کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

«یەکپارچەیی خاکی ئێران» یان مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکان؟

14:33 - 7 خەرمانان 2726

حەسەن قارەمانی

لە گوتاری سیاسیی باوی ئێرانی و بەتایبەت لە گەرمەی هەر ئاڵوگۆڕێکی چاوەڕوانکراودا، چەمکی «پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران» وەک هێڵێکی سوور و مەرجێکی بێ‌چەندوچۆن دەخرێتە ڕوو. بۆ ناوەندگەرایان و بەشێکی بەرچاو لە ئۆپۆزیسیۆنی سەراسەری، «یەکپارچەیی خاک» هاوتای ئاشتی، سەقامگیری و ڕێگریکردنە لە ئاژاوە و شەڕی ناوچەیی. بەڵام بۆ نەتەوەی کورد و نەتەوە ستەملێکراوەکانی دیکەی غەیرەفارس لە جوگرافیای ئێراندا، دەبێت ئەم مەرجە سیاسییە بە وریایی و لە دیدێکی ڕەخنەگرانەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت: ئایا پاراستنی سنوورە جوگرافییە دەستکردەکانی دەوڵەت لەپێشترە، یان مسۆگەرکردنی مافە ڕەواکان، دادپەروەری، ئازادی و خۆبەڕێوەبەریی نەتەوەکان؟

ئایندەیەکی دێموکراتیک بۆ ئێران هەرگیز بە پیرۆزکردنی «یەکپارچەیی خاک» وەک بەهایەکی باڵاتر لە ئیرادەی سیاسی و شکۆی نەتەوەکان، بنیات نانرێت. ئەگەر قەرار بێت نەزمی جوگرافیایی دەوڵەتێک بە پارێزراوی بمێنێتەوە، دەبێت ئەمە دەرهاویشتەی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی ئازادانە و ڕەوا بێت لەنێوان نەتەوەکان و هاووڵاتییانی نیشتەجێی ئەو دەوڵەتەدا؛ نەک پێشمەرجێکی زۆرەملێ کە بەسەر نەوەکانی ئێستا و داهاتوودا بسەپێندرێت و ناچار بە قبووڵکردنی بن.

لە ئەدەبیاتی سیاسیی ناوەندگەراکاندا، زۆرجار یەکپارچەیی خاک وەک بەهایەکی سروشتی، ئەزەلی و نەگۆڕ وێنا دەکرێت؛ بە چەشنێک کە خاکی دەوڵەت وەک قەوارەیەکی پیرۆز دەبینرێت و سنوورەکانی بەبێ گوێدانە ویست و مافی دانیشتووانەکەی دەبێت بپارێزرێن. کەچی لە فەلسەفەی سیاسیی هاوچەرخدا، خاک لە خۆیدا خاوەنی ئیرادەیەکی سیاسیی سەربەخۆ نییە، بەڵکوو ئەوە مرۆڤ و نەتەوە پێکهێنەرەکانن کە بەها و شەرعیەت دەبەخشنە جوگرافیا و دەسەڵاتی سیاسی.

کەواتە چەمکی «یەکپارچەیی خاک» چەمکێکی بێلایەن نییە، بەڵکوو بەستراوەتەوە بەو پڕۆژە سیاسییەی لە پشتییەوە وەستاوە. لە سیستەمێکی فیدراڵ و دێموکراتیکدا، دەکرێت پاراستنی چوارچێوەی دەوڵەت شانبەشانی ئۆتۆنۆمی، خۆبەڕێوەبەریی بەرفراوان، یەکسانیی تەواوی زمانی و بەشداریی دادپەروەرانەی سیاسی پێناسە بکرێتەوە. بەڵام لە مێژووی سەد ساڵەی دەوڵەتی ئێراندا، ئەم چەمکە تەنیا ئامرازێکی ئایدیۆلۆژیک بووە بۆ شەرعیەتدان بە دیکتاتۆری، سەرکوت و زاڵکردنی دەسەڵاتی ناوەند بەسەر نەتەوە پەراوێزخراوەکاندا.

بۆیە پرسە بنەڕەتییەکە تەنیا مانەوەی سنوورەکانی ئێران نییە، بەڵکوو ئەوەیە دەوڵەتی ئایندە لەسەر چ بنەمایەکی فەلسەفی، سیاسی و دەستووری بنیات دەنرێت. ئەگەر یەکپارچەیی خاک بەو واتایە بێت کە دەسەڵاتی تاران بەبێ ڕەزامەندیی نەتەوەکان بڕیار لەسەر زمان، پەروەردە، سامانە سروشتییەکان و چارەنووسی ناوچەکان بدات، ئەوا ئەم دەستەواژەیە چەشنێکی دیکەیە لە شۆڤێنیزم و ناوەندگەرایی نوێ. بەڵام ئەگەر بەو مانایە بێت کە نەتەوەکان بە خواستی ئازادانەی خۆیان و لەڕێگەی پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی دێموکراتیکەوە پێکەوەژیان هەڵبژێرن، ئەوا دەکرێت لەگەڵ مافی دیاریکردنی چارەنووسدا بگونجێت. ئەم لێکجیاکردنەوەیە بۆ داهاتووی سیاسیی ئێران چارەنووسساز و پڕبایەخە.

پرسی کورد؛ پێگەی نەتەوەیەک، نەک کەمینەیەکی پەراوێزخراو

یەکێک لە گرێکوێرە سەرەکییەکانی گوتاری سیاسیی باو لە ئێراندا، جۆری پێناسەکردنی کوردە. بەرتەسککردنەوەی پێگەی نەتەوەی کورد بۆ تەنیا «کەمینەیەکی نەتەوەیی»، ستەمێکی مێژوویی و هەڵەیەکی مەترسیداری سیاسییە؛ چونکە پێشوەختە شەرعیەت لە مافە نەتەوەییەکانی دەسەنێتەوە. چەمکەکانی «تاک»، «کۆمەڵگە»، «نەتەوە» و «کەمینە» لە زانستی سیاسەت و مافناسیدا خاوەنی بارستایی، پێگە و لێکەوتەی تەواو جیاوازن.

کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەتەوەیەکی ڕەسەن و خاوەن خاک، مێژوو، زمان، فەرهەنگ و بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازانەی بەردەوامە کە بە زۆر بەسەر سنوورە دەستکردەکاندا دابەش کراوە. لەبەر ئەوە، ناکرێت و ناشێت پرسی کورد تەنیا لە چوارچێوەی «مافە مەدەنی و تاکەکەسییەکان»دا کورت بکرێتەوە. هەرچەند پاراستنی مافی تاک بنەڕەتییە، بەڵام هەرگیز وەڵامدەرەوەی پرسی ستەمی نەتەوەیی و دەسەڵاتی سیاسیی بەکۆمەڵی نەتەوەیەک نییە.

لە پراکتیکدا، ڕەنگە هاووڵاتییەک لە ماڵی خۆیدا ئازاد بێت بە زمانی دایکی بدوێت، بەڵام کاتێک ئەو زمانە لە سیستەمی پەروەردە، کارگێڕی، دادوەری و بڕیاردانی سیاسیدا قەدەغە کرابێت، باس لە چ یەکسانییەک دەکرێت؟ یاخود تاکەکان لەسەر کاغەز وەک هاووڵاتی یەکسان بن، بەڵام تەواوی دەسەڵات، سامان و سەرچاوەکان لە ناوەندێکی تایبەتدا قۆرخ کرابن. لێرەدا دەبێت بە وریاییەوە جیاوازی بکرێت لەنێوان «یەکسانیی تاکەکەسی» و «دادپەروەریی سیاسی-نەتەوەیی بەکۆمەڵ». دەوڵەتێکی دێموکرات پێویستە دان بە مافی سیاسیی ئەو نەتەوانەدا بنێت کە خاوەنی مێژوو و جوگرافیای خۆیانن و خوازیاری بەڕێوەبردنی کاروباری نیشتمانیی خۆیانن.

کێ مافی دیاریکردنی پێگەی سیاسیی نەتەوەکانی هەیە؟

لە بنەمادا، پرەنسیپی سەردەمیانەی «مافی دیاریکردنی چارەنووس» جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە نابێت پێگەی سیاسیی هیچ نەتەوەیەک لەلایەن ئەو دەسەڵاتەوە دیاری بکرێت کە بەسەریدا باڵادەستە.

کورد وەک نەتەوەیەک لە ئێراندا، شوناس و بوونی خۆی لە بڕیاری تاکلایەنەی دەسەڵاتی ناوەند یان زۆرینەیەک وەرناگرێت کە هەوڵ دەدات بە ناوی «کەمینە» پێگەکەی دابەزێنێت. مافی چارەی خۆنووسین بەو واتایەیە کە دەبێت پرسە بنەڕەتییەکانی پێوەندیدار بە شوناس، خاک و دەسەڵات، بە شێوازێکی تەواو دێموکراتیک و بە بەشداریی ڕاستەوخۆی نەتەوەکان یەکلایی بکرێنەوە. ناتەبایی و نادادپەروەرییەکە لەوەدایە: ئەگەر بڕیار بێت تەنیا گوتاری ناوەندگەرا مافی پێناسەکردنی ئێران وەک دەوڵەتێکی قەومیی یەکدەستی هەبێت و لە کورد و نەتەوەکانی دیکەش بخوازێت بێ‌دەنگ و ملکەچانە ئەم سەپاندنە قبووڵ بکەن، ئەوا ئەو دەسەڵاتە بەردەوامیدانە بە هەمان سیستەمی کۆلۆنیالیستی و نادادپەروەرانەی ڕابردوو.

مافی دیاریکردنی چارەنووس؛ بژاردەی ئازادانە، نەک تەنیا جیابوونەوە

بەشێک لە ناوەندگەراکان بە ئەنقەست یان لە ڕوانگەیەکی شۆڤێنیستییەوە، هەر جۆرە باسێک لەسەر «مافی چارەی خۆنووسین» وەک هەوڵێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئێران و دوژمنایەتی لێک دەدەنەوە؛ کەچی ئەم تێڕوانینە لە ڕووی زانستی و مافناسییەوە هیچ بنەمایەکی نییە.

مافی دیاریکردنی چارەنووس چەمکێکی فرەڕەهەند و گشتگیرە؛ لە سیستەمی فیدراڵی، ئۆتۆنۆمیی ناوچەیی و دابەشکردنی ناناوەندی دەسەڵاتەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە سەربەخۆیی تەواو. خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە نابێت هیچ نەزم و قەوارەیەکی دەوڵەتی پێشوەختە وەک پێشمەرجێکی پیرۆز بسەپێندرێت، بەڵکوو پێویستە لە پڕۆسەیەکی دێموکراتیکدا وەڵامی ئەم پرسیارە چارەنووسسازانە بدرێتەوە:

  • چ مۆدێلێکی دەوڵەتداری دەتوانێت زامنی یەکسانیی ڕاستەقینەی نێوان نەتەوەکان و هاووڵاتییان بێت؟
  • چ میکانیزمێک دەتوانێت ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ستەمی نەتەوەیی و ناوەندگەرایی بکات؟
  • چ دەستوورێک دەتوانێت پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی ئازادانە و شەرعی بەرهەم بهێنێت؟

ئەگەر وەڵامەکە ئێرانێکی لامەرکەزی، فیدراڵ یان هەر فۆرمێکی دیکەی پێکەوەژیانی ئازادانە بێت، دەبێت بەبێ تۆمەتی ناڕەوای «جیاخوازی» گفتوگۆی ئازادانەی لەسەر بکرێت. ئەگەر بەپێچەوانەوە، دەوڵەتێک مانەوەی خۆی لەسەر زەوتکردنی ئیرادەی نەتەوەکان دابڕێژێت، ئەوا لە بنەڕەتدا بێبەشە لە هەر چەشنە شەرعیەتێکی دێموکراتیک.

باجی مێژوویی ناوەندگەرایی لە ئێراندا

دەوڵەتی مۆدێرنی ئێران لە سەدەی بیستەمدا، بە پڕۆسەیەکی سەختی تواندنەوەی زمانی و نەتەوەیی (ئاسیمیلاسیۆن)، داپڵۆسین و دروستکردنی ناسنامەیەکی ساختەی تاکڕەنگدا تێپەڕی. لە سەردەمی دەسەڵاتی پەهلەویدا، ناوەندگەرایی توند و سەرکوتی نەتەوەکان کرا بە بنەمای سەرەکیی پرۆژەی دەوڵەتسازی.

دوای شۆڕشی نەتەوەکانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧دا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تەنیا بەرگی ئایدیۆلۆژیای دەسەڵاتەکەی گۆڕی، بەڵام هەمان ناوەندگەرایی، ستەمی نەتەوەیی و سەرکوتی بە شێوازێکی دڕندانەتر درێژە پێ دا. لەم مێژووەدا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەنگەری نەبەزیوی خەبات بووە دژی هەردوو دیکتاتۆریی پاشایەتی و ویلایەتی فەقیهی. ئەم ئەزموونە مێژووییە پێمان دەڵێت: کێشەی سەرەکی تەنیا گۆڕینی کەسەکان و دەسەڵاتداران نییە، بەڵکوو لە پێکهاتە و ناوەرۆکی خودی دەوڵەتدایە. لەبەر ئەوە، جێگرتنەوەی کۆماری ئیسلامی بە هەر دەسەڵاتێکی دیکەی ناوەندگەرا بەبێ هەڵوەشاندنەوەی بنەماکانی ستەمی نەتەوەیی، تەنیا دووبارەکردنەوەی خولێکی دیکەی مێژوویەکی پڕ لە تراژیدیایە.

ئایا یەکپارچەیی خاک لەگەڵ دێموکراسیدا کۆ دەبێتەوە؟

بەڵێ، بەڵام تەنیا بە مەرجی دادپەروەری و ئیرادەی ئازادانەی نەتەوەکان.

پێویست نییە مافی چارەی خۆنووسین دژ بە پێکەوەژیان بێت؛ دەکرێت دەوڵەتێک لە پێکهاتەی سیاسی و دەستووریی خۆیدا فیدراڵ، فرەنەتەوە، فرەزمان و خاوەنی ئۆتۆنۆمیی بەرفراوان بێت. مەترسیی سەرەکی کاتێک سەرهەڵدەدات کە دەسەڵاتداران سنوورە جوگرافییەکان بە پیرۆزتر لە مرۆڤ و مافەکانی بزانن. ئەگەر داخوازیی فیدراڵیزم و مافی نەتەوەکان بە «مەترسی بۆ سەر تەناهیی نەتەوەیی» پێناسە بکرێت، ئەوا هیچ بوارێک بۆ لێکتێگەیشتن و دێموکراسی نامێنێتەوە.

ئەزموونی مێژوو دەریخستووە کە یەکێتیی زۆرەملێ تەنیا ڕواڵەتێکی ساختەی هەیە و لە قەیرانە گەورەکاندا بە خێرایی لەبەر یەک هەڵدەوەشێت. بەڵام یەکێتییەک کە لەسەر بنەمای ئیرادەی سەربەست، یەکسانی، ڕێزگرتن لە فرەچەشنی و گەرەنتیی دەستووریی مافی نەتەوەکان دامەزرابێت، سەقامگیر و بەردەوام دەبێت.

پەیمانی نوێی کۆمەڵایەتی بۆ ئێرانی پاش کۆماری ئیسلامی دەبێت لەسەر ئەم پرەنسیپە نەگۆڕانە دابمەزرێت:

  1. یەکسانیی هاووڵاتیبوون: گەرەنتیی مافە بنەڕەتییەکانی هەموو تاکێک بەبێ جیاوازی.
  2. داننان بە مافی نەتەوەکان: پاراستن و پەرەپێدانی زمان، فەرهەنگ، پەروەردە و شوناسی نەتەوەکانی ئێران.
  3. ناناوەندێتی و فیدراڵیزم: گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی، یاسادانان و کارگێڕی لە تارانەوە بۆ هەرێمە نەتەوەییەکان.
  4. یەکسانیی زمانی: بەفەرمیکردنی زمانە نەتەوەییەکان لە سیستەمی پەروەردە، ڕاگەیاندن و بەڕێوەبەریی گشتیدا.
  5. مافی دیاریکردنی چارەنووس: بڕیاردانی نەتەوەکان لەسەر چارەنووسی سیاسی و مۆدێلی بەڕێوەبردنی خۆیان.

دەرئەنجام

پرسیاری سەرەکی بۆ ئایندە نابێت ئەوە بێت: «چۆن بە هەر نرخێک بووە یەکپارچەیی خاکی ئێران بپارێزین؟» بەڵکوو پرسیاری شۆڕشگێڕانە و بنەڕەتی ئەوەیە: «چ سیستەمێکی سیاسی و دەستووری دەتوانێت نەتەوەکانی ئێران لەسەر بنەمای ئازادی، یەکسانی و خواستی ئازادانە پێکەوە کۆ بکاتەوە؟»

بۆ نەتەوەی کورد، بەدەستهێنانی مافەکان «بەخشین یان خێروبێری دەوڵەت» نییە، بەڵکوو مافێکی سروشتی و ڕەوای مێژووییە کە بە خەبات و قوربانیدان مسۆگەر بووە. ئەگەر ئێران بیەوێت وەک قەوارەیەکی هاوبەش بمێنێتەوە، دەبێت جوگرافیاکەی بەرهەمی ئازادی و ڕەزامەندیی نەتەوەکان بێت، نەک قەفەزێک بۆ چەوساندنەوەیان.