بەهۆی گوشارە بەردەوامەکانی واشنگتۆنەوە، وڵاتی ئۆتریش ڕێگریی لە سەفەر و بەشداریی سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران لە کۆنفرانسی ساڵانەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ڤییەن کردووە.
هەواڵدەریی "بلۆمبێرگ" لە ڕاپۆرتێکدا لە سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئەمریکاییەوە ڕایگەیاند، کە بڕیار بوو محەممەد ئیسلامی، جێگری سەرۆککۆمار و سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە لە کۆبوونەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ڤییەن وتار پێشکەش بکات؛ بەڵام لەژێر گوشار و داواکاریی دەوڵەتی ئەمریکادا، وڵاتی ئۆتریش ڕێگەی بە ناوبراو نەداوە بچێتە وڵاتەکەی.
ئەم ڕێگرییە لەکاتێکدایە کە هەواڵدەریی "مێهر"ی ڕێژیم پێشتر ڕایگەیاندبوو محەممەد ئیسلامی بە مەبەستی بەشداری لەم کۆنفرانسەدا بەرەو ڤییەن بەڕێ کەوتووە.
بلۆمبێرگ ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەپێی گۆڕانکارییەکان، ئەگەری هەیە نوێنەرێکی ئاست نزمتری ڕێژیمی ئێران لەجیاتی ئیسلامی لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بێت.
ئەم ڕووداوە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ قووڵبوونەوەی ئاڵۆزییە دیپلۆماسییەکان و توندتربوونی سزاکانی ڕۆژاوا دژی بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامی، کە تێیدا ڕێگە نادرێت بەرپرسانی ڕێژیم سەکۆ نێودەوڵەتییەکان بەکار بێنن.