نازی موعینیان- واڵستریت جورناڵ
و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەنپوور
محەممەدباقر زولقەدر کە هەتا وازهێنانی لە حەوتووی ڕابردوودا بەرپرسی شوڕای بەرزی ئەمنییەتی نەتەوەیی بوو، ڕۆژی شەممە گوتی گەرووی هۆرمز ناکرێتەوە. هەتا ئەو کاتەی ئەمریکا "ڕەفتارەکەی ڕاست نەکاتەوە". مەرجەکانی ناوبراویش لەەر ئەمریکا بریتی بوون لە کۆتاییی یەکجاریی جەنگ، کشانەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ناوچەکە، هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی، ئازادکردنی داراییە سڕکراوەکانی ئێران و قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگ. سوپای پاسداران لەوەش بەولاوەتر چوو و گوتی گەرووی هۆرمز پەیوەندییەکی بە گفتوگۆ هاوتەریبەکانی نێوان ئێران و عومانەوە نییە و واشینگتۆن دەبێ واز لە "دەستێوەردان" لە دانوستانە هەرێمییەکان بهێنێت.
هەواڵگرییەکانی عەرەبستانی سعوودی و ئەمریکا ئاشکرای دەکەن کە ڕێژیم میلیشیا عێراقی و حوسییەکان بەرەو هێرشی هاوئاهەنگ بۆ سەر عەرەبستانی سعوودی هان دەدات. کاربەدەستانی سعوودی لەو بڕوایەدان هێرشەکان وەها ڕێک دەخرێن کە هەمان دانوستان پەک بخەن کە تاران ئیدیعا دەکات بە نیازپاکییەوە بەتەمای بەئەنجامگەیاندنیانە.
ڕێژیمی ئێران بەم ئاکارانەی لاوازیی خۆی دەشارێتەوە. ئەگەرچی لە دۆخێکی لاوازەوە دانوستان دەکات، بەڵام مانەوەی خۆی وەکوو سەرکەوتن پیشان دەدات. نوخبەکانی ڕێژیم بەم شێوەیە هەوڵ دەدەن گوتاری جەنگ، خێراییی دانوستانەکان و مەرجەکانی هەر جۆرە ڕێککەوتنێک کۆنتڕۆڵ بکەن.
دیپلۆماتەکانی ئەمریکا پێشتر ئەمەیان دیتووە. پاش دانوستان لەگەڵ سەرۆکوەزیران محەممەد موسەددیق لە کاتی قەیرانی بەنیشتمانیکردنی نەوت لە ١٩٥١–١٩٥٣، ڤەرنۆن واڵتێرز، وەرگێڕی ویلیام ئاڤەرێل هاریمەن (بەڕێوەبەری ئاژانسی ئەمنییەتی هاوبەش لە ساڵەکانی ١٩٥١–١٩٥٣) بە گاڵتەوە دەیگوت موسەددیق "هونەری هەنگاوێک بەرەوپێش بە مەبەستی گەڕانەوەی دوو هەنگاو بەرەو دواوە"ی تەکمیل کردووە. تەمەنێک و شۆڕشێک دواتر، هێندێک لایەنی سیاسەتی دەرەوەی ئێران بەم شێوەیە دەرکەوتووە. سازش وەک لاوازی لێک دەدرێتەوە و لاوازیش، بێتوو کەڵکی لێ وەرنەگیرێت، بە مانای شکست و شکانە.
تۆماس شێلینگ، ستراتێژیستی شەڕی سارد کە لەسەر تاکتیکەکانی دانوستان شتی نووسیوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە لاوازی دەتوانێ ببێتە خاڵی بەهێزی، بێتو ئەو لایەنەی بژاردەی کەمتری لەبەر دەستدان دەست بە سووتاندنی پردەکانی پشت سەری خۆی بکات و بڵێ پاشەکشە بژاردەیەک نییە. ئەمە دەبێتە هۆی سازشی ئەو لایەنەی کە بژاردەی زۆرتری لەبەر دەستدان و کەمتر بەرگەی ئازار دەگرێت. تاران دەقاودەق ئەم کارە دەکات، هەڵوێستەکەی دەگۆڕێت و لیستەی مەرجەکانی جێگای پەسەندی بەرتەسک دەکاتەوە، سەر لە ناوبژیوانان لە ژنێڤ، ئیسلامئاباد و مەسقەت دەشێوێنێت.
