کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووسی: بێئاگایی لە پاشەکەوتی ئەتۆمیی ئێران نیگەرانییەکی جیددیە

16:05 - 23 خەرمانان 2726

ڕافائێل گرووسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە حەفتاهەمین کۆبوونەوەی ئاژانس لە ڤییەن هۆشداریی دا کە بێئاگایی لە دۆخی پاشەکەوتی ئۆرانیۆم لە ئێران نیگەرانییەکی جیددییە و ڕایگەیاند کە ئاژانس زیاتر لە شەش مانگە هیچ چالاکییەکی پشتڕاستکردنەوەی لەو وڵاتەدا ئەنجام نەداوە.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕۆژی دووشەممە ۲۳ی خەرمانان ڕایگەیاند، ئاستی چاوەدێریی ئاژانس بەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لە ساڵی ۲۰۲٦دا بەشێوەیەکی بەرچاو تێک چووە و جگە لە پشکنینی وێستگەی ئەتۆمیی بووشێهر لە مانگی ژوئەندا، دەستڕاگەیشتنەکان بە تەواوی پەکیان کەوتووە.

گرووسی ئاماژەی بەوە کرد نەبوونی زانیاری لەسەر ماددە ئەتۆمییەکان و ڕێگەنەدان بە پشکنینی دامەزراوەکان، نیگەرانیی سەبارەت بە تەشەنەسەندنی چەکی ئەتۆمی دروست کردووە و جەختی کردەوە کە "دەبێت بە بەپەلەترین شێوە کار لەسەر ئەم بابەتە بکرێت."

ناوبراو گەڕانەوە بۆ دیپلۆماسی و دانوستاندنی بە پێویستییەکی حەتمی ناو برد و جەختی لەوە کردەوە کە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) بەردی بناغەی ئەمنییەتی جیهانییە و داوای لە وڵاتانی ئەندام کرد لە بەڵێنەکانیان بەردەوام بن.