هانا نۆیمەن، ئەندامی پارلەمانی ئورووپا و سەرۆکی شاندی پەیوەندییەکان لەگەڵ خەڵکی ئێران، ڕایگەیاند داواکاریی باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی لە فەرانسە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ "محەممەدئەمین نژاد" باڵوێزی تاران لە پاریس ڕەت کردووەتەوە.
نۆیمەن لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "داواکارییەکە پێم گەیشتووە و ڕەتی دەکەمەوە". هەروەها جەختی کردەوە هیچ دیدارێک لەگەڵ نژاد، چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوەی پارلەمانی ئورووپا ئەنجام نادات.
نۆیمەن بە ئاماژەدان بە "سەرکوتکاریی دەرەوەی سنوورەکان"ی کۆماری ئیسلامی، پشتیوانیی خۆی بۆ بڕیاری ڕۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پارلەمانی ئورووپا ڕاگەیاند بۆ داخستنی دەرگاکانی پارلەمان بە ڕووی دیپلۆماتکارانی ڕێژیمی ئێران.
ناوبراو هەروەها ڕێژیمی بە هەڕەشەکردن لە نەیاران و ڕۆژنامەنووسان لە دەرەوە و ئەنجامدانی هێرشی سایبێری دژی بەرپرسانی ئورووپا تۆمەتبار کرد.
نۆیمەن لە کۆتاییدا جەختی کردەوە دەرگای ئەو بۆ هەمیشە بە ڕووی خەڵکی ئێران و تێکۆشەرانی ڕێگەی ئازادی ئاوەڵایە، بەڵام بە ڕووی نوێنەران و جێبەجێکارانی سەرکوتکاریدا داخراوە.