ئاماژە: ئەم دەقە پەیامێکی سیاسی و ستراتیژییە لەلایەن سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە کە ئاراستەی بەشداربووانی کۆڕیادی ۸۱ ساڵەی دامەزراندنی حیزب لە واشنتۆن کراوە. وتارەکە پڕۆژە و دیدگای حیزب بۆ داهاتووی سیاسیی ئێران، چۆنیەتیی تێپەڕاندنی دەسەڵاتی ئێستا، و بنەماکانی چارەسەری پرسی نەتەوەکان دەخاتە ڕوو.
بەڕێزان،
بەشدارانی بۆنەی یادی هەشتا و یەک ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە واشنتۆن،
بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە هەموو ڕێبەرایەتی، کادر، پێشمەرگە، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات دەکەم.
هاوکات سەری ڕێز دادەنوێنم بۆ هەموو ئەو هەزاران تێکۆشەرەی کە ڕێبواری ئەم ڕێگە دوورودرێژ و پڕ لە هەوراز و نشێوە بوون و لەو پێناوەدا زیندانی کراون، لەسێدارە دراون، لە وڵاتی خۆیان دەربەدەر بوون، تا ئەو حیزبە هەر لەسەر پێ و بەتوانا بمێنێتەوە.
سوپاس و ڕێز بۆ ئێوەی بەشدارانی ئەو کۆڕیادە لە واشنتۆنی پایتەختی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
شەرەفمەندم کە وەک سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو کۆبوونەوەیەدا مەجالم هەیە کە بە کورتی ئامانج و سیاسەتەکانی ئەم حیزبە بخەمە بەر باس، بۆ ئاگاداریی ئێوەی بەڕێزان و ناسینی زیاتری حیزبەکەمان.
لە بەستێنی هاوکێشە ناوچەییەکان و ئەو گۆڕانکارییانەی کە چاوەڕوان دەکرێت، جارێکی تر چۆنیەتیی داڕشتنەوەی قەوارەی سیاسیی ئێران و ئایندی «پرسی نەتەوەیی» گەلانی نیشتەجێی ئەم جوگرافیایە، لە ڕۆژەڤدایە. بۆ خستنەڕووی جێگرەوەیەکی دێموکراتیک بۆ ڕێژیمی ئێستا لە نێوان ئەو سیناریۆیانەی کە بۆ داهاتووی ئێران خراونەتە ڕوو، فیدراڵیزمی نەتەوەیی - جوگرافی گونجاوترین مۆدێلی سیاسییە. لەم مۆدێلەدا پێگە و سەنگی بزووتنەوەی کوردستان و هەرێمە نەتەوەییەکانی ئێران ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەبینن.
هەر بۆیە، هەڵبژاردنی هەر ستراتیژییەک بۆ گۆڕانی سیاسی لە ئێران، دەبێت هەم لەسەر بنەمای هاوسەنگیی هەرێمە نەتەوەییەکان بێت و هەم بەگوێرەی ڕێککەوتن و دێموکراسییەکی تەوافوقی. بەم پێیە، ئامانجی کۆتایی هەر پرۆسەیەکی سیاسی لە دواڕۆژدا، دەبێت چارەسەرکردنی پرسی گرنگی نەتەوەیی بێت؛ بە جۆرێک کە سەروەریی سیاسی و دەسەڵاتی یەکلایەنە لە ناوەندەوە هەڵبوەشێتەوە و بەشداری و سەروەریی هاوبەشی هەموو نەتەوەکان مسۆگەر بکرێت.
بەفەرمیناسینی ئێران وەک جوگرافیایەکی فرەنەتەوە، بابەتێک نییە کە بە داهاتوو بسپێردرێت، یان بە پاساوی جۆراوجۆر هەڵپەسێردرێت، بەڵکوو پێش هەر ئەگەر و ڕێککەوتن و گوزارێک، دەبێت وەکوو باشترین مۆدێلی سیاسیی پێکەوەژیان، بکرێتە بنەما و بۆ دیزاینکردنەوەی سیستەمی سیاسیی داهاتوو کەڵکی لێ وەربگیرێت.
لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورددا، بزووتنەوەی نەتەوەیی-دێموکراتیکی کوردستانی ئێران بەگشتی و بەتایبەتی، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پاشخانێکی دوورودرێژی لە خەبات و تێکۆشان هەیە. خەبات بۆ بەدیهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووس و پاراستنی ناسنامە و خاک و دابینکردنی مافە ڕەواکانی نەتەوەکەمان، پرەنسیپە نەگۆڕەکانی ئەم بزووتنەوەیە بوون.
