لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ توندکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی "گۆشەگیرکردنی ئابووری"ی بەسەر تاراندا، ئەمریکا بەهۆی بەشداریی لە گواستنەوەی چەندین میلیارد دۆلار بۆ ڕێژیمی ئێران و هاوکاریکردنی لە دەربازبوون لە سزاکان، سزای بەسەر "ڤیتیبی"، دووەم بانکی گەورەی ڕووسیەدا سەپاند.
وزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ۲۳ی خەرمانان ڕایگەیاند کە لقی کۆنتڕۆڵی سەرمایە دەرەکییەکان (OFAC) بانکی ڕووسیی "ڤیتیبی" (VTB)ی خستووەتە لیستی سزاکانییەوە.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە هاتەئاراوە کە ڕوون بووەوە ئەم دەزگا داراییەی ڕووسیە لە ڕێگەی کردنەوەی لق لە ئێران و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ بانکە سزادراوەکاندا، ئاسانکاریی بۆ تۆڕی دارایی تاران کردووە.
سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا جەختی کردەوە کە واشنگتۆن لە چوارچێوەی هەڵمەتی ئۆپەراسیۆنی "گۆشەگیرکردنی ئابووری"دا لە ڕاوەدوونان و پەراوێزخستنی هەموو ئەو کەس و دامەزراوانەی پشتیوانیی دارایی، تێکنۆلۆژی یان لۆجیستیکی پێشکەشی ڕێژیمی ئێران دەکەن، بەردەوام دەبێت.
بێسێنت دەستنیشانی کرد کە دەوڵەتی ئەمریکا هیچ جۆرە هاوکارییەک بۆ ڕێژیم قەبووڵ ناکات و سەرجەم ئەو ڕێڕەوانە دەبڕێت کە تێچووی چالاکییە تێرۆریستییەکان دابین دەکەن.
لەلایەکی ترەوە، تامی پیگۆت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، بانکی "ڤیتیبی" ڕۆڵی سەرەکیی لە هاوکاریکردنی کۆماری ئیسلامی بۆ دەربازبوون لە سزاکان و گواستنەوەی میلیاردها دۆلار لە سەرمایەکانی ئەو ڕێژیمە بۆ دابینکردنی تێچووی ئاژاوەگێڕییەکان، هەبووە.
ئۆپەراسیۆنی "گۆشەگیرکردنی ئابووری" لە ۲ی خەرمانان بە فەرمانی دۆناڵد ترامپ دەستی پێکردووە؛ بە ئامانجی بڕینی تەواوەتیی سەرچاوە داراییەکانی تاران، ڕاگرتنی فڕۆشتنی نەوت و پەکخستنی ئەو تۆڕانەی تێچووەکانی هێزە ئەمنییەتییەکان و گرووپە نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامی دابین دەکەن.