کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران؛ هێمای خەبات دژی ستەمی نەتەوەیی و هەڵاواردنی کۆمەڵایەتی و سیاسی

08:03 - 7 خەرمانان 2726

هەردی سەلیمی

حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئێستا، بەردەوام پرسی کۆمەڵایەتی بەشێک بووە لە خەمە سەرەکییەکانی. ئەم خەمخۆرییە ئەوکاتە بەڕوونی و بە شێوازێکی داڕێژراو و ڕێکخراوتر دەرکەوت کە حیزب لە سێیەم کۆنفرانسی خۆیدا لە ساڵی ١٣٥٠ی هەتاوی (١٩٧١ی زایینی)، پەیڕەوێکی پەسەند کرد کە بۆ یەکەمین جار لە مێژووی خۆیدا بە شێوازێکی دیاریکراو، و لەڕێگەی خستنەڕووی ڕێگەچارە و هەڵوێست‌وەرگرتنەوە سەرنجی خستە سەر ئەم پرسە. دیارە پێشتر و لە کۆنگرەی دووەمی حیزبیشدا بەکورتی ئاماژە بەم بابەتە کرابوو، بەڵام وەک ئاماژەی پێ کرا، حەوت ساڵ دواتر و لە کۆنفرانسی سێیەمدا بوو کە ئەم پرسە بووە بابەتێکی جەوهەری.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کاتی پەسەندکردنی بەرنامە و پەیڕەوی خۆی لە ساڵی ١٣٥٠ـەوە، بەرنامەکەی لەسەر دوو کۆڵەکەی سەرەکی دامەزراندووە کە بریتین لە: پرسی نەتەوەیی و پرسی کۆمەڵایەتی. لەو کاتەوە هەتا ئێستا بەرانبەر بە هیچ جۆرە هەڵاواردن و چەوسانەوەیەکی کۆمەڵایەتی بێدەنگ و بێهەڵوێست نەبووە؛ بەڵام بەردەوام لە ڕیزی پێشەوەی کار و بەرنامەکانی ئەم حیزبەدا، چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەیی کوردستان ڕەهەندی سەرەکی و لەپێشترینەکانیان بووە. لەبەر ئەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو بڕوایەدا بووە پرسی سەرەکی و جێی باس و مشتومڕ لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، نەک پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵکوو خودی پرسی نەتەوەییە. هەر بۆیە دوای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧یش کاتێک ڕێکخراو و حیزبە سیاسییە زۆرەکانی خاوەن ئاراستەی چەپی ڕادیکاڵ هاتنە ئاراوە و سەرجەم کێشە و ئاڵۆزییەکانیان لە چوارچێوەی هەڵاواردنە کۆمەڵایەتییەکاندا دەبینی و پێیان وابوو پرسی سەرەکی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا هەمان پرسە کۆمەڵایەتییەکانە؛ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە پشتبەستن بە بەرنامە ڕێکخراوەکەی خۆی -کە لە ڕۆژی یەکەمەوە چارەسەری پرسی نەتەوەیی لە بەرانبەر پرسی کۆمەڵایەتیدا بە لەپێشتر دەزانی- ڕێگەی نەدا حیزب لە چەقی ئەم گەردەلوول و تۆفانەدا بکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەو لاڕێچوونانە و بەرەو هەڵدێر بڕوات.

بەڵام سەبارەت بە پرسە کۆمەڵایەتییەکان، لەکاتێکدا ئەم حیزبە بە حیزبێکی مارکسیستی-لینینیستی ناناسرێ، بەڵام خەمخۆرییەکانی بۆ پرسە کۆمەڵایەتییەکان کەمتر لەو حیزبانە نەبووە کە پرسە کۆمەڵایەتییەکانیان وەک خەمی بنەڕەتیی خۆیان دەناساند. لە بەشی یەکەم و ماددەی یەکەمی پەیڕەوی پەسەندکراوی کۆنفرانسی سێیەمدا هاتووە کە: «ئێمە حیزبێکی پێشڕەوین»؛ بەکارهێنانی چەمکی "پێشڕەو" دەربڕی ئەو تیۆرییە لینینیستییەیە کە پێی وایە توێژێک لە خەڵک بە تێگەیشتنێکی دروستتر لە پڕۆسەی مێژوویی، توانای ڕێبەرایەتیکردنی پڕۆژە گرنگ و وەرچەرخانەکانیان هەیە. حیزبی دێموکرات هەروەها لە بەشی ئامانجە سەرەکی و گشتییەکاندا، جێگیرکردنی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرانەی سۆسیالیستیی کردووەتە هەوێنی تێڕوانینی خۆی بۆ پرسە کۆمەڵایەتییەکان.

سەبارەت بەوەی کە ئەم حیزبە سەر بە کام توێژی کۆمەڵگەیە، دیسانەوە لە بەرنامەکەیدا ڕوون کراوەتەوە و پێداگری لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە ئەم حیزبە تایبەت نییە بە توێژێکی دیاریکراوی کۆمەڵگە، بەڵکوو سەرجەم توێژەکان لەوانە: کرێکاران، جووتیاران و ڕووناکبیرانی شۆڕشگێڕ لەخۆ دەگرێت. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە هەر یەک لە توێژ و جەمسەرەکانی کۆمەڵگە کە تووشی هەڵاواردن و چەوسانەوە بوونەتەوە، دەتوانن لە چوارچێوەی ئەم حیزبەدا خۆیان ببیننەوە و بەشداری لە چالاکیی سیاسیدا بکەن و بۆ دەستەبەرکردنی مافە پێشێلکراوەکانیان لە ڕیزی خەباتدا بن.

لە ئێستاشدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە سەرنجدانی تایبەت بە پرسی ژینگە، کەمینە نەتەوەیی، ئایینی و مەزهەبییەکان و هەروەها کەمینە ڕەگەزی و جێندەرییەکان سەلماندوویەتی کە لەسەر پرسە کۆمەڵایەتییەکان خاوەن هەڵوێستی مافی مرۆڤی و دادپەروەری‌پەروەرە، و هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی داواکارییە نوێیەکاندا خۆی لەگەڵیاندا گونجاندووە و خوێندنەوەی تایبەت بە خۆی لەم بارەیەوە خستووەتە ڕوو.

لە کۆتاییدا دەبێت بگوترێت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەمیشە هەوڵی داوە پرسی نەتەوەیی کۆمەڵگەی کوردستان چارەسەر بکات، بەڵام لە تەنیشت ئەم ئەرک و پێشینەیەدا، بەردەوام هەوڵی داوە داکۆکی لە مافی سەرجەم توێژەکانی ئەم کۆمەڵگەیەش بکات و لە چەوسانەوە و هەڵاواردنە کۆمەڵایەتییەکان بێئاگا نەبێت، هەروەها هەنگاو بە هەنگاو لەپێناو سڕینەوەی ستەم و چەوسانەوەی نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی و سیاسیدا هەنگاوی ناوە. لەوانەیە ئەو دروشمەی کە دەڵێت «حیزبی دێموکرات، حیزبی دوێنێ، ئەمڕۆ و سبەی کوردستانە»، لەم ڕاستییەوە سەرچاوە بگرێت کە لە ڕابردووەوە هەتا ئێستا بەرنامەیەکی ڕوونی بۆ سڕینەوەی ئەم جۆرە چەوسانەوە جیاواز و جۆراوجۆرانە هەبووە و لە داهاتووشدا لەسەر ئەم ڕێبازە لە خەباتی خۆی بەردەوام دەبێت.