بزووتنەوەی کوردستان لە مێژووی هاوچەرخدا، بەهۆی بەئەمنییەتیکردنی ناسنامەی کوردی و ئەزموونی کەڵکووەرگرتن لە شێوەکانی بەرگری و خەباتی ڕەوا، خاوەن ڕێکخستنێکی تۆکمە و هێزێکی بەرینی مەیدانییە و شوێندانەریی خۆی لە هاوکێشەکاندا سەلماندووە. ئەم بزووتنەوەیە، سەرەڕای هەلومەرجی ئاستەنگ و هەوراز و نشێوەکانی بەردەمی، هەرگیز فاکتەرێکی کاتی، یان پەراوێز نەبووە، بەڵکوو بەردەوام لە خەباتێکی نەپساوەدا بووە.
بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستانی ئێران، هەڵگری پڕۆژەیەکی سیاسیی ڕوون و مۆدێرن بۆ داهاتووی ئێران و کوردستانە، کە لەسەر بنەمای مافی دیاریکردنی چارەنووس و دێموکراسیی بەشدارانە داڕێژراوە. هەر تێڕوانینێکی ناوەندگەرا، کە هەوڵی پەراوێزخستنی بدات، نەک هەر ناتوانێت چارەسەری قەیرانەکان بکات، بەڵکوو مەرجەکانی داهاتوویەکی سەقامگیر لە خشتە دەبات.
کوردستان، بە بوونی هێزێکی فرەچەشن و بەرفراوانی مەیدانی و بە هۆشیاریی نەتەوەییەوە، خاوەنی عاملییەت و هێز و سەرمایەی کۆمەڵایەتیی خۆیەتی و بەشێکە لە چارەسەری بنەڕەتیی شەڕ و ئاڵۆزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هیچ پرۆسەیەکی گۆڕانکاری لە ئێراندا ناتوانێت سەرکەوتنی ڕاستەقینە بەدەست بێنێت، ئەگەر مافی نەتەوەی کورد بۆ سەروەری و ئیرادەی سیاسیی کوردستان لەبەرچاو نەگرێت.
فرەچەشنیی نەتەوەیی و فرەپێکهاتەیی لە ئێراندا، بەپێچەوانەی سیاسەت و بۆچوونی ناوەندگەرایی و شۆڤێنیستی، نەک هەڕەشە نەبووە، بەڵکوو دەرفەت و بنەمای سەرەکییە بۆ بونیاتنانی داهاتوویەکی سەقامگیر و دێموکراتیک. قبووڵکردنی ئەم فرەچەشنییە و دابینکردنی مافە نەتەوەییەکان بە شێوازێکی یەکسان، هەموو پرۆسەیەکی سیاسی لە ئێراندا دەبەستێتەوە بە پێکەوەژیانی ئاشتیانە و دڵخوازانە.
فیدراڵیزم: وەک چوارچێوەیەکی دێموکراتیک
فیدراڵیزمی ڕاستەقینە هیچ کاتێک مانای هەڵوەشاندنەوە، یان دابەشبوونی وڵات ناگەیەنێت، بەڵکوو میکانیزمێکی پێشکەوتووی سیاسی و بەڕێوەبەرییە بۆ کۆکردنەوەی پێکهاتە جیاوازەکان لەناو چوارچێوەیەکی دێموکراتیک و هاوبەشدا.
ئەم سیستەمە، دەسەڵات لە ناوەندێکەوە دەگوازێتەوە بۆ بەڕێوەبردنێکی هاوبەش کە تێیدا یەکسانیی نەتەوەکان، پاراستنی ناسنامە جیاوازەکان و دابەشکردنی دادپەروەرانەی ئەرک و مافەکان، دەبنە بناغەی سەقامگیری و پێکەوەژیانی ئارەزوومەندانە.
هاوبەشی و ڕەزامەندیی هەموو نەتەوەکان، وەک گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی، ڕەوایی دەبەخشێتە سیستەمی بەڕێوەبەری و متمانەی نێوان لایەنەکان پتەوتر دەکات. لە بەرانبەردا خۆسەپاندن و پاوانخوازی، دەوڵەت دەکاتە سیستەمێکی پڕ لە درز و ناسەقامگیری، کە بەردەوام لە لێواری داڕمان و بەریەککەوتنی ناوخۆییدایە.
قەیرانە قووڵەکانی ئێران هەرگیز لەڕێگەی پاوانخوازی و مۆنۆپۆلکردنی بڕیاری سیاسییەوە چارەسەر ناکرێن. تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە پێویستی بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی هەیە کە بەو هۆیەوە داهاتووی ئێران لەڕێگەی گفتوگۆی ڕیشەیی، دانوستان و ڕێککەوتنی فرەنەتەوەیی دیاری بکرێت.
جەختکردنەوە لەسەر ئاسایشی ناسنامەی نەتەوەیی، مەرجی سەرەکییە بۆ بوون و مانەوەی نەتەوە بندەستەکان؛ چونکە پێداگری لەسەر پرسی ناسنامەی نەتەوەکان، لەمپەرێکی سەرەکییە لە بەرانبەر سیاسەتی تواندنەوە و پەراوێزخستنیان. لە هەمان کاتدا ئاسایشی ناسنامە بۆ ئەم نەتەوانە، بە مانای پاراستنی بوونی فیزیکی، کولتووری، زمانی و سیاسییە، لە بەرانبەر هەر جۆرە هەڕەشەیەکدا.
ئەم حەقیقەتە مێژوویی و سیاسییە، بەڕوونی دەریدەخات کە هیچ سیستەمێک ناتوانێت ناوی دێموکراسی لە خۆی بنێت کاتێک مافە مرۆیی و نەتەوەییەکانی جوگرافیایەکی فرەنەتەوە زەوت بکات. لە لایەکی تریشەوە بەبێ بوونی دێموکراسییەکی ڕاستەقینە، ستەمی نەتەوەیی و ڕەهەندەکانی دیکەی ستەم، بەردەوام دەبن؛ هەر بۆیە دێموکراسی و مافی نەتەوەیی دوو پرەنسیپی لێکبەستراون.
پێداویستییەکانی گوزارێکی سەرکەوتوو
گوزارێکی سیاسیی سەرکەوتوو بە ئامانجی تێپەڕاندنی دۆخی ستەمکاری و کۆتاییهێنان بە ئەزموونی شکستخواردووی ناوەندگەرایی، دەبێت بەگوێرەی بەشداریی کارای نەتەوەکان و ڕەزامەندیی پێکهاتە جیاوازەکان بونیاد بنرێت:
یەکەم، دانپێدانان بە هەرێمە نەتەوەییەکان وەک لایەنی سەرەکیی بەشداریی سیاسی لە داڕشتنەوەی نەخشەڕێگەی گوزار.
دووەم، چەسپاندنی یاسایەکی گشتگیر کە تێیدا هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان دڵنیا بن کە مافە سیاسییەکانیان تێیدا پارێزراوە.
سێیەم، خستنەگەڕی میکانیزمی فیدراڵیزمی ڕاستەقینە، بۆ کۆتاییهێنان بە مۆنۆپۆلی ناوەند و سیاسەتی داگیرکاری، بە مەبەستی دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات و سەرچاوەکان.
چوارەم، دابینکردنی بەستەرێک بۆ دیالۆگێکی هاوسەنگ لە نێوان هەموو لایەنە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی کە دەبێت هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لەخۆ بگرێت.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە دەکاتەوە کە فیدراڵیزمی ڕاستەقینە و هاوبەشیی ئارەزوومەندانە تاکە ڕێگەیە بۆ بونیاتنانی ئێرانێکی دێموکراتیک؛ چونکە مێژوو و هاوکێشە سیاسییەکان سەلماندوویانە کە بێ دابینکردنی مافی نەتەوەیی، دێموکراسی هەرگیز سەرناگرێت و بەبێ دێموکراسییەکی قووڵ، نەتەوەکان لە ژێردەستەیی ڕزگاریان نابێت. هەر بۆیە ئێرانی داهاتوو دەبێت لەسەر بنەمای سەروەریی سیاسیی هاوبەش و یەکسانیی هەموو نەتەوەکان بونیاد بنرێت. بەپێچەوانەوە، دووپاتکردنەوەی ڕابردوو، هیچ سەقامگیرییەک بۆ داهاتوو بەرهەم ناهێنێت. جەختیش دەکەینەوە بەبێ پێناسەکردنەوەی سەرلەنوێی چەمکی «نەتەوە» لە ئێران، پەیوەندیی داگیرکاری بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە. ئەم پێداویستییانە مەرجی بنەڕەتین بۆ ئەوەی پرۆسەی گوزار ببێتە دەستپێکێک بۆ دێموکراسییەکی درێژخایەن و ئەنجامدار.
لە کۆتاییدا، وەکوو حیزبی دێموکرات، بە خوێندنەوەی دەرفەت و هەڕەشەکانی سەر ڕێی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان، بەرپرسیاریەتیی مێژوویی خۆمان لەبەرچاوە و پێداگرین لەسەر پێکگەیشتنی نەتەوەیی و هاوخەباتی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە و ڕەوتە دێموکرات و ئازادیخوازەکان، بۆ ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بونیاتنانی ئێرانێکی جیاواز لە ڕابردوو.