دیمانە: هەمزە ئاگوشی
ئاماژە: ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، یەکێکە لە ڕۆژە پڕ لە ئازارەکانی مێژووی هاوچەرخی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان. لەو ڕۆژەدا ڕوحوڵڵا خومەینی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، فتوای هێرش بۆ سەر کوردستانی دەرکرد و بەم فتوایە دەروازەی قۆناغێکی خوێناویی لە پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتی نوێی تاران و خەڵکی کوردستاندا کردەوە. لە دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی، خەڵکی کوردستان بە هیوای دامەزراندنی سیستەمێکی دێموکراتیک و بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی خۆیان، داوای چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکانیان دەکرد، بەڵام بە جێی گفتوگۆ و ڕێککەوتن، دەسەڵاتی نوێی ئێران ڕێگای بەکارهێنانی هێزی سەربازی و سەرکوتکردنی هەڵبژارد.
لە دیمانەیەکی تایبەت لەگەڵ عەلی بداغی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتدا باس لە بەستێن و هۆکارەکانی فتواکەی خومەینی و کاریگەری و دەرەنجامەکانی لەسەر پرسی کورد دەکەین.
٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ لە چ بارودۆخێکی سیاسی و مێژووییی ئێران و کوردستاندا ڕووی دا، و سەرەکیترین هۆکارەکانی دەرکردنی فتوای جیهادی خومەینی بۆ کوردستان چی بوون؟
لە ڕاستیدا وەک زۆر لە دەمڕاستەکانی ڕێژیم دانی پێدا دەنێن، دەستووری خومەینی بۆ هێرش بۆ سەر کوردستان ئەویش بە هێنانەوەی ئایەیەک لە قوڕئان و بە کافرزانینی خەڵکی کوردستان -کە بە سەرنجدان بە پێگەی ئایینیی خومەینی مانای فتوای جیهادی مەرجەعێکی ئایینی دژی کورد بوو- ئەم فەرمانە بە یەکێک لە گرنگترین بڕیارەکانی خومەینی دادەنرێ و بوو بە خاڵگۆڕانی پێوەندییەکانی کورد و کۆماری ئیسلامییش.
ئەم شەڕە لە بارودۆخێکدا هەڵگیرسا کە شۆڕشی خەڵکی ئێران دژی ڕێژیمی پاشایەتی سەرکەوتبوو، و خەڵکی کوردستان وەک خاوەن بەش لە خەبات و شۆڕش بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی پاشایەتی، هەروەها بەهۆی پاشخانی سیاسی و مێژوویی خۆیان ماف و ئازادییەکانی خۆیان دەویست، ئەوان مافە نەتەوایەتی، مافە مەدەنی و کۆمەڵایەتی و دێموکراتیکەکانی خۆیان داوا دەکرد. بەڵام ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئامادە نەبوو دان بەو مافانە دابنێ. ئەوە بوو کە هەر لە مانگی یەکەمی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ٥٧دا شەر لە مەهاباد و سنە هەڵگیرسا و ڕێژیم خەڵکی دایە بەر گوللە.
چەندی ڕێبەرانی کورد و بەتایبەت حیزبە دێموکراتی کوردستانی ئێران هەوڵیان دەدا لەڕێگەی وتووێژ و دانوستان و دروستکردنی لێکتێگەیشتنەوە پرسی کورد لە ئێران چارەسەر ببێ و لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی لەسەر خودموختاری پێک بێن، بەڵام حکوومەتی ناوەندی ئەوەی نەسەلماند و زمانی ئاگر و چەکی لەهەمبەر زمانی ماف و ئاشتی هەڵبژارد. ئەوە بوو کە دوای شەڕی مەهاباد و سنە شەڕەکەیان هێنایە نەغەدە و پاشان مەریوان و پاوە؛ و دواتر بە فتوای جیهادی خومەینی لە ٢٨ی گەلاوێژدا لەشکەرکێشی بۆ سەر هەموو کوردستان کرا.
