
د. کامڕان ئەمینئاوە
«لەو شوێنەی ئازادی نییە، ئەگەر دەنگدان بیتوانیبایە شتێک بگۆڕێت، بە دڵنیاییەوە هەرگیز ڕێگەیان نەدەدا تۆ دەنگ بدەیت.»
مارک تواین
یەکێک لە بابەتە بنەڕەتییەکان لە تیۆری و کردەوەی بزووتنەوەی ئازادیخوازیدا، دیاریکردنی شێوازی گونجاوی خەبات لە بەرامبەر حکوومەتە سەرەڕۆکاندایە. مێژوو پێمان دەڵێت هیچ شێوەیەک لە خەبات، چ مەدەنی بێت و چ چەکداری، لەخۆیدا پیرۆز یان هەمیشە کارامە نییە. ئەوەی دیاریکەرە، بارودۆخی عەینی و زەینیی کۆمەڵگە، هاوسەنگیی هێزەکان، ئاستی ڕێکخستنی خەڵک، توانای سەرکوتکردنی حکوومەت و ئاستی ئامادەیی هێزە کۆمەڵایەتییەکانە.
بزووتنەوەی سیاسی کاتێک سەردەکەوێت کە شێوازی خەبات بە پشتبەستن بە هەست، ئاوات یان ئاراستە ئایدیۆلۆژییەکان هەڵنەبژێردرێت، بەڵکوو لەسەر بنەمای شیکردنەوەیەکی ڕاستبینانەی بارودۆخی هەنووکەیی بێت. ڕەهاکردنی هەر چەشنە شێوازێک، چ جەختکردنەوە لەسەر خەباتی مەدەنی و چ پێداگری لەسەر خەباتی چەکداری، دەتوانێت بزووتنەوەکە تووشی بنبەست بکات.
لە زۆر کۆمەڵگەدا، خەباتی مەدەنی بە یەکەم و بەربڵاوترین شێوەی بەرگریی کۆمەڵایەتی دادەنرێت. مانگرتنی گشتی، ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقام، نافەرمانیی مەدەنی، چالاکییە پیشەیی، میدیایی، کولتووری و سیاسییەکان، هەموو ئامرازگەلێکن کە دەتوانن ڕەوایی حکوومەت لاواز بکەن و کۆمەڵگە بۆ گۆڕان ئامادە بکەن.
بەڵام سەرکەوتنی خەباتی مەدەنیش پێویستی بە مەرج و پێداویستییە سەرەتاییەکان هەیە. بوونی ئاستێکی کەم لە دێموکراسی بۆ ڕێکخستن، پێوەندیی نێوان هێزە کۆمەڵایەتییەکان، دروستبوونی متمانەی گشتی، ڕابەرایەتیی سیاسی، تۆڕەکانی ڕاگەیاندن و بەشداریی چالاکانەی کۆمەڵگەی مەدەنی، لەو هۆکارانەن کە ئەم جۆرە خەباتە کاریگەر دەکەن. لەو حکوومەتانەدا کە هێشتا کەلێن و دەرفەتێکیان بۆ چالاکیی کۆمەڵایەتی تێدا ماوەتەوە، خەباتی مەدەنی دەتوانێت نرخی سەرکوتکردن بۆ حکوومەت بەرز بکاتەوە و بەستێنی تێپەڕین بۆ سیستمێکی دێموکراتیک دابین بکات.
سەرەڕای ئەوە، ئەزموونی زۆر وڵاتی جیهان و لەوانە ئێران نیشانی داوە هەموو حکوومەتە سەرەڕۆکان ئامادە نین گۆڕانکارییە ئاشتیخوازانەکان قبووڵ بکەن. هەندێک ڕێژیم بە پشتبەستن بە دامەزراوە ئەمنی، سەربازی و دادوەرییەکان، هەر جۆرە ڕێکخستنێکی سەربەخۆ، ناڕەزایەتییەکی یاسایی، میدیایەکی ئازاد و چالاکییەکی سیاسی سەرکوت دەکەن و تەنانەت مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتییانیش بە فەرمی ناناسن. لەو بارودۆخانەدا، خەباتی مەدەنی ڕووبەڕووی سنووردارییەکی زۆر دەبێتەوە. ئەگەر حکوومەت هەر جۆرە ناڕەزایەتییەکی ئاشتیخوازانە بە توندوتیژی وەڵام بداتەوە، زۆرێک لە هێزە کۆمەڵایەتییەکان لەوانەیە بگەنە ئەو ئەنجامەی کە ئامرازە مەدەنییەکان بەتەنیا بۆ گۆڕینی بنەمای دەسەڵات بەس نین.
داخراوبوونی تەواوی فەزای سیاسی و نەبوونی دەرفەتی بەشداریی یاسایی، دەتوانێت بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆن بەرەو شێوازە توندوتیژەکانی بەرگری ڕابکێشێت. ئەمە وەسفکردنی دیاردەیەکە کە لە ئەزموونی مێژوویی وڵاتانی جۆراوجۆردا بینراوە، نەک حوکمێکی گشتی دەربارەی ئەوەی چاکە یان خراپە. بەرگری و ڕاپەڕینی چەکداری زۆرجار لە کۆمەڵە هۆکارێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و مێژوویی سەرچاوە دەگرێت، نەک تەنیا بەهۆی بڕیارێکی ئیرادەگەرایانەی گرووپێکی سیاسییەوە. بەشێک لە هۆکارگەلی گرنگ کە لە هەندێک وڵاتدا بەستێنی ئەم جۆرە گۆڕانکارییە پێکدەهێنن، ئەمانەن:
- داخراویی تەواوی فەزای سیاسی و داخرانی هەموو ڕێگە یاسایییەکان بۆ گۆڕان
- سەرکوتکردنی بەرفراوان و بەردەوامی ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازانەکان
- لەنێوچوونی متمانەی گشتی بە ئەگەری چاکسازی لە بنەمای دەسەڵاتدا
- فراوانبوونی ناڕەزایەتییە ئابووری، کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکان
- دروستبوونی قەیرانی ڕەوایی حکوومەت
- بەرزبوونەوەی ئاستی ڕێکخستنی ئۆپۆزسیۆن و سەرهەڵدانی ئەو هێزە سیاسییانەی خاوەن توانای کۆکردنەوەی جەماوەرن
لەو جۆرە بارودۆخانەدا، لەوانەیە بەشێک لە کۆمەڵگە یان هەندێک هێزی دژبەر بگەنە ئەو دەرئەنجامەی کە بەرگریی چەکداری یەکێکە لە بژاردە بەردەستەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ حکوومەتدا. لە زۆربەی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکاندا، هێزی پێشەنگ ئەرکی ڕابەرایەتیی سیاسی، ڕێکخستن، فێرکردن و هاوئاهەنگی لەنێوان چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا بە ئەستۆ دەگرێت. بەڵام ئەم هێزانە تەنیا ئەو کاتە دەتوانن ڕۆڵێکی کاریگەر ببینن کە پێوەندییەکی ڕاستەقینە و بەردەوامیان لەگەڵ کۆمەڵگەدا هەبێت.
ئەگەر هێزی پێشەنگ بەبێ پشتگیریی کۆمەڵایەتی، بەبێ ناسینی وردی بارودۆخ و تەنیا لەسەر بنەمای ئیرادەگەرایی بچێتە قۆناغێکەوە کە کۆمەڵگە هێشتا بۆی ئامادە نییە، ئەگەری شکستێکی سیاسی و ڕێکخراوەیی زیاد دەبێت. ئەم دۆخە نەک تەنیا دەبێتە هۆی لاوازبوونی هێزە دژبەرەکان، بەڵکوو ڕەنگە ببێتە هۆی بەهێزبوونی کەشێکی ترس و بێهیوایی لە کۆمەڵگادا. بەپێچەوانەشەوە، ئەو ڕوانگەیەی کە تەنیا چاوەڕوانیی گۆڕانی خۆبەخۆ یان نەرمبوونی هەڵسوکەوتی حکوومەت دەکات، دەکرێت ببێتە هۆی چەقبەستوویی بزووتنەوەکە و بەردەوامبوونی دۆخی هەنووکەیی. بۆیە پێویستە جەخت لەسەر دوورکەوتنەوە لە هەردوو جەمسەری زێدەڕۆیی: سەرکێشیی پڕمەترسی و بێجووڵەیی بکرێتەوە.
