بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، بەهای ڕیاڵی ئێران بەرانبەر بە دۆلاری ئەمریکا بۆ نزمترین ئاستی مێژوویی خۆی داڕماوە، کە ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ قەیرانی سەختی کەمیی سووتەمەنی و گرانیی نرخەکان، گوشارێکی بێوێنەی خستووەتە سەر بنەماڵەکان و شەپۆلێکی مانگرتنی شۆفیرانی لە چەندین شاردا لێکەوتووەتەوە.
ڕۆژنامەی "جرۆزاڵم پۆست" بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتێکی "واڵستریت ژۆرناڵ" بڵاوی کردەوە، بەهۆی سەختبوونی لێکەوتە ئابوورییەکانی شەڕ و جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر هاوردەکردنی سووتەمەنی و کەلوپەل، بەهای هەر دۆلارێکی ئەمریکا گەیشتووەتە نزیکەی ۲۳۰ هزار تمەن.
لە وڵامی ئەم قەیرانەدا، ڕێژیمی تاران سەرباری بڕینی پاڵپشتیی دارایی مانگانە، نرخی بەنزینی بۆ ئەو شۆفێرانەی لە مانگێکدا زیاتر لە ۱۱۰ لیتر بەکار دێنن، دوو هێندە کردووەتەوە.
ئەم هەنگاوەش گورزێکی قورسی لە کەرتی گواستنەوە و بەتایبەت شۆفێرانی تاکسی، بارهەڵگرەکان و خزمەتگوزارییەکانی گەیاندن داوە.
لە شاری کرمان، نزیکەی ۱۲۰ شۆفێری تاکسی ڕایانگەیاندووە کە بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە نەیانتوانیوە بۆ ماوەی لانیکەم یەک لەسەر سێی مانگ کار بکەن و هاوکات شۆفێرانی گەیاندنی "سنەپ" لە چەندین شاردا مانیان گرتووە.
هەروەها شۆفێرانی بارهەڵگر لە نزیک سنوورەکانی عێراق دەستیان لە کار هەڵگرتووە و شۆفێرانی بەندەرعەباسیش ڕایانگەیاندووە کە ئەگەری بەشداربوونیان لەو مانگرتنەدا زۆرە.
شۆفێرانی بەندەرەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختیان کردووەتەوە کە توانای بەرگەگرتنی ئەم هەمووە گوشارە ئابوورییەیان نەماوە.