کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق کشانەوە

15:50 - 7 رەزبەر 2726

هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە ٨ی ڕەزبەری ١٤٠٥، دوایین بارەگاکانی خۆیان لە عێراق چۆڵ دەکەن. ئەم هەنگاوە کە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ساڵی ۲۰۲۴ە و لە سەردەمی حکوومەتی دۆناڵد ترامپدا جێبەجێ دەکرێت، کۆتایی بە ئامادەیی سەربازیی ۲۰ ساڵەی هێزەکانی ئەمریکا دەهێنێت کە تێیدا زیاتر لە ٤,٥٠٠ سەربازی ئەمریکی کوژران.

ئەم کشانەوەیە گەورەترین ئاستەنگی سەربازی و هاوسەنگیی هێز لە بەرانبەر ڕێژیمی ئێران لادەبات. ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران تاکوو کاریگەریی خۆیان بەسەر بڕیارە ئەمنی و سیاسییەکانی عێراقدا زیاتر بکەن. لە هەمان کاتدا، بەرپرسانی ئەم گرووپانە ئەم هەنگاوە وەک سەرکەوتنێک دەبینن.

لەلایەکی ترەوە، لەنێو هاووڵاتییان و کۆمەڵگەی ناوچەکەدا نیگەرانیی گەورە سەبارەت بە ئامادەیی سەربازیی عێراق دروست بووە. زۆربەی دەسەڵاتداران و توێژەکانی کۆمەڵگە لە عێراق هۆشدارییان دا کە عێراق هێشتا بۆ بەڕێوەبردنی ئاسایش ئامادە نییە و بۆشایی دەسەڵات هاووڵاتییان دەترسێنێت.

هەروەها بەرپرسانی ئەمنیی عێراق و هەرێمی کوردستان هۆشداری لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش دەدەن. فەرماندەی سەربازی سیروان بارزانی ڕایگەیاند کە دوای بڕیاری کشانەوەی هاوپەیمانان، جووڵەی شانە نووستووەکانی داعش زیادی کردووە. لە کەرکووکیش ڕاگەیەندرا کە شانە تێرۆریستییەکان سەرقاڵی ئامادەکردنی هێرشی خۆکوژین تا نیشانی بدەن هێشتا خاوەنی توانان.

دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانیش نیگەرانیی خۆیان بەرانبەر کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕیوە.