کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مێژوویەکی زیندوو لە دیپلۆماسیی مۆدێرن؛ د. قاسملوو چۆن دۆزی کوردی لە شاخەوە گواستەوە بۆ ناوەندە بڕیاردەرەکانی جیهان؟

21:59 - 11 گەلاوێژ 2726

شەماڵ تەرغیبی

پێشەکی: گۆڕینی پارادایمی خەبات بۆ چەندین دەیە، ناسنامەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بە پلان و پیلانی زلهێزە ناوچەییەکان و تا ڕادەیەکیش زلهێزە بان‌ناوچەییەکان لە چوارچێوەی "یاخیبوونی نێوخۆیی" یان "قەیرانی ئەمنیی دەوڵەتە سەروەرەکاندا" قەتیس خرابوو. گوتاری باڵادەست یان زاڵی خەبات، زیاتر زمانێکی چەکداری، ناوخۆیی و سنووردار بوو بەو جوگرافیایەی کە شەڕەکەی تێدا بەڕێوە دەچوو؛ بەڵام لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، دەرکەوتنی د. عەبدولڕەحمان قاسملوو وەک سەرکردە و ڕێبەرێکی ئەکادیمیست، پارادایمی خەباتی کوردی لە ڕەهەندێکی نەریتی و لاساییکەرانەوە گۆڕی بۆ پرۆسەیەکی دینامیکی نوێ کە ئەمڕۆ لە زانستی سیاسیدا پێی دەگوترێت "بەنێودەوڵەتیکردنی دۆز".
د. قاسملوو تێگەیشت کە لوولەی تفەنگەکان بەبێ زمانی دیپلۆماسی و گوتاری هاوچەرخ ناتوانن شەرعییەتی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنن. ئەم نووسینە شیکارییەکی ڕۆژنامەوانییە لەسەر ستراتیژیی دیپلۆماسیی ئەو ڕێبەرە مەزنە و ڕەنگدانەوەی میراتەکەی لەسەر هاوکێشەکانی ئێستای کوردستان، بە سەرنج‌خستنە سەر هەرێمی کوردستانی باشوور.

١. قوتابخانەی قاسملوو؛
دۆزی کورد بە زمانی جیهانی کاتێک د. قاسملوو لە حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی دەکرد، جیهان لەنێو جەرگەی شەڕی سارد و ململانێی بلۆکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا بوو. لەو سەردەمەدا، زۆربەی بزووتنەوە چەپ و شۆڕشگێڕەکان زمانی دروشمە ڕادیکاڵەکانیان بەکاردەهێنا، بەڵام د. قاسملوو بەهۆی پاشخانە ئەکادیمی و زانستییەکەی لە بواری ئابووریدا لە پراگ، زمانێکی جیاوازی دۆزییەوە کە دەتوانین ناوی بنێین: "زمانی گشتگیر".
ئەو پرسی کوردی لە داواکارییەکی عەشیرەییی یان لۆکاڵییەوە گۆڕی بۆ چەمکگەلێک کە مێشکی مرۆڤی ڕۆژئاوایی و ناوەندە دێموکراتەکانی دەبزووت؛ چەمکگەلێکی وەک: دێموکراسی، مافەکانی مرۆڤ و مافی دیاریکردنی چارەنووس.
دروشمی مێژووییەکەی ئەو، واتە "دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان"، تەنیا دروشمێکی نێوخۆیی نەبوو، بەڵکوو پەیامێک بوو بۆ جیهانی دەرەوە کە کورد پڕۆژەیەکی سیاسیی مۆدێرنی پێیە بۆ پێکەوەژیان و دێموکراتیککردنی ناوچەکە، نەک پارچەپارچەکردنی وڵاتان لەسەر بنەمای نەتەوەیی توندڕەو.

٢. پێشەنگایەتیی مێژوویی: یەکەمین پردی دیپلۆماسی نێوان شاخ و ئورووپا؛
شیکارییە مێژووییەکان دەیسەلمێنن کە دوکتور قاسملوو یەکەمین سەرکردەی کورد بوو کە توانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، کەسایەتییە سیاسییە بڕیاردەرەکان و ڕۆژنامەنووسە ناودارەکانی جیهان لەگەڵ دۆزی کورد ئاشنا بکات؛ هەم لە ڕۆژهەڵات و هەم لە باشووری کوردستان. ئەو هەر لۆبیی تەنیا بۆ یەک پارچە نەدەکرد، بەڵکوو دۆسیەی کوردی وەک یەکەیەکی نەتەوەیی و مرۆیی دەگەیاندە ناوەندەکانی ئەورووپا.
ستراتیژیی د. قاسملوو بۆ ئەم بەنێودەوڵەتیکردنە لەسەر سێ تەوەری سەرەکی کاری دەکرد:
* دیپلۆماسیی حیزبی و دەروازەی ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست: دوکتور قاسملوو وەک یەکەمین سەرکردەی کورد توانی حیزبی دێموکرات بکاتە ئەندام لە ڕێکخراوی جیهانیی "ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست". ئەمە وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو، چونکە لە ڕێگەی ئەم دەروازەیەوە، نەک هەر حیزبەکەی خۆی، بەڵکوو لە قۆناغەکانی دواتریشدا ڕێگەی خۆش کرد بۆ ناساندن و بەئەندامبوونی باقی هێزە سیاسییەکانی تری کوردستان (بەتایبەت لە باشووری کوردستان) لەم ناوەندە جیهانییە گەورەیەدا. ئەم هەنگاوە ناسنامەیەکی فەرمی بە پارتە کوردییەکان بەخشی لە جیهانی سۆسیال دێموکراتی نێودەوڵەتیدا.
* بەکارهێنانی میدیای نێودەوڵەتی: قاسملوو بەهۆی لێهاتوویی لە قسەکردن بە چەندین زمانی زیندوو (وەک فەڕەنسی، ئینگلیزی، چێکی، عەرەبی و فارسی)، دەبووە جێی سەرنجی ڕۆژنامەنووسانی بیانی و دیمانەکانی لەگەڵ میدیا گەورەکانی وەک "لومۆند" و "بی بی سی" هاوکاری سەرەکی بوون لە تێکشکاندنی گۆشەگیریی میدیایی کورد.

* بونیادنانی "هێزی نەرم": دوکتور قاسملوو وەک دیپلۆماتکارێکی بلیمەت و زانایەکی ڕووناکبیر، پێشەنگ بوو لە ناساندن و بەکارهێنانی چەمکی "هێزی نەرم" لە مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا. ئەو لەو باوەڕەدا بوو کە چەکی پێشمەرگە لە کاتێکدا دەتوانێت بەرزترین کارایی هەبێت کە لە پشتەوە پاڵپشتییەکی فیکری، کولتووری و دێموکراتیکی لەگەڵ بێت. لەم سۆنگەیەوە، د. قاسملوو لە گشت کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان و لە دیدارەکانیدا لەگەڵ میدیا و سەرکردەکانی جیهان، هەمیشە جەختی لەسەر وێنەی شارستانی، مێژووی پڕ لە لێبوردەیی و گوتاری ئاشتیخوازانەی گەلی کورد دەکردەوە. ئەو بە لێهاتوویی خۆی توانی ئەو چەواشەکارییە ڕەش و تەمومژاوییە بشکێنێت کە داگیرکەران دەیانویست لە خەباتی ڕەوای کوردی بدەن. بەکارهێنانی ئەم هێزە نەرمە و پێشکەشکردنی دروشمی پێشکەوتنخوازانەی وەک "دێموکراسی بۆ ئێران و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان"، دوکتور قاسملوو توانی هاودەنگییەکی بەرفراوانی نێودەوڵەتی لە ئاستی ڕای گشتیی ئەورووپا و جیهاندا بۆ دۆزی ڕەوای گەلەکەمان ڕابکێشێت و ناوی پێشمەرگە وەک پارێزەری ئاشتی و مرۆڤایەتی لە مێژوودا تۆمار بکات.

٣. گواستنەوەی پێوەندیی شەخسی بۆ تۆڕی پاڵپشتی 
کارامەییی د. قاسملوو لەوەدا بوو کە توانی پەیوەندییە شەخسی و دیپلۆماتییەکانی بکاتە هێزێکی دینامیک بۆ پشتگیریکردنی کورد. لە ڕێگەی گوتارە ڕوون و مرۆڤدۆستانەکەیەوە، چەندین کەسایەتی و ڕێکخراوی گەورە بوونە دەنگی ڕەوای کورد لە جیهاندا، وەک:
* خاتوو دانیال میتێران (Danielle Mitterrand) هاوسەری سەرۆک‌کۆماری پێشووی فەڕەنسا، کە لە ڕێگەی پەیوەندیی فیکری و دۆستایەتیی قووڵی لەگەڵ د. قاسملوودا، بووە پاڵپشتێکی سەرەکی بۆ پرسی کورد.
* بێرنارد کۆشنەر (Bernard Kouchner) پزیشک و سیاسەتمەداری ناوداری فەڕەنسی و یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی "پزیشکانی بێ سنوور" (MSF) کە دواتر بووە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا. ئەو لەژێر کاریگەریی ئەندێشە و کەسایەتیی د. قاسملوودا، چەندین جار سەردانی کوردستان (هەم باشوور و هەم ڕۆژهەڵات)ی کرد بۆ گەیاندنی هاوکاریی پزیشکی و گەیاندنی دەنگی کورد بە جیهان.
* کریس کۆچێرا و هاوسەرەکەی (Edith & Chris Kutschera / Tissot) ڕۆژنامەنووس، وێنەگر و مێژوونووسە بەناوبانگە فەڕەنسییەکان، کە لە ڕێگەی د. قاسملووەوە ئاشنای جوگرافیای شۆڕش بوون و کتێب و ڕاپۆرتە مێژووییەکانیان بوونە سەرچاوەی سەرەکی بۆ ناساندنی کێشەی کورد بە ڕۆژئاوا.
* د. بێرنارد گرانژۆن (Bernard Granjon) سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی "پزیشکانی جیهان" کە ئەویش پاڵپشتێکی مرۆیی و میدیایی گەورەی بۆ بزووتنەوەی کورد دابین کرد.
* دەیان کەسایەتیی سیاسی، ئاکادیمی، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی دیکە.

٤. هەرێمی کوردستان؛ بەرهەمی لۆبیکردن و قەڵغانی نێودەوڵەتی
 گرنگترین و کۆنکرێتترین ڕەنگدانەوەی هەوڵە دیپلۆماتییەکانی د. قاسملوو، لە دروستبوون و پاراستنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستانی عێراقدا دەردەکەوێت. کاتێک لە ساڵی ١٩٩١دا، ڕاپەڕینی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کۆڕەوی میلیۆنی لێ کەوتەوە و هەڕەشەی ژێنۆسایدی دووبارەی ڕێژێمی بەعسی هاتە سەر، ئەو تۆوەی کە قاسملوو لە تۆڕە دیپلۆماتییەکەیدا چاندبووی، بەرهەمی هێنا.
خاتوو دانیال میتێران، بەهۆی ئەو کاریگەرییە مێژووییەی لەسەری بوو، بووە داینەمۆی لۆبیکردن لە پاریس و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا. ئەو هاوسەرەکەی (فرانسوا میتێران)، حکوومەتی فەڕەنسا و ئەمریکای ڕاکێشا نێو هاوکێشەکەوە. دەرئەنجامی ئەم لۆبیکردنە چڕە، دەرچوونی بڕیاری ژمارە ٦٨٨ی شوورای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕاگرتنی هێرشەکان و ڕاگەیاندنی "ناوچەی دژەفڕین" (No-Fly Zone) بوو لە بەهاری ١٩٩١دا.
ئەم پێشینە دیپلۆماتییە بوو کە قەڵغانێکی نێودەوڵەتیی بۆ کورد دابین کرد و ڕێگەی خۆش کرد بۆ دامەزراندنی پەرلەمان، حکوومەت و قەوارەی فەرمیی هەرێمی کوردستان. سەرکردە مێژووییەکانی باشووری کوردستان، وەک مام جەلال و کاک مەسعود بارزانی، توانیان لەسەر هەمان پێشینە و پشتبەستن بەو متمانە و پێگەیەی کە پێشتر لە ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست و ناوەندە ئورووپاییەکاندا کرابووەوە، پێگەی فەرمی و دیپلۆماتیی هەرێمی کوردستانی ئێستا لە جیهاندا بچەسپێنن.

