کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندنەوەیەک بۆ بەشێک لە کتێبی "ڕەشەشەو و سەربازانی ون"

11:43 - 13 گەلاوێژ 2726

هێمن مەردانی

«... ئەو ڕۆژانە کۆپتەرە کووبراکان ڕاست وەک هەژدیهای باڵدار و دووپشکی ڕەزاگران و وەک ڕەوە کوللەی برسی نەک لە قووڵایی جەهەننەمەوە، بەڵکوو لە بەرزایی ئاسمانەکان و لووتکەی کێوە بەرزەکان ڕا درێشووکەی دۆشکەکانی فتوای جیهادیان دەباراندە سەر هەست و چێژ و ژن و منداڵی بێتاوانی کوردستان.

دەگەڵ ونبوونیان، ئەمجارە ڕاکێتی کاتیۆشاکان، گاڕان گاڕان و پس‌پسێن بە سەر جەبهەکەدا هەڵدەڕژانەوە. ئینجا فانتۆمە زەبەڵاحەکان دەهاتن و دیواری دەنگییان دەشکاند...»

بیرەوەرییەکانی مەلاحەسەن شیوەسەڵی لە شەڕەکانی ساڵەکانی ١٣٥٨ی هەتاوی بەولاوە -پاش لەشکرکێشیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر کوردستان- لە ناوچەکانی ورمێ، نازلوو، ماکۆ، پیرانشار، شنۆ و مەهاباد، دەکرێ لە گۆشەنیگای ئەدەبی بەرگری، گێڕانەوەی ترۆمای بەکۆمەڵ و ڕەخنەی پاش‌داگیرکاری، شیتەڵکارییان بۆ بکرێت. ئەم بڕگانەی لێرەوە باسیان لێ دەکرێت، بەس نووسینەوەی ڕووداوەکانی شەڕ یان بیرەوەریی تاکەکەسی نین، بگرە دەقێکی ئەدەبیی فرەڕەهەندن کە تێیدا سروشت، زەبروزەنگ، یادگە و زمان تێک‌دەهاڵێن و تێک‌دەئاڵقێن.

پەخشانی شیوەسەڵی لە نێوان گێڕانەوەی بەڵگەمەند، شین و شەپۆڕ، وێنەی شاعیرانە و ئەزموونی ئیگزیستانسیالیستیدا دەڕواتە پێشێ و لەم بارەوە نزیک دەبێتەوە لە نەریتی ئەدەبی ئەمڕۆیی شەڕ. یەکێک لە گرنگترین خەسڵەتەکانی ئەم دەقە، هاتوچۆکردنی بەردەوامی توخم و ڕەگەزە سروشتییەکانە تەک وێنەگەلی توندوتیژی و زەبروزەنگ نواندن. لە بڕگەیەکدا «درێشووکەی کۆپتەرە کووبراکان»، بۆڵەگەنمەکان، بارانی نابەوخت، تەڕەزەنە، چای گەرم و قامیشەڵانەکان بە کاتی بۆمبارانکردندا، ڕەگبار و ڕێژنە و مەرگ، هەمووی ئەمانە دەکەونە پاڵ یەکەوە.

ئەم بەرامبەرکێیە لە نێوان ژیانی سروشتی و وێرانی لە ئاکامی شەڕدا، وەبیرهێنەرەوەی کەشوهوای ئەدەبی مۆدێرنی پاش یەکەم شەڕی جیهانییە. «تی. ئێس. ئێلیۆت» لە سەرەتای شێعرە بەناوبانگەکەیدا ئاوا دەنووسێت: «خاکەلێوە زاڵمترینی مانگەکانە». ئەو ڕستەیە یەکێک لە بەناوبانگترین دەستپێکەکانی شێعری ئەمڕۆییە، ئاماژەیە بۆ داڕمان و هەرەسهێنانی پێوەندیی نەریتیی نێوان سروشت و ژیان. لە دەقی شیوەسەڵیشدا باران و گەنم نەک هێمای ژیانەوە و بەهار نین، بگرە بەشێکن لە کەشوهوای ژاناوی و تراوماتیکی شەڕەوە.