ئەزموونی مێژوویی نیشان دەدات کە گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان، بێ لەبەرچاوگرتنی شێوەی خەبات، پێویستیان بە کۆمەڵێک هۆکاری هاوکات هەیە:
- بەرزبوونی ئاستی ئاگایی سیاسی لە کۆمەڵگەدا
- ڕێکخستنی هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان
- دروستبوونی متمانەی دوولایەنە لەنێوان خەڵک و هێزی ڕابەرایەتیدا
- توانای کۆکردنەوەی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە
- بوونی میدیا و تۆڕە کاریگەرەکانی پێوەندی
- یەکگرتووییەکی ڕێژەیی لەنێوان هێزە دژبەرەکاندا لەسەر ئامانجە هاوبەشەکانیان
- لێکدانەوەی ڕاستبینانەی هاوسەنگیی هێزەکان و بارودۆخی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی
بێ بەدیهاتنی ئەم پێداویستییانە، تەنانەت بەرینترین ناڕەزایەتییەکانیش لەوانەیە نەگەن بە ئەنجامێکی جێگیر
ئێران و ئاڵنگارییەکانی تێپەڕین لە سەرەڕۆیی:
(سنووردارییەکانی چاکسازی، هەڵبژاردن و ستراتیژییەکانی گۆڕانی سیاسی)
لەبارەی ئێرانەوە، بۆچوونی جیاواز دەربارەی چۆنیەتیی تێپەڕین لە سیستمی سیاسیی ئێستا هەیە. بەشێک لە هێزە سیاسییەکان تەنیا جەخت لەسەر پێویستیی تێپەڕینی ئاشتیخوازانە و پشتبەستوو بە شێوازە مەدەنییەکان دەکەنەوە؛ بەشێکی دیکەش پێیان وایە بەهۆی داخراویی پێکهاتەی سیاسی، ڕادەی بەرزی سەرکوت و کۆبوونەوەی دەسەڵات لە دەست ئەو دامەزراوە ناهەڵبژێردراوانەی حکوومەتی ئێراندا، ئەگەری گۆڕانکاریی بنەڕەتی تەنیا لە ڕێگای ئاشتیخوازانەوە گەلێک ئەستەمە.
ئەم ناکۆکییە بەشێکە لە باس و بۆچوونێکی بەرفراوانتر دەربارەی شێوەی گۆڕانکاریی سیاسی لە سیستمە دەسەڵاتخوازەکاندا؛ باسێک کە نیشان دەدات نموونەیەکی تاک و پێشدیاریکراو بۆ تێپەڕبوون لە سەرەڕۆیی بوونی نییە و سەرکەوتنی هەر بزووتنەوەیەکی سیاسی بەستراوەتەوە بە کۆمەڵێک هۆکاری کۆمەڵایەتی، مێژوویی، ڕێکخراوەیی و سیاسی. هۆگرانی تێپەڕینی ئاشتیخوازانە، زۆرجار جەخت لەسەر ڕۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی، ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، نافەرمانیی مەدەنی و فشارە سیاسییەکان دەکەنەوە. بەڵام لە هەڵسەنگاندنی توانا و کاریگەریی ئەم شێوازانەدا، دەبێت پێش هەموو شتێک سەرنج بدرێتە پێکهاتەی ڕاستەقینەی دەسەڵات لە ئێراندا. لە کۆماری ئیسلامیدا، پێگەی «ویلایەتی فەقیە»، دەسەڵاتە فراوانەکانی دامەزراوە ناهەڵبژێردراوەکان (دەستنیشانکراوەکان)، ڕۆڵی «شۆڕای نیگابان» بۆ دیاریکردنی سنووری ململانێی سیاسی و کاریگەریی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان (بەتایبەتی سوپای پاسداران)، کۆسپەکانی بەردەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان لە ڕێگە ئاساییە سیاسییەکانەوەن.
لەو جۆرە پێکهاتەیەدا، تەنانەت ئەو هێزانەش کە لە چوارچێوەی سیستمەکەدا چالاکن، لەوانە هەندێک کەسایەتیی چاکسازیخواز یان بەرپرسی پێشوو، ئەگەر لە هێڵە سوورە دیاریکراوەکان تێپەڕن، ڕووبەڕووی بەرتەسککردنەوە، پەراوێزخستنی سیاسی یان ڕەتکردنەوەی شایستەیی دەبنەوە. بۆیە ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە: ئایا میکانیزمە فەرمییەکانی ئێستا توانای ڕاستەقینەیان هەیە بۆ چاکسازیی قووڵ و تێپەڕینی ئارام و قۆناغ بە قۆناغ، یان تەنیا یارمەتیدەرن بۆ بەرهەمهێنانەوەی سیستمی سیاسیی هەنووکەیی و بەردەست؟
هۆکارێکی گرنگ بۆ هەڵسەنگاندنی ئەگەری تێپەڕینی ئاشتیخوازانە، ئاستی بەرگەگرتنی پێکهاتەی دەسەڵاتە بەرامبەر بە ناڕەزایەتیی خەڵک و چالاکییە مەدەنییەکان. ئەزموونی چەند دەیەی ڕابردوو نیشانی داوە کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە ئاشتیخوازەکان لە ئێران، لە قۆناغە جیاوازەکاندا، ڕووبەڕووی مامەڵەی ئەمنی، دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵ، دەرکردنی حوکمی قورس لە لایەن دادگاکانەوە و سنووردارکردنی توندوتۆڵ بوونەتەوە.
بەردەوامبوونی سەرکوتی خەڵکی ناڕازی، هەڵکشانی ڕێژەی لە سێدارەدانەکان، فشارخستنە سەر دژبەرانی سیاسی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، و بەکارهێنانی تۆمەتە ئەمنییەکان دژ بە ڕەخنەگران، لەو هۆکارانەن کە فەزای چالاکیی مەدەنییان سنووردار کردووە. لەو بارودۆخەدا، ئەم پرسیارە سەرهەڵدەدات کە: ئایا بەبێ گۆڕان لە پێکهاتەکانی دەسەڵاتدا، ئیمکانی دابینکردنی مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییان و دروستبوونی پرۆسەیەکی ڕاستەقینە بۆ چاکسازیی سیاسی لە ئێراندا هەیە؟
لە سیستمێکی دێموکراتیکدا، هەڵبژاردن یەکێکە لە گرنگترین ئامرازەکانی جێبەجێکردنی دەسەڵاتی خەڵک، بەشداریی سیاسی و گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات. بەدیهاتنی ئەم ڕۆڵە پێویستی بە بارودۆخێکی وەک ململانێی ئازاد، دەرفەتی یەکسان بۆ بەشداریی بەربژێران، ئازادیی هەڵبژاردن و چاودێریی سەربەخۆ لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن هەیە. بەڵام لە نەبوونی ئەم پێشمەرجانەدا، هەڵبژاردن لە جیاتی ئەوەی ئامرازی دەربڕینی خواستی گشتی بێت، دەبێتە ئامرازێک بۆ جێگیرکردنی پێکهاتەی دەسەڵات.
لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، «چاودێریی ئیستسووابی»ی شۆڕای نیگابان هۆکارێکی گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە هەڵبژاردنێکی ئازاد. ئەم دامەزراوەیە بە هەبوونی مافی پشتڕاستکردنەوە یان ڕەتکردنەوەی شایستەیی داواخوازان، پانتایی هەڵبژاردنی هاووڵاتییان بۆ ئەو کەسانە سنووردار دەکات کە هاوتەبان لەگەڵ چوارچێوەی ئایدیۆلۆژی و سیاسەتەکانی سیستمدا، بەتایبەتی بنەمای ویلایەتی فەقیە. لە ئەنجامدا، بەشێکی بەرچاوی هێزە سیاسییە سەربەخۆکان، ڕەخنەگرانی حکوومەت، هەندێک گرووپی کۆمەڵایەتی و تەنانەت بەشێک لە ڕەوتە نێوخۆییەکانی سیستمیش، دەرفەتی بەشداریی کاریگەر لە ململانێی هەڵبژاردندا لەدەست دەدەن.
سنووردارییەکانی هەڵبژاردن تەنیا بە ڕەتکردنەوەی شایستەیی کاندیدەکان کۆتایی نایەت. پابەندکردنی کاندیدەکان بە قبووڵکردنی بنەماکانی ئەم دەسەڵاتە وەک پابەندیی کردەیی بە ئیسلام، دەستووری وڵات و ویلایەتی فەقیە، پێشوەختە چوارچێوە و مەرجی بەشداریی ئەوان دیاری دەکات. هەروەها، سنووردارییە سیاسی و یاساییەکان بەرامبەر بە ژنان و هەندێک گرووپی کۆمەڵایەتی و سیاسی، نیشانەی بوونی بەربەستە بنەڕەتییەکانن لە ڕێگای گەیشتن بە سیستمێکی هەڵبژاردن کە ڕێگە بە کێبڕکێیەکی ئازاد و بەرامبەر بدات. لەو ڕوانگەیەوە، کێشەی سەرەکی تەنیا ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردندا نییە، بەڵکوو پرسیاری بنەڕەتیتر ئەوەیە کە: ئایا هاووڵاتی دەرفەتی هەڵبژاردنی ڕاستەقینەی لەنێوان ڕوانگە و بەرنامە سیاسییە جیاوازەکاندا هەیە، یان نا؟
ئەزموونی چەند دەیەی ڕابردوو نیشانی داوە تەنانەت لەو ماوەیەی کە ڕەوتی چاکسازیخواز توانی بەشێک لە دامەزراوە هەڵبژێردراوەکان وەک سەرۆکایەتیی کۆمار یان مەجلیس بەدەست بهێنێت، گۆڕانێکی بنەڕەتی بەسەر پێکهاتە سەرەکییەکانی دەسەڵات و دامەزراوە ناهەڵبژێردراوەکاندا نەهات. پانتایی دەسەڵاتی ڕابەرایەتی، ڕۆڵی شۆڕای نیگابان، پێگەی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان، هەروەها پێکهاتەی یاساییی بەردەست و هەنووکەیی، کۆسپێکی جددین لەبەردەم چاکسازییە بنەڕەتییەکاندا. لەبەر ئەمە، هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیدا زیاتر لەوەی ئامرازێک بێت بۆ گۆڕینی پێکهاتەی دەسەڵات، بە شێوەیەکی سەرەکی لە چوارچێوەی پاراستن و ڕێکخستنی ناوخۆیی هەمان پێکهاتەدا کاری کردووە.
وێڕای جیاوازیی بۆچوون سەبارەت بە شێوازەکانی تێپەڕین، خاڵێک لە زۆربەی ئەزموونە مێژووییەکاندا هاوبەشە: سەرکەوتنی بزووتنەوە سیاسییەکان زیاتر لەوەی بەستراوە بێت بە هەڵبژاردنی شێوازێکی تایبەت، پێوەندیی بە هۆکارگەلێکی وەک ڕێکخستن، پشتگیریی کۆمەڵایەتی، یەکگرتوویی هێزە دژبەرەکان، ڕابەرایەتیی کاریگەر و توانای گونجان لەگەڵ بارودۆخە گۆڕاوەکاندا هەیە. بزووتنەوەی ئازادیخوازی لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژوودا، بەپێی بارودۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی و هاوسەنگیی هێزی دەسەڵات، لە شێواز و ئامرازە جیاوازەکان بۆ پێشبردنی ئامانجەکانی کەڵکی وەرگرتووە. ئەمەش لە چالاکیی مەدەنی، ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی و مانگرتنی بەرفراوانەوە دەست پێدەکات و تەنانەت شێوە جیاوازەکانی بەرگریی سیاسی و لەو بارودۆخانەی کە ڕێگە ئاشتیخوازانەکان بەربەست کراون، خەباتی چەکداریش لەخۆ دەگرێت.
ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانە لە ئێرانیش بێبەری لەم یاسایە نەبووە. بۆ وێنە، چەندین مانگ پاش بەشداریی بەرفراوانی جەماوەریی خەڵک لە شەقامەکانی زۆربەی شار و گوندەکاندا، پەرەسەندنی مانگرتنی سەرانسەری و داڕمانی پلەبەپلەی توانای حکوومەت، بەربەرەکانیی چەکداری لە ڕۆژانی ٢١ و ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧دا بوو بە قۆناغێکی یەکلاکەرەوەی شۆڕش لە ئێراندا. ئەم پێشهاتە، کە بەدوای پەیوەستبوونی بەشێک لە هێزە سەربازییەکان بە خەڵک و دەستبەسەرداگرتنی ناوەندە سەربازی و حکوومەتییەکاندا ڕووی دا، ڕۆڵێکی گرنگی لە تێکشکانی پێکهاتەی دەسەڵاتی حکوومەتی پەهلەوی و سەرکەوتنی شۆڕشدا گێڕا.
خەباتی مەدەنی و بەرگریی چەکداریی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای شۆڕش، لە پەنای درێژەی خەباتێکی بەرفراوان و جەماوەری کە لە قۆناغە جیاوازەکاندا بە شێوەی ناڕەزایەتیی شەقامی، نافەرمانیی مەدەنی و بەتایبەتی مانگرتنە گشتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سەری هەڵداوە، نموونەیەکی گرنگە لە پێکەوەگرێدانی دوو شێوازی خەبات، واتە کردەوەی مەدەنی و بەرگریی چەکداری. لەو مۆدێلەدا، هەرچەند بەرگریی چەکداری وەک یەکێک لە ئامرازەکانی خەبات بووە، بەڵام شێوازی خەباتی مەدەنی و جەماوەری ڕۆڵی سەرەکی و دیاریکەری گێڕاوە؛ ئەمەش نیشان دەدات کە ڕەوایی، بەردەوامی و پانتایی کاریگەریی ئەم بزووتنەوەیە زیاتر لە هەموو شتێک پشتبەستوو بووە بە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵایەتی، بەشداریی جەماوەریی خەڵک و بەردەوامیی کردە مەدەنییەکان.
بۆیە هەڵبژاردنی هەر ڕێبازێک بۆ گۆڕانی سیاسی دەبێت لەسەر بنەمای ناسینی وردی پێکهاتەی دەسەڵات، تواناکانی کۆمەڵگە، ئاستی پشتگیریی گشتی و