خومەینی لە فتواکەیدا خەڵکی کوردی بە چ شێوەیەک وەسف کرد، و ئەم زمانە سیاسی و ئایدیۆلۆژییە چ کاریگەرییەکی لەسەر ڕەفتاری هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دژ بە خەڵکی کوردستان هەبوو؟
وەک پێشتریش باسم کرد خومەینی فتواکەی بە هێنانەوەی ئایەیەک لە قوڕئان دا و کوردەکانی بە کافر ناو برد. لە بڕیارەکەی بۆ داگیرکردنی کوردستاندا گوتی ئەوان واتە کوردەکان پیلانگێڕن و لە ڕیزی کافرەکاندان و دەوڵەت و ئەڕتەش و ژاندەرمەری دەبێ زۆر بە توندی لێیان بدەن. خومەینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی بە ناوی حیزبی شەیتان ناو برد و دژبەرانی خۆی لە کوردستانی بە دوژمنانی ئایینی ئیسلام دەناساند؛ بەوەش شەڕی کورد بۆ لایەنگرانی خومەینی وەک غەزوە و بەدەستهێنانی کلیلی بەهشت بوو.
خومەینی پرسی کوردی بە فیتنە و خۆیان گوتەنی "غائلە" ناو دەبرد و ئەوە وای کردبوو کە لایەنگرانیشی لە هێرش و لەشکەرکێشی بۆ سەر کوردستان دەست لە هیچ تاوان و جینایەتێک نەپارێزن.
هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی خەڵخاڵی دەمودەست بگاتە کوردستان و دەست بە ئێعدامی تێکۆشەرانی سیاسیی کورد بکا و شەڕەکە گەورە بکاتەوە. دەزانین هەر لە مانگەکانی یەکەمدا زیاتر لە ٢٦ دێ لە کوردستان کۆمەڵکوژ کران و بێگومان هەموومان بیستوومانە و بەشێکمان بینیویانە کە ڕێژیم لە قاڕنێ، قەڵاتان، دیلانچەرخ، سۆفیان، کەرێزەی شکاکان، چەقەڵمستەفا، خەلیفەلیان، گۆرخانە، قەرەگۆل، سەوزی، سەرچنار، ئیندرقاش، وسووکەند، هەڵەقووشک و گێچە و زۆر شوێنی دیکە چیها جینایەتیان کرد.
لە کاتێکدا لە کوردستان داواکارییە سیاسییەکان وەک دێموکراسی و خودموختاری هەبوون، بۆچی دەسەڵاتی نوێی تاران بەجێی گفتوگۆ و ڕێککەوتن، ڕێگای هێرش و سەرکوتکردنی هەڵبژارد؟
مەسەلە ئەوە بوو کوردستان دوای شۆڕشی ١٣٥٧ پاشخانی زیاتر لە ٥ دەیە خەباتی سیستماتیک بۆ ماف و ئازادییەکانی، ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی دێموکراتیک لە کۆماری کوردستان، و بەردەوامیی خەبات و خۆتەیارکردن بۆ ئیدارەدانی وڵاتی هەبوو.
مەسەلە ئەوە بوو کە کورد ماهییەتی کۆماری ئیسلامیی ناسیبوو و لە ڕێفڕاندۆمی دیاریکردنی کۆماری ئیسلامیدا بەشداریی نەکردبوو. مەسەلە ئەوە بوو کە کورد هەر لە ماوەی چەند مانگی دوای سەرکەوتنی شۆڕشیشدا بە دامەزراندنی شوڕاکانی گوند و شارەکان بۆ ڕاییکردنی کاروباری ڕۆژانەی خەڵک، چالاکیی ئازادانە و بێبەربەستی حیزبەکان لە تەنیشت یەکتری، ئازادیی چاپەمەنی و بڵاوکراوەکان، ئازادیی گرووپ و ڕێکخراوە سینفی و مەدەنییەکان و کرانەوەی سیاسیی کەموێنە مزگێنیی قۆناغێکی نوێی لە ئازادژیان و پێکەوەبوونی دێموکراتیک بە بەشەکانی دیکەی ئێران دابوو، واتە کوردستان سەنگەری دیفاع لە ئازادی بوو.