لە ڕوانگەی جوانیناسی، سروشت لەم بیرەوەرییانەدا هەر پاشخانی ڕووداوەکان نییە، بگرە خۆی دەبێتە بەشێک لە یادگە و ژانی بەکۆمەڵ. دەکرێ ئەم خەسڵەتە تەک بەرهەمەکانی یەشار کەماڵ هەڵسەنگێندرێ و وێچوواندنیان بۆ بکرێت؛ نووسەرێک کە لە ڕۆمانەکانیدا بەتایبەتی لە حەمەدۆکدا، کوێستان و زەوی دەکاتە هەوێن و بەستێنی سەرەکی و توخمگەلی زیندووی گێڕانەوە. لە دەقی شیوەسەڵیشدا قامیشەڵان و مێشەمڕەکان «هاواری مەرگ» لە خۆیانەوە دەدەنە دەرەوە، قوڕ و لیتە ئینسان هەڵدەلووشێ و زەوی ڕەشی وەک قوڕەڕەشە، ژیان لەبەرچاوان تفت و تاڵتر دەکات. هاوكات سروشت لێرەدا لە لایەک پەناگەیە و لەولاتر وەک شایەتحاڵ و قوربانیی دەستی تووندوتیژییە.

داڕشتی گێڕانەوەیی دەقەکەش، هەڵگری جۆرێک شێواوی و لەتلەتبوونە کە نزیکتری دەکاتەوە لە گێڕانەوە مۆدێرنەکان. گێڕەوە بەردەوام لە نێوان وێنە، دەنگ، ترس و سام، بیرەوەری و پرسیارە جەوهەرییەکاندا لە هاتوچۆدایە. ڕستەگەلی وەک «گریان، چۆن دەخنکێت و دەمرێت؟» یان «چۆن مەرگ، ژیان هەڵدەلووشێت؟» دەرخەری ئەوەن کە دەق لە ئاستی ڕاپۆرتێکی سەربازییەوە دەردەچێت و دەگۆڕدرێت بۆ وردبوونەوە و نیگایەکەی فەلسەفی لەمەڕ مەرگ، ترس و سام و ڕووخان و نەمان. ئەم خەسڵەتە بە خەستوخۆڵی لە پێوەندی لەگەڵ جیهانی ڕەوانناسیی دۆستۆیێڤسکیدا، دیار و بەرچاوە؛ بەتایبەتی لە بەرهەمی «برایانی کارامازۆڤ»دا کە تێیدا، کەسایەتییەکان لە پەرژین و سنووری نێوان بڕوا، ترس و خۆف، داڕمانی ڕەوانی و هیوا و ئومێد لە هەڵکێش‌داکێشدان.

یەکێک لە گرنگترین خەسڵەتەکانی دەقەکە، زمانی فرەهەستی ئەوە. شیوەسەڵی بەتەنیا شەڕ لە ڕێگەی دەنگ، لەرزین و هەستی فیزیکی وێنا ناکات، بەڵکوو لە ڕێی وێناکردنی گرشەی فانتۆمەکان، دەنگی ڕەگباری دۆشکەکان، شڵپەشڵپی لاقەکان لە ناو قوڕ و لیتەدا، دەنگی خشەوخشینی قامیشەڵان و گیاکان و فیتەفیتی کاتیۆشاکان. هەر ئەم خەسڵەتە وادەکات دەقەکە زیاتر نزیک بێتەوە لە ئەدەبی ئەمڕۆیی شەڕ؛ ئەدەبێک کە شەڕ بە واتای ئەزموونێکی فیزیکی و ڕەوانی پێناسە دەکات نەک بەتەنیا وەک ڕووداوێکی قارەمانانە. لە ڕۆمانی «هیچ هەواڵێک نییە لە بەرەی شەڕی ڕۆژاوا»، ئێریخ ماریا مارک، شەڕ لە ڕێی ڕاتڵەکاندنی جەستە، ترسی بەردەوام و دەنگی تەقینەوەکانەوە وێنا دەکات.

دەکرێ لێرەوە باس لەو جۆرە مینیمالیزمە سۆزدارییەش بکرێت کە بیرەوەرییەکانی شیوەسەڵی بە دنیای داستانی ڕیمۆند کارڤەر گرێ دەداتەوە. کارڤەر لە چیرۆکەکانی خۆیدا، زۆر جاران بۆ گواستنەوەی تراژیدیا کەلک لە وردەکاریی کورت و پوختی ژیانی ڕۆژانە وەردەگرێت. لەنێو دەقی بەرباسی شیوەسەڵیشدا وردەکاریی وەکوو «ددانە سپییەکانی مەمۆ»، «چایی گەرم» یان «ڕەنگی ڕەشەشەو»، هەڵگری باری عاتیفیی قورسن. پێناسەی مەرگ لەم گێڕانەوەیەدا نە بە زمانی حەماسی، بگرە بە بێدەنگی، لەرزین و وردەکاریی گچکە دەردەبڕێن.

کەسایەتییەکانی دوو برای دووانە، مەمۆ و کاکەمەمیش لە ڕەوتی داڕشتی تراژیکی دەقەکەدا ڕۆڵی چارەنووسسازیان هەیە. ئەم دوو برا دووانەیەی کورمانج کە لە شەڕی دژ بە کۆماری ئیسلامیدا شەهید دەبن، بوون بە هێما و سەمبولی یادگە و نەبوون (نەمان). وێنەی «ڕیزێک ددانی سپیی وەک مرواری» لە سەر لێوی مەمۆ، دوایین چرکەساتەکانی بوونی ئینسانیی ئەو تۆمار دەکەن؛ ئەو چرکەساتەی بەر لەوەی بگۆڕدرێت بۆ بیرەوەری و ماتەمین. پاشان، گێڕەرەوە هیوا دەخوازێت کاکەمەم دیسان لە خەو هەڵستێت و بانگی ئەو بکات. ئەو حاشاکردنە لە مەرگ و هیوای گەڕانەوە، وەبیرهێنەرەوەی کەشوهوای شینگێڕیی شێعرەکانی ئەخماتۆڤایە لە شێعری «ڕیکوێم»دا؛ ئەو بەرهەمەی کە تێیدا ژنە شاعیر هەوڵ دەدات ژان و نەبوونی بەکۆمەڵ لە لەبیرچوونەوە دەرباز بکات و تۆزی فەرامۆشی لەسەر لابدات.

لە گۆشەنیگای هێماناسییەوە، کۆپتەرە کووبراکان گرنگترین خوازەی دەقەکەن. شیوەسەڵی ئەوان وەک «دووپشکی جەڕاڕ» و «ئەژدیهای باڵدار» وێنا دەکات کە «درێشووکەی ژاراویی فەتوای جیهاد» ڕۆ دەکەنە ناو جەستەی منداڵ و ژنی کوردستانەوە. ئەو جۆرە لە وێناکردنە، دەق دەبات بەرەو کەشوهوای گۆتیک و پڕ لە مۆتەی بەرهەمەکانی ئێدگار ئالن پۆ؛ شوێنێک کە تێیدا شتەکان و بوونەوەرەکان دەبن بە هەڵگرانی ترس و مەرگ. کۆپتەرەکان لێرەدا، بەتەنیا ئامێر و کەرەسەی شەڕ و وێرانی نین؛ بگرە بوونەوەرگەلی جەهەننەمین کە تەکنۆلۆژیای مۆدێرن بە تووندوتیژیی ئایدیۆلۆژییەوە گرێ دەدەنەوە.

ئەمە لە ڕوانگەی پاش‌داگیرکارییەوە بایەخێکی تایبەتی هەیە. دەوڵەتی ناوەندی لەم نووسینانەدا، کوردستان وەک «ئەویتری مەترسیدار» نیشان دەدات و بە زمانی جیهاد، ڕەوایی دەداتە بەکارهێنانی تووندوتیژی دژ بە کوردستان. فانون لە کتێبی «دۆزەخییەکانی سەر ڕووی زەوی»دا باس لەوە دەکات کە داگیرکار جیهان دابەشی دوو بەش دەکات: جیهانی داگیرکار و جیهانی داگیرکراو. لە دەقی شیوەسەڵیشدا ڕێک وەها دابەشبوونێک لە ئارادایە: لە لایەک گوندەکانی کوردستان، پێشمەرگەکان بە چەک و چۆڵی سووک، ژن و منداڵ؛ و لە بەرامبەریشدا تانکەکان، فانتۆمەکان و کۆپتەرە کووبراکان. زەبروزەنگ نواندن لێرەدا بەس سەرکوتی سەربازی نییە، بگرە هاوکات هەوڵ و دەورێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی یادگە، شوناس و جوگرافیای نەتەوەیی.

شیتەڵکاریی پاش‌داگیرکاریی ئەم دەقە، گرێ دەدرێتەوە بە چارەنووسی خۆی شیوەسەڵی. ئەو لە ساڵی ١٩٨٧ی زایینیدا، هەشت ساڵ دوای ئەم ڕووداوانە، لە کوردستانی باشوور کرایە ئامانجی تیرۆرێکی ڕێکخراو. کتێبێکی چێندراو بە بۆمبی بە ناوی «دان‌چەرموو» بۆ هێنا. لە کاتی کردنەوەیدا دەتەقێتەوە و چاوەکان و دەستەکانی لەدەست دەدات. ئەم ڕووداوە لە ڕوانگەی هێماییەوە، گرنگی و بایەخی خۆی هەیە: کتێب کە لە نەریتی ئینسانیدا هێمای زانست، یادگە و گێڕانەوەیە، دەگۆڕدرێت بۆ ئامێری تێرۆر. دەکرێ ئەم ڕووداوە بە چەمکی «مەرگی سیاسەت» لە بیر و هزری ئاشیل مێمبیدا شیکاریی بۆ بکرێت؛ چەمکێک کە دەریدەخات دەسەڵاتی سیاسی چۆن دەست دادەگرێت بەسەر ژیان، مەرگ و تەنانەت یادگەشدا.

بەم حاڵەش ئەشێ لە نێوان زەمەنی شەڕ و زەمەنی تیرۆری شیوەسەڵی، جیاوازییەک دابنرێت. نووسینەکانی ئەو دەگەڕێنەوە بۆ ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی؛ ئەو کاتانە ئەو ساخ و سەلیم بووە و بە تەواوی هەستەکانیەوە جیهانی دەدی و لێی تێدەگەیشت. هەربۆیە هەستە زاڵەکان لەو نووسینەدا ڕەسەنن و ڕێک زمانحاڵی ئەو سەردەمەن و بە باشی دەرەقەت و دەروەستی وێناکردنی چرکەساتەکانی ڕووداوەکانی شەڕەکان و وردەکارییەکانیان هاتووە. دەبێ بڵێین کە ئەو تێرۆرە درێژەی هەر هەمان ئەو زەبروزەنگ و تووندوتیژییەیە کە لە دێڕ بە دێڕی بیرەوەرییەکانیدا خوێنەر هەستی پێ دەکات. هەر ئەمەش، واتە گرێدراوی لە نێوان شەڕ، یادگە و جەستەی بریندار و زامداری نووسەر، دەسەڵاتێکی تراژیک و هەرمان دەبەخشنە دەقەکەی.

دواجار، بیرەوەرییەکانی شیوەسەڵی دەکرێ وەک مشتێک لە خەروارێکی گرنگی ئەدەبی بەرگریی کوردی دابنێین؛ ئەو ئەدەبەی کە تێیدا گێڕانەوە ئامێرێکە بۆ پاراستنی یادگە و خەبات دژ بە سڕینەوەی مێژوویی.

ئیدوارد سەعید لە پێشەکیی «فەرهەنگ و ئیمپریالیزم»دا ئاوا دەنووسێت: «گێڕانەوەکان لە ناخ و هەناوی ئەو شتەدان کە گەڕۆک و ڕۆماننووسەکان لەمەڕ وڵاتە نەناسراوەکانەوە باسیان لێوە دەکەن». لە نووسراوەکانی شیوەسەڵیشدا، گێڕانەوە کەرەسەیەکە بۆ گەڕاندنەوەی دەنگ و سەدای ئەو خەڵکەی کە مێژووی فەرمی هەوڵی سڕینەوە یان بێدەنگکردنی داوە و دەدات.