کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆڕشی ژینا لە ڕووی بابەتی و چۆنیەتییەوە هەروا لە لووتکەدایە

07:51 - 5 رەزبەر 2726

مستەفا مەعرووفی

لە کۆتایی یەکەم حەوتووی سێپتامبری ئەمساڵدا ناوچەیەکی سەوز لە شاری هامبورگی ئاڵمان بە فەرمی بە ناوی ژینا ئەمینی کرا؛ ئەمە بۆ چوارەمین ساڵە لە سەرانسەری جیهان بەتایبەتی لە وڵاتانی دێموکراتدا شەقام، شوێنی گشتی و پارک بە ناوی ژینا ئەمینییەوە دەکرێن. ئەمە لە کاتێکدایە کە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی شاری سەقز بە دەستی مەئموورانی کۆماری ئیسلامی کە بوو بە هۆی هەڵگیرسانی ڕاپەڕینێکی هەمەلایەنە لە سەرانسەری ئێراندا، زۆر ڕووداوی گرنگی دیکەش ڕوویان داوە کە گرنگترینیان شەڕی ١٢ ڕۆژە و ٤٠ ڕۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەدژی کۆماری ئیسلامی و ڕاپەڕینی بەفرانباری ڕابردووی خەڵکی ئێران لەدژی ئەم ڕێژیمە بوون. بەوحاڵەش هیچکام لەو ڕووداوە گرنگانە: نە سوورهەڵگەڕانی شەقامەکانی شارەکانی ئێران بە کوژرانی دەیان هەزار کەس لە بەفرانباردا بوونەتە هۆی کاڵبوونەوەی ڕەنگی شۆڕشی ژینا و نە بە تەموتومانی بۆردومانی فڕۆکە و هاژەکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل تۆزی فەرامۆشی لەسەر ئەم شۆڕشە نیشت.

تایبەتمەندییەکانی ئەم شۆڕشە چی بوون، پەیام و دروشمەکانی کامانە بوون و هەڵگری چ بابەت و نێوەڕۆکێک بوو کە ئەم شۆڕشە و ئامانجەکانیانی هەروا بە زیندوویی و لە لووتکەدا هێشتووەتەوە؟ لەم چەند دێڕەدا هەوڵ دەدرێ وەڵامی ئەم پرسیارانە بدرێتەوە. بۆ ئەوەی هەم ڕادەی گرنگیی شۆڕشی ژینا لە ڕووی چۆنیەتییەوە بزانین و هەم تایبەتمەندییەکانی باشتر بناسین، هەوڵ دەدرێ لەو جێگایانەدا کە پێویست بێ، بەراوردێکیش لەگەڵ ڕاپەڕینی گەورە و پڕ تێچووی بەفرانباری ڕابردووی ئێران بکرێ.