بابەتی بنەڕەتی لەو هاوکێشەیەدا جیاوازیی و بەریەککەوتنی دوو دنیابینی بوو: لە کوردستان خەڵک مافی نەتەوەیی و خودموختاریی خۆی لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەکەیدا دەویست، مافێک کە دەیان ساڵ بوو خەباتی بۆ دەکرد و خوێنی بۆ دابوو. بەڵام ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی ناوەندگەرێتیی و سەپاندنی دەسەڵاتی سیاسی بەسەر هەموو پێکهاتەکانی وڵاتی دەویست، ئەویش لەژێر دروشمی یەکڕیزیی ئیسلامیدا. وێژمانی سیاسیی کوردستان ڕوون بوو: دێموکراسی، ئازادژیان، هاوپێوەندیی نیشتمانی، سێکۆلاریزم، پلۆرالیزم، دابینبوونی ئازادییە مەدەنی و دێموکراتیکەکان، یەکسانیی ماف، نەمان و نەهێشتنی هیچ چەشنە هەڵاواردن و فەڕق و جیاوازیدانان، لاشەڕی و برەودان بە فەرهەنگ و هونەر. بەڵام ئەو بەها و بایەخانە لە قامووسی خومەینی و ڕێژیمەکەیدا مانایان نەبوو. ئەوان لەبیری ئیسلامی سیاسیی توندەڕەو و دامەزراندنی دەسەڵاتی ویلایەتی موتڵەقەی فەقیهی خۆیاندا بوون. دوو دنیای تەواو جیاواز...
ئایا دەرکردنی ئەو فتوایە تەنیا بڕیارێکی سەربازی بوو، یان بەشێک بوو لە ستراتیژییەکی فراوانتر بۆ کۆنترۆڵکردنی کوردستان و کۆکردنەوەی دەسەڵات لە دەستی حکوومەتی ناوەندی؟
نەخێر، مەسەلە هەر داگیرکردنی جوغرافیی کوردستان و سەرکوتی نیزامیی بزووتنەوەی کورد نەبوو. مەسەلە بەربەرەکانی لەگەڵ فکر و بیرکردنەوەی ئازاد و ئازادژیانی کورد و کوردستان بوو. مەسەلە ململانێ و تێکگیرانی دوو شوناس بوو. لە بەرانبەردا پرسی ئینسانی و سەردەمیانەی کورددا. خومەینی و ئایدۆلۆژیی خومەینیزم و کۆماری ئیسلامی بوون کە مانەوەی خۆیان لە سڕینەی پرسی کورد و ئازادیخوازیی کورددا دەدی.
بۆیە ئەو شەڕەی ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ٥٨دا بە فتوای خومەینی، و لە ڕێگەی زەوی و ئاسمانەوە بۆ سەر کوردستان دەستی پێ کرد، هەتا ئێستاش لە شێوە و جۆری جیاوازدا درێژەی هەیە. کوفرە گەورەکەی کورد کە لەسەر ئەو فیتوای جیهادی لەدژی درا و شەڕی بەسەردا سەپا ئەوە بوو زۆر زوو جەوهەری دەسەڵاتی نوێی لە تاران ناسیبوو و ئامادە نەبوو ئەو ڕێژیمە بەڕەسمی بناسێ. کوفرەکە ڕاوەستان لەبەرامبەر دەسەڵاتی ڕێژیمێکی داپڵۆسێنەر و کوفرەکە "نا"گوتن بە توانەوە و بندەستی بوو. ئەوەش لە ڕوانگەی دەسەڵاتدارەتیی تارانەوە گوناحێکی کەبیرە بوو کە کورد دەبوا تاوانەکەی بدا و لەوکاتەوە گەلی ئێمە ئەوە زیاتر لە چوار دەیەیە تاوانی مافویستی و ئازادیخوازیی خۆی دەدا.
لە سۆنگەی ئەو شەڕە داسەپاوە بەسەر کوردستان و بەهۆی خۆڕاگری و بەربەرەکانی خەڵکی کوردستان و سووربوون لەسەر مافە ڕەواکانیان، بە هەزاران کەس لە خەڵکی کوردستان کوژراون، دەیان هەزار کەس دەسبەسەر و ڕاپێچی بەندیخانەکان کراون، ئەشکەنجە و ئازار دراون و تەنانەت هەزاران بەندیی سیاسی گیانیان لێ ئەستێندراوە. دەیان گوند لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی کوردستان سووتێنراون یان بەزۆرەملی چۆل کراون، و بە هەزاران کەسیش زێد و نیشتمانی خۆیان بە ناچاری بەجێ هێشتوە و لە دوورە وڵاتی گیرساونەتەوە. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم نەهامەتییانەدا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەسەر خەڵکی کوردستانی هێناوە، کوردستان سەنگەری هەرەپێشەوەی خۆڕاگری، کۆڵنەدان و بەرگریی ئازایانەی پێشمەرگەکانی کوردستان لە مافە ڕەواکانی کورد بووە.
