
ئاسۆ مینبەری
لە دوای ناڕەزایەتییەکانی ١٤٠١ و سەرهەڵدانی شۆڕشی ژیناوە، پرسی «نەوەی زێد (Gen Z)» و گرنگیدان بە خواست، هەست و داواکارییەکانی ئەم نەوەیە زیاتر لە ڕابردوو بوو بە تەوەری سەرەکیی باس و دیالۆگی کۆمەڵایەتی. ئەمە نەوەیەک بوو کە سەرەڕای پەروەردەی چڕی ئایدیۆلۆژیی کۆماری ئیسلامی، لە بەرامبەر زاڵمترین دەسەڵاتی سەردەمدا ڕاوەستان؛ ئەوە ئەوان بوون کە گۆڕەپانی خەبات دژ بە دەسەڵاتی سەرکوتکەریان تەنی و توانییان کۆڵەکەکانی ئەو حوکمڕانییە ستەمکارە بخەنە لەرزە.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، کچێکی لاو بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک کە تێیدا بە شێوازێکی تەنزئامێز ئاماژەی بە هونەرمەندی ناوداری گەلەکەمان «ماملێ» کردبوو، بە شێوەیەکی زۆر بەربڵاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەوە. ئەم بڵاوبوونەوەیە شەپۆلێک لە تووڕەیی و هێرشی ناڕەوای بۆ سەر ئەم کچە کوردە لێ کەوتەوە، بە شێوەیەک ئەو کچە ناچار کرا لە چەندین پەیامی ڤیدیۆییدا و بە هۆی دەستبردن بۆ سیمبولێکی هونەریی کوردستان داوای لێبوردن بکات.
کێشەکە لەوێوە دەستی پێکرد کە بە پێچەوانەی تاقە ڤیدیۆی یەکەم، ڤیدیۆکانی دیکەی داوای لێبوردنکردنی ئەو کچە هەر نەبینران، و ئەوانەش کە بینران، بە دەیان جنێوی ناشیرین، دەستەواژەی سێکسیستی، هەڕەشەی کوشتن و دەستدرێژی وەڵام درانەوە! لە جیاتی قبووڵکردنی دانپێدانان بە هەڵەیەک و نواندنی لێبوردەیی، ئەوانیش بوونە دەرفەتێکی دیکە بۆ هەڵڕشتنی ڕق و کینەی کەڵەکەبوو بەرامبەر بە کچێکی کورد کە وەک بلۆگەرێک تەنیا مەبەستی گاڵتەکردنێکی ئاسایی و بەرزکردنەوەی ژمارەی بینەرەکانی بوو. ئاکارێک کە لەگەڵ ڕۆحی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کورد و بەتایبەتیش نوێترین شۆڕشی جەماوەری لە کوردستان واتە شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی»، لە دژایەتییەکی تەواو ئاشکرادایە.
کچێکی سەر بە نەوەی زێد، کە بە زمان و جیهانبینیی سەردەمی خۆی قسە دەکات، دەبێتە قوربانیی عەقڵییەتێکی دۆگماتیک و پیاوسالار کە ناتوانێت جیاوازیی نێوان «کولتووری گاڵتەکردنی دیجیتاڵی» و «سووکایەتیکردنی بەئەنقەست» بکات. زامەکە لێرەدا زیاتر بەسۆیە کە ئەم کۆمەڵگەیە، لەبری پەروەردەکردن و دیالۆگی نێواننەوەیی، پەنا دەباتە بەر هەمان ئەو هێزەی کە ڕۆژانە ئازادییەکانی لێ زەوت دەکات، تا شادەمارەکانی ژیان و بیری سەربەست لە کچێکی لاودا بخنکێنێت.
شەپۆلی بەربڵاوی دژایەتی بەرامبەر بەو کچە و ناڕەزایەتی بەو ڤیدیۆیە وای کرد کە هەژمارەکەی لە ئینستاگرام لە لایەن دەزگای ئەمنیی «پۆلیسی فەتا»وە دابخرێت؛ لە لایەکی تریشەوە هەواڵی دەستبەسەرکرانی، نیگەرانییەکی قووڵی لای ئەو کەسانە دروست کرد کە لانیکەم لە سنوورەکانی ئازادیی دەربڕین، گاڵتەکردن و سووکایەتی تێگەیشتبوون.
ڕۆژانە بە سەدان ڤیدیۆی گاڵتەئامێز لەسەر کەسایەتییە سیاسی، هونەری و کۆمەڵایەتییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەکرێنەوە و کاردانەوەی جیاوازیان لێ دەکەوێتەوە؛ بەڵام چی دەبێتە هۆکار کە — ئەگەر ناوی هەڵەشی لێ بنێین — هەڵەی کچێکی لاو بەو خێراییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەبێتەوە و هەستی کۆمەڵگە بریندار دەکات و دەبزوێنێت؟!
دەمەوێت ڕووداوەکانی دیکە وەبیر بهێنمەوە؛ هەر لە یەک هەفتەی ڕابردوودا، دوو حاڵەتی تۆقێنەری «ژنکوژی» لە کوردستان ڕوویان دا: یەکێکیان لە سنە و ئەوی تریان لە سەقز! دوو شاری کوردستان کە جگە لە مێژووی پڕ لە شانازییان بۆ خەبات دژی داگیرکەران، ئەگەر زۆر دوور نەڕۆین هەر لە سەردەمی شۆڕشی ژینادا گۆڕەپانی پێشەنگ و دیاری خەبات دژ بە ستەمکاری و هزری پیاوسالاریی دەسەڵاتی خۆسەپێنی کۆماری ئیسلامی بوون. هەر لەو دوو شارەدا بە هەزاران ژن هاتنە سەر شەقام تا لەگەڵ هاواری پەنگخواردووی سەرکوتی مێژوویی نەتەوەیەک، لە بەرامبەر بێدادی، هەڵاواردن، سەرکوتی سیستماتیک و نکۆڵیکردن لە شوناسی نەتەوەیی و جێندەرییان ڕاوەستن و دەنگ هەڵبڕن. ئەم مەیداندارییەی ئەو کات و بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکانی ئەو کات، هێز و ورەیەکی بەرچاویان وەبەر خەڵک و کۆمەڵگە خست، چونکە پاش ساڵانێک سەرکوتی سیستماتیک، ئەوە ژنان بوون کە لە ڕیزی پێشەوەی خەبات و لە گۆڕەپانی شۆڕشەکەدا ڕۆڵیان دەگێڕا و پێشەنگایەتییان دەکرد.
سەرنجدان لە دۆخی ئەو کات و ڕووداوەکەی ئەم ڕۆژانە، ئەم پرسیارە قووڵە دەورووژێنێت کە ئایا شۆڕشی ژینا، تەنیا شۆڕشێک بوو لە بەرامبەر دەسەڵاتی داگیرکەر و لەسەر پرسی سیاسی، یان نا — وەک لێکدانەوەکانی ئەو کات — شۆڕشێکی بنچینەیی و ژیاری بوو لە دژی ستەمە بەربڵاوەکان و لە سەرووی هەموویانەوە ڕوانگەی دژەژنی زاڵ بەسەر ئەو کۆمەڵگەیەدا؟ ئایا بەشداریکردنی بەربڵاوی پیاوان لە بزووتنەوەی ژینادا، هۆشیارییەکی قووڵی دژە-پیاوسالاریی سیستماتیک بوو، یان تەنیا ناڕەزایەتییەکی سیاسی بوو دژی دەسەڵات؟
ئەمە ئەو خاڵە جەوهەرییەیە کە پێم وایە لە ساڵانی دوای شۆڕشی ژینادا و هەتا ئەمڕۆ دەکرێت وەک کەلێنێکی مەعریفی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیدا سەرنجی بدرێت؛ ئەرکە سەرەکییەکە خەسارناسییەکی قووڵ بوو بۆ لایەنە فیکری و کۆمەڵایەتییەکانی شۆڕشەکە کە بە هەر هۆکارێک ئەوەندە کاری لەسەر نەکرا تا ڕێگری لە پاشەکشەی بەهاکان بکرێت. کارەسات لێرەدایە کە هەر ئەو کۆمەڵگە پێشەنگەی قەتڵی حکوومەتیی ژینای کردە هەوێنی شۆڕشێکی بەربڵاو دژی خوێنمژیی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، ئەمڕۆ لە جیاتی تێگەیشتن لە بیر، زمان و کردەوەی نەوەی زێدی پێشەنگی هەمان شۆڕش، دەبێتە کاتالیزاتۆر و خێراکەری سەرەکیی سەرکوتی ئەو نەوەیە و خنکاندنی کچانی کۆمەڵگە!
ئاکامی هەڵچوونی سۆزداری و ناڕەوای بەشێک لە خەڵک کە گوایە بۆ پاڵپشتیکردنی هونەرمەندێکی کورد و پێشگرتن لە بێڕێزیکردن بە پیرۆزییەکانی نەتەوەیەک دەستی پێکرد، وای کرد کە کچێکی کورد بە هۆی ئاکارێک کە ڕێک لەگەڵ تەمەن، شێوازی ژیان و دۆخی کۆمەڵایەتیی ئێستا هاوتەریب و تەبایە، بکەوێتە داوی هەمان ئەو هێزە سەرکوتکەرانەی کۆماری ئیسلامی کە چوار ساڵ لەمەوبەر لە گەشتی ئیرشاددا ژینایان شەهید کرد و لە شەقامەکانی کوردستان و ئێراندا بە سەدان کەسیان کوشت و بە هەزاران کەسیان بریندار کرد.
تێفکرین لەم هەڵسوکەوتە، کەلێنی قووڵی ئەخلاقی و دووفاقییەکی سەیر لە بیرکردنەوەماندا بۆ دەردەخات. چۆن دەکرێت نەتەوەیەک کە «ژن، ژیان، ئازادی» نەک وەک دروشم بەڵکوو وەک ڕێڕەو و ڕێبازێکی فیکری و سیاسی بۆ خەباتەکەی دەبینێت، هەڵەی کچێکی کورد — با بلۆگەریش بێت — ئەوەندە زەق بکاتەوە کە ئاکامەکەی ڕادەستکردن و بەندکرانی بێت لە لایەن ئەو کەسانەوە کە دژی سەرەکیی بنەماکانی ژن، ژیان، ئازادین!
ئەوەی کە ئەو کچە لەو ناوەندە سەرکوتکەرەی ڕێژیم چی بەسەر دێت و چۆنی هەڵسوکەوت لەگەڵ دەکرێت و دوای هاتنەدەرەوەی لە باری دەروونییەوە بەرەوڕووی چ حاڵەتگەلێک دەبێتەوە، بابەتێکە کە شارەزای بواری خۆی دەبێت قسەی لەسەر بکات؛ بەڵام بێگومان ئاسەوارەکانی ئەو هێرشە بەکۆمەڵە و تیرۆری کەسایەتی، بۆ هەتاهەتایە لە ڕۆح و دەروونیدا دەمێنێتەوە و ڕەنگە لێکەوتەی زۆر قورستریشی بەدواوە بێت.
ئەم هەڵسوکەوتە نیشانی دەدات کاتێک جووڵانەوەکە لە شەقامەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ فەزای مەجازی، زۆرجار بەها بنەڕەتییەکانی وەک ئازادیی ڕادەربڕین، مافی ژنان و ڕەتکردنەوەی توندوتیژی لەبیر دەکرێن و هەمان پێوەرە کۆنە پیاوسالاری و خێڵەکییەکان دەبنەوە بە دادوەر و بڕیاردەری سەرەکی.
لەم کاتانەدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەشێکی ژەهراوی دەخوڵقێنن کە تێیدا خەڵک بەبێ بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دەبنە بەشێک لە شەپۆلێکی ڕق و کینە، و هێرشکردنە سەر کچێک کە هەڵەیەکی کردووە (یان گاڵتەیەکی نەگونجاوی کردووە) دەبێتە ئامرازێکی هەرزان بۆ بەشێکی بەرچاو لە کۆمەڵگە تا نیشتمانپەروەریی خۆیانی پێ بسەلمێنن، لە کاتێکدا کە بەرامبەر بە تاوانی زۆر گەورە و ڕاستەقینە لە هەمان کۆمەڵگەدا بێدەنگن!
هەر ئەو کۆمەڵگەیەی کە ڤیدیۆیەکی ئاوا دەیورووژێنێت، چۆنە کە کوشتنی دوو ژنی بێتاوان لە هەمان شارەکاندا نایورووژێنێت؟! تەنیا سەرنجدانێکی سەرپێیی لە دۆسیەی کوژرانی ئەو دوو ژنە، دەریدەخات کە چەندە کەلێنی یاسایی و چەقبەستوویی ئەخلاقی لەو کۆمەڵگەیەدا، توانیویانە لە ئەستاندنی گیانی ژناندا کاریگەریی ڕاستەوخۆیان هەبێت و بێدەنگیش بەرامبەر بەو کارەساتانە چەندە تاوانێکی قورسە. دەنگهەڵبڕین بەرامبەر بەم تاوانانە کە سەرچاوەی سەرەکییان دەسەڵاتی خوێنمژی کۆماری ئیسلامییە، ئەرکێکی زۆر قورس و پێویستە کە گەلێک لەپێشترە لە پەلاماردانی کچێکی لاو بە ناوی پارێزگاریکردن لە کەسایەتییەکان!
خەبات لە کوردستان بۆ دابینکردنی داهاتوویەکی گەش، هەر بۆ ئەو کچانە و ئەو لاوانەیە کە ئێستا لە ژێر گوشارەکانی دەسەڵاتی تۆتالیتێردا دەخنکێن، و ئەرکی سەرەکیی کۆمەڵگەی کوردستان ئەوەیە کە لە جیاتی گیرۆدەبوون لە شەپۆلی خنکێنەر و بەدوور لە پرەنسیپی سۆشیال میدیا، بە بیرکردنەوە لە بەها نەتەوەیی و ئینسانییەکانی خۆی و بە سەرنجدانی ئاکامی هەڵسوکەوتی ناشارەزایانە لەم کەشە پڕ لە هەڕەشە و مەترسییەدا، بەستێنێکی لەبار بۆ لێبوردەیی، پێکەوەژیان و تێگەیشتن لە ڕووداوەکان بخوڵقێنێت.
سەرنجدانی ورد لەم دۆخە، ئاماژەیە بۆ پاشەکشەی بەهاکانی شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» لە پڕکردنەوەی کەلێنە کۆمەڵایەتییەکاندا و دەبێت وەک «شکستی هۆشیاری» ناوی لێ ببردرێت.
لە کۆتاییدا دەپرسم:
ئایا ئازادی تەنیا بۆ ئەو بڕیار و قسانەیە کە ئێمە بە دڵمانن، یان پێوەری ڕاستەقینەی ئازادی، لە پاراستنی ماف و کەرامەتی ئەو کەسانەدایە کە جیاواز لە ئێمە بیر دەکەنەوە و دەپەیڤن؟