شۆڕشێکی پێشکەوتنخواز و ڕوو لە داهاتوو

لە ساڵی ١٩٧٩ەوە کە کۆماری ئیسلامی هاتووەتە سەر کار، چەندین ڕاپەڕین و ناڕەزایەتی لەدژی ئەم ڕێژیمە ڕوویان داوە؛ ڕاپەڕینەکان جار لەگەڵ جار بەرینتر، ڕادیکاڵتر و درێژخایەنتر بوون، هەرکامیان لەچاو پێشتر گەورەتر بوون، شۆڕشی ژیناش هەر بەم جۆرە بوو. نزیکەی ٣ ساڵ دوای شۆڕشی ژینا شاهیدی ڕاپەڕینێکی دیکە بووین کە زۆر لە ڕاپەڕینەکانی دیکە خوێناویتر بوو. تەنانەت بە گوێرەی هێندێک سەرچاوە، لە شۆڕشی ١٩٧٩ کە بوو بە هۆی ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتیش خوێناویتر بوو؛ زۆربەی سەرچاوەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە تەنیا لە شەوانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباردا نزیکەی ٣٠ هەزار کەس لە خۆپێشاندەران لە لایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کوژراون. ئەمە ڕاستە کە لە ڕووی چەندایەتییەوە، بەتایبەتی ڕژانی ملیۆنیی جەماوەر بۆ سەر شەقامەکان لەم ڕاپەڕینەی دواییدا، لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩وە بێوێنە بوو؛ بەڵام لە ڕووی چۆنایەتی و نێوەڕۆکی دروشم و ئامانجەکانیەوە، ئەمەیان بە ڕادەی شۆڕشی ژینا پڕنێوەڕۆک و شوێندانەر نەبوو. شۆڕشی ژینا شۆڕشێک بوو کە پشتی لە مێژووی دوورودرێژی دیکتاتۆری کردبوو کە لە دروشمی «نەمان بۆ ستەمکار، جا چ شا بێ چ ڕێبەر»دا خۆی دەبینییەوە. بە پێچەوانەی ڕاپەڕینی بەفرانبار کە لە کاردانەوە بەرامبەر بە گرانبوونی دۆلار سەری هەڵدا و هەوڵ دەدرا بە لایەنگری لە ڕێژیمی ڕووخاوی پاشایەتی بە لاڕێدا ببرێ. کاکڵی شۆڕشی ژینا دژی سیستەمی پیاوسالاری و جیاوازیدانانی ڕەگەزی و بۆ لابردنی ستەمی مێژوویی لەدژی ژنان بوو، کە لەگەڵ ئامانج و بایەخە جیهانییەکان یەکی دەگرتەوە و لە دروشمی سەرەکیی «ژن، ژیان، ئازادی»دا خۆی دەبینییەوە کە خێرا سنوورەکانی کوردستان و ئێرانی بڕی و بوو بە دروشمێکی جیهانی. بە پێچەوانەوە، دروشمی هەرە بەرچاوی ڕاپەڕینی بەفرانبار لە تاران و شارەکانی ئێران بۆ لایەنگری لە «ڕەزا پەهلەوی» کوڕی دیکتاتۆری پێشووی ئێران دران؛ واتە بە پێچەوانەی شۆڕشی ژینا، هەوڵ دەدرا ڕاپەڕینی بەفرانبار لە ڕووی مێژووییەوە بەرەو دواوە بگەڕێنرێتەوە.

شۆڕشێکی فرەچەشن و بەدوور لە ناوەندگەرایی

فرەچەشن ڕێک بەو واتایە کە پێچەوانەی ناوەندگەرایی بێ. لە وڵاتانی جیهانی سێیەم بەتایبەتی لە ئێران، ناوەند (پایتەخت) چەقی ڕووداوەکانە و بڕیار و چارەنووسی هەموو ڕووداو و ئاڵوگۆڕێک لە ناوەندەوەیە. ململانێکان لە ناوەند یەکلا دەبنەوە و باقیی ناوچەکانی دیکەی وڵات لەژێر کاریگەریی ئەودا بەدوای چارەنووسی خۆیاندا دەگەڕێن. بۆ یەکەمجار بوو لە مێژوودا سەرانسەری ئێران کەوتە ژێر کاریگەریی نەتەوەیەکی پەراوێزخراوی وەک کورد. بۆ یەکەمجار دروشمی «کوردستان چاو و ڕووناکیی ئێران» لە شەقامەکانی تاران و شارەکانی دیکەی ئێران دەنگی دەدایەوە. لە یەک سەدەی ڕابردوودا، لەو کاتەوە کە نەمامی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەکەرەی کردووە، چ لە سەردەمی دیکتاتۆریی پەهلەوی و چ لە سەردەمی ڕێژیمی فاشیست-مەزهەبیی کۆماری ئیسلامیدا، کورد و بزووتنەوەکەی جگە لە سەرکوتکرانی خوێناوی، لەژێر ژەهراویترین هێرشی میدیاییدا بووە و ئەم دوو ڕێژیمە زەبری زۆر قورسیان لە هاوپێوەندیی گەلانی ئێران و یەکیەتی و هاوکاریی نێوان ئەوان داوە. بەوحاڵەش لە شۆڕشی ژینادا ناوەند کەوتە ژێر کاریگەریی پەراوێز و، نەتەوەی کورد و بزووتنەوەکەی کە لە کۆنەوە وەک دوژمن دەناسێندران، ئەمجارە وەک «ڕزگاریدەر» سەیری دەکرا. لە کاتێکدا لە ڕاپەڕینی بەفرانباردا ڕەزا پەهلەوی هەر کە ناوی خۆی بیستەوە، لە ژێستێکی «دۆن کیشۆت»انە هێرشی کردە سەر کورد و فەرمانی بە سوپا! دا لەدژی «جیاوازیخوازان» ئامادە و لەسەر پێ بن! و لایەنگرانی لە وڵاتانی دەرەوە هێرشیان دەکردە سەر کەسانی جیابیر و ئەو کارەیان دەکرد کە بەسیجی و هێزە سەرکوتکەرەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی وڵات دەیانکرد. تەنانەت کار گەیشتە تێرۆر، بۆ نموونە تێرۆری مەسعوودی مەسجوودی لە کەنەدا کە ڕەخنەگری ڕەزا پەهلەوی بوو.