٥. کاریگەریی میراتی قاسملوو لەسەر بارودۆخی ئێستای کوردستان
 ئەگەر ئەمڕۆ سەیری نەخشەی ڕەوشی سیاسیی کوردستان بکەین، شوێن‌پەنجەی فیکری و ستراتیژیی د. قاسملوو بە ڕوونی بەدی دەکرێت. ئەو بنەمایەی کە ئەو دایڕشت، وای کرد کە نەوەکانی دوای ئەو تێبگەن کە هێزی چەکدار تەنیا کاتێک کاریگەرە کە لە خزمەت گوتارێکی سیاسیی ڕووندا بێت.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گوتاری ئێستای هێزە سیاسییەکان و تەنانەت ناڕەزایەتییە مەدەنییەکانی وەک ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" کە لەو پانتاییە جوگرافیاییەیەوە سەری هەڵدا، ڕەنگدانەوەی ئەو بنەما مەدەنی و دێموکراتییانەیە کە قوتابخانەی قاسملوو ساڵانێک کاری لەسەر کردووە. کورد لە ئێستادا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەک ئەکتەرێک دەبینرێت کە داوای مافە گشتگیرەکانی دەکات، ئەمەش ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو زمانە جیهانییەی کە دوکتور قاسملوو داهێنەری بوو لە بەستنەوەی پرسی نەتەوەیی بە دێموکراسییەوە.

٦. وانەکانی داهاتوو؛ پێویستیی نەوەی نوێ بە میتۆدی فکریی قاسملوو 
لەم قۆناغە هەستیار و ئاڵۆزەی ئێستای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: نەوەی نوێ و سیاسییەکانی ئەمڕۆی کوردستان چۆن دەبێت بڕواننە کەسایەتی، تێکۆشان و هەوڵە دیپلۆماتییەکانی د. قاسملوو؟ وەڵامەکە لە یەک چەمکدا کورت دەبێتەوە: پێویستیی بەجێهێشتنی ڕوانگەی سۆزداری و بازدان بەرەو "میتۆدی فکریی عەقڵانی".
لێرەدا نموونەیەکی مێژوویی لەسەر زاری کەسایەتییەکی سیاسیی باشووری کوردستان دەهێنینەوە کە میتۆدی فکریی عەقڵانیی د. قاسملوو زیاتر دەردەخات: عیماد ئەحمەد، سیاسەتمەداری کورد و جێگری سەرۆک‌وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کابینەی پێنجەم و حەوتمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە بیرەوەرییەکیدا کە لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێدا بڵاوکراوەتەوە، باسی بلیمەتیی د. قاسملووی ڕێبەر دەکات و دەڵێت:
"ئەم دۆخەی ئێستای کوردستان و عێراق پێیدا گوزەر دەکات، یادەوەرییەکی جوانی ڕۆژانی شاخ و حیکمەتێکی سەرکردەی ژیر و لێوەشاوە، د. قاسملووی بیرخستمەوە کە پێم‌وایە بۆ ئەم هەلومەرجەی ئێستامان هەر ڕاستە.
ساڵی ١٩٨٤ لێپرسراوی کەرتی ڕێکخستنی خانەقین بووم، لە هاوینی هەمان ساڵ لە دێی حەسەن مەحەی گەرمیان، لەگەڵ کاک ئازاد هەورامی و چەند پێشمەرگەیەک بە ئۆتۆمبێلەکەی کاک ئازاد بە جادەی سەرەکیی کەلار، کفری، دووز، سەنگاو، قەرەداغ، دوکان، سورداش، مێرگەپان، وەڕێ کەوتین بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی سێیەمی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان کە لە هەواری کانی سێوی مێرگەپان لە بناری پیرەمەگرون بەسترا. ئێوارەیەکی درەنگ بوو گەیشتینە مێرگەپان.
دروشمە سەرەکییەکانی کۆنفرانسەکە بریتی بوون لە (ئەی کرێکاران و گەلانی زۆرلێکراوی جیهان یەکگرن)، (بەرەو بەهێزکردنی کۆمەڵە لە کۆڕی خەباتی چینایەتی)، (بەرەو چەسپاندنی پرەنسیپەکانی ڕێکخستن) و بە ئارمە ناسراوەکەی چەپ (چەکوش و داس) شوێنەکەیان ڕازاندبووەوە.
ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانس، سکرتێری کۆمەڵەی ئێران و سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئامادە بوون. کۆنفرانسەکە لە سەروبەندێکدا ڕێک خرابوو کە گفتوگۆی نێوان ڕێژیم و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەهۆی مەسەلەی کەرکووک و خانەقین و دەستوەردانی دەوروبەر لە لێواری تێکچووندا بوو.
لە کۆنفرانسەکەدا، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو بە زمانە شیرین و پاراوەکەی، وتەیەکی پێشکەش کرد؛ بەشێکی قسەکانی تەرخان کرابوو بۆ گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆی نێوان ڕێژیم و یەکیەتی کە خۆی ئەندازیارەکەی بوو. دوکتور قاسملوو بۆ پشتیوانی لە دید و بۆچوونەکانی خۆی نموونەیەکی یەکجار سەرنجڕاکێشی هێنایەوە و گوتی ئەگەر یەکێک قەرزداری ئێوە بوو بە ١٠٠ دینار، حاڵێ حازر و لەم هەلومەرجەدا تەنیا ٧٠ دیناری دەداتەوە، لۆژیک وایە وەریبگری و دوای ئەوە داوای ٣٠ دینارەکەی دیکە بکەی، نەک بڵێی یان ١٠٠ دینارەکە یان هیچ! ئەم نموونەیەی دوکتور قاسملوو کە ٤٠ ساڵ لەمەوبەر بووە، ئەوەندە ڕاست و دروستە بۆ هەموو زەمان و مەکانێک دەشێت، بەتایبەتی بۆ هەلومەرجی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان کە پێم‌وایە ئێستاش گوێ لە دوکتور قاسملوو بگرین هەرگیز درەنگ نییە؛ چونکە ئێستاش هیچ لۆژیکێک نییە کوردستان بخەینە نێو گیروگازی یان هەمووی یان هیچ(١)."
سیاسییەکانی ئەمڕۆی کوردستان دەبێت لەوە تێبگەن قاسملوو تەنیا ناوێک نییە بۆ ستایشکردن یان بەستنی مەراسیمی یادکردنەوە، بەڵکوو ئەو خاوەنی "میتۆدێکی زانستی" بوو لە خوێندنەوەی هاوسەنگیی هێزەکاندا. وانەی سەرەکی بۆ نەوەی هاوچەرخ ئەوەیە لە جیهانی فرەجەمسەری و تەکنەلۆژیای ئێستادا، "هاوارکردن و نیشاندانی مەزڵوومییەت" بە تەنیا بەس نییە بۆ ڕاکێشانی لایەنگریی نێودەوڵەتی. میتۆدی قاسملوو فێری نەوەی نوێ دەکات کە چۆن کێشەی نەتەوەیی کورد ببەسترێتەوە بە بەرژەوەندییە هاوبەشە ئابووری، ستراتیژی و ئەمنییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە.
سیاسەتی کوردی لە ئێستادا، زیاتر لە هەمیشە پێویستی بەو دووربینییە هەیە کە قاسملوو پێش چەندین دەیە پەیڕەوی دەکرد؛ واتە بونیادنانی دامەزراوەی دێموکراسی لە ناوخۆدا و زمانێکی مۆدێرن و یەکگرتوو لە دەرەوەدا. متمانەبوون بە پرۆسەی دیالۆگ، بەهێزکردنی کەرەستەکانی هێزی نەرم (وەک میدیا، توێژینەوەی ئەکادیمی و دیپلۆماسیی گشتی)، و پەروەردەکردنی کادری لێهاتوو کە بتوانن بە زمانی عەقڵییەتی ڕۆژاوایی و جیهانی قسە بکەن، گرنگترین وانەکانن کە سیاسییەکانی ئێستا دەبێت لە قوتابخانەی قاسملووەوە وەریبگرن بۆ باشترکردن و چەسپاندنی پێگەی کورد لە هاوکێشە نوێیەکانی جیهاندا.

دەرئەنجام؛ میراتێک کە لە بن نایەت
دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، نەک هەر ڕێبەرێکی حیزبی، بەڵکوو تەلارسازێکی گەورەی ئەندازیاریی دیپلۆماسیی کوردی بوو. تێگەیاندنی جیهان لەوەی کە کورد نەتەوەیەکی خاوەن پرۆژەی عەقڵانی و دێموکراتە، گەورەترین دەستکەوتی ئەو بوو. ئەزموونی مانەوەی ئێستای قەوارەی هەرێمی کوردستان و نەمانی گۆشەگیریی سیاسی لەسەر پارچەکانی تری کوردستان، بەشێکی زۆری قەرزارباری ئەو بناگە پتەوەیە کە قاسملوو و دۆستە نێودەوڵەتییەکانی لە سەدەی ڕابردوودا دایانڕشت. میراتی ئەو پێمان دەڵێت: سەرکەوتنی ڕاستەقینە لە هاوسەنگیی نێوان هێزی مەیدانی و لێهاتوویی دیپلۆماتیکدا دێتە دی.

١) https://knwe.org/KU/ArticleDetails/4551