کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: ئەگەر تاران چەکی ئەتۆمی هەبوایە، هێرشی دەکردە سەر ئورووپا و ئەمریکا

10:09 - 22 خەرمانان 2726

دونالد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە ئیرلەند ڕایگەیاند شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بەزوویی کۆتایی دێت و جەختی کردەوە ڕێژیمی تاران بە هیچ شێوەیەک بۆی نییە بێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، چونکە بەوە ئەمنییەتی جیهانی دەخستە مەترسییەوە.

ترامپ ئاماژەی بەوە کرد دەسەڵاتدارانی ئێران هەوڵ دەدەن تا هەڵبژاردنەکانی کۆنگرە خۆیان ڕاگرن، بەڵام وتی: "ئێران ناتوانێت چەکی ئەتۆمی هەبێت. ئەوان تەنیا دوو حەفتەیان مابوو دەستیان پێی بگات؛ ئەگەر هەیانبووایە، ئیسرائیل و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان دەتەقاندەوە و هێرشیان دەکردە سەر ئورووپا و ئەمریکاش."

سەرۆککۆماری ئامریکا جەختی لەسەر سەرکەوتوویی هێزەکانی وڵاتەکەی کردەوە و وتی: "ئەمریکا کۆنتڕۆڵی تەواوی گەرووی هۆرمۆزی لەدەستدایە و گەمارۆدانی دەریایی ئێران بە باشترین شێوە بەڕێوە دەچێت."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد هێزەکانی ئامریکا هاوکاریی دەرچوونی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لەو ڕێڕەوە دەکەن.

ترامپ لە کۆتاییدا باسی لەوە کرد تاران بەتوندی خوازیاری ڕێککەوتنە، بەڵام هێشتا ئامادە نییە و وتیشی بە کۆتاییهاتنی خێرای ئەم ئاڵۆزییانە، نرخەکانی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن.