووپا"ی ئەمڕۆ. ئەمە پێمان دەڵێت کە لە ڕوانگەی تیۆریی پێکهاتەی دەسەڵاتەوە، قاسملوو هەر لەو سەردەمەوە لە سێبەری "خودموختاری" تێپەڕیبوو و لە ئاستی ستراتیژیدا بیری لە مۆدێلی باڵاتری وەک فیدڕالیزم و کۆنفدراسیۆن دەکردەوە.
لە زانستی سیاسیدا، خودموختاری مۆدێلێکی ناوەندتەوەرە کە تێیدا دەسەڵاتی سەرەکی لای ناوەندە و بەشێک لەو دەسەڵاتە بۆ گرووپێک -نەتەوەیی، ئایینی، ئیداری- جێ دەهێڵێت. بەڵام فیدڕالیزم و کۆنفدراسیۆن لەسەر بنەمای هاوبەشیی لە سەروەریدا بونیاد دەنرێن. قاسملوو چل ساڵ پێش گەشەکردنی ئەم چەمکانە لە ناوچەکەدا، لەو پێویستییەی گۆڕانی پێکهاتەی هێز گەیشتبوو و چارەسەریشی بۆی هەبوو.
دوای ئەوەی دکتۆر قاسملوو بوو بە سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە ماوەی ١٨ ساڵ سکرتێریی خۆیدا، ستراتیژیەتێکی پشتبەستوو بە "کۆنگرە بە کۆنگرە نوێگەرایی" لەنێو حیزبدا پەیڕەو کرد. لە ڕوانگەی تیۆریی پەرەسەندنی سیاسییەوە، حیزب و ڕێکخراوەکان ئەگەر توانای خۆگونجاندنیان لەگەڵ بارودۆخی سەردەمدا نەبێت، تووشی چەقبەستوویی و مەرگی سیاسی دەبن و قاسملوو ئەمەی باش دەزانی.
گرنگترین هەنگاوی ئەو لەم قۆناغەدا ئەوە بوو حیزبی دێموکرات و پرسی کوردی لە حیزبی توودەی ئێران جیا کردەوە و سەربەخۆیی سیاسیی ئەو حیزبەی مسۆگەر کرد. ئەمە تەنیا گۆڕانکارییەکی تەشکیلاتی نەبوو، بگرە لە ڕووی تیۆرییەوە بە واتای جیاکردنەوەی پرسی کورد بوو لە پرسی گشتیی ئێران. ئەو سەلماندی کە پرسی نەتەوەیی کوردستان دۆسیەیەکی تایبەت و سەربەخۆیە و نابێت بکرێتە پاشکۆی کێشە نێوخۆییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی یان ناوەند.
هەر لەم ڕەوتی نوێگەراییەدا، ئەو لە پێوەندی لەگەڵ دواڕۆژی کوردستاندا پێشنیاری مۆدێلی "سۆسیالیزمی دێموکراتیک"ی کرد. کاتێک سەیری نامیلکەی "کورتەباسێک لەسەر سۆسیالیزمی دێموکراتیک" دەکەین، ئەو زۆر بە جوانی و وردی شی دەکاتەوە کە ئامانجی سەرەکیی ئەم کورتەباسە و ئەم مۆدێلە، لە بنەڕەتدا "ڕۆژهەڵاتی کوردستان"ە. ئەمەش نیشانەی ئەوە بوو کە ئەو پڕۆژەیەکی تایبەت و سەربەخۆی بۆ بونیادنانی کۆمەڵگای داهاتووی کوردستان لە مێشکدا بوو.
پرسی کورد لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا گۆڕانکاریی زۆر گەورەی بەسەردا هاتووە. ئەو کاتەی کە دکتۆر قاسملوو ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی دەکرد، جارێ پرسی نەتەوەیی بەم شێوەیەی ئەمڕۆ نەببووە پرسێکی جەماوەریی سەرانسەری لە ناو هەموو ماڵ و کۆڵانێکی کوردستاندا. ئەوکات و بەر لە قاسملووش، پرسی سیاسی و مافی دیاریکردنی چارەنووس، زیاتر پرسێکی پێوەندیدار بە ئێلیتی سیاسی، سەرکردە حیزبییەکان و کەمایەتییەکی بچووکی ڕۆشنبیری لە نێوخۆی بژاردەی کۆمەڵگەی کوردستان بوو. بەڵام داینامیزمی مێژوو نەوەستا.
