کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوای هەشتا و چەند ساڵ (١)

23:51 - 23 گەلاوێژ 2726

ڕەزا دانشجوو

٢٥ی گەڵاوێژی ١٣٢٤ خاڵی وەرچەرخانێکی مێژووییە لە ڕێڕەوی خەباتی سیاسیی گەلی کورد بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی. سەرەتایەکی شکۆمەندانە بۆ ژیانێکی شەرەفمەندانە! دەستپێکی دەورانێکی نوێ لە نەسرەوتن و سەرهەڵدان!
ئەو ڕۆژەی کە پێشەوای گەل بڕیاری دابڕان لە کۆمەڵگەیەکی خێڵەکی و عەشیرەتی دەرکرد و دەستپێکی سەردەمێکی نوێی بە پێناسەیەکی مۆدێرن بۆ خەباتێکی ئامانجدار ڕاگەیاند. ئەم ڕۆژە ڕۆژی دووبارە ژیانەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی بوو. ئەمە لە کاتێکدا بوو زۆرێک لە خزم و کەسانی زۆر نزیک لە پێشەواش ئەم بیرۆکە نوێیەیان وەک خەونێکی کورتخایەن و تەنانەت ململانێیەکی مەترسیدار دەدی! بەڵام پێشەوا هەم ئەم کۆمەڵگەیەی کە تێیدا گەورە ببوو زۆر باش دەناسی، هەم زۆر بە وردی ئاگاداری توانا و هێزی ناوازەی ئەم کۆمەڵگەیە بوو و بێگومان زۆر باشیش دەیزانی کە لە داهاتوودا ڕووبەڕووی چ پێشهات‌گەلێک دەبێتەوە و پێویستی بە چی هەیە. ئەمە سەرەتای ڕێگەیەکی دوور و درێژ بوو، ڕێگەیەکی ناڕێک و بوومەلێڵ، پڕ لە ملە و بستووی سەخت و هەورازونشێوی مەترسیدار! ڕێگەیەک کە ئێستا و دوای ڕێگەبڕینێکی هەشتا ساڵە دەریخستووە کە ئەم بڕیارەی پێشەوای مەزن چەندە ڕاست و لۆژیکی بووە.
لەم وتارەدا تێدەکۆشین سەرەتا باس لەوە بکەین کە هۆکارگەلی ئەم بڕیارە مێژووییەی پێشەوا چی بوون، دواتر چاوخشاندنێکی کورت دەخەینە سەر بەشێک لەم حیزب و بزووتنەوە سیاسییانە لە ئێران و جیهاندا کە هاوكات لەگەڵ حیزبی دێموکرات یان زۆر دواتر پێك هاتن و دواتر بە هۆکاری جۆراوجۆر یان بە تەواوی لەبێن چوون یان زۆر لاواز بوون و لە ڕاستیدا ئێستا تەنیا ناویان لە لاپەڕەکانی مێژوودا دەبینرێت. لە کۆتاییدا باس لە نهێنیی ئەم مانەوە و زیندووبوون و خۆڕاگری و ڕاوەستاوییە دەکەین!

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە کە چ فاکتۆرگەلێک بوونە هۆی ئەوەی پێشەوای نەمر بڕیاری دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بدات، پێویستە ئاماژە بە سێ خاڵ بکەین:

بارودۆخی جیهانی و ناوچەیی
لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی جیهانیی دووەم لە سێپتەمبەری ١٩٣٩، بارودۆخی جیهانی و ناوچەیی گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتبوو. لە ساڵی ١٩٤١دا ئێران لەلایەن یەکێتیی سۆڤیەت و بەریتانیاوە داگیرکرا! ئامانجی داگیرکاریی هاوپەیمانان نزیکبوونەوەی ڕەزاخان بوو لە ئاڵمانییەکان و ترسی هاوکاری لەگەڵ هیتلەر و لە ڕاستیدا بەستنی ڕێگەی باشوور بۆ باکووری ئێران. لەو نێوەندەدا ڕەزاخان لەلایەن ئینگلیزەکانەوە لە دەسەڵات لابرا و دەربەدەر کرا! لەشکری خۆبەزلزان و بێدەسەڵاتی پەهلەوی، بێ هیچ خۆڕاگری و بەرخۆدانێک و تەنیا لە چەند ڕۆژدا بەتەواوی لێک هەڵوەشایەوە و زۆر زوو تەسلیم بوو! ئینگلیزەکان کوڕە بیست و یەک ساڵانەکەی ڕەزاشا؛ واتە محەممەدڕەزایان وەک جێنشینی باوکی هەڵبژارد!
وڵات بە ئاشکرا لەلایەن باڵیۆزخانەی سۆڤیەت و بەریتانیاوە بەڕێوە دەبرا و سیاسەتمەدارە گەندەڵەکانی پەهلەوی بەپێی داخوازییەکان، پابەندی فەرمانی یان یەکێک یان هەندێک جار هەردوو باڵیۆزخانەی سۆڤیەت و بەریتانیا بوون! حکوومەتی ناوەندی بەکردەوە بوونی نەبوو! سۆڤیەت لە باکوور و ئینگلیز لە باشوور حوکمڕانییان دەکرد!
سەرکردە عەشیرەتەکان و خانەکانی ناوچەکانی نێوەڕاست و سنوورەکان، لە غیابی حکومەتی ناوەنددا، هەرچییان ویستبایە دەیانکرد؛ ئاژاوە و پشێوی لە هەموو شوێنێک زاڵ بوو. برسێتی و قاتی و قڕان دۆخەکەی زۆر خراپتر کردبوو. لە وەها هەلومەرجێکدا بوونی حکومەتێکی خۆجێیی دادپەروەر بە واتای کۆتایی ئەم هەموو پشێوی و ئاژاوەگێڕییە بوو!

