کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ و هاوپێوەندیی گشتگیر بۆ ئازادی و یەکسانی لە ئێران، لە دووتوێی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ مانگرتنی ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەرمانانی خەڵکی کوردستان لەسەر داواکاریی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران دەربڕی.
لەو بەیاننامەیەدا وێڕای پشتیوانیی تەواو لەو مانگرتنە هاتووە کە "ئەو مانگرتنە بە هەنگاوێکی گرنگ لە بەهێزکردنی خەباتی مەدەنی و پەرەپێدانی هاودڵی سەرانسەریی خەڵکی ئێران دەزانین".
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە "کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار نیشانی داوە کە مانگرتنی گشتی دەتوانێت ببێتە یەکێک لە کاریگەرترین شێوازەکانی چالاکیی بەکۆمەڵ دژی کۆماری ئیسلامی".
ئەو دوو هاوپەیمانییە ڕایانگەیاند کە "گرنگیی بانگوازەکەی ٢٥ی خەرمانان لەوەدایە کە ئەزموونی تێکۆشانی خەڵکی کوردستان بە خەباتی خەڵکی سەرانسەری ئێرانەوە ببەستێتەوە و بیگۆڕێت بۆ هەنگاوێکی ناڕەزایەتی و مەیدانێک بۆ بەهێزکردنی هاوخەباتی و چالاکیی هاوبەش".
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە "بەرگریکردن لە مافی خەڵکی کوردستان بۆ ڕێکخستن و خەباتی مەدەنی و مافی دیاریکردنی چارەنووس، و هەوڵدان بۆ بەستنەوەی ئەم خەباتە بە خەباتە گشتییەکانی خەڵکی ئێران، بەشێکە لە خەباتی هاوبەش بۆ گۆڕانکاریی بنەڕەتیی سیاسی لە ئێران و هاتنەدیی داهاتوویەک لەسەر بنەمای ئازادی، یەکسانی و مافی یەکسان بۆ هەموو نەتەوەکانی ئێران".
هەروەها لە کۆتایی بەیاننامەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە "٢٥ی خەرمانان دەتوانێت نیشان بدات کە هاوخەباتی و یەکڕیزیی نێوان کورد و بەلووچ، عەرەب، تورک، فارس و گیلەک و...، نەک دروشمێکی سیاسی، بەڵکوو توانا و دەرفەتێکی ڕاستەقینەیە بۆ چالاکیی هاوبەش. پشتگیریکردن لەم مانگرتنە، پشتگیریکردنە لەم دەرفەتە و لە مافی کۆمەڵگە، بۆ ڕێکخستن و جێبەجێکردنی ئیرادەی گشتیی خۆی بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی".
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٤ـەمین ساڵڕۆژی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" داوایان لە خەڵکی کوردستان کرد کە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی خەرمانان وەک ناڕەزایەتییەک دووکان و بازاڕەکان دابخەن و مان بگرن.