دارسمە
ئەم جیاکردنەوە و جیاکارییە زمانی و زمانەوانییە، بەتایبەت پێداگری لەسەر زمانێک جگە لە زمانی هاوبەشی گەلان، ئاکارێکە خەڵک تووشی کێشەی بنەڕەتی، یان بە وتەی زمانی هاوبەشی گەلان تووشی «مشکل اساسی» دەکات. جا لەبەر هندێ (نەک لەبەر پاکستانێ!)، پێویستە بەوردی بیر لە هەموو شتێک بکەینەوە، تەنانەت لە سیاسەتیش. لێرەدا وشەی «هند» ناچاری کردم نێوبڕێک بدەمە ئەم قسانەم؛ سەبارەت بەوەی وشەی «هند» بە دەممدا هات و «پاکستان»ـیشی لێ کەوتەوە، دەمەوێت لە مەودای نێوان کرانەوە و داخستنەوەی دوو کەوانەی بەرانبەر بە یەکدا، بابەتی ئەم «هند» و «پاکستان»ـە شی بکەمەوە.
با سەرەتا کەوانەی یەکەم بکەینەوە و دەست پێ بکەین: (زمانی کوردی، چونکە زمانی هاوبەشی گەلان نییە، لەنێو دەروونی خۆیدا جاری وایە هەڵگری کێشەیە. بۆ وێنە، وشەی «هند» کە زۆرجار وەک «هەند» و «هێند»یش دەریدەبڕن، هەمان مانای «قەیاس» و «بڕ» دەدات و جاری واش هەیە وەک ئیدیۆم دەبێتە جێناو و مانای «ئەم» یان «ئەو»یش دەبەخشێت. ئەگەر لە سەرەوە وشەی «هند» لەجیاتی «ئەمە» لە دەم دەرنەپەڕیبایە و لەجیاتی دەستەواژەی «لەبەر هندێ» گوتبام «لەبەر ئەمە»، هەرگیز وشەی «پاکستان» بە دوایدا نەدەهات. ئەم دابڕانە و کەوانەکردنەوەیەش هەر لەبەر هندێ — ببوورن لەبەر ئەمە — بوو، بۆیە واباشە لێرەدا کەوانەکە داخەین).
ئەوە کەوانەمان داخست و دەچینەوە سەر بابەتی خۆمان. خۆزگە هند و پاکستان لەجیاتی ئەوەی دراوسێی یەک بن، یەک وڵات بوایەن و ئەم هەموو فرەزمانییەی هندوستان و کێشەی پاکستان و — بیللا مانێ — بەنگلادیشیش دروست نەبوایە! هەموویان زمانی ئینگلیزییان بکردبایە بە زمانی گەلان و لەم شەڕە گەڕەکە ڕزگاریان بوایە. بەڵام هند سوودێکی باشی کردووە، ئەویش ئەوەیە بەلووچەکانی لە کۆڵ بووەتەوە و ئەوان کەوتوونەتە سەر سنوورەکانی پاکستان و ئێران؛ بە جەهەننەم با هەر لەوێ، یانی لەم دوو وڵاتەدا زیان بە زمانی گەلان بگەیەنن.
باش بوو ناوی ئێرانم هێنا و دەستەواژەی سەرەکیی ئەم بابەتە، واتە **«مداخلهجویانە»**م بیر کەوتەوە. ئەم دەستەواژەی **«مداخلهجویانه»**یە کە هی زمانی گەلانە، لە ئێران دوای لێدوانێکی پیسی سەرۆککۆماری ئەمریکا لەم دواییانەدا زیاتر کەوتووەتە سەر زار و زمانان و وای کردووە قووڵتر بیر لەم دەستەواژەیە بکەینەوە.
هەموومان ئاگادارین پاش ئەوەی دەستەڵاتی «پیرۆز»ی کۆماری ئیسلامی دەستی بەسەر ئێراندا گرت و ناوی «باڵیۆزخانە»ی ئەمریکای بۆ «سیخوڕخانە»ی ئەمریکا گۆڕی، دەستەڵاتی ئەم ئەمریکایە پەیتا پەیتا بە شێوەی جۆراوجۆر هێرش دەکاتە سەر دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامی. بەڵام لە سایەی سیاسەتی ژیرانەی ژێربەژێرانە و بیرکردنەوەی قووڵی «امت همیشه در صحنه»، قەت نەیتوانیوە زیان بەم دەستەڵاتە «پیرۆزە» بگەیەنێت. بە فڕۆکە و مووشەک و بۆردومان و گەمارۆی ئابووری و مابوورییش، نەیتوانیوە دەستەڵاتی پیرۆز لەنێو ببات. تەنانەت **«به شهادت رساندن»**ـی ئەم هەموو فەرماندە و مەرماندەیە بە ڕێبەری مەزنەوەش، نەیانتوانیوە موویەک لە «اقتدار نظام» کەم بکەنەوە. وەک پابەندبوونێک بە زمانی گەلانەوە، باس لە دەستەواژەی «به شهادت رساندن» و «اقتدار» بە ڕێنووسی پیرۆزی گەلان دەکەم، دەنا بڕوا بکەن دەتوانم ئەوانیش بە کوردیی پەتی بڵێمەوە، بەڵام مخابن ئەو کوردییە پەتییە زیان بە بیروبۆچوونی پێشکەوتووانە دەگەیەنێت.
ئەگەر بگەڕێینەوە سەر بابەتی دوژمنداریی نێوان دوو دەستەڵاتی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی و لەسەر وشەی «مداخلهجویانە» چڕ ببینەوە، ئەوانەی ئەمریکا دژ بە کۆماری ئیسلامی کردوونی، هیچیان بە قورسایی و بارستایی لێدوانی ئەم دواییانەی سەرۆککۆماری ئێستای ئەمریکا، واتە دۆناڵد ترامپ، «مداخلهجویانە» نەبوونە. ئەوەتا بە ڕۆژی ڕوون دەڵێت چاوەڕوانم خەڵکی ئێران ڕاپەڕن و وەک ئەو دەڵێت، ئەم «رژیم»ـە لەنێو بەرن. ئێستا ئەوەندە لەخۆبایی بووە دەڵێت چاوەڕوان نیم لەگەڵ ئێراندا دانوستانیش بکەین.
ئێستا وا باشە ئەو پاکستان و ماکستان و شتانە، هەوڵ بدەن ئەم کابرایە سوورەهۆڵە تێبگەیەنن کە دانوستان لە کردەی «مداخلهجویانە» باشترە. دەکرێت بە دانوستان لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕێک بکەوین و ئەگەر ڕێکیش نەکەوین، بۆ گۆڕینی خاڵەکان و کەم و زیادکردنی خاڵی دیکە تێدەکۆشین:
١- ئەمریکا بەپێی خواستی خۆی هێندێک کەسی ناوداری «نظام مقدس» شەهید بکات، بەڵام بە مەرجێک دواتر بتوانین بۆ پتەوکردنی «اتحاد داخلی» بە بەزم و ڕەزمی خۆمانەوە بیاننێژین و کۆتەڵیان بۆ بڕازێنینەوە و پێیان هەڵبڵێین.
٢- ساڵانە خەڵک بۆ ڕێپێوانی ئەربەعینی حوسەینی کۆ بکەینەوە.
٣- ئەمریکا بۆی هەبێت لە هەموو سەرچاوەیەکی نەوتی و مەوتی و هەموو بازاڕێکی ئێراندا بە شێوەیەک لە شێوەکان کە ژیرانە لەسەریان ڕێک دەکەوین، خەریکی وەبەرهێنان بێت.
٤- «طرفداران نظام مقدس» بتوانن لەسەر سووتاندنی ئاڵای ئیسرائیل و ئەمریکا بەردەوام بن.
سەرەڕای ئەم خاڵە سەرەتاییانە، دەکرێت ئەمریکاش چەند خاڵێکی خۆی هەبێت. بەڵام ئەوەی بۆ کۆماری ئیسلامی هێڵی سوورە، تەنیا ئەم **«رفتار مداخلهجویانه»**یە و ئەمەیان زیانی زۆر بە «بنیانهای نظام» دەگەیەنێت.
بەم هیوایەی ئەمریکای «جنایتکار» واز لە «رفتار مداخلهجویانە» بهێنێت، دەستەڵاتی زمانیی گەلان بەردەوام بێت و لە ئاکامدا چل پەنجا ساڵی تریش ئەم دۆخە هەروا بێت گورگ و مەڕ هەروا لەسەر ڕووباری هاووڵاتیانی ئێمە بە یەکەوە ئاو بخۆنەوە.
وەک مەسیحی و موسوڵمان دەڵێن: «ئـــــــــــــــــــــامیــــــن»