ئێستا بارودۆخەکە بەتەواوی گۆڕاوە. پرسی کورد بە شێوەیەکی یەکسان و هاوتەریب لە هەموو بەشەکانی کوردستان گەشەی کردووە و بووەتە پرسێکی جەماوەریی قووڵ. کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕووی وشیاریی نەتەوەییەوە گەیشتووەتە لووتکە. نموونەی هەرە بەرچاوی ئەم ڕاستییە، لە نەورۆزی خاکیپۆشاندا (ساڵی ٢٧٢٥ی کوردیدا) خۆی نیشان دا؛ کاتێک کۆمەڵگەی کوردستان بە شێوازێکی بێوێنە، یەکگرتووانە و مەدەنی هاتنە مەیدان و نیشانیان دا کە بە شێوەیەکی گشتی خوازیاری دیاریکردنی چارەنووسی خۆیانن. کاتێک خواستێک لە چوارچێوەی ئێلیت دەردەچێت و دەبێتە خواستێکی جەماوەریی سەرانسەری، سەقفی داواکارییە سیاسییەکانیش بە شێوەیەکی لۆژیکی بەرز دەبێتەوە.
دکتۆر قاسملوو وەک ڕێبەرێکی لێهاتوو، هەمیشە پەیڕەوی لە ستراتیژیەتی "واقیعبینیی سیاسی" دەکرد. ئەو باش دەیزانی کە دروشمە سیاسییەکان ئامرازی جووڵەی سیاسین نەک دەقی پیرۆز و نەگۆڕ. ڕاستییە سیاسییەکان، هاوسەنگیی هێز، جیۆپۆلیتیک و دۆخی ئابووری و ناوچەیی و ناونەتەوەییەکان دەبنە هۆی ئەوەی کە دروشم و ئامانجی سیاسی بۆ چارەسەری پرسی کورد بەپێی سەردەم بگۆڕدرێن.
لە سەردەمی دکتۆر قاسملوودا، جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە و جیهان ڕێگەی بە دروشمێکی گەورەتر لە خودموختاری نەدەدا. سیستەمی دووجەمسەری هۆشیار بوو لە پاراستنی سنوورەکان و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش هیچ جۆرە خواستێکی نەتەوەیی قبووڵ نەدەکرد. بۆیە دروشمی "دێموکراسی بۆ ئێران" تاکە کلیل بوو بۆ کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ و ناساندنی دۆسیەی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
بەڵام ئەمڕۆ واقیعە جیۆپۆلیتیکییەکان گۆڕاون. پێگەی نێودەوڵەتیی کورد بەهێزتر بووە، دەوڵەتی ناوەندی لە ئێراندا شەرعیەتی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی لەدەست داوە، و لە سەرووی هەمووشیانەوە کۆمەڵگەی کوردستان لە قۆناغی نەتەوەبووندا پێ گەیشتووە. لە ژێر تیشکی ئەم گۆڕانکارییانەدا، گۆڕانی دروشمەکان بۆ فیدڕالیزم و سەربەخۆیی، نەک لادان نییە لە ڕێبازی قاسملوو، بگرە درێژکراوەی سروشتیی فیکری پوویای ئەوە.
بۆیە ئەمڕۆ دکتۆر قاسملوو زیندوو بوایە، نەک هەر نەیار یاخود دژبەری دروشمەکانی هاوچەرخی گەلەکەمان نەدەبوو، بەڵکوو بەهۆی پێگە ئەکادیمی، سیاسی و دیپلۆماسییە ناوازەکەی خۆیەوە، دەبووە یەکێک لە داڕێژەرانی سەرەکیی تیۆریی ڕزگاریخوازیی قۆناغی نەتەوەسازی و بەنەتەوەبوونی خەڵکی کوردستان.
ئەو دەبووە ئەندازیاری چەسپاندنی مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورد لە یاسا و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا. قاسملوو فێری کردین کە سیاسەت زانستی فێربوون و گۆڕانکارییە لەپێناو گەیشتن بە ڕزگاریی نەتەوایەتی، و ئەمڕۆش ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوازێکی یەکگرتووانە لەسەر هەمان ڕێبازی پەرەسەندوو هەنگاو دەنێت.