بەڵام بەبێ پێکهاتەیەک و ڕێکخراوەیەکی مۆدێرن و یەکگرتوو، نەدەکرا حکومەتێکی خۆجێیی پێک بهێنرێت؛ لەڕاستیدا دامەزراندنی حیزب بەردی بناغەی حکوومەتێکی خۆجێیی بوو!

پشتیوانیی سۆڤیەت
نەیاران و دژبەرانی نەتەوەی کورد هەمیشە پشتیوانیی سۆڤیەتیان بۆ دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆماری کوردستان وەک ئامرازێک بۆ سەرکۆنەکردن و هێرشبردن دژی کورد و کوردستان بەکارهێناوە. ئەمە لە کاتێکدا کە تەنانەت سەربەخۆیی و گۆڕانکاریی زۆر گەورە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بەرهەمی هەلومەرجی جیهانی و ناوچەیی بووە.
ڕاستە کە حکومەتی سۆڤیەت لە کاتی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا پاڵپشتیی دەکرد، بەڵام خاڵێکی زۆر گرنگ کە نەیاران و دژبەرانی کورد زۆر نامرۆڤانە خۆی لێ دەدزنەوە و هەرگیز باسی ناکەن، سەربەخۆیی بێوێنەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و سەرکردایەتیی ئەم حیزبە لە بڕیاردان و گرتنەبەری هەڵوێست و ڕوانگەیەکی سیاسیی تەواو سەربەخۆیە. خاڵێکی زۆر گرنگی دیکە جیاوازیی بیروبۆچوونیەتی لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا. حیزبێکی ناسیۆنالیستی کوردی چۆن دەتوانێت شوێنکەوتووی بزووتنەوەیەکی چەپی ڕادیکاڵ بێت؟ لە لایەکی دیکەوە لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا لە هەموو کاتێک زیاتر جێپێی دین و ئایین لە کۆمەڵگەدا دیارە. هەرچەند حکوومەت سێکۆلارە، بەڵام دژایەتیی لەگەڵ ئایینی خەڵکدا نییە. ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بە بزووتنەوەی چەپگەرای ستالینییەوە نییە!
هەروەک باس کرا، پێشەوای شەهید وەک هەر سەرکردەیەکی بیرمەند، بە دڵنیاییەوە ئەم دەرفەتە مێژووییەی بەکارهێناوە، بەڵام زۆر ڕوونە وەشاندنەکەی بەتەواوی کوردی بووە و لەسەر بنەمای پێداویستییەکانی کۆمەڵگەی کوردی بنیات نراوە.