ڕۆڵی حیزبە سیاسییە کوردەکان، بە تایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وەڵامدانەوە بە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی چی بوو؟
وەک بە کورتی باسم کرد، حیزبە سیاسییەکان و بەتایبەت حیزبی دێموکرات ئەوەندەی بۆیان کرا هەوڵیان دا لە ڕێگەی وتووێژ و دانوستانەوە پێش بە شەڕ و نائارامی بگرن. سەردانی خومەینی لە قوم، ناردنی بەردەوامی هەیئەت بۆ تاران و پێشگرتن و لەقاودانی پیلانگێڕیی پیلانچییەکانی وەک حەسەنییەکان بەشێک لەو هەوڵانە بوون، بەڵام بێئاکام بوون. هەر ئەوەش بوو کە کوردستان و بەپێی قورسایی هێزەکانیش، حیزبی دێموکرات وەک جەماوەریترین لایەنی سیاسی بڕیاری بەرگری و خۆڕاگرییان دا.
دەزانین خومەینی فتواکەی لە ٢٧ی گەلاوێژی ١٣٥٨ دا و ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ شەڕە سەرانسەرییەکە لە دژی کوردستان دەستی پێ کرد. قۆناغی یەکەمی ئەو شەڕە سێ مانگی خایاند هەتا ٢٦ی خەزەڵوەری ١٣٥٨ کە خومەینی ڕایگەیاند بەدخواکان خراپیان حاڵی کردووە و دەشزانین کە ئەو پەیامەش نەک لەڕووی نیازپاکی، بەڵکوو لەسۆنگەی ئەو شکستانە بوون کە لەو سێ مانگەدا هێزەکانیان لە کوردستان خواردبوویان و پێویستییان بە بووژانەوە بوو. ئەو قۆناغە لە شەڕ بە شەڕی سێ مانگە بەناوبانگە.
لە سەرەتادا هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ڕێگری لە کوشتاری خەڵکی مەدەنی و وێرانبوونی شارەکان، لە شارەکان پاشەکشەیان کرد و ڕوویان کردە ناوچە شاخاوییەکان و گوندەکان. بەلام دوای ئەوەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی شارەکانیان داگیرکرد و ماشێنی کوشتاری خەڵخالی لە شارەکان کەوتە کار، هێرشی پێچەوانەی پێشمەرگە دەستی پێ کرد. پێشمەرگە لە ڕێگەی شەڕی پارتیزانی و هێرشی شەوانە و بەستنی ڕێگاکان، زەبرێکی گورچووبڕیان لە هێزەکانی حکومەت دا و توانییان شار و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان تا ڕادەیەکی زۆر بگرنەوە و ناوچەی ئازادکراو پێک بێنن.
شەڕ و خۆڕاگریی سێ مانگەی پێشمەرگە ئەوەندە بەهێز بوو خومەینی و دەسەڵاتدارانی تاران ناچار بوون بڕیاری ئاگربەست بدەن و بەڕواڵەت "دەستەی نیازپاکی» (هیئت حسن نیت) بۆ وتووێژ لەگەڵ کوردەکان بنێرنە کوردستان و لە کوردستانیش هەیئەتی نوێنەرایەتیی کورد لەنێوان حیزبەکاندا بۆ وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی ڕێژیم پێکهات کە دەزانین ئاکامی نەبوو و لە بەهار و هاوینی ١٣٥٩ دا بە هێرشی سەرنوێی ئەرتەش و سوپای ئێران بۆ سەر سنە و شارەکانی تر، «شەڕی دووەم و هەمیشەیی کوردستان» دەستی پێ کردەوە و ئیدی ئەو شەڕە هەرگیز نەبڕایەوە.
