کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیادبوونی گوشارە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ژنان؛ سزای سێدارە و بەندکردن بۆ دەسبەسەرکراوان

10:55 - 17 خەرمانان 2726

گوشارە ئەمنییەتی و دادوەرییەکانی رێژیمی ئێران بۆ سەر ژنان گەیشتووەتە بەرزترین ئاست، بەجۆرێک زنجیرەیەک بڕیاری دەسبەسەرکردن و سزای توندی دادوەری بەسەر ژنانی چالاکوان، بەتایبەت لە شارەکانی کوردستاندا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، لە مانگی ئاگۆستی ٢٠٢۶دا دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەڵمەتێکی بەربڵاوی سەرکوتکاری دژی ژنانی بەڕێوە بردووە.

هەنگاو ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران لەو مانگەدا سزای سێدارەی ٦ ژنی جێبەجێ کردووە کە سەرجەمیان بەتۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەیان بۆ دەرچووە.

هەروەها، ۲۰ چالاکی ژن لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون، کە بەشێکی بەرچاویان ژنانی کوردی خەڵکی شارەکانی مەهاباد، ورمێ، پیرانشار، دیواندەرە، ئاودانان، چاڵدێران و ماکۆ بوون.

هاوکات لەگەڵ شەپۆلی دەسبەسەرکردنەکان، دادگاکانی ئێران سزای لەسێدارەدان بۆ ژنێک، لێدانی ٣١ قامچی بۆ ژنێک و زیاتر لە ۱۳۲ ساڵ بەندکردنیان بەسەر ۲۶ چالاکی ژندا سەپاندووە، کە ژنانی چالاکی شارەکانی مەهاباد، قوروە و بۆکانیشیان تێدایە.

لە لایەکی دیکەوە، بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئاگۆستی ٢٠٢۶دا لانیکەم ۱۹ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران کوژراون کە کوژرانی زۆربەیان بە دەستی کەسانی نزیکی خۆیان وەکوو هاوژینەکەیان ڕووی داوە.