گواستنەوە و دابڕان لە بیرکردنەوەی خێڵەکی- عەشیرەتی
بۆ ئەوەی باشتر لەم بابەتە تێبگەین، باشترە ئاوڕێک لە ساڵانی دوورەوە بدەینەوە. کۆمەڵگەیەک کە سەرکردە عەشیرەتەکان و خانەکان ڕەوتی ڕووداوەکان دیاری دەکەن، لە ڕاستیدا هەموو شتێک پەیوەستە بە ڕەزامەندیی ئەوانەوە!
ئەمە ڕێگەیەکی زۆر مەترسیدار و ناپارێزراوە. بێ گوێدان بەوەی کە بەداخەوە زۆربەی سەرۆک عەشیرەتەکان کەسانی وابەستە بوون و لە بەرژەوەندیی تاکەکەسیی خۆیان زیاتر بیریان لە هیچ شتێکی تر نەدەکردەوە، تەنانەت ئەو سەرۆک خێڵ و عەشیرەتانەی کە دەیانویست بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیانی خێڵەکەیان بڕیار بدەن کەسانی شارەزا نەبوون و بە گشتی لەژێر کاریگەریی بارودۆخی دەوروبەریاندا بوون و هەندێک جار بە بڕیارە ناعەقڵانییەکانیان هەموو شتێکیان لەناو دەبرد.
حیزب وەک ڕێکخراوەیەکی یاسامەند کۆتاییهێنەری ئەم شێوە بڕیاردانە بوو. هەموو شتێک دەبوو فۆرمێکی لۆجیکی و مۆدێرن وەربگرێت. دەبوو کەشوهەوای سۆزداری و بڕیارە تاکلایەنەکان کۆتاییان پێ بێت.
بێگومان نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت کە پێشتر بزووتنەوەی فیکری و ئازادیخواز وەک "ژێ‌کاف" هەبوو و ڕۆڵی بەرچاوی لە وشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و برەودان بە بیری کوردایەتی گێڕا، بەڵام ئێستا هەلومەرجەکان جیاواز بوون؛ هەر وەک باس کرا بە هۆی بارودۆخی ئێران و جیهان ئێستا جێ بۆ تێکۆشانی سیاسیی گەورەتر هەبوو. کۆمەڵەی "ژ ‌کاف" جێگا و توانایی ڕووداوەکانی دواتری وەک دامەزراندنی کۆماری کوردستانی نەبوو. پێویست بە سازمان و ڕێکخراوەیەکی گەورەتر و مۆدێرنتر بوو.
دوای باسکردنێکی کورت لە هۆکاری دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئێستا باس لە چارەنووسی تاقمێک حیزبی سیاسی لە ئێران و جیهاندا دەکەین کە هاوكات لەگەڵ حیزبی دێموکرات یان تەنانەت زۆر دواتر پێکهاتوون و ئێستا تەنیا ناویان لە مێژوودا ماوە. بۆچی ئەم حیزبانە لەناو چوون؟

پشتبەستن بە پشتیوانیی دەرەکی
پێشتر باس لەوە کرا کە زۆرێک لە ڕووداو و پێشهاتە سیاسییەکان تەنانەت سەربەخۆیی و گۆڕینی سنوورەکان لە زۆر وڵاتاندا ملکەچی هەلومەرجی سیاسیی ناوچەیی و جیهانین. لە سەردەمێکدا ئەرمەنستان بە پاڵپشتیی ڕووسەکان و بارودۆخی نالەباری سەربازی-ئابووریی ئازەربایجان، قەرەباغ و زۆرێک لە ناوچەکانی ئازەربایجانی داگیر کرد. دوای چەند ساڵێک ئازەربایجان بە پاڵپشتیی تورکیا و بێگومان پشتتێکردنی ڕووسەکان لە ئەرمەنستان، هەموو ئەو ناوچانەیان گرتەوە و ئەرمەنستان تەسلیم بوو، ئەگینا شتی زۆر خراپتریش ڕووی دەدا. حیزبی تودە بە پشتیوانیی ڕاستەوخۆی ڕووسەکان دامەزرا. حیزبی دێموکراتی ئازەربایجان و حیزبی دێموکراتی کوردستانیش هاوكات و بە پشتیوانیی سۆڤیەت دامەزران! حیزبی توودە بۆ ماوەیەکی زۆر گەورەترین حیزبی سیاسیی ئێران بوو. لە شۆڕشی ١٣٥٧دا و تەنانەت چەند ساڵ دواتریش هەموو کۆبوونەوەکانی حیزبی توودە دەیان هەزار کەسی بوون! ئێستا، لەم حیزبە گەورەیە لە دەرەوەی ئێران و لە ژێر چەند ناوێکی جیاوازدا تەنیا چەند کەسێک ماون! پیشەوەری، سەرۆکی فیرقەی ئازەربایجان، زۆر پێش هاتنی سوپای پەهلەوی بۆ تەورێز، بۆ یەکێتیی سۆڤیەت هەڵات و هەر لەوێش مرد. ئێستا حیزبی دێموکراتی ئازەربایجان تەنیا لە مێژوودا ماوە! بەڵام حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کاتێکدا نۆیەمی دەیەی ژیانی تێپەڕ دەکات کە ژمارەی ئەندام و لایەنگرانی؛ چ لە ناو ئێران وەک ئەندام و لایەنگری نهێنی و چ لە هەرێمی کوردستان و چ لە دەیان وڵاتی جیهان وەک ئەندام و لایەنگری ئاشکرا، سەدان جار زیادی کردووە! ئەمەش بەو مانایەیە کە پشتیوانیی دەرەکی دەتوانێت بۆ ماوەیەکی کورت قەڵغان و پەناگەیەک بێت، بەڵام پەنا و ماڵی سەرەکی لە شوێنێکی ترە. پەنا و ماڵی حیزبی دێموکراتی کوردستان دڵ و مێشکی خەڵکی کوردستانە و ئەمەیە نهێنیی ژیانی لاوێکی هەشتا و یەک ساڵە!

مردنی سەرکردەیەک، مردن و کۆتاییهاتنی بزووتنەوەیەک!
لە زۆر حاڵەتدا مردنی سەرکردەیەک و لەدەستدانی ئەندامانی دیار و خاوەن پێگە، بووەتە هۆی کۆتاییهاتنی حیزبێک یان بزووتنەوەیەکی سیاسی. مردنی میرزا کوچەک‌خانی جەنگەڵی و تەسلیمبوونی ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ئەم بزووتنەوەیە، کۆتایی بزووتنەوەی جەنگەڵ بوو. مردنی پیشەوەری کۆتایی فیرقەی ئازەربایجان بوو. دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنی سەرکردەکانی حیزبی توودە وەک ئیحسان تەبەری و کیانووری، کۆتایی حیزبی توودە بوو! ئەم پرسە تایبەت بە ئێران نەبووە و نییە. پڵنگەکانی ڕزگاریخوازی لە ساڵی ١٩٧٦ەوە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سریلانکا دژی جیاکاریی نەتەوەیی و ڕەگەزی دژی کەمینەی تامیل لەو وڵاتەدا شەڕیان دەکرد. دوای ساڵانێک لە ململانێی چەکداری، لە ساڵی ٢٠٠٩ بە کوشتنی سەرۆکی ئەم گرووپە، خەبات بۆ ئۆتۆنۆمیش کۆتایی هات و گرووپەکە بە ئاشکرا هەڵوەشایەوە!
حیزبی دێموکراتی کوردستان چ لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی و چ لە سەردەمی پەهلەویدا، بەردەوام سەرکردەکانی لەسێدارە دراون یان تیرۆر کراون! تەنانەت هەندێک جار ئەم تیرۆرە کوێر و قێزەونە دژ بە ئەندامانی ئاسایی حیزبیش بووە! لەسێدارەدانی پێشەوای شەهید و هاوڕێیانی بە دەستی پەهلەوی، تێرۆرکردنی دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی و هاوەڵەکانیان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، تیرۆری دەیان ئەندامی ڕێبەرایەتی و سەدان ئەندامی ئاسایی حیزب، هیچ پەککەوتنێکی لە ڕێبازی شکۆمەندی خەباتی حیزبی دێموکراتدا دروست نەکردووە. هەرچەندە نەبوونی ئەو کەسایەتییە دیارانە بەئازار بووە و نەبوونیان کارەساتێکی گەورە و خەسارەتێکی بێقەرەبوو لە ڕێبازی ڕزگاریدا بووە، بەڵام ڕۆحی خۆڕاگری و بەرخۆدان بەردەوام بەرەو لووتکە بووە.

کۆتایی خەبات بەبێ گەیشتن بە ئامانج
زۆر حیزب و بزووتنەوەی ڕزگاریخواز هەبوون کە بە هۆکاری جۆراوجۆر دوای ماوەیەک لە خەبات و بەرخۆدان، بە جۆرێک لە جۆرەکان لە خەبات ماندوو بوون و تەسلیمی هەلومەرج و بارودۆخی سەپێندراو بوون. بزووتنەوەی ئیتا "Euskadi Ta Askatasuna" کە ساڵانێک بۆ سەربەخۆیی باسک لە ئیسپانیا خەباتی دەکرد، دواتر لە ساڵی ٢٠١١ کۆتایی خەباتی چەکداریی ڕاگەیاند و لە ساڵی ٢٠١٨ هەڵوەشایەوە بێ ئەوەی ئامانجەکانی مسۆگەر بکات و باسک وەک بەشێک لە ئیسپانیا مایەوە. سوپای کۆماریی ئێرلەند - کاتی "ProvisionalIrish Republican Army" دوای ساڵانێک دەستبەرداری خەباتی چەکداری بوو بەبێ ئەوەی بە ئامانجەکانی بگات.
حیزبی دێموکراتی کوردستان هەمیشە چەکی وەک ئامرازێک بۆ خەبات بەکار هێناوە. ساڵانێکە خەباتی چەکداری کردووە و بەپێی هەلومەرجەکان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو خەباتی چەکداریی ڕاگرتووە. لە ڕاستیدا چەک لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتەوە ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە ئامانج، و ئەوە ئامانجە کە ڕێگەکە دیاری دەکات. کۆتاییهێنان بە خەبات بەبێ گەیشتن بە ئامانج واتە تەسلیمبوون! حیزبی دێموکرات دەیان ڕووداوی تاڵ و نەخوازراو و سەپێندراوی تێپەڕاندووە و هیچ کات تەسلیمی بارودۆخی ناوچەکە و ئاراستەی ڕووداوەکان نەبووە.