کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆچی ملیۆنان کەس گوێ لە پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕادەگرن؟

21:50 - 30 گەلاوێژ 2726

ئیبراهیم لاجانی

ئەوە پرسیارێکە کە لە یەکەم نیگادا سادە دەردەکەوێت، بەڵام وەڵامێکی ئاسانی نییە. حیزبێک کە زیاتر لە هەشت دەیەیە نە دەوڵەتێکی لە پشتە، نە دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، نە داهاتی نەوت، نە ڕاگەیاندنێکی فەرمیی دەوڵەتی، نە سوپایەک لە پڕوپاگەندەچی و نە مەیدانی تێکۆشانی ئازادانەی لەبەردەمدایە — چۆن دەنگی هێشتاش بە زوڵاڵی دەگاتە نێو ماڵ و دڵی خەڵک؟

بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دەبێت لە سێ کۆڵەکەی سەرەکیدا بگەڕێین: لەو مێژووەی ئەم حیزبە لەسەر شانی هەڵیدەگرێت، لەو نەوانەی دەستاوودەست پەیامەکەیان بە یەکتری سپاردووە، و لە ناوەڕۆکی جەوهەریی ئەو پەیامەی کە هەرگیز توشی داخوران و گۆڕان نەبووە.

ڕەگێک کە قەت وشک نەبوو

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٤دا لە مەهاباد دامەزرا، و کەمتر لە شەش مانگ دواتر، لە ٢ی ڕێبەندانی هەمان ساڵدا، لە گۆڕەپانی چوارچرا، لەژێر ڕێبەرایەتیی ئەو حیزبەدا، ئاڵای پیرۆزی دامەزرانی کۆماری کوردستانی بەرز کرایەوە.

ئەو کۆمارە زیاتر لە یازدە مانگ نەژیا، بەڵام هەر لەو یازدە مانگەدا کارێکی کرد کە هیچ دەسەڵاتێک پێش ئەو نەیکردبوو: زمانی کوردی بوو بە زمانی فەرمی، قوتابخانە بە زمانی دایک کرایەوە، چاپخانە خرایە کار، ڕۆژنامەی «کوردستان» و گۆڤاری منداڵان بڵاو کرانەوە، و بۆ یەکەمجار ژنانی کورد لە دامەزراوەیەکی سیاسیدا ڕێک خران؛ نەتەوەی کورد لە بەشێک لە نیشتمانەکەیدا بۆ یەکەم جار مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بە دەستی خۆی گرتە دەست. کۆماری کوردستان پێش ئەوەی ڕووداوێکی سەربازی بێت، پڕۆژەیەکی مەدەنی و ژیاری بوو؛ شکاندنی پڕۆژەی مەدەنیش زۆر لە لەناوبردنی سەربازی ئەستەمترە.

پێشەوا قازی محەممەد لە ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦دا هەر لەو گۆڕەپانەدا لە سێدارە درا کە کۆمارەکەی تێیدا ڕاگەیاندبوو. ئەم هاوکاتییە ڕێکەوت نییە؛ پەیامێکی سیاسیی دەسەڵات بوو. دەسەڵات ویستی نیشان بدات کە هەر داوایەک بۆ ماف و ئازادی، لە هەمان شوێنی لەدایکبوونیدا دەنێژرێت. بەڵام ئەنجامەکە تەواو پێچەوانە بووەوە؛ لەسێدارەدانی پێشەوا، کۆمارەکەی لە ئەزموونێکی کورتی سیاسییەوە کردە ویژدان و یادەوەرییەکی نەتەوەیی هەمیشەیی. ئەمڕۆ، هەشتا و چەند ساڵ دواتر، پرسی چوارچرا هێشتا بێوەڵام ماوەتەوە؛ و تا ئەم پرسە بێوەڵام بمێنێتەوە، ئەم دەنگە هەر بە بڵندی دەمێنێتەوە و گوێگری خۆی دەبێت.

نەوەیەک کە بێدەنگیی شکاند

دوای ڕووخانی کۆمار، دوو دەیە بێدەنگییەکی قورس سێبەری خستە سەر کوردستان. سەرکردایەتیی حیزب پەرت و بڵاو بوو؛ بەشێک لە زیندان بوون و بەشێکیش بە ناچاری ڕوویان لە تاراوگە و دەربەدەری کرد.

لە هەلومەرجێکی وادا بوو کە نەوەیەکی لاو — ئیسماعیل شەریفزادە، سولەیمان موعینی، مەلا ئاوارە و هاوڕێیانیان — بڕیاریان دا کۆتایی بە چاوەڕوانی بهێنن. بزووتنەوەی ساڵانی ٤٦ و ٤٧ نەک بە فەرمانی سەرەوە، بەڵکوو لە ناڕەزایەتی و بوێریی نەوەیەکەوە سەری هەڵدا کە چیتر ئامادە نەبوو لە نێوان دوو هەڵبژاردەی تەسلیمبوون و لەبیرچوونەوەدا یەکێکیان هەڵبژێرێت.

ئەو بزووتنەوەیە لە ڕووی سەربازییەوە شکستی هێنا؛ لە تەنگژەی هاوکێشە ناوچەییەکان و لە نەبوونی پشتیواندا سەرکوت کرا و ڕێبەران و سەرکردەکانی شەهید کران؛ کارێکیان بە تەرمی سولەیمان موعینی و ساڵح لاجانی کرد کە تەنیا لە دەسەڵاتێک دەوەشێتەوە کە لە تەرمی بێگیانیش دەترسێت.

بەڵام ئەم بزووتنەوەیە لە ڕووی سیاسییەوە شتێکی خوڵقاند کە نرخەکەی لە سەرکەوتن مەزنتر بوو: سەلماندی کە دوای پێشەوا، حیزب هێشتا زیندووە و کوردستان هێشتا خاوەن ئیرادەیە. ئەو بازنەیەی نەوەی ١٣٢٤ بە نەوەی ئەمڕۆوە دەبەستێتەوە، بە نێو جووڵانەوەی پێشمەرگانەی ساڵانی ٤٦ و ٤٧ی هەتاویدا تێدەپەڕێت.

حیزبێک کە میراتگری هەیە

زۆرێک لە بزووتنەوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە مردنی دامەزرێنەر یا سەرکردەکانیان کۆتایییان هاتووە. جیاوازیی حیزبی دێموکرات لێرەدایە: لە هەر قۆناغێکدا، نەوەی دواتر ئامادە بوو. لە حیزبی دێموکراتدا نەوەکان جێگەی یەکتر دەگرنەوە.

دوای نەوەی کۆمار، نەوەی ٤٦ و ٤٧ هات. دوای ئەوە، لە دەیەی پەنجادا، د. عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێکانی حیزبیان نۆژەن کردەوە و پێناسەیەکی نوێیان بە حیزب دا کە تا ئەو ڕۆژە بێوێنە بوو: تیۆرییەکی سیاسیی مۆدێرن، گوتار و ڕەوانبێژییەکی هاوچەرخ بۆ دیالۆگ لەگەڵ ئێران و لەگەڵ جیهان، و ئەو دەستەواژە کورتەی دواتر بوو بە ناسنامەی حیزب — «دێموکراسی بۆ ئێران، خودموختاری بۆ کوردستان».

قاسملوو لە ڤییەنا تیرۆر کرا؛ لەسەر مێزی دانوستان، لە کاتی گەڕان بەدوای چارەسەرێکی سیاسیدا. د. سادق شەرەفکەندی هەمان ڕێگای درێژە پێ دا و لە بەرلین تووشی هەمان چارەنووس بوو. دواتر دادگای میکۆنۆس ئەوەی خەڵکی کوردستان لە ڕۆژی یەکەمەوە دەیانزانی، بە زمانی یاسایی و جیهانی دووبارە سەلماندی کە ئەمە تیرۆری دەوڵەتیی ڕێبەرانی کورد بوو.

دوای ئەوەش حیزب لە پێ نەکەوت؛ کۆنگرەی بەست، ڕەخنەی لە خۆی گرت، بەسەر لێکترازانی نێوخۆیدا زاڵ بوو و گەیشتەوە یەکگرتنەوە. ئەم بەردەوامییە خۆبەخۆ ڕووی نەداوە؛ بەرهەمی دامەزراوەییبوونە. حیزبێک کە سەرکردەکەی شەهید دەکرێت و پاشماوەیەک دواتر کۆنگرە پێکدەهێنێت، پەیامێکی ڕوون دەداتە خەڵک: لێرەدا تاک جێگای ڕێکخراو ناگرێتەوە. خەڵک متمانە بە دەنگێکی وا دەکەن، چونکە دەزانن بە شەهیدبوونی ڕێبەرێک یان چەند ڕێبەرێک، ئاگری ئەم خەباتە هەرگیز خامۆش نابێت.

پەیامێک کە تەنیا ڕووی لە کورد نییە

ئەگەر قسە و پەیامی حیزب تەنیا بۆ کورد و کوردستان بووایە، گوێگرەکانیشی بەو ڕادەیە بەرفراوان نەدەبوون.

بەڵام ئەم پەیامە لە سەرەتاوە وتوویەتی کە کێشەی کورد تەنیا لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیک، ناناوەندگەرا و سێکۆلاردا چارەسەر دەبێت. ئەو کەسەی لە تەورێز، زاهیدان، ئەهواز یان تەنانەت تاران گوێی لەم قسەیە دەبێت، ئاسۆیەک بۆ داهاتووی ئازادانەی خۆشی تێدا دەدۆزێتەوە؛ پەیامێک کە مافی «ئەوی دی» بە فەرمی دەناسێت. پەیامێکی لەم چەشنە، بازنەی گوێگرەکانی خۆبەخۆ بەرفراوان دەبێت.

ئازادییەک کە نانیشی پێیە

تا ئێرە باسی مافێکمان کرد کە داوا دەکرێت، بەڵام پرسیارە قووڵەکە ئەمەیە: ئازادی بۆ چی؟
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەرامبەر بەم پرسیارە وەڵامێکی ڕوونی هەیە و نایشارێتەوە: ئامانجی دواڕۆژی ئێمە سۆسیالیزمی دێموکراتیکە.

واتای ئەم دەستەواژەیە دەبێت لە هەردوو لاوە پێناسە بکرێت، چونکە لە سەدەی بیستەمدا هەردوو لایەنی بریندار کران:

ئەو سۆسیالیزمەی ئازادیی کردە قوربانیی دادپەروەری، گەیشتە دیکتاتۆرییەکی نوێی بیرۆکراتی و لەبەرچاوی جیهاندا هەرەسی هێنا.

ئەو بازاڕە ئازادەی دادپەروەریی کردە قوربانیی ئازادی، کۆمەڵگەیەکی دروست کرد کە تێیدا مرۆڤ ئازادە هەرچی بیەوێت بیڵێت، بەڵام کەرەستە و توانای ئەوەی نییە ژیانێکی شایستە بۆ خۆی بونیاد بنێت.

ئەزموونی هەردووکیانمان بینیوە. سۆسیالیزمی دێموکراتیک واتە ڕەتکردنەوەی ئەم مامەڵە چەوتە؛ واتە نابێت هیچ کام لەم دووانە (ئازادی و دادپەروەری) لە پێناوی ئەوی دیکەیاندا بکرێنە قوربانی.

د. قاسملوو، کە پێش ئەوەی سەرکردەیەکی سیاسی بێت ئابووریناسێکی پایەبەرز بوو، ئەمەی بە وردبینیی توێژەرێک دەبینی: دواکەوتوویی و پەراوێزخرانی کوردستان ڕێکەوتێکی جوگرافی نەبوو، بەڵکوو سیاسەتێکی بەئەنقەستی دەسەڵات بوو. خاکێک بە زەویی بەپیت و سامانی زۆرەوە، بە هەژاری هێڵرابووەوە. ستەمی نەتەوەیی و ستەمی چینایەتی لە کوردستاندا دوو کێشەی جیاواز نەبوون؛ بەڵکوو یەک کێشە بوون کە لە دوو لاوە مرۆڤی کوردیان دەچەوساندەوە: زەحمەتکێشی کورد هەم لەبەر ئەوەی کرێکار بوو دەچەوسایەوە، و هەم لەبەر ئەوەی کورد بوو بێبەش دەکرا.

کەواتە ئەوەی ئێمە بۆ سبەینێی کوردستان دەمانەوێت ئەمەیە: کۆمەڵگەیەک کە مرۆڤ تێیدا لە چوار کۆتوبەند ڕزگار بێت: لە سەرکوت و سەرەڕۆیی، لە ستەمی نەتەوەیی، لە جیاکاری و هەڵاواردن بە هەر بیانوویەک بێت، و لە هەژاری و دەستکورتی. سێ ڕزگاریی یەکەم بەرهەمی سیستەمی سیاسین؛ ڕزگاریی چوارەم دەبێت ئاکامی دادپەروەریی ئابووری بێت. دەبێت بگوترێت کە ڕزگاریی چوارەمە ئەو سێیانەی دیکە دەکاتە واقیعێکی بەرجەستە؛ چونکە ئەو کەسەی نانی سبەینێی مسۆگەر نییە، دەنگی ئەمڕۆشی ناتوانێت بە تەواوی ئازاد بێت. ئازادیی بێنان تەنیا ئازادییەکی ڕواڵەتییە، و نانی بێئازادیش بەشەخۆراکی بەندکراوێکە لە زینداندا.

بەڵام ئامانجی کۆتایی تەنانەت ئەمەش نییە؛ ڕزگاربوون لە هەژاری ئامانجی کۆتایی نییە، بەڵکوو مەرجی سەرەتایییە. ئامانج ئەوەیە کە مرۆڤ دەرفەتی ئەوەی بۆ بڕەخسێت بە هەموو تواناکانییەوە و بە هەموو ئەو توانست و بەهرەیەی تێیدایە گەشە بکات. کۆمەڵگەیەکمان دەوێت کە تێیدا کچێک لە گوندێکی دوورەدەستدا بتوانێت بە زمانی دایکی بخوێنێت و ببێتە پزیشک؛ کە تێیدا کرێکار و زەحمەتکێشێک دوای کار، کات و توانای ئەوەی هەبێت کتێب بخوێنێتەوە، بچێتە شانۆ، سینەما، کۆنسێرت و کۆڕی فەرهەنگی؛ کە تێیدا پێشکەوتنی بەهرەکان بە بەخت و ناوی بنەماڵەوە گرێ نەدرێت. گەشەسەندنی ئازادانەی کەسایەتیی مرۆڤ — ئەمە لوتکەی ئامانجەکەیە. ئێمە نامانەوێت دوورگەیەکی دادپەروەری لەنێو دەریایەکی هەژاریدا دروست بکەین؛ شتی وا مەحاڵە. دادپەروەریی کۆمەڵایەتیش وەک ئازادی، یان بۆ هەمووانە یان بۆ هیچ کەس نییە.

چوار کۆڵەکەی نەگۆڕ

ئەو ئامانجەی باسمان کرد، ئەگەر لەسەر بنەمایەکی پتەو نەوەستێت، دەبێتە دروشمێکی بێکردار. ئەو بنەمایە خاوەنی چوار کۆڵەکەیە و ئێمە دەستبەرداری هیچ کامیان نابین:

١. خەبات دژی ستەم لەسەر ژنان:
ئەمە دەبێت بێپەردە و ڕاشکاوانە بوترێت: کۆمەڵگەیەک کە نیوەی دانیشتووانەکەی لەژێر ستەمدا بن هەرگیز ئازاد نییە، تەنانەت ئەگەر ئاڵای سەربەخۆیی خۆشی بەرز کردبێتەوە. ژنی کورد باری سێ ستەمی لەسەر شان بووە: ستەمی سیاسی کە دەسەڵات بە هاووڵاتیی پلە دووی دادەنێت، ستەمی نەتەوەیی کە زمان و شوناسەکەی قەدەغە کردووە، و ستەمی نەریتیی کۆمەڵایەتی کە لە ماڵی خۆیدا لە بڕیاردان بێبەشی دەکات. خەبات دژی دوو ستەمی یەکەم، ئێمە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمی سێیەم بێبەری ناکات. حیزبی ئێمە هەر لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە — کە یەکەم ڕێکخراوی ژنانی کوردی تێدا پێکهات — لەم ڕاستییە گەیشتبوو. ئەو ڕۆژەی دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» لە سنە و سەقزەوە بەرز بووەوە و لە سەرتاسەری ئێران و جیهاندا دەنگی دایەوە، جیهان بینی کە ڕزگاریی ژن نەک لقێکی لاوەکیی خەبات، بەڵکوو خودی خەبات و جەوهەری ئازادییە. کۆمەڵگەیەک کە ژن تێیدا ئازاد نەبێت، پیاویش تێیدا ئازاد نابێت.

٢. خەبات بۆ دێموکراسی:
دێموکراسی بۆ ئێمە تاکتیکێک نییە کە لە ڕێگادا بەکاربهێنرێت و لە کاتی گەیشتنە دەسەڵاتدا فڕێ بدرێت. ئێمە دێموکراسیمان بۆ سبەینێی ئێران دەوێت و لە نێوخۆی خۆشماندا پابەندین پێی: لە ڕێگەی کۆنگرە، هەڵبژاردن، ڕەخنە و بەرپرسیارێتی. حیزبێک کە لە نێوخۆی خۆیدا دێموکرات نەبێت، بەڵێنەکەی بۆ داهاتوو جێگەی متمانە نییە. دێموکراسی بەبێ دابەشکردنی دەسەڵات ناتەواوە؛ کۆکردنەوەی هەموو دەسەڵاتەکان لە پایتەختدا، هەر هەڵبژاردنێک دەکاتە ڕواڵەت. لێرەوەیە کە ئێمە باسی فیدراڵیزم دەکەین — نەک بۆ جیابوونەوە، بەڵکوو بۆ ئەوەی هەر هەرێمێک و سەرجەم نەتەوەکانی ئێران بتوانن چارەنووسی بەڕێوەبردنی خۆیان بەدەستەوە بگرن و ئارەزوومەندانە و یەکسان پێکەوە بژین.

٣. خەبات بۆ سێکۆلاریزم:
جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت، نە دوژمنایەتییە لەگەڵ ئایین و نە کەمڕێزییە بەرامبەر باوەڕی پیرۆزی خەڵک؛ بەپێچەوانەوە: سێکۆلاریزم ڕزگارکردنی ئایینە لە دەستی دەسەڵاتی سیاسی. لەو شوێنەی دەسەڵات خۆی بە نوێنەری خودا بزانێت، هەم دژبەرەکەی بە بێباوەڕ ناوزەد دەکات و هەم پیرۆزییەکان دەکاتە ئامرازی سەرکوتی سیاسی. کوردستان، بە موسڵمانی سوننە و شیعە، بە یارسان، مەسیحی، جوولەکە و بێباوەڕانەوە، بەبێ دەوڵەتێکی بێلایەن و ناسیاسی بەڕێوە ناچێت. دەوڵەت دەبێت پارێزەری مافی هەموو باوەڕ و کولتوورەکان بێت، نەک خاوەنی یەکێکیان و دوژمنی ئەوانی دیکە.

٤. پێکەوەژیانی ئاشتییانە:
ئەمە ئەو کۆڵەکەیەیە کە ئێمە زیاتر لە هەمووان باج و قوربانیمان لە پێناویدا داوە. ئێمە لەگەڵ هیچ نەتەوەیەکدا دوژمنایەتیمان نییە؛ نە لەگەڵ فارس، نە ئازەربایجانی، نە عەرەب و بەلووچ. دوژمنی ئێمە سیستەمی ستەمکارییە، نەک نەتەوە یان ئایینێکی دیاریکراو. پێشخستنی دیالۆگ بەسەر توندوتیژیدا و خۆپاراستن لەوەی کێشەی نەتەوەیی بکرێتە پڕۆژەی تۆڵەسەندنەوە، پرەنسیپی نەگۆڕی ئێمەیە، هەرچەندە ئەم سیاسەتەمان جارجارە بە سادەیی لێکدرابێتەوە؛ د. قاسملوو لەسەر هەمان مێزی دانوستان تیرۆر کرا، بەڵام ئێمە هەرگیز مێزی دیالۆگمان بەجێنەهێشت. هەمان بنەما لە نێوخۆی کوردستانیشدا پەیڕەو دەکەین: جیاوازیی نێوان هێزە کوردییەکان دەبێت بە دیالۆگ چارەسەر بکرێت، نەک بە لولەی تفەنگ. مێژوو وانەی سەختی لەم بارەیەوە پێ داوین؛ ئەو کەسەی داهاتووی ئێران بە دیالۆگ دەوێت، ناتوانێت ئەمڕۆی کوردستان بە زۆرداری بۆ خۆی قۆرخ بکات.

ئەم چوار کۆڵەکەیە لە یەکتر دانابڕێن: دێموکراسی بەبێ سێکۆلاریزم بەرگە ناگرێت، سێکۆلاریزم بێ مافی ژنان نیوەچڵە، و هیچ کامیان بەبێ پێکەوەژیانی ئاشتییانە ناگەنە ئامانج.

ڕەگ لە نێو کۆمەڵگەدا، نەک لە دەفتەری حیزبدا

ئەمانە هەمووی دەکرا تەنیا لەسەر کاغەز بمێننەوە، ئەگەر ئەم حیزبە لە خەڵک دابڕابایە؛ بەڵام حیزبی دێموکرات قەت لە خەڵک دانەبڕاوە.

ڕۆژنامەی «کوردستان» و دەنگی ڕادیۆی حیزب، بۆ چەندین دەیە زمان و ئەدەبی کوردییان بە زیندوویی ڕاگرت لە سەردەمێکدا کە فێرکردنی ئەو زمانە بە تاوان دەژمێردرا. ئەو مامۆستایەی لە ژێرزەمیندا پۆلی زمانی کوردی کردووەتەوە، ئەو شاعیرەی لە ئەنجومەنە ئەدەبییەکاندا شیعر دەخوێنێتەوە، ئەو بازاڕی و کرێکارەی بەشداری لە مانگرتنی گشتیدا دەکات، و ئەو دایکەی ناوی کوردی لە کۆرپەکەی دەنێت — هەموویان بەشدارن لە پاراستنی ئەم ناسنامە و یادەوەرییەدا.

خاڵی جەوهەری ئەمەیە کە ئەم حیزبە زیاتر لەوەی بیەوێت فەرمان بەسەر خەڵکدا بکات، هەمیشە هەوڵی داوە گوێ لە دەنگی ڕاستەقینەی شەقام بگرێت. لە ڕاپەڕین و بزووتنەوە جەماوەرییەکانی ئەم دواییانەشدا هەوڵی نەدا دروشم و دەستکەوتی خەڵک بە ناوی خۆیەوە قۆرخ بکات، بەڵکوو خۆی لە ئیرادەی خەڵکدا دۆزییەوە. بزووتنەوەیەک کە داوای سەپاندنی خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا نەکات، هەمیشە متمانە و گوێگری زیاتر بۆ پەیامەکەی بەدەست دەهێنێت.

و لە کۆتاییدا...

دەبێت ڕاستگۆ بین: ئەم گوێگرتنە خەڵاتێکی بەخشراو نییە، بەڵکوو قەرز و بەرپرسیارێتییەکی گەورەی مێژووییە.

ملیۆنان کەس گوێ لەم پەیامە دەگرن نەک لەبەر ئەوەی تەنیا بەدوای ناوێکی حیزبیدا دەگەڕێن، بەڵکوو لەبەر ئەوەی بەدوای دەروازەیەکدا بۆ ئازادی و ڕزگاری دەگەڕێن. ئەو ڕۆژەی پەیامەکە لە ئاستی داخوازی و چاوەڕوانیی خەڵکدا کورت بهێنێت، گوێکانیش دادەخرێن. متمانەی هەشتا ساڵەی خەبات، سەرمایەیەکی مەعنەوییە کە هەر نەوەیەک دەبێت سەرلەنوێ بە کار و داهێنان بەدەستی بهێنێتەوە. هەر نەوەیەک لە کچان و کوڕانی ئەم بزووتنەوەیە، دەبێت وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی سەردەمی خۆیان بن.

لە چوارچراوە تا ئەمڕۆ، ئەم حیزبە یەک شتی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە گواستووەتەوە: نەک کینە و تۆڵە، بەڵکوو پرسیاری شوناس و ماف. ئەم پرسیارەش تا لەسەر زەوی وەڵامی شایستەی خۆی وەرنەگرێت، هەر بە نەمری وەک پرسێکی ڕەوای نەتەوەیی بە زیندوویی دەمێنێتەوە.