ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە لە بەندیخانەی ورمێ گوشار بۆ سەر بەندکراوان، بەتایبەت بەندکراوانی سیاسی، ڕووی لە زیادبوون کردووە. بەڕێوەبەری بەندیخانەی ورمێ بڕیاری داوە کە ئەو بەفرگر و تلویزیۆنانەی لەبەر دەستی بەندکراواندان، کۆ بکرێنەوە.
ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی خەرمانان، بەندکراوان بەرانبەر ئەو بڕیارەوە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە کە ئەمانە کەرەستەی ئەم بەندیخانەیەن و مافی سەرەتایی بەندکراوانە. ئەوان دەبێت دوای کۆکردنەوەیان، دووبارە بە تێچووی کەسیی خۆیان بیکڕنەوە.
ئەم بڕیارەی بەرپرسانی بەندیخانەکان لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی بەندیخانە زۆرێک لە کەرەستە خزمەتگوزارییەکانی پێویستی بەندکراوان دابین ناکەن و بەندکراوان ناچارن خۆیان یان خێزانەکانیان بە پارەی خۆیان دابینیان بکەن.
بەپێی چەند ڕاپۆرتێک، لە بەندیخانەی ورمێ، بەڕێوەبەری بەندیخانە فەرمانی کۆکردنەوەی زۆر کەرەستەی سەرەتایی و پێویستی وەک بەفرگر و تلویزیۆنەکانی ناو بەندەکان بەتایبەت بەندی بەندکراوانی سیاسیی دەرکردووە.
ئەوە لەکاتێکدایە کە ئەم دۆخە گوشارێکی دارایی زیاتر دەخاتە سەر بنەماڵەی بەندکراوان؛ ئەو بنەماڵانەی کە لە زۆرێک لە حاڵەتەکاندا بۆ دابینکردنی تێچووی خواردن، دەرمان و پێداویستییە ڕۆژانەکانی تری بەندکراوان ناچارن پارە بدەن.
پێشتریش ڕاپۆرتگەلێک سەبارەت بە کەمبوونەوەی کەرەستە سەرەتاییەکان و ناڕەزایەتیی بەندکراوانی لە بەندیخانەی ورمێ سەبارەت بە کوالێتیی خواردن و کەمبوونەوەی خزمەتگوزارییەکان بڵاو کرابووەوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، بەپرسانی بەندیخانەی ورمێ هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە هۆکاری کۆکردنەوەی ئەم کەرەستانە و بێبەشکردنی بەندکراوان لە سەرەتاییترین مافە خزمەتگوزارییەکان نەخستووەتە ڕوو.