ئاماژە: کاک مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا چ لە وێبینار و چ لە وتووێژە ڕۆژنامەوانی و تەلەڤیزیۆنییەکانیدا، بەرەوڕووی زنجیرەیەک پرسیار بووەتەوە کە سیاسەت و هەڵوێستی حیزبی دێموکرات لەهەمبەر پرسە گەرم و ڕۆژەڤە سیاسییەکانی ئێران و کوردستاندا دەردەخەن. ڕۆژنامەی "کوردستان" هەوڵی داوە گرنگترین و هاوبەشترین پرسیارەکانی ئەم وتووێژانە لەگەڵ کاک مستەفا و وەڵامەکانی بەڕێزیان بۆ خوێنەرانی بگوازێتەوە:
بۆچی حیزبی دێموکرات نە پشتیوانیی لە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کردووە و نە مەحکوومیشی کردووە؟
ئەو پەلامار و هێرشانەی لە سێ قۆناغدا لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کرانە سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە مەبەستی داگیرکردنی خاکی ئێران یان هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی خەڵک نەبووە؛ بەڵکوو هێرش بووە بۆ سەر ڕێژیمێک کە زیاتر لە چل و حەوت ساڵە وڵات و نەتەوەکانی ئێرانی بە بارمتەی سیاسەتەکانی گرتووە و زۆربەی سامان و تواناکانی وڵاتی بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی و قەیرانخوڵقێنی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەرخان کردووە. بۆیە لەو سۆنگەیەوە، پەلامار بۆ سەر کۆماری ئیسلامی هێرش نییە بۆ سەر نەتەوەکانی ئەم وڵاتە، بەڵکوو شەڕە لەگەڵ ڕێژیمێک کە بەڵایەکی گەورەیە بۆ گیانی خەڵک و گرێی شێرپەنجەیە بۆ ناوچەکە؛ کەواتە پێویست ناکات کورد ئەو شەڕە مەحکووم بکات.
لە لایەکی دیکەشەوە، ڕاستە ئەم شەڕە — کە بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن بۆ گۆڕینی ڕەفتاری ڕێژیم و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە — زیانی زۆر قورسی بە ڕێژیم گەیاندووە، خامەنەیی و زۆر لە بەرپرسانی کوشتووە و زەبری لە ناوەندە سیاسی، نیزامی، ئەمنی و ئابوورییەکان داوە، ئەوەش دەتوانێت دەرفەت بۆ خەبات و ڕاپەڕینی خەڵک بخوڵقێنێت؛ بەڵام بە ڕوونی دەرکەوتووە ئامانجی ئەمریکا بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکی ئێران نییە. سەیر کەن، لەو مەرجانەی ئەمریکا لە دەقی «لێکتێگەیشتن»دا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە دایناوە، ڕاشکاوانە هیچی بۆ خەڵکی ئێران تێدا نییە؛ تەنانەت بە شێوەیەکی ڕواڵەتیش باس لە ئازادکردنی بەندکراوانی سیاسی ناکات. نەتەوەکانی ئێران و بەتایبەت خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکرات کە واقعبینانە سیاسەت دەکەن، سروشتییە نەبنە بەشێک لە شەڕێک کە هیچ گەرەنتییەک بۆ مسۆگەربوونی مافەکانیانی تێدا بەدی ناکرێت.
پێوەندیدار بەوەی دەگوترێ بڕیار بوو لە کوردستانەوە هێرشی وشکانی بکرێتە سەر ڕێژیم، بۆچی ئەو بڕیارە هەڵوەشایەوە؟
جارێ لە بنەڕەتدا ئەمریکا هیچ پلان و بەرنامەیەکی دیاریکراوی بۆ هێرشی وشکانی و چوونە نێو خاکی ئێران نەبوو و کاربەدەستانی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاندبوو کە سەربازەکانیان نانێرنە نێو خاکی ئێران. لەنێوان ئێمە و ئەمریکاشدا هیچ بەرنامەیەکی ئەوتۆ بۆ پلانێکی لەو چەشنە نەبووە. خۆ ئەگەر بڕیاریش بووایە هێرشی وشکانی بکرێت، لە ڕوانگەی سەربازییەوە کوردستان شوێنێکی گونجاو نییە بۆ دەستپێکردن، بەم هۆکارانە:
پێش هەموو شتێک، کوردستان زۆر دوورە لە پایتەخت و ئەگەر بڕیار هێرشکردنە سەر ئێران بێت، دەبێت هێرش بکرێتە سەر ناوەندە گرنگەکانی ئەم وڵاتە بەتایبەت تاران؛ تاران لە کوردستانەوە زۆر دوورە و گەیشتن بەوێ کات و تێچووی گیانی و ماڵیی زۆری دەوێت. لە لایەکی دیکەوە، شەڕی وشکانی پێداویستیی لۆجستی و تایبەت بە خۆی دەوێت کە لە کوردستان ڕێگەی گونجاو، ئیمکانات و کەرەستەی وا لەبەردەستدا نییە. هەروەها لە کوردستان جیا لە بنکە و بارەگای هێزە سەرکوتکەرەکان (سوپا، ئەرتەش، ئیتڵاعات و بەسیج)، هیچ شوێنێکی وەها هەستیاری سیاسی، ئابووری و ئیداریی لێ نییە کە بە هێرشکردنە سەری و داگیرکردنی، زەبری گورچکبڕ لە ڕێژیم بدرێت. لەوەش بترازێ، بۆ سەرکەوتن لە شەڕدا شوێنی زۆر گرنگتر هەیە، وەک دوورگە ستراتیژییەکانی باشووری ئێران (دوورگەکانی خارک، کیش، لاوان و هتد).
بۆیە بەپێی ئاگاداریی من، هیچ پلانێک بۆ هێرش لە کوردستانەوە نەبووە و ئەوە تەنیا پڕوپاگەندەی میدیایی بوو کە بە زیانی کورد شکایەوە.
بۆچی ئاڵترناتیڤێکی بەهێز بۆ کۆماری ئیسلامی دروست نابێت، چەشنی ئەوەی لە عێراق پێش ڕووخانی سەدام حوسێن پێکهات؟
ئێران تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بۆیە دروستکردنی ئاڵترناتیڤ ئاسان نییە. یەکەم، کۆکردنەوەی هەموو هێزە سیاسییەکان لەژێر چەتری هاوپەیمانییەکدا بۆ جێگیرکردنی سیستەمێکی فیدراڵی و دێموکراتیک ڕاستە زۆر پێویستە، بەڵام ئاسان نییە. دووەم، ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە و خواستەکانیان جیاوازە؛ بۆ نموونە نەتەوەی فارس دەڵێن خوازیاری ئازادین، بەڵام کورد جیا لە ئێرانێکی ئازاد، مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی خۆشی دەوێت. سێیەم، خوێندنەوەی هێزەکان جیاوازە؛ لە دێموکرات و چەپەوە تا کۆماریخواز و پاشایەتیخواز، ئەستەمە لە هاوپەیمانییەکدا جێگەیان ببێتەوە.
سەبارەت بە بەراوردکاری لەگەڵ عێراقیش؛ لە سەردەمی سەدامدا ئەمریکا سوور بوو لەسەر ڕووخاندنی بەعس و ڕاستەوخۆ هەموو هێزەکانی شیعە، سوننە و کوردی لەژێر چەتری خۆیدا کۆ کردەوە. بەڵام تا ئێستا ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرنامە و پلانێکی ڕوونیان بۆ ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی نییە، بۆیە بە جیدی کار بۆ دروستکردنی ئاڵترناتیڤ ناکەن. بەڵام من لەگەڵ ئەو بۆچوونە نیم کە چونکە ئاڵترناتیڤ نییە ڕێژیم دەمێنێتەوە؛ بەپێچەوانەوە، لە دەرفەتی گونجاودا خەڵک توانای شۆڕشیان هەیە و بەبێ ئاڵترناتیڤی پێشوەختەش ڕێژیم دەڕووخێنن.
بۆچی لە "کۆنگرەی ئازادیی ئێران"دا بەشدارن و جیاوازیی ئەم کۆنگرەیە لەگەڵ ڕێککەوتنی "جۆرجتاون" چییە کە حیزبەکەتان دژی بوو؟
دروشمی سەرەکیی حیزبی دێموکرات تێکۆشانە بۆ جێگیرکردنی سیستەمی فیدراڵی لە چوارچێوەی ئێرانێکی ئازاد و دێموکراتیکدا، و یەکێک لە ڕێگاکانیش دیالۆگ لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکانە. هەر بەپێی ئەم سیاسەتە ئەندامانی حیزب بەشداریی کۆبوونەوەکانی کۆنگرەی ئازادیی ئێرانیان کردووە. ئەم کۆنگرەیە کەسایەتی، ئەکادیمی و چالاکانی نەتەوە جیاوازەکانی کۆ کردووەتەوە بۆ دۆزینەوەی فۆرموولی هاوکاری. کشانەوەی کاندیداکەی ئێمەش لە هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەریی سێ مانگیی کۆنگرەکەدا، لە ڕۆڵی حیزب کەم ناکاتەوە. دیارە حیزب ئەندامی فەرمیی کۆنگرەکە نییە، بەڵام بەشداربوونی کادرەکانمان لە پێناو گەیاندنی دەنگی بزووتنەوەی ڕەوای کوردستانە.
سەبارەت بە جیاوازی لەگەڵ ڕێککەوتنەکەی جۆرجتاون؛ ئەم دووانە لە هەموو بارێکەوە جیاوازن. جۆرجتاون شای داهاتووی ئێرانی دیاری کردبوو و خۆی وەک ئاڵترناتیڤ دەناساند، بەڵام کۆنگرەی ئازادیی ئێران خۆی بە ئاڵترناتیڤ نازانێت و بابەتی شای داهاتووی تێدا نییە. لەبارەی پێوەندیشمان لەگەڵ ڕێکخراوەکانی وەک موجاهیدینی خەلق؛ حیزب خۆی بە نەیاری هیچ لایەنێکی ئێرانی نازانێت و لەگەڵ هەر هێزێک هاوپەیمانی دەبەستێت کە بڕوای بە گۆڕینی ڕێژیم و دابینبوونی مافی نەتەوەکان هەبێت و بەکردەوەش بۆی تێبکۆشێت.
ئاستی داخوازییەکانی "پژاک" کە لەگەڵ ئێوە ئەندامی هاوپەیمانییە، بۆ مافی هاووڵاتیبوون دابەزیوە و ئەم لایەنە لەژێر کاریگەریی "کەجەکە"دایە. پێتان وانییە ئەم ئاستە نزمەی داخوازییەکان، کارتی کوردی لەنێو لایەنە ئێرانییەکاندا لاواز کردبێت؟
حیزبی دێموکرات دیالۆگ و هاوکاریی حیزبە کوردییەکان لەگەڵ یەکتری بە ڕەوا دەزانێت، بەو مەرجەی دەست لە کاروباری یەکتر وەرنەدەن و دەستوەردان لە بەشەکانی دیکەدا نەبێت؛ چونکە هەر بەشێک تایبەتمەندیی سیاسی و حقووقیی خۆی هەیە. ئێمە دەزانین پژاک پێوەندیی تۆکمەی لەگەڵ PKK هەیە و ئیلهامیان لێ وەردەگرێت، بەڵام زۆربەی ئەندامەکانیان کوڕ و کچی ڕۆژهەڵاتن. حیزبی دێموکرات هەمیشە هاوکاری و پێکهێنانی هاوپەیمانی لەنێوان هێزەکانی ڕۆژهەڵاتدا بە پێویست زانیوە و ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە لە دروستکردنی ناوەندی هاوکاری و ناوەندی دیالۆگ کە پاشان «ناوەندی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران»ی لێکەوتەوە. دەمەوێ بڵێم پژاک و حیزبی دێموکرات دوو حیزبی جیاوازن و بەبێ دەستوەردان لە کاروباری یەکتر، کار دەکەن. ڕۆژهەڵاتی کوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە و سەردەمیش گۆڕاوە، بۆیە پێویستە حیزبەکان بە وریایی و ئاگاییەوە سیاسەت بکەن.
چۆنە هیچ پڕۆژەیەکتان بۆ داهاتووی بەڕێوەبردنی کوردستان لە قۆناغی گواستنەوەدا نییە، چونکە هیچتان ڕانەگەیاندووە؟
وا نییە کە پڕۆژەمان نەبێت؛ حیزبی دێموکرات ئەزموونی مێژوویی لە بەڕێوەبردنی کوردستاندا هەیە و چەندین جار بۆشایی دەسەڵاتی لە کوردستان پڕ کردووەتەوە، وەک دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٣٢٤ و پێکهێنانی شۆڕای شار و گوندەکان دوای شۆڕشی ١٣٥٧. حیزبی ئێمە زیاتر لە ٢٠ ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ لایەنەکانی کۆمەڵە دانیشتووە و لە ساڵی ١٣٨١ی هەتاویدا ڕێککەوتننامەی لێکتێگەیشتنمان لەسەر ئەم بابەتە ئیمزا کردووە. لە ئێستاشدا کە باسی گۆڕانی ڕێژیم گەرمە، لە ناوەندی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستاندا قسە لەسەر ئەوە کراوە کە چۆن بەیەکەوە کار بکەین بۆ پاراستنی ئاسایش و ژیانی هاونیشتمانییان، چۆن کەڵک لە ئیمکانات وەربگیرێت و چۆن مامەڵە لەگەڵ پاشماوەکانی ڕێژیمدا بکرێت. ئەم بابەتە بەرنامەڕێژیی بۆ کراوە و کارکردن لەسەری بەردەوامە.
هەڵوێستتان چی دەبێت ئەگەر پاشایەتیخوازەکان لە ئێرانی داهاتوودا دەسەڵات بگرنە دەست؟
کوردی ڕۆژهەڵات ئەزموونی تاڵی لەگەڵ سیستەمی پاشایەتیدا هەبووە؛ لە سەردەمی ڕەزاخاندا بە پیلان سمکۆی شکاک (ئیسماعیل ئاغای سمکۆ)یان شەهید کرد، و لە سەردەمی محەممەدڕەزا پەهلەویشدا هێرشیان کردە سەر کۆماری کوردستان و پێشەوا قازی محەممەدیان لەسێدارە دا. سەرەنجام خەڵکی ئێران بە شۆڕشی ١٣٥٧ کۆتاییان بەو سیستەمە هێنا. لە ڕاپۆرتی کۆنگرەی ٩ی حیزبیشدا بە ڕوونی سیستەمی پاشایەتی ڕەت کراوەتەوە و تێکۆشان بۆ کۆمارێکی دێموکراتیک کراوەتە ئامانج.
لە لایەکی ترەوە، ڕەزا پەهلەوی کە هیچ دەسەڵاتێک و تەنانەت حیزبێکیشی نییە، لە لێدوان و بڵاوکراوەکانیدا بە هەمان ڕێچکەی باوک و باپیریدا دەڕوات و بڕوای بە دەسەڵاتی ناوەندگەرا هەیە. بۆیە ئەم سیستەمە چانسی سەرکەوتنی نییە و کورد بە هیچ شێوەیەک یارمەتیی هێنانەوەسەرکاری سیستەمێک نادات کە تاقی کراوەتەوە و هەمیشە دژی مافەکانی بووە.