لە کاتێکدا کە ئامانجەکانی شۆڕشی ژینا هەروا بە بایەخ و جێی ستایشن، لانیکەم هەتا ئێستا لە باری کۆمەڵایەتییەوە و بەتایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ ژناندا پاشەکشەیەکی واتاداری کۆماری ئیسلامیی بەدواوە بووە، بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لە هێنانە پێشەوەی ڕەزا پەهلەوی و هەڵە و لێدوانە هەڵنەسەنگێندراو و بەپەلەکانی ناوبراو، گەورەترین زەبریان لە — تا ئێستا — دووەمین ڕاپەڕینی گەورەی مێژووی ئێران دا و دەرفەتێکی زێڕینی لەبەر دەستی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی نا. زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس لە ماوەی ٢ شەودا بوونە قوربانی بۆ ئەوەی دیکتاتۆریی پێشوو جێگەی دیکتاتۆریی ئەمڕۆ بگرێتەوە!

شۆڕشێکی سوننەت‌شکێن و ژنتەوەر

شۆڕشی ژینا لە هەناوی کوردستانەوە، لە ئەزموونی ٨ دەیە خەباتی گەلی کوردەوە سەرچاوەی گرتبوو. نزیکەی ٨٠ ساڵ پێشتر لە سەردەمی کۆماری کوردستان، ڕێکخراوێکی دێموکراتیکی تایبەت بە ژنان لە شاری مەهاباد دامەزرا. ژنان لە نێو حیزبە سیاسییەکانی کورددا کاری سیاسی دەکەن و لە ئاستی بەڕێوەبەریدا بەرپرسیارەتی وەردەگرن و تەنانەت لە شەڕی داسەپاو بەسەر کورددا، شانبەشانی پیاوان لە مەیدانی شەڕدا ئامادەن و شەهید دەدەن. لە کاتێکدا نەک لە ئێران، تەنانەت لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ئەمە تایبەت بە کوردە. ڕەنگە لەبەر ئەوە بێ کە نەتەوەیەکی بندەست و بێکەس بۆ مانەوەی خۆی پێویست بکا کەڵک لە هەموو توانا و پۆتانسیاڵەکانی وەربگرێ و هێز و پۆتانسیاڵی خۆی لە باوەڕ و سوننەتی نالۆژیکی و بێسووددا خەسار نەکا. ڕۆڵی چالاکانەی ژنانی کورد لە ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی کوردستان و ئازایەتی و بوێرییان لە هاتنە مەیدان، ئیلهامدەری ژنانی سەرانسەری ئێران و پیاوانی یەکسانیخواز و وەڕەز لە فێرکارییە دواکەوتووانە و سەدەی ناوەڕاستییەکانی کۆماری ئیسلامی بوو، کە شانازییەکانی شۆڕشێکی پێشکەوتنخواز و ڕیشەیی و فرەڕەهەندی وەک «شۆڕشی ژینا»یان خوڵقاند.

لە دوای شۆڕشی ژینا و لەژێر کاریگەرییەکانیدا بوو کە ڕووپۆش و چارشێوی بە زۆرەملێ و چەکی داسەپاوی کۆماری ئیسلامی لە برەو کەوت و بێبایەخ کرا. ئەم شۆڕشە زەبرێکی قورس و مێژوویی لە سوننەت و باوەڕی دژەژن دا؛ شۆڕشێک بوو کە گۆڕانی هزری لە بنچینەوە تێدا دەخوێندرێتەوە و لە دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی سیاسی ڕیشەدارتر و قووڵترە؛ شۆڕشێک کە گۆڕانی کۆمەڵایەتی و تەنانەت فەرهەنگیی بەدوای خۆیدا هێناوە و دێنێ؛ شۆڕشێک کە ڕێنێسانسێکی بەدوای خۆیدا بەڕێ خستووە کە مەودایەکی مێژوویی دوورودرێژتری لە هەڵگیرسان و کۆتایی شەڕەکان و تاکتیکە سیاسییەکان هەیە و، تەنانەت لە پاش ئەگەری نەمانی کۆماری ئیسلامیش پەیام و ئامانجەکانی بەردەوام دەبن.