٢٨ی گەلاوێژ چ کاریگەرییەکی لەسەر ژیانی مەدەنی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی کوردستان دانا، و تا چەندە ئەو ڕووداوانە کاریگەرییان لە یادەوەریی کۆمەڵایەتیی خەڵکی کوردستاندا هەیە؟
کاریگەریی ئەو فتوایەی خومەینی لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی خەڵکی کوردستان زۆر بووە و ئێستاش نەبراوەتەوە. بەو فتوایە و لە ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ەوە شەڕێکی هەمەلایەنە بەسەر کوردستاندا سەپاوە کە هەتا ئێستاش درێژەی هەیە. هەم شەڕ و سەرکوتی توند و خوێناوی، هەم شەڕی نەرم بۆ تواندنەوە و ڕێگری لە بەهێزبوونی شوناسی کوردی بۆ چۆکداهێنانی ئیرادەی نەتەوەیی کورد.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو ٤٧ ساڵەی ڕابردوودا پتر لە ٢٢٠٠ کەسی لە کوردستان بە تاوانی! دژایەتی لەگەڵ نیزامی ویلایەتی فەقیهـ ئێعدام کردووە. لە نێوخۆی وڵات، باشووری کوردستان و دەرەوەی وڵات زیاتر لە ٤٥٠ کادر و پێشمەرگە و تێکۆشەری کوردی تێرۆر کردووە. ٣٢ گوندی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵکوژ کردووە و لەو ڕەشەکوژییانەدا ٢٨٠ گوندنشین -پیر و لاو و ژن و منداڵ-ی قەڵاچۆ کردوون، هەروەها ٤١ گوندی بەهۆی خۆڕاگریی خەڵکەکەی تەختی زەویی کردوون. لە مەیدانی شەڕی ڕاستەوخۆشدا بەهۆی هیڕشی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و بەرگریی ڕەوای هێزی پێشمەرگە نیزیک بە حەوت هەزار پێشمەرگەی هێزە سیاسییەکانی کورستان شەهید بوون و بە هەزاران کەس خەڵکی سڤیل و بێدیفاع کە لەنێو ئەوانیشدا دیسان بە سەدان ژن و منداڵ دەبیندرێ گیانیان لێ ئەستێندراوە. زیاتر لە ٢٥٠٠ کەس خەڵکی مەدەنی -شوان، وەرزێڕ، منداڵ، کۆڵبەر و کاسبکار- بە هۆی تەقینەوەی مین کوژراون و پتر لە ٤٥٠٠ کەسیش هەر بەو هۆیە بریندار و نقوستان بوون.
ئەم شەڕە داسەپاوە لە کوردستان لە هەموو گۆڕەپانەکاندا و بە هەموو مێتۆد و شێوازێک درێژەی هەبووە. کوردستان بەهۆی ڕوانگەی ئەمنییەتی، کەمترین پشکی لە بودجەی وڵات بۆ ئاوەدانی و بۆ وەبەرهێنان تەرخان کراوە، کەچی ئاو، دار، بەرد و زێڕ و کان و مەعدەنە سروشتییە سەرزەوی و ژێرزەوییەکانی بەتاڵان براوە و تەنانەت لێڕەوار و دارستانەکانیشی ئاگر دراون و سووتێندراون.
هەژاری، بێدەرەتانی و بێکاریی لەڕادەبەدەر لەچاو ناوچەکانی دیکەی ئێران کە لێکەوتەی سیاسەتی پەراوێزخستنی ئابووریی کوردستانن، لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان پەرەی بە دیاردەی کۆڵبەری داوە، بەڵام لەوێندەرێش هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ کاسبکاران دەچنە کەمینەوە و دەیاندەنە بەر دەستڕێژ و ڕۆژ نییە چەند کۆڵبەری کورد خەڵتانی خوێن نەکرێن. ئەمانە بەشێک لەو کاریگەری و کارتێکەرییەی فتواکەی خومەینی بەدژی کوردن.
بۆچی دوای نزیکەی پەنجا ساڵ، ٢٨ی گەلاوێژ هێشتا بووەتە بابەتێکی گرنگی سیاسی و مێژوویی لە کوردستان؟ ئەم یادەوەرییە چ پەیامێک بۆ نەوەکانی ئێستا هەیە؟
لەبەر ئەوەی خاڵگۆڕان و نوقتەی عەتف لە پێوەندییەکانی کوردستان و کۆماری ئیسلامی بوو. لەبەر ئەوەی لەو ڕۆژەدا دنیابینییە جیاوازەکانی کورد و کۆماری ئیسلامی هەم دەرکەوتن و هەم بەریەک کەوتن.
لەبەر ئەوەی ئەم شەڕەی کە لە ٢٨ی گەلاوێژدا دژی کوردستان بەربڵاوتر و سەرانسەری وەڕێ خرا، هەر شەڕی فیزیکی بۆ شکستی سەربازیی هێزی کورد نەبوو، بەڵکوو بۆ بەچۆکداهێنانی ئیرادەی مافخوازیی کورد بوو. بۆیە لەو کاتەوە ستراتیژیی شەڕی نەرمی ڕێژیم لەدژی کورد ئەمە بووە کۆمەڵگەی کوردی تووشی قەیرانی شوناس بکا، مێژووی بزووتنەوەی سیاسیی کورد چەواشە و ئاستی داخوازەکانی کورد بۆ لانیکەمی خۆی دابەزێنێ، لە پێگە و هەیبەتی کاریزما و ڕێبەرانی جووڵانەوەی کورد بدا، بە پەرەپێدان بە هەستی ئێرانچیەتی ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتمانیی خەڵکی کورد لاواز بکا، بە دروستکردنی درز و کەلەبەر لەنێوان کۆمەڵگەی کوردستان و حیزبە کوردییەکان لە ئێعتبار و متمانەی هێزە دژبەرەکانی بدا و مەیدانیان پێ چۆڵ بکا و؛ دواجار جۆرێک بنوێنێ کە ئەننەهوو شتێک بە ناوی پرسی کورد لە ئێراندا نەبووە و نییە! بۆ ئەو مەبەستەش ئیمکانات و هێزی ماددی و مرۆیی زۆروزەوەندی تەرخان کردووە. بەڵام هەموو ئەو پیلان و پلانە ورد و درشت و نەرم و ڕەقئامێرییانەی کۆماری ئیسلامی نەک سوودێکی ئەوتۆی بۆ ڕێژیم نەبووە، بەڵکوو ئاکامی پێچەوانەشی لێ کەوتووەتەوە. بۆ نموونە:
ڕێژیم زۆر هەوڵی دا کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شوناسی نەتەوەیی خۆی دابماڵێ، کەچی هەر ڕووداوێک و هەنگاوێکی گرینگ و مێژوویی لە پێوەندی لەگەڵ پرسی کورد –تەنانەت لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش-دا، ڕەنگدانەوەکەی لە شەقام و چالاکییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە چاوی خۆی دەیبینێ. ڕێژیم هەوڵی زۆری دا دیوارێکی گەورە لە نێوان کوردی شیعە و کوردی سووننە و، دەستەخوشکیی مەهاباد و سنە و کرماشان و ورمێدا دروست بکا؛ بەڵام هەڵوێستی نەتەوەیی لە کوردستان لە بۆنەی جۆراوجۆردا ئەم دیوارەی بەسەر کۆماری ئیسلامیدا ڕماندووە. چیی نەکرد بۆوەی حیزبی دێموکرات و هێزە کوردییەکانی دیکە لەپێش چاوی خەڵکی کوردستان بخا، بەڵام کاتێک ویستی ئاکامی چوار دەیە هەوڵ و بەرنامەدانان و تێچووەکانی لە مووشەکبارانی ١٧ی خەرمانان و پاییزی ١٤٠١ی بنکەکانی حیزبی دێموکراتدا هەڵگرێتەوە؛ مانگرتنەکەی ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧، مانگرتنە یەک لە دوای یەکەکانی پاییز و دواتری ١٤٠١ دوای هێرشی مووشەکیی پش شۆڕشی ژینا و ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان بۆ بەخاوەنکردنی کوڕ و کچە پێشمەرگەکانیان و حیزبە خۆشەویستەکەیان تاساندوونی؛ ئەو پشتیوانییە ئێستاش لە حیزبی دێموکرات دەکرێ و کوردستانێک کە پێگە و قەڵای حیزبی دێموکرات بۆ مانەوە بووە. بۆنە نەورۆزییەکانی ئەم ساڵانە و بەردەوامیی وڵامدانەوەی کۆمەڵگەی کوردستان بە بانگەوازی حیزبە کوردییەکان بۆ ئەمە باشترین بەڵگەن.