کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

د. قادر وریا: دێموکراسیی زۆرایەتی ناتوانێت لە وڵاتێکی وەک ئێراندا وەڵامدەر بێت

14:58 - 1 خەرمانان 2726

دیمانە: شەهرام سوبحانی

ئاماژە: ڕۆژنامەی «کوردستان» لە ٨١ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ د. قادر وریا، مامۆستای زانکۆ و ئەندامی پێشووی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات، لەبارەی مێژووی خەبات و تێکۆشانی ئەم حیزبە ئەنجام داوە. لەو وتووێژەدا، تیشک خراوەتە سەر فەلسەفەی بوونی حیزبی دێموکرات، ئەزموون و دەستکەوتەکانی، کاریگەریی حیزب لەسەر گەشەپێدانی هۆشیاریی سیاسی و نەتەوەیی کورد، و ئاسۆی تێڕوانینی حیزبی دێموکرات بۆ پێگەی کورد لە ئێرانی داهاتوودا.

فەلسەفەی وجودیی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات لە ٢٥ی گەلاوێژدا چی بوو، و چۆن خەباتی کوردی لە قۆناغی نەریتییەوە بۆ خەباتی هاوچەرخی ڕێکخراو گواستەوە؟

دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٤(١٦ی ئاگۆستی ١٩٤٥)، ڕووداوێکی لەپڕ و لە نەکاو نەبوو، بەڵکوو لە درێژەی سێ ساڵ تێکۆشانی نەتەوەیی و فەرهەنگیی کۆمەڵەی ژێکاف لە لایەک و لە لایەکی دیکە لەژێر کاریگەریی پێکهاتنی زنجیرەیەک ئاڵوگۆڕی ناوچەیی و جیهانیدا بوو. واتە پێش ئەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێک بێت، ڕووناکبیران و نیشتمانپەروەری کورد لەم بەشەی کوردستان پێویستیی خەبات دژی بندەستی و بێ مافیی کوردیان هەست پێ کردبوو و ڕێکخستنی نهێنیی تایبەت بە خۆیان پێک هێنابوو. لاوازبوونی دەوڵەتی ناوەندی و بوونی هێزی وڵاتانی هاوپەیمان لەنێو ئێرانیشدا، ڕێخۆشکەر بوو بۆ گەشانەوەی جووڵانەوەی دێموکراتیک لە ئێراندا. لە کوردستانیش سێ ساڵ خەباتی کۆمەڵەی ژێکاف، وشیاری نەتەوەیی بەرەوژوور بردبوو، بۆیە کاتێک ئاڵمانی نازی تێک شکا و شەڕی دووهەمی جیهانی کۆتایی هات، هیوا بە گۆڕانی سیاسی و وەدیهاتنی ویست و ئاواتە لەمیژینە و سەرکوتکراوەکان، لە ناوچە و کوردستان وەها گەشەی کردبوو کە دەبوایە حیزبێکی نوێ بە بەرنامە و قەوارەیەکی سەردەمیانە دابمەزرێ، حیزبێک کە بتوانێ نوێنەرایەتیی نەتەوەی کورد لەم بەشە بکات و چین و توێژە جۆراوجۆرەکان لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە. بەم جۆرە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، وەڵامدانەوە بە پێویستییەکی مێژوویی بوو. ئەم پێویستییە مێژووییە، بریتی بوو لە دامەزراندنی ڕێکخراوێکی مودێڕن بە دنیابینییەکی نوێوە، بە ناوەرۆکێکی نەتەوەیی و پێشکەوتنخوازانە، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە تواندنەوە و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و جێگیرکردنی دەوڵەت و دەسەڵاتێکی نەتەوەیی لەم بەشەی کوردستاندا. دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، هاوکات بە خاوەنکردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە لایەن ڕێکخراوی سیاسی و دەرهێنانی ڕێبەریی جووڵانەوە لە دەست سەرۆک عەشیرەت و شێخ و تاکەکەس بوو، بە جۆرێک کە بە نەمانی کەسی یەکەم، جووڵانەوە کۆتایی پێ نەیەت و درێژەی هەبێت.

حیزب بە چ ئامرازێک توانی وشیاریی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببووژێنێتەوە و داواکاریی نەتەوەیی بکاتە بیروباوەڕێکی گشتگیر؟

وەک باسم کرد سێ ساڵ کوردایەتی و تێکۆشانی سیاسیی تێکۆشەرانی کۆمەڵەی ژێکاف و پێوەندیگرتنیان بە مامۆستایانی ئایینی، شاعیران و پیاوە نەتەوەیی و نیشتمانپەروەر و خاوەن نفووزەکان، بە تایبەتی تێکۆشانی فەرهەنگیی ئەو کۆمەڵەیە لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی گۆڤاری "نیشتمان" و نووسین و بەڕێوەبردنی شانۆی "دایکی نیشتمان"، هەتا ڕادەیەکی بەرچاو وشیاریی نەتەوەیی پێک‌هێنابوو. لەگەڵ پێکهاتنی حیزبی دێموکرات و دواتر دامەزرانی کۆماری کوردستان، لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە هەوڵ بۆ گشتگیرکردنی وشیاریی نەتەوەیی وپشتیوانی لە ویستی نەتەوەیی درا.

جێخستنی هێما نەتەوەییەکانی وەک ئاڵا و سروودی کوردستان، پێکهێنانی سپای میللی و هێزی پێشمەرگە، داهێنانی نەریتی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە شار و گوندەکان و وتاردان بۆ خەڵک لەم جۆرە ڕێورەسمانەدا، باوەشکردنەوە بۆ بارزانییەکان، ئەفسەرانی شۆڕشگێڕ کورد و ڕووناکبیرانی باشووری کوردستان و لە بەرامبەریشدا خزمەتی دڵسۆزانەی ئەوان بە کۆماری کوردستان لە بواری پێشمەرگایەتی و پەروەردەدا، بە ڕەسمی کردنی زمانی کوردی و کردنی بە زمانی یەکەم، گرنگیدان بە شاعیران و شێعر و ئەدەبیاتی کوردی، پەرەپێدانی چاپەمەنی و ڕۆژنامەنووسیی کوردی، بەڕێخستنی پەروەردە بە زمانی کوردی، وتاردان لە نوێژی هەینی بە زمانی کوردی و هاندانی خەڵک بۆ تەبایی و یەکگرتوویی و پشتیوانی لە پێشەوای سەرکۆمار و دەوڵەتی جمهوریی کوردستان، بووژاندنەوەی شانۆ، هەر کامیان بە نۆرەی خۆی کاریگەرییان لەسەر بەهێزکردنی گیانی کوردبوون و وشیاری نەتەوەیی دانیشتوانی کوردستان لەوکاتدا هەبووە. لە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستانیش، بەردەوامی حیزبی دێموکرات لەسەر خەباتەکەی و شێلگیربوونی لەسەر بارهێنانی ئەندامان و لایەنگران و کۆمەڵانی خەڵک بە بیری نەتەوەیی و پاراستنی شوناس و زمانی کوردی، ئەم ئاورگەی بە گەشاوەیی هێشتووەتەوە.

ئەم ئەزموونە سیاسییە چ کاریگەرییەکی لەسەر ئیلهامبەخشین و ئاڕاستەکردنی خەباتی سیاسی لە پارچەکانی تری کوردستاندا هەبوو؟

کورد یەک نەتەوەیە، بەڵام دابەش کراوە، هەر بۆیە شتێکی ئاسایی و چاوەڕوانکراوە کە بەشەکانی کوردستان کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەبێت. بەو هۆیەوە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێش لە بەشەکانی تری کوردستان توانی حیزبی کوردی و حکوومەتی نوێی کوردی دابمەزرێنێت، و لە بڕگەیەکدا بووە ڕووگەی نەتەوەی کورد لە بەشەکانی تریش، بەشێک لە دەسکەوتەکان و نەریتەکانی گواسترانەوە بۆ پارچەکانی تر. هەر بۆ نموونە، پێشمەرگە، ئاڵای کوردستان، سروودی نەتەوەیی، سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان بەزاند و بوون بە هێمایی نەتەوەیی. ئەزموونی پێشوازی و پشتیوانی لە کەسایەتییە سیاسییەکان، ڕووناکبیران و تێکۆشەرانی بەشەکانی دیکە -ئەو جار لە لایەن بەشەکانی ترەوە لە پێوەندی لەگەڵ خەباتکارانی ئاوارە و پەڕیوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا- خۆی نواندەوە. هەرچەند نموونەی تاڵ و چاوەڕواننەکراو و جێگای داخیش لەم بارەیەوە لە هێندێک بڕگەدا هەبووە، بەڵام  ئەم نەریتە جوانەی سەردەمی کۆمار، لە کولتووری خەباتی نەتەوەیی کورددا بە خۆشییەوە هەر ماوەتەوە.

یەکێک لە گرنگترینی ئەو کاریگەرییانە، دروستبوونی حیزبێکی کوردی هاوناوی حیزبی دێموکرات بە ئامانج و ناوەرۆکێکی نەتەوەیی لە باشووری کوردستان، ساڵێک دوای دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانە. واتە ئەم قەناعەتە کە بزووتنەوەی کوردی دەبێت بە هۆی حیزبێکی نەتەوەیی و کوردی بەڕێوە بچێت، بە دوای دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ، بۆ باشووری کوردستانیش پەلی هاویشت. هەروەها بیری قۆستنەوەی دەرفەتە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی دەسەلاتی کوردی و بەڕێوەبردنی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بە گەڕانەوە بۆ سەر ئەزموونەکان و دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان، لە بڕگەکانی دواتر چ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چە لە بەشەکانی تردا دووپات بۆوە. بە تایبەتی بە فەرمیکردنی زمان و پەروەردە بە کوردی، ئازادیی چاپەمەنی، ڕێزگرتن و دابینکردنی مافە کولتوورییەکانی کەمایەتییە دینی و زمانی و نەتەوەییەکان، ڕێکخستنی لاوان و ژنان، گرنگیدان بە هونەر و ئەدەبیاتی کوردی... و هتد.

لە گەرمەی ململانێی هێزە چەپەکان و لایەنگرانی سۆڤیەت، حیزبی دێموکرات چۆن توانی مۆدێلێکی نەتەوەیی پێشکەش بکات کە جیاواز بێت لە حیزبی تودە و ئازەربایجان؟ 

حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دۆخێکی زۆر هەستیاردا لەدایک بوو. لەو کاتدا، ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئێران کەوتبوونە ژێر سێبەری ململانێی زلهێزەکان (بریتانیا، سۆڤیەت و ئەمریکا) و شەپۆلی حیزبی توودە و بزووتنەوەی "فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان". حیزبی دێموکرات بۆ ئەوەی نەبێتە پاشکۆی ئەوان، توانی لە چەند خاڵی سەرەکیدا "مۆدێلێکی تایبەت بە خۆی" دابمەزرێنێت:

یەکەم، دەستنیشانکردنی پرسی نەتەوەیی وەک پرسی سەرەکیی خۆی. حیزبی دێموکرات بە دروستی پرسی سەرەکیی کۆمەڵ و نەتەوەکەی خۆی دەستنیشان کرد کە ئەویش پرسی نەتەوەیی بوو. کێشەی ئەو کاتی کۆمەڵی کوردستان، ململانیی نێوان چینەکانی کرێکار و سەرمایەدار نەبوو، تەنانەت کێشەی نێوان دەرەبەگ و جووتیاریش نەبوو. ئەوە بەو مانایە نییە کە چەوسانەوەی ڕەعیەت بە دەست دەرەبەگ لە کوردستاندا نەبوو. بەڵێ هەبوو، بەڵام کێشە سەرەکییەکە، بێبەشیی کورد لە سەرەتاییترین مافی نەتەوەیی، ملهوڕی و زۆرداریی دیکتاتۆریی پەهلەوی، تواندنەوەی زمان و ناسنامەکەی لە زمان و ناسنامەی نەتەوەیی سەردەستدا بوو. حیزب لەگەڵ ئەوەی یەکیەتیی سۆڤیەتی و حیزبی توودە و فیرقەی دێموکراتی وەک دۆستی خۆی دەدیت، بەڵام نەکەوتە داوی ئایدۆلۆژیای چەپی کلاسیک، و پێناسەکردنی کێشەی کوردستان وەک کێشەیەکی چینایەتی.

دووهەم، ڕەتکردنەوەی پاشکۆیەتیی ئازەربایجان و فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان. لەگەڵ ئەوەی کاربەدەستانی ئازەربایجانی سۆڤییەت وهەروەها بەڕێوەبەرانی فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان، پێیان خۆش نەبوو کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسی و نەتەوەیی خۆی بسەلمێنێت و خاوەن حکوومەتی نەتەوەیی خۆی بێت (دەیانەویست بە لانی زۆرەوە یەکەیەکی خودموختار لە چوارچێوەی حکوومەتی میللیی ئازەربایجاندا بێت!) بەڵام پێشەوا قازی مـحەممەد و ڕێبەریی حیزبی دێموکرات، کۆماری کوردستانیان ڕاگەیاند. ئەوان بە پێکهێنانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان، ئەم پەیامەیان بە گوێی دۆست و دوژمن دادا، کە کوردستان و نەتەوەی کورد لە هاوکێشە سیاسییەکاندا، بوونێکی سەربەخۆ لە ئازەربایجانیان هەیە، ویستی سیاسی و نەتەوەیی تایبەت بە خۆیان هەیە، ڕێبەری و حیزب و حکوومەتی خۆیان هەیە. ئەگەرچی پێوەندیی کۆماری کوردستان بە یەکیەتیی سۆڤیەت، زیاتر لە ڕێگای کاربەدەستانی حیزبی کۆمونیست و کۆماری ئازەربایجانی سۆڤیەتەوە بوو، بەڵام ئەمە نەیتوانیبوو ببێتە هۆی کەم بایەخدانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆمار بە هاوپێوەندی لەگەڵ بەشەکانی تری کوردستان.

سێهەم، پاراستنی تایبەتمەندیی کۆمەڵایەتی و کولتووریی کوردستان. کوردستان، لە باری شارنشینی، ئابووری و بازرگانی نەگەیشتبووە ئاستی ئازەربایجانی ئەوکات. پێکهاتەی خێڵەکی و سیستەمی دەرەبەگایەتی لە کوردستان زۆر بەهێز بوو. لە باری کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە  کوردستان هەلومەرجێکی جیاواز لە ئازەربایجانی هەبوو. ئەمانە وایان کردبوو حیزبی دێموکرات خۆی لە چەپرەوی و لەبەرامبەر یەکتردا ڕاگرتنی چین و توێژەکان بە دوور بگرێت و ببێتە بەرەیەک بۆ لێک کۆکردنەوە و یەکگرتوویی خەڵکەکەی.

چوارەم، جیاوازیی مۆدێلی حکوومەتی. کوردستان تەنانەت لە بنیاتنانی مۆدێلی حکوومەتییشدا لەگەڵ ئازەربایجان جیاواز بوو. ئەو حکوومەتەی لە کوردستان پێکهات، کۆمار (جمهوری) بوو، بەڵام ئەوەی لە تەوڕێز ڕاگەیەندرا، ناوی حکوومەتی میللی بوو، واتە ڕوون نەبوو چ جۆر سیستەمێکە. ئاشکرایە سیستەمی کۆماری دێموکراتیک ترە و خەڵک ڕۆڵی زیاتریان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەکەیدا هەیە.

لە یەک وتەدا حیزبی دێموکراتی کوردستان هەر لە دەسپێکەوە، بە ژەکی نەتەوەیی و سەربەخۆیی سیاسی فرچکی  گرت و نەبووە پاشکۆی هیچ هێزێکی دەرەکی و لاوەکی. ئەمەیە حیکمەتی پابەند مانەوەی بە پرسی نەتەوەیی و دەرنەچوون لە بەرژەوەندی نەتەوەکەی.

لەگەڵ ئاڵۆزتربوونی هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و گوشارە دەرەکییەکان، پەیامی ٢٥ی گەلاوێژ بۆ کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان و بەهێزکردنی نێوماڵی کوردی چۆن دەتوانرێت بە کرداری پەیڕەو بكرێت؟

جیاوازییەکی گەورە لە نێوان ئێستا و ئەو سەردەمەدا کە حیزبی دێموکراتی کوردستان دامەزرا، هەیە. هەر بۆ نموونە ئەوکات حیزبی دێموکرات حیزبی تاقانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، بەڵام ئێستا چەندین حیزب و ڕێکخراوی سیاسی لە پیوەندی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەن و تێکۆشانیان هەیە. دیارە شتێک کە هەروا لە جێگای خۆیەتی، ئەو ڕاستییەیە کە ئێستاش وەک ئەوکات نەتەوەی کورد لەو بەشەی کوردستان لە مافی دیاریکردنی چارەنووس و هەبوونی دەوڵەت و دەسەڵاتی نەتەوەییی تایبەت بە خۆی بێبەشە. ئیستاش دەوڵەت نەتەوەی ئێران، ئێلیتی ناوەندگەرا و تەنانەت زۆرینەی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و بە ناو ڕۆشنبیرانی ئەو وڵاتە، ئامادە نین کورد و نەتەوە نافارسەکانی تری ئێران وەک نەتەوە و، کێشەکەیان وەک پرسی نەتەوەیی قبووڵ بکەن وهەروا خەیاڵی ڕاگرتنی ئەو دۆخەیان هەیە کە حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستان نزیکەی سەدەیەکە لە دژی خەبات دەکەن.

ئێمە ئێستا لە بڕگەیەک لەمێژووداین کە ناوچەکەمان و وڵاتی ئێران لە بەردەم گۆڕانی گەورەدان. ئەگەر ژیرانە و ئازایانە و بەرپرسانە نەجووڵێینەوە، لەوانەیە دەیان ساڵی تریش لە پەراوێزی ڕووداو و ئاڵوگۆڕەکاندا بمێنینەوە و هیچ بە هیچ نەکەین. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە حوکمی درێژترین مێژووی خەبات و زۆرترین ئەزموونی سیاسی، بە هۆی پێگەی یەکەم و بێ وێنەی لە نێو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، دەبێ و لێی چاوەڕوان دەکرێت ڕۆڵێکی پێشەنگانەی لە دروستکردنی زۆرترین یەکێتی و یەکگرتوویی  نێوان هیزە سیاسییەکاندا هەبێت. پێویستە چ وەک خۆی و چ لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی سیاسیی حیزبەکانی ئەو بەشەی کوردستاندا، جێ پەنجەی بەسەر ڕووداوەکانەوە دیار بێت. پەیامی ٢٥ی گەلاوێژ، لە ئێستاشدا وەک ٨١ ساڵ لەمەوبەرلە ئاستی نێوخۆیی(ڕۆژهەڵاتی کوردستان)دا دەبێ پێکهێنانی یەکیەتیی نەتەوەیی و لە ئاستی ئێراندا، دروستکردن و لە نوێ نووسینەوەی مێژووی پێکەوەبوون بە کۆتاییهێنان بە نەتەوەی سەردەست و بندەست، بە نەهێشتنی هەڵاواردنی زمانی، دینی و ڕەگەزی، و دوایی هێنان بە دیکتاتۆری و زۆرداری  بێت.

هەر لەو پێوەندییەدا و لە درێژەی پرسیاری پێشوو، لەگەڵ بێئومێدبوونی خەڵک لە ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندگەرا و نەبوونی ئاسۆی دێموکراسی لە ئێراندا، ئایا دروشمی دێموکراسی بۆ ئێران هێشتا ستراتیژییەکی ڕیئالیستییە یان پێویستی بە پێداچوونەوەیە؟

دێموکراسی، بە تایبەتی لە سەردەمی ئێستادا پێویستییەکی ژیانی سیاسی وکۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیانە، هەروەک پێویستییەکی بنەڕەتیی ژیانی تاکەکەسییشە. وڵاتێکی وەک ئێران، با تاقم و گرووپ و کەسایەتیی ڕەگەزپەرست، کۆنەپارێز و ناوەندگەڕاشی تێدا بێت و چارەی دێموکراسیی ڕاستەقینەیان نەوێت، بەڵام لە سەردەمی ئێستادا وڵات و کۆمەڵ چ بۆ بڕیاردان لەسەر دەسەڵاتی سیاسی، چ بۆ دیاریکردنی دەستوور و ڕێوشوێنەکانی بەڕێوەبردنی وڵات و کۆمەڵ، هەروەها بۆ دابینبوونی مافە کەسییەکان ناتوانێت هەتا هەتایە دژی دیموکراسی بوەستێت و لێی بێبەش بێت. دیارە دیموکراسی لە هەر ناوچە و کۆمەڵێک ، پێویستە لەگەڵ سروشتی ئەوێ خۆی بگونجێنێت.

ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوە، فرە زمان، فرەئایین و فرەکولتوورە، هەر بۆیە دێموکراسییەکەشی دەبێ لە خزمەت بەڕەسمیناسینی ئەم جۆراوجۆریانەدا بێت و بیانپارێزێت. دەسەڵاتی سیاسی و دەستووری وڵات پێویستە ئاوێنەی ڕەنگدانەوەی ئەو سروشتە تایبەتانەی وڵاتەکە بن. ئەمەش بە دێموکراسیی ڕێککەوتن (توافقی)، دابین دەبێت. "دیموکراسیی زۆرایەتی" ناتوانێت لە وڵاتێکی وەک ئێران وەڵامدەر بێت، ئەگینا نەتەوەی سەردەست کە حەشیمەتەکەی لە نەتەوەکانی تری وڵات زیاترە، بە سوودوەرگرتن لە ئامرازی زۆرایەتی و دەنگی زۆرینە، فرەنەتەوەیی و فرەزمانی ڕەت دەکاتەوە، پێش بە دابینبوونی بنەمای خۆبەڕێوەبەری بۆ ئەو نەتەوانە دەگرێت، فرەزمانی و فرەئایین و فرەکولتووری لە بەرژەوەندی نەتەوە و زمان و ئایینی سەردەست، پێخوست دەکات. ئاکامێک کە دەمەوێ لەم قسانە وەری بگرم و وڵامی پرسیارەکەتی لە یەک ڕستەدا پێ بدەمەوە ئەوەیە ئێمەوە وەک بەشێک لە نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەتا ئەو کاتەی ئامانجمان چارەسەری پرسی نەتەوەییمان لە چوارچێوەی ئێراندایە، ناتوانین دیموکراسی بۆ ئێران، دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان نەتەوەی سەردەست و نەتەوەکانی تر و، پێکەوەژیانی دێموکراتیکمان نەوێت.