شۆڕشێک کە خێرا بوو بە ڕووداوێکی جیهانی

کچێکی کورد لە نێو شاری تاران بە ڕۆژی ڕووناک تەنیا پەرچەمی لە سووچی لێچکەوە ڕەها ببوو؛ نەک بە تەنیا یان لەگەڵ ئەغیار! بەڵکوو هاوڕێ لەگەڵ برای خۆی. ئەمە بوو بە هۆی کوژرانی، نەک بە دەستی باند و مافیاوە، بەڵکوو بە دەستی «پۆلیسی ئەخلاق»! ستەمەکە بە ڕادەیەک ڕووت و بێبەزەییانە و، بیانووەکەی بە ڕادەیەک کەمبایەخ بوو کە نەدەکرا هەروا بە ئاسانی و بە بێدەنگی تێپەڕێ. شانۆی ئەم ڕووداوە تراژیدییە سۆز و هاوپێوەندیی سەرەتا لە ئێران و پاشان لە سەرانسەری جیهاندا بۆ لای خۆی ڕاکێشا. لەچک‌فڕێدان لە شەقامەکانی ئێران بەرینتر لە جاران و، دیاردەی قژبڕین بە نیشانەی هاودەردی لە سەرانسەری جیهاندا، لە نێو ژنانی سیاسی و ئەندام‌پەرلەمان، هونەرمەند و سینەماکار و چالاکانی بواری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیدا بوو بە دیاردە. جگە لە کۆڕ و کۆبوونەوە بۆ یاد و بیرەوەریی ژینا ئەمینی، کتێبخانەکان، شوێنە گشتییەکان، پارک و ساڵۆنی زانستگەکان بە وێنەی ژینا و بە جوانترین دەربڕینەکان ڕازانەوە. هونەرمەندان گۆرانییان بۆ دانا و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ خەڵاتیان بۆ یاد و ناوی ئەو دیاری کرد. سەرەنجام شەقام و پارک و مەیدانی شارەکان لە ئورووپا بە ناویەوە کرا. لەم شەپۆلە بەرینە جیهانییەشدا هەوڵ درا ناسنامەی کوردبوونی لەبەر چاوی جیهانیان بدزرێ و ون بکرێ، بەڵام هەوڵی هەمەلایەنە و هەرەوەزیی دڵسۆزانی کورد ڕێگەی نەدا ناوی «ژینا»ش وەک بەخت و چارەنووسی کورد، لە غیابی کورددا لە قووڵایی ڕووداوەکاندا نوقم بێ. ئەمڕۆ ناوی «ژینا (مەهسا) ئەمینی» لە ڕیزی ژنانی ناوداری جیهاندا لەسەر تابلۆی شەقامەکانی ئورووپادا دەبریسکێتەوە؛ دیوێکی ئەم تابلۆیە حیکایەتی چارەنووسی خەماویی کچێکی بێتاوانی کورد و دیوەکەی دیکەی چیرۆکی دەمارگرژی و بێبەزەییی دەسەڵاتی بێگانە بۆ ڕێبوارانی ئورووپایی دەگێڕێتەوە.

بە کورتی، شۆڕشی ژینا شۆڕشێکی پێشکەوتنخواز، دێموکراتیک و دژەفاشیستی بوو. بە هۆی نێوەڕۆکی یەکسانیخوازانە و گرێدراوی بە نۆرم و بایەخە مرۆییەکانەوە، خێرا بوو بە ڕووداوێکی جیهانی و هاوسۆزی و پشتیوانیی ئازادیخوازانی دژەفاشیزمی لە سەرانسەری جیهاندا بۆ لای خۆی ڕاکێشا. خێرا بوو بە سەرچاوەی گەلێک ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی. زەبرێکی کاریگەر بوو لە سوننەت و مێژووی دوورودرێژی چەوسانەوە و جیاوازیدانانی ڕەگەزی کە بە هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی گەیشتبووە لووتکە. بە هۆی ئەوەی کە سەرچاوەی شۆڕشەکە لە کوردستانەوە بوو، هەڵگری مۆرکی نزیک بە یەک سەدە خەباتی ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانەی بزووتنەوەی کورد بوو، ئەمەش دەرفەتێک بوو کە جارێکی دیکە وێڕای پەیامە مرۆڤایەتییەکانی، هاواری نەتەوەی ژێردەستی کورد — کە قوربانیی فاشیزمی ناوچەیی و سیستەمی نادادپەروەرانە و ناهاوسەنگی ئەمڕۆی جیهانییە — بە گوێی گرانی زلهێزەکانی جیهاندا بدات.