کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی نەوت ٣٪ بەرز بووە و ١٠٧ دۆلاری تێپەڕاند

14:24 - 23 خەرمانان 2726

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە ڕێژەی نزیکەی ٣٪ بەرز بووەوە، ئەمەش دوای زنجیرەیەک هێرشی نوێ بۆ سەر ژێرخانی وزەی عەرەبستان و پێکدادانە دەریاییەکان لە گەرووی هۆرمۆز بوو، کە بووە هۆی داخرانی هێڵی لوولەی سەرەکیی ڕۆژهەڵات-ڕۆژاوا و زێدەبوونی نیگەرانییەکان لە پچڕانی خستنەڕووی نەوت.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی خەرمانان، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت ۲.۹۳ دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە ۱۰۷ دۆلار و ٥٤ سێنت.

هەروەها نرخی نەوتی خاوی وێست تێگزاس ئینتەرمێدیێت ۲.۸۸ دۆلار زیادی کرد و بە ۱۰۲ دۆلار و ٩٣ سێنت مامەڵەی پێوە کرا.

ئەم بەرزبوونەوەیە بەدوای ڕاگرتنی کاتیی هێڵی لوولەی نەوتی "ڕۆژهەڵات-ڕۆژاوا"ی عەرەبستان لە ئەنجامی هێرشێکی دڕۆنیدا هاتە ئاراوە.

ئەم هێڵە لوولەیە ڕۆڵێکی ستراتێژی دەگێڕێت لە ڕاگواستنی ڕێڕەوی هەناردەی نەوتی عەرەبستان بۆ دوورکەوتنەوە لە گەرووی هۆرمۆز و داخرانەکەشی مەترسی لەسەر ٤٪ی کۆی خستنەڕووی نەوتی جیهانی دروست دەکات.

لەلایەکی ترەوە، دەسبەسەرداگرتنی دوورگەی "پریم" لە گەرووی بابولمەندەب لەلایەن حووسییەکانەوە، مەترسییەکانی سەر ئەم ڕێڕەوە ئاوییە گرنگەی تری گواستنەوەی نەوتی زەقتر کردووەتەوە.