٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ خاڵی گۆڕانی پێوەندیی کورد لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و ڕۆژی دەرکردنی فتوای جیهاد دژی نەتەوەی کورد بوو، فتوایەک بۆ تۆڵەسەندنەوەی سیستماتیک لە گەلێک کە هۆشیارانە و یەکدەنگ «نا»ی بە ڕیفراندۆمی کۆماری ئیسلامی گوت. ئەو فتوایە نەک بڕیارێکی کتوپڕ، بەڵکوو لەڕاستیدا بەریەککەوتنی دوو پارادایمی هزری و سیاسی بوو. لە لایەکەوە تێڕوانینی داگیرکاری و تۆتالیتاریزم بوو کە هەوڵی دووبارە داڕشتنەوەی پێکهاتەی دەسەڵاتداریەتی دەدا، لە لایەکی دیکەشەوە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بوو کە ڕەنگدانەوەی ئیرادەی ڕاستەقینەی گەل بوو بۆ گەیشتن بە مافە بنچینەییەکانی خۆی و گەلانی دیکە لە ئێراندا.
فتوای ٢٨ی گەلاوێژ، فەرمانێکی نوێ بوو بۆ سیاسەتێکی ناسراو کە سەرچاوەی لەو تێڕوانینە گرتبوو کە پێشتریش و لە سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتیدا لە لایەن دەسەڵاتی ناوەندییەوە دژی نەتەوەی کورد بەکار هێنرابوو. لە گەلاوێژی ١٣٥٨دا، دەسەڵاتی نوێ بە درێژەدان بە سیاسەتی حاشا و تواندنەوە و بە هێرشکردن لە زەوی و ئاسمانەوە، سیاسەتی داگیرکاریی بۆ سەر کوردستان دووبارە کردەوە. لەشکەرکێشیی کۆماری ئیسلامی بە بڕیاری خومەینی لە کاتێکدا بوو کە نەتەوەکەمان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ماف و داواکارییە ڕەواکانی خۆی لەسەر بنەمای بەشداریی سیاسیی دادپەروەرانە و چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد، بە شێوازێکی دیموکراتیک و لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە بەرەوپێش دەبرد. بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران نەیانتوانی نیازی خۆیان لە دوژمنایەتیکردنی کورد بشارنەوە.
لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨دا خومەینی لە پەیامێکی تونددا فتوای جیهادی دژی خەڵکی کوردستان ڕاگەیاند. لە ڕووی سیاسی و ئایینییەوە، بەکارهێنانی چەمکی جیهاد بەرانبەر بە هاووڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕەوایەتی بەخشییە هێزە چەکدارەکان بۆ ئەوەی هەر جۆرە توندوتیژییەک بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان ئەنجام بدەن. هەر لە یەکەم ڕۆژی ڕاگەیاندنی فتوای جیهاد، هێزە چەکدارەکانی ئێران و بەتایبەت هێزەکانی سپای پاسداران بە چەکی قورس و پاڵپشتی هێزی ئاسمانی بەرەو شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جوڵەیان پێکرا.
لە سەرەتای هێرشەکاندا شاری پاوە و ناوچەکانی هەورامان کەوتنە بەر پەلاماری هێزەکانی سپای پاسداران و داگیرکران. ڕاستەوخۆ لەگەڵ داگیرکردنی شاری پاوە سادق خەڵخاڵی وەک حاکمی شەرع گەیشتە ناوچەکە و لە دادگایەکی سەحرایی دەیان کەس لە هاووڵاتیانی گولـلەباران کرد کە بریندار و مامۆستا و دوکتۆریان لەنێودا بوو. دوای داگیرکردنی شاری پاوە، لێشاوی هێرشەکان رووی لە شارەکانی دیکەی کوردستان بەتایبەت سنە و مەریوان و سەقز و مهاباد کرد. دوای کۆنترۆڵکردنی شارەکان، هێرشی سوپای پاسداران گوندەکانیشی گرتەوە و بە کۆمەڵکوژیی هاووڵاتیانی گوندی قاڕنێ و قەڵاتان، زنجیرە هێرشێکی یەک لە دوای یەک بۆ سەر گوندەکانی کوردستان بەڕێوەچوون.
لە بەرانبەر ئەو هێرشە سەربازییە و هەروەها فەرمانەکانی دواتر کە هەزاران هاووڵاتی و تێکۆشەری کورد گولـلەباران کران خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆکیان دانەدا. خۆڕاگریی کورد نیشانی دا کە ئیرادەی نەتەوەیەک بۆ مانەوە و ئازادی، لە هەر فەرمان و هێرشێک بەهێزترە. لەم ڕۆژەدا خوێنی بەناحەق ڕژاوی ئەو گەنج، ژن و هاووڵاتییانە بەبیردەهێنینەوە کە بوونە قوربانیی و ناویان وەک شەهیدانی ڕێگەی ئازادی لە مێژووی کوردستاندا بە زیندویی مایەوە.
لە ئێستایشدا بەردەوامیی هەمان سیاسەت و فتوای جیهادی خومەینی دژی نەتەوەی کورد، لە کوشتاری هاووڵاتیان، لەسێدارەدانەکان، سەرکوتکردنی چالاکانی مەدەنی و بەئامانجگرتنی سیستماتیکی شوناسی کورددا بە ڕوونی دەبیندرێن. لە بەرانبەر ئەم سیاسەتەدا ئەرکی هەنووکەیی و مێژوویی نەتەوەکەمان، پاراستنی یەکڕیزیی نەتەوەیی، پتەوکردنی پشتیوانی نێوان سەرجەم نەتەوە دیموکراتخوازەکان و خۆڕاگرییە لە سەنگەری تێکۆشانی مەدەنی و سیاسیدا. تێکۆشانی ئێمەش بۆ دیموکراسی، نەهێشتنی هەڵاواردن و بەدیهێنانی مافەکانمان بەتایبەت مافی دیاریکردنی چارەنووس، بە هەنگاوی پتەوتر لە جاران تا کۆتاییهێنان بەم عەقڵییەت و دەسەڵاتە پاوانخوازە بەردەوام دەبێت.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
٢٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٦