مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی "فاکس نیوز" ڕایگەیاند کە دەستڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ئەتۆمی مەترسییەکی گەورە بوو بۆ سەر جیهان، چونکە ئامانجی ئەو ڕێژیمە کۆنتڕۆڵکردنی گەرووە نێودەوڵەتییەکان و ستاندنی باج لە بازاڕی وزەی جیهانی بوو.
ڕۆبیۆ ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی ئێران دروستکردنی قەڵغانێکی بەهێزی سەربازی بوو لە ڕێگەی ئاپۆڕای دڕۆن و مووشەکەوە تا ڕێگە لە هەر کاردانەوەیەکی سەربازی بگرێت و پاشان بەرەو چەکی ئەتۆمی هەنگاو بنێت، بەڵام ترامپ ڕێگریی لەم هەوڵە کرد و ڕێگەی نەدا "کۆرەی باکوورێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست" سەرهەڵبدات.
ناوبراو هەروەها ڕوونی کردەوە کە لە ئێستادا گەرووی هۆرمۆز کراوەیە و تەنیا نەوتی ئێرانە کە ڕێگەی ناردنە دەرەوەی پێ نادرێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جیاوازیی لە نێوان خەڵکی ئێران و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا کرد و وتی: "کێشەی سەرەکی خەڵکی ئێران نین، بەڵکوو خودی ئینقلاب و مەلا توندڕەوە شیعەکانن کە بڕوایان بە ئاخیرزەمان هەیە و بە ئەرکی ئایینیی خۆیانی دەزانن کە جیهان بەرەو کاولکاری ببەن."
ناوبراو ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی ڕابردووی ئەمریکا (بە تایبەت سەردەمی ئۆباما) گرت بۆ سووککردنی گەمارۆکان و وتی: "کۆماری ئیسلامی لە ۳۰ ساڵی ڕابردوودا هەر پارەیەکی دەستکەوتبێت، چ لە ڕێگەی ئاسانکارییەکانی سەردەمی ئۆباما یان فرۆشتنی نەوت، لەجیاتی ئاوەدانکردنەوەی وڵات و دروستکردنی نەخۆشخانە و ڕێگەوبان، بۆ پڕچەککردنی خۆی، هەناردەکردنی ئینقلاب و پشتیوانیکردنی دارایی گرووپەکانی وەک حیزبوڵڵا، حەماس و میلیشیا شیعەکانی عێراق بەکاری هێناوە."