کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵکشانی نرخەکان و دیالێکتیکی دەسەڵات

12:14 - 12 گەلاوێژ 2726

ئەمیر سوڵتانی

هەڵاوسان، بە واتای بەرزبوونەوەی بەردەوامی ئاستی گشتیی نرخەکان، تەنیا دیاردەیەکی دارایی یان ژمێریاری نییە. لە سیستمی ڕێژیمێکی دەسەڵاتخواز و داخراوی وەک کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، هەڵاوسان بووەتە نیشانەیەکی ڕوون بۆ تێکچوونی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەی ئێران، نەبوونی متمانە بە ناوەند و پێکهاتەی دەزگاکانی ڕێژیم، شکستهێنانی دامەزراوەکان و بەکارهێنانی ئابووری وەک ئامرازێک بۆ مانەوەی دەسەڵاتی سیاسیی ڕێژیمێک کە هیچ بەهایەکی بۆ پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی نێوخۆی ئێران نییە. واتە قەیرانی نرخەکان نابێت تەنیا وەک ئەنجامی هەڵەیەکی تەکنیکی لە سیاسەتی دارایی ڕێژیم سەیر بکرێت، بەڵکوو پێویستە وەک بەرهەمی پێکهاتەیەکی سیاسی، ئەمنی و ئیدیۆلۆژیکی توندڕەوانە لێک بدرێتەوە کە لە ماوەی چەند دەیەدا ئابووریی ئێرانی بە بارمتە گرتووە.

لە وڵاتێکی وەک ئێراندا، کە نرخەکانی خۆراک، دەرمان، خانووبەرە، سووتەمەنی و پێداویستییە بنەڕەتییەکان بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو خێرا هەڵدەکشێن، هەڵاوسان لە ئاستی کێشەی بازاڕ دەردەچێت و دەبێتە پرسی ژیان و مانەوەی چینە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە. کاتێک خێزانێک ناتوانێت بە مووچە یان داهاتی مانگانەی خۆی تێچووی خۆراک، کرێی خانوو و دەرمانی منداڵەکانی دابین بکات، ئەوە ئیتر تەنیا ناکارامەیی ئابووری نییە، بەڵکوو شکستە لە ئاستی بەرپرسیارێتیی سیاسی و ئەخلاقیی دەوڵەتدا. لەم دۆخەدا، هەڵاوسان دەبێتە جۆرێک لە سزادانی بەکۆمەڵی هاووڵاتیان، بە تایبەتی چینە هەژار و مامناوەندەکان، کە هیچ ڕۆڵێکیان لە دروستکردنی قەیرانەکەدا نەبووە، بەڵام تێچووی سەرەکییەکەی هەر ئەوان دەیدەن.

ئامارەکان و داتاکانی بانکی ناوەندیی ئێران لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەم ڕاستییە بە ڕوونی پشتڕاست دەکەنەوە کە هەڵاوسانی ساڵانە هەڵکشانی بەرچاویان هەبووە؛ لە ساڵی ١٤٠٠دا ٤٦.٢ لە سەد بووە، لە ١٤٠١دا گەیشتووەتە ٥٣.١ لە سەد، لە ١٤٠٢دا ٤٧.٤ لە سەد بووە و لە ١٤٠٣دا دیسان بەرزبووەتەوە بۆ ٤٨.٣ لە سەد، لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٤ەوە ئەو ڕێژەیە بۆ ٦٨.٩ لە سەد بەرز بووەتەوە. پێوانەی ئەم ڕێژەیە ئەمڕۆ گەیشتووەتە ٨٤ لە سەد. هەروەها داتاکانی بانکی جیهانی بۆ ساڵانی ٢٠٢١ هەتا کۆتایی ٢٠٢٥ی زایینی هەڵاوسانی ئێران لە ئاستێکی زۆر بەرزدا نیشان دەدەن، ئاستێک کە چەندین جار لە ڕێژەی ئاسایی و قەبووڵکراوی هەڵاوسان لە زۆربەی ئابوورییە سەقامگیرەکان بەرزترە. ئەم ژمارانە نیشان دەدەن کە قەیرانی نرخەکان لە ئێراندا دیاردەیەکی کاتی نییە، بەڵکوو دۆخێکی بەردەوامە و مانگ لە دوای مانگ ڕێژەیەکی نوێی پێوانەیی تۆمار دەکەن.

ئەوەی قەیرانی ئابووریی وڵاتەکە زیاتر سیاسی دەکات، تەنیا خودی ڕێژەی هەڵاوسان نییە، بەڵکوو بەردەوامیی بێچارەسەری و بێمودیرییەتیی ناوەندە دەسەڵاتدارەکانە. کاتێک هەڵاوسان بۆ چەند ساڵی لەدوای یەکدا لە ئاستی چل هەتا پەنجا لە سەددا دەخولێتەوە، مانای ئەوەیە کە دراوی تمەن بەردەوام بەهای خۆی لەدەست دەدات و داهاتی هاووڵاتیان هەموو مانگێک لەبەرامبەر گرانیی خۆراک و کەلوپەلی پێویستیی ڕۆژانەدا بچووکتر دەبێتەوە. هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخەکاندا، هاووڵاتیان بەگشتی و کرێکار، مامۆستا، فەرمانبەر، خانەنشین و کاسبکاری بچووک بەتایبەتی، هەموویان لە ڕێگەی هەڵاوسان و هەڵکشانی نرخەکان جۆرێک لە هەژاریی بەردەوام ئەزموون دەکەن.

لە ڕوانگەی ئابووریی سیاسییەوە، هەڵاوسان لە ئێراندا ناکرێت بە شێوەیەکی سادە وەک ئەنجامی گەمارۆکان یان شۆکە دەرەکییەکان پێناسە بکرێت. بێگومان، گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان کاریگەریی خۆیان هەیە، بەڵام ئەوەی ئەم کاریگەرییانە دەکاتە قەیرانێکی قووڵ و بەردەوام، هەڵسوکەوتی خودی ڕێژیمە. کۆماری ئیسلامی لە بنەڕەتدا سیستەمێکە کە ئابوورییەکەی لە خزمەت ئاسایشی کۆمەڵگەکەیدا نییە، بەڵکوو لە خزمەت مانەوەی دەسەڵات، پاراستنی تۆڕی ئەمنی دەوڵەت، بەهێزکردنی ناوەندە ئیدیۆلۆژیکەکان و دابینکردن و تەیارکردنی هێزە نیابەتییەکانی ڕێژیم و گرووپە توندڕەوەکانی ناوچەکە دایە. لە سیستەمێکی توندڕەوی پۆلیسیدا، هەڵاوسان تەنیا لە بێنرخیی کاڵا و بێکاریی خەڵکەوە نییە، بەڵکوو نیشانەیەکی ڕوونی شێوازی حوکمڕانییە بە شێوەی ئاخووندی لە وڵاتدا.

یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی بەردەوامیی هەڵاوسان، نەبوونی سەربەخۆییی ڕاستەقینەی بانکی ناوەندییە. لە سیستمە دێموکراتیکەکاندا، بانکی ناوەندی دەبێت پاراستنی بەهای دراو و کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان لەسەر بنەمای زانستی و پێوەری نەختینەیی جێبەجێ بکات. بەڵام لە ئێراندا بانکی ناوەندی لە زۆر ڕووەوە پاشکۆی دەسەڵاتی سیاسییە. کاتێک حکومەت تووشی کورتهێنانی بودجە دەبێت، بەهۆی گەندەڵی، تێچووی دەزگا ئەمنییەکان، خەرجییە ئیدیۆلۆژیکەکان و ناکارامەیی بەڕێوەبردن، ئاسانترین ڕێگا لەو سیستمەدا چاپکردنی دراو و زیادکردنی قەبارەی نەختینەییە. ئەم کارە لە کورتخایەندا دەتوانێت کێشەی مووچە و خەرجییەکانی دەوڵەت بشارێتەوە، بەڵام لە درێژخایەندا وەک دەبینین بەهای دراو دەشکێنێت و توانای کڕینی پێداویستییەکانی خەڵک وێران دەکات.

لێرەدا چەمکی "باجی هەڵاوسان" گرنگییەکی تایبەتی هەیە، واتە زەوتکردن و دەستبەسەرداگرتنی سامانی خەڵک. ڕێژیم بە شێوەی ڕاستەوخۆ بە خەڵک ناڵێت کە بەشێک لە داهات و سامانەکەتان لێ زەوت دەکەم، بەڵام بە چاپکردنی پارە و دابەزاندنی بەهای تمەن، هەموو ڕۆژێک دەست بەسەر بەشێک لە توانایی کڕینی خەڵکدا دەگرێت، بەوە دەڵێن باجێکی شاراوە، بەڵام زۆر توندتر و کاریگەرترە لە باجی ئاشکرا، چونکە بە تایبەتی ئەوانە دەگرێتەوە کە داهاتێکی بچووک و جێگیریان هەیە و ئەو داهاتەش وەک مووچەی مانگانە تەنیا بەشی مانەوە و بەڕێکردنی ژیانی ئاسایی و ڕۆژانەی خۆیان هەیە و بەشی ئەوەندە ناکات کە پاشەکەوتێکیان هەبێ و بیگۆڕن بۆ دراوێکی دیکەی بەهادار، زێڕ یان خانووبەرە. بەو مانایە بە ئاشکرا دەتوانین بڵێین کە هەڵاوسان جۆرێکە لە دەستبەسەرداگرتنی داهات و سامانی خەڵک لە چینەکانی خوارەوەی نێو کۆمەڵگە بۆ دامودەزگاکانی سەر بە دەسەڵات.

ڕێژیمی ئێران زۆرجار هەوڵ دەدات قەیرانی هەڵاوسان بخاتە پاڵ فاکتەرە دەرەکییەکان، وەک گەمارۆ ئابوورییەکان، دوژمنی دەرەکی، قاچاخچی و ئەو بازرگانانەی سەر بە نەیارەکانن. بەڵام ئەم هەڵسووکەوتەی ڕێژیم، لە دیدی ڕەخنەییەوە، زیاتر لەوەی شیکردنەوەیەکی زانستی بێت، میکانیزمێکی سیاسییە بۆ شاردنەوەی بەرپرسیارێتی لە ئاست خەڵکدا. چونکە ئەگەر گەمارۆ تەنیا هۆکاری هەڵاوسان و قەیرانی ئابووری بوایە، دەبوو ڕێژیم بەرەو شەفافییەت، چاکسازی، کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان، ئازادکردنی بازاڕ و بەهێزکردنی دامەزراوەکان بچێت. بەڵام ئەوەی لە ئێراندا ڕوو دەدات پێچەوانەی ڕاستییەکانە، فشاری دەزگا ئەمنییەکان، دەستێوەردانی حکومەت لە بازاڕ، بەردەوامیی گەندەڵی و سەرکوتکردنی هەر دەنگێکی ناڕازی و ڕەخنەگرە.

یەکێک لە وێنە بەرچاوەکانی ئەم سیاسەتە، پۆلیسیکردنی بازاڕە. کاتێک نرخی خواردەمەنی و کەلوپەلەکان هەڵدەکشێن، ڕێژیم بەجێی چارەسەرکردنی سەرچاوەی ڕاستەقینەی قەیرانەکە، پەنا دەباتە بەر دیاریکردنی نرخی فەرمی کاڵاکان و دواتر ناردنی هێزەکانی چاودێری و ئەمنییە بۆ نێو بازاڕ. ڕێژیم بەمجۆرە نیشان دەدا کە خەڵک لە گرانفرۆشیی دوکاندارەکان دەپارێزێ، بەڵام لە ڕووی ئابوورییەوە زۆرجار هەڵسووکەوتەکە پێچەوانە دەبێتەوە. کاتێک نرخی فەرمی کاڵایەک لە تێچووی ڕاستەقینەی بەرهەمهێنان یان لە نرخی هاوردەکردنیدا کەمترە، ئەوە ئەو کاتەیە کە بەشێکی بەرچاو لە فرۆشیار و بازرگانەکان کاڵاکانیان لە خەڵک دەشارنەوە، بەوپێیە دووکانەکان لە کاڵا بەتاڵ دەبن و خەڵک تووشی کەمبوونەوەی پێداویستیی ڕۆژانەی خۆراک دەبن و لەلایەکی ترەوە بازاڕی ڕەشی فرۆشیارەکان گەشە دەکات و بەهێزتر دەبێت.

داتاکانی ساڵی ٢٠٢٥ ئەم ڕاستییە زیاتر ڕوون دەکەنەوە. لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥دا، هەڵاوسانی مانگ لەدوای مانگ بەپێی ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ئێران گەیشتووەتە ٤٨.٦ لە سەد. دواتر لە دێسامبەری هەمان ساڵدا، هەڵاوسان بە ڕێژەی ٥٢.٦ لە سەد تۆمار کراوە. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ بەرزبوونەوەی نرخەکان بەتایبەتی خواردەمەنی ڕێژەیەکی نوێیان تۆمار کرد، بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ناوەندە لە کۆتایی بەهاری ئەمساڵ هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی کەلوپەلە خۆراکییەکان گەیشتووەتە ١٣٤.٦ لە سەد. بەم پێیە پێوەرە گشتییەکانی هەڵاوسانی ساڵانەی وڵات بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان گەیشتووەتە ٦٢ لە سەد و تەنانەت بەپێی هێندێک خەمڵاندنی بانکی هەتا ٨٨ لە سەد هەڵکشاوە. هەر لەم ماوەیەدا نرخی نان، دانەوێڵە، گۆشت و بەرهەمە شیرییەکان بە ڕێژەی سەرووی ١٠٠ لە سەد بەرزبوونەوەیان بە خۆوە دیتووە. ئەم ژمارانە بە زمانی سادە واتای ئەوەیە کە سفرەی خێزان و ژیانی خەڵک لە ماوەی ساڵێکدا بە نزیکەی نیوەی بەهای خۆی گرانتر بووە، بە تایبەتی لە بواری خۆراکدا کە قورسایییەکەی ڕاستەوخۆ لەسەر چینە هەژار و مامناوەندەکان دەکەوێت.

بەراوردکردنی سیستمی دێموکراتیک لەگەڵ پێکهاتەی حوکمڕانیی ئێراندا، جیاوازییەکی بنەڕەتیمان بۆ دەردەخات. وڵاتە دێموکراتەکانیش لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران و شۆکە دەرەکییەکاندا بێبەش نین لە هەڵە، بەڵام خاڵی هێزی ئەوان لە بوونی میکانیزمی خۆڕاستکردنەوە دایە. لەو سیستمانەدا، میدیای ئازاد پرسیار دەورووژێنێت، پەرلەمان لێپرسینەوە لە حکومەت دەکات، دادگا سەروەریی یاسا بەسەر دەسەڵاتداراندا دەسەپێنێت و دواجار هاووڵاتییان لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە حکومەتە کەمتەرخەمەکان سزا دەدەن. بەپێچەوانەوە، لە ئێراندا ئەم میکانیزمانە نەک هەر پەکخراون، بەڵکوو بە تەواوی لەلایەن دەسەڵاتەوە قۆرغ کراون. لەبەر ئەوە، لە کاتی سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووریدا، هیچ لێپرسینەوەیەکی ڕاستەقینە لە ئارادا نییە، لە جیاتی ئەوە، ڕێژیم پەنا دەباتە بەر تووندکردنەوەی سەرکوت، دەستبەسەرکردنی بازرگانان و ئەوانەی لە بواری دراودا کار دەکەن و هەروەها شاردنەوەی ئامار و ڕاستییەکان لە ڕای گشتی کە ڕێژیم لەو بوارەدا شارەزاییی تێدا هەیە.

لە ڕوانگەی ڕەخنەییەوە، ئەوەی ڕێژیمی ئێران لە قەیرانی هەڵاوساندا بەڕێوەی دەبات، نەک هەر بۆ پاراستنی خەڵک و بازاڕ نییە، بەڵکوو کردەوەکانی لەو بوارەدا تەنیا لە خزمەت پاراستنی پێکهاتەی دەسەڵاتەکەی‌دایە. ڕێژیم دەزگا ئەمنیی و سەرکوتکەرەکانی و کەرتە نزیکەکانی ئابووری بۆ مانەوە و خزمەتی درێژکردنەوەی دەسەڵاتی نگریسی خۆی بەکار دەهێنێ. لە بەرامبەردا، ئەوە خەڵکی هەژار و چینە بێدەسەڵاتەکانن کە دەبنە قوربانیی سیاسەتی دژی گەلییانەی ڕێژیم.

هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخەکان و هەڵاوساندا، ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی سەرهەڵدەدا، وەک ئەو سەرهەڵدانەی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ی بازاڕییەکانی تاران یان ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی شیرکەتەکان، کرێکاران، مامۆستایان و خانەنشینان کە هەردەم مووچە و یارمەتییەکانیان بە چەندین مانگی یەک لەدوای یەک وەدوا دەکەوێ. ڕێژیم بۆ کۆنترۆڵکردنی ناڕەزایەتییەکان، خەرجیی ناوەندە ئەمنی و سەرکوتکەرەکانی زیاد دەکات، زیادبوونی خەرجیی ئەمنی واتە کورتهێنانی بودجە قووڵتر دەکات و کورتهێنانی بودجەش، ڕێگا بۆ چاپکردنی دراوی زیاتر و هەڵاوسانی نوێتر دەکاتەوە. بەو شێوەیە، ڕێژیم خۆی دەبێتە هۆکاری بەردەوامبوونی ئەو قەیرانەی بە ناوی دوژمنی دەرەکی یان بازاڕی تێکچوو نێوی بردووە.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو لە ساڵی ٢٠٢٦دا، تێکڕای ڕێژەی هەڵاوسانی ئێران بۆ تەواوی ساڵەکە بە ٦٨.٩٪ خەمڵێندراوە. ئەم ژمارەیە ئێران دەخاتە ڕیزبەندی سێیەمی ئەو وڵاتانەی کە بەرزترین ڕێژەی هەڵاوسانیان لە جیهاندا هەیە. سندووقی نێودەوڵەتیی، هەڵاوسانی ئێران بە نزیکەی ٦٨.٩ لە سەد پێشبینی کردووە. ئەگەر ئەم پێشبینییە نزیک لە ڕاستی بێت، ئێران دەتوانێت بەرەو قۆناغێکی شۆکهێنەری هەڵاوسان بچێت، قۆناغێک کە تێیدا متمانەی خەڵک بە دراوی بێبەهای تمەن زیاتر لاواز دەبێت.

لە کۆتاییدا، هەڵاوسان لە ئێراندا تەنیا ژمارەیەکی ئاماری نییە، بەڵکوو نیشانەی داڕمانی شیرازەی کۆمەڵایەتی و شکست هێنانی سیستمی بەڕێوەبەریی ڕێژیمێکی دەسەڵاتخوازە. مێژووی ئابووریی ئێران پێمان دەڵێت کە بازاڕ بە سەرکوتی پۆلیسی، پڕوپاگەندە بە شێوەی ئاخووندی و بەهای دراو بە دروشم ناپارێزرێ. ئەوەی دەتوانێت هەڵاوسان کۆنترۆڵ بکات، دامەزراوەی سەربەخۆ، بودجەی شەفاف، بەرپرسیارێتیی سیاسی لە ئاست کۆمەڵگەدا، ئازادیی داتاو زانیاری، یاسای بنەڕەتی و متمانەی کۆمەڵایەتییە. هەتا ئەو کاتەی ڕێژیمی ئێران ئابووری وەک ئامرازی مانەوەی سیاسی بەکار بهێنێت، قەیرانی هەڵاوسان هەر بەردەوام دەبێت.