واشینگتۆن چوار گریمانەی هەڵە لەبارەی ئێراندا دەکات. یەکەم، کاربەدەستانی وڵاتە یەکگرتووەکان گریمانەی ئەوە دەکەن کە ڕێژیم بکەرێکی ئەقڵانییە کە تێچووەکان و دەستکەوتەکان هەڵدەسەنگێنێت. تاران لە کاتی هەڕەشەی مان و نەماندا وریایی پیشان داوە، خولیاکانی دابەزاندووە و سازشی نەرمی لەمەڕ بەرنامە ناوکییەکەی قبووڵ کردووە. بەڵام ئەو لە هەمان کاتدا دەوڵەتێکی شۆڕشگێڕە و، لە ١٣٥٧ بەولاوە بە بیروباوەڕی ئایدیۆلۆژیک و هەروەها هەڵسەنگاندن لەسەر پێ ماوەتەوە. تواناییی سەربازیی واشینگتۆن فرە لە هی ئێران زیاترە، بەڵام ئەو ناتوانێ ئەم وێنەیەی ڕێژیم وەک ڕێبەری "بەرەی مقاومەت" کە لەسەر ئەفسانە بنچینەیییەکانی خۆی دامەزراوە و سازش وەک لادان لە ڕێگای ڕاست سەیر دەکات، نە وەکوو کارێکی باش، بە زۆری بسڕێتەوە.
دووهەم، دانوستانکارانی ئەمریکایی پێیان وایە ئاستێکی دیاریکراوی ژان و ئازار هەیە کە لەوە بەولاوە ڕێژیم تێکدەشکێت. ڕەنگبێ ئەمە ڕاست بێ، بەڵام بە هۆی پەلەی واشینگتۆن بێئاکام دەمێنێتەوە. گەمارۆ دەریاییەکەی وڵاتە یەکگرتووەکان دژی هەناردەکردنی نەوتی ئێران کە لە ١٣ی مانگی ئاپریلەوە دەستی پێکردووە، نموونەیەکی ئەوتۆیە: بە گوتەی بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ، زەرەری ڕۆژانەی ئێران بە هۆی ئەم گەمارۆیەوە بە ٥٠٠ میلیۆن دۆڵاری ئەمریکی دەخەمڵێندرێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە مانگی جوون، بەر لە هەر جۆرە سازشێکی بەرچاوی ئێران، گەمارۆکە هەڵگیرا. گیروگرفتەکە ڕەنگبێ ئەوە نەبێ کە تاران ناگاتە ئاستی دیاریکراوی ژان، بەڵکوو واشینگتۆن هێندە دان بە خۆیدا ناگرێت کە ژانەکە بگاتە ئەم ئاستە.
سێهەم، دیپلۆماتەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان بە هەڵە پێیان وایە دۆڕان لە مەیدانی جەنگ دەبێتە هۆی دۆڕان لە کاتی دانوستاندا. تەسلیمبوون پاش شکستی سەربازیی تەواو، بیرەوەریی بنەڕەتیی کولتووری ستراتێژیی ئەمریکایە، لە ١٩٤٥ هەتا جەنگی ١٠٠ کاتژمێریی دژی عێراق لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی "گەردەلوولی بیابان" لە ١٩٩١. بەڵام ئەوان سەرکەوتووی جەنگی هێزی پیادە بوون، نەک هەڵمەتی ئاسمانی بەتەنیا. تەنانەت لە کۆسۆڤۆ، نموونەیەک کە زۆرجار وەک تواناییی هێزی ئاسمانی بۆ بەچۆکداهێنانی بەرهەڵستکارێک باسی لێوە دەکرێت، ناتۆ تەنیا کاتێک سەرکەوت کە داگیرکاریی هێزی پیادە وێدەچوو گەلێک نزیک بێت. بەکرێگیراوانی ئێران تەفروتونا کراون و دانوستانکارەکانی لە عومان هێشتا وەکوو براوە هەڵسوکەوت دەکەن.
چوارەم، وڵاتە یەکگرتووەکان وا دەزانێ پشێویی نێوخۆیی پێگەی دەوڵەت لە دەرەوە لاواز دەکات. یاسای سزادانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناڕەزایەتیی نێوخۆ وەک "موحاربە" یان "شەڕ دژی خودا" پێناسە دەکات، تاوانێک کە سزاکەی کوشتنە. دادئەستێنی گشتیی ئێران، محەممەد مووەحیدی-ئازاد، ئەم ستانداردەی لە مانگی جانیوەریدا بە شێوەیەک بەرفراوان کرد کە زەرەرگەیاندن بە موڵکی گشتی بگرێتەوە و ڕێنوێنی دادوەرەکانی کرد ئەم جۆرە تاوانبارانە بێبەزەییانە سزا بدەن. ڕێژیمێک کە ئامادەییی کوشتنی هەزاران کەس لە خەڵکی خۆی پیشان داوە، تواناییی خۆڕاگری لە بەرانبەر ژانێکی فرە بەرچاویشدا هەیە بەر لەوەی تەسلیم بێت. ئەو دەیهەوێ گشت دانوستانکارانی ئەوبەری مێزەکە لەوە تێبگەن.
هیچکام لەوانە بەو مانایە نییە کە ڕێژیم لە ئاسایشدا بێت. ئەو ڕەنگبێ بگاتە سنووری ئاستی دانبەخۆداگرتنی واشینگتۆن. سەرۆک کۆمار ترامپ ڕۆژی یەکشەممە بە ئاکسیۆسی گوتبوو کە ناوبراو "تەنیا خەریکی شێوە دانوستانە" و "ئەم کارە بە ئارامی لەگەڵ ئێران دەکات،" کە وێدەچێ بە مانای گەڕانەوە بۆ ئۆپەراسیۆنی تووڕەییی ئابووری و دەستپێکردنەوەی گەمارۆی دەریاییی ئێران بێت. ئەمە بڕیارێکی دروستە. ستراتێژیی خنکاندنی بێدەنگی ڕێژیم کارێکی ئاسایی نییە؛ پێشگرتن لە داهاتی ڕۆژانەی ٥٠٠ میلیۆن دۆڵار و نەهێشتنی هەناردەکردنی بەرهەمەکانی پێترۆشیمیی ئێران کارێکی کەم نییە. بە گوتەی میعاد مالیکی لە دامەزراوەی داکۆکی لە دیمۆکراسییەکان، ئەم هەڵوێستە بووەتە هۆی شکستهێنان لە دانەوەی قەرزەکان و کەڵەکەبوونی قەرزەکانی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێران و، لە ئاکامدا لاوازکردنی ڕێژیم بە هۆی چەرەمسەریی ئابوورییەوە. بە پێچەوانەی سەرکەوتن لە ئاسمانەوە، ڕەنگبێ دەقاودەق ئەم هێرشە هێواشە بێت کە سەرۆک کۆمار باسی لێوە دەکات.
لەگەڵ زەختخستنە سەر تاران، واشینگتۆن پێویستە ڕوونی بکاتەوە خوازیاری چییە، نەک تەنیا باسی ئەوە بکات کە دژی چییە. لێرەدا گیروگرفتێک لە گەیاندنی پەیامدا هەیە کە ڕێژیم بەردەوام کەڵکی خراپی لێ وەرگرتووە. واشینگتۆن پێویستە ڕێگای نوێ بۆ ئەستاندنەوەی گوتار لە ڕێژیم بدۆزێتەوە و خۆ لە ڕاڕایی ببوێرێت، جیاوازی لە نێوان ڕێژیم و خەڵکدا دابنێت، لاوانی ئێران تێوەبگلێنێت، لە کاتی پچڕاندنی ئینتەرنێت لە لایەن ڕێژیمەوە دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت مسۆگەر بکات و کەسایەتییە سەرەکییەکان کە ڕەنگبێ لە ئێرانی دوای نەمانی ڕێژیمدا دەور بگێڕن بەهێز بکات. سەپاندنی گەمارۆی فیزیکی ڕەنگبێ ساکارتر لە ورووژاندنی ٨٠٪ی ئەو ئێرانییانە بێت کە دژی ڕێژیمن. بەڵام بەدەسەڵاتکردنی بەرهەڵستکاران ستراتێژییەکە کە ڕەنگبێ لە کاتێکدا کە ڕێژیم بۆ مانەوەی خۆی خەبات دەکات، بەرهەمدار بێت.
تاران بریندارە، بەڵام شەکەت نەبووە. توانیویەتی لە دوو شەڕ، قەڵاچۆکرانی ڕێبەرییەکەی، تەفروتونا بوونی بەرگریی ئاسمانی و دەریایی، لاوازبوونی ڕایەڵەی بەکرێگیراوانی و ئابوورییەکەی بەرەو هەڵدێر دەرباز بێت؛ ئەمەش ڕێگای پێ داوە بە تاقمێک وەرەقی لاوازەوە کایەیەکی بەهێز بکات. وڵاتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل بە شێوەیەکی بەرچاو تواناییەکانی ڕێژیمیان لاواز کردووە. دانوستانکارانی وڵاتە یەکگرتووەکان هەروەها پێویستە واز لە گریمانە کۆنەکان بە قازانجی تێگەیشتن و ستراتێژیی فرەچەشنتر بهێنن. تا ئەمە ڕوو نەدات، تاران درێژە بە کەڵکوەرگرتن لە کارتە لاوازەکانی و شێواندنی کایەکە دەدات.