کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڤۆلکێر تورک: کۆماری ئیسلامی ئاڵۆزییە سەربازییەکان دەکاتە بیانووی سەرکوتکردنی هاووڵاتییان

09:47 - 17 خەرمانان 2726

کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ئۆپەراسیۆنی سەربازی و ناکۆکییەکانی ئەم دواییەی نێوان واشنگتۆن و تارانی بە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر گیانی مەدەنییەکان ناو برد و ڕایگەیاند دەسەڵاتدارانی ئێران ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەیان کردووەتە دەرفەتێک بۆ بەرزکردنەوەی ئاماری لەسێدارەدان و چڕکردنەوەی بەربڵاوی سەرکوتکارییەکان.

ڤۆلکێر تورک لە دەستپێکی شەست و سێهەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ لە ژنێڤ، دڵگرانیی قووڵی خۆی بەرانبەر بە لێکەوتە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و زیادبوونی ژمارەی قوربانییانی مەدەنی دەربڕی.

تورک ڕایگەیاند کە دەسەڵاتدارانی ئێران ڕەوشی شەڕی ناوچەکەیان کردووەتە ڕێگەخۆشکەرێک بۆ چڕکردنەوەی زیاتری سەرکوتکارییە نێوخۆییەکان.

بەپێی زانیارییەکانی کۆمیساریای باڵا، لە مارسی ۲۰۲٦ـەوە تا ئێستا لانیکەم ٥۹ کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ئەمنییەتی میللی لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانەوە لە سێدارە دراون؛ ئامارێک کە ئاستی تەواوی ساڵی ۲۰۲٥ی تێپەڕاندووە.

هاوکات کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان داخرانی بنکە ئابووری و بازرگانییەکانی بەهۆی حیجابی زۆرەملێوە، بە بڕیارێکی نیگەرانکەر و پێشێلکاریی بەردەوامی مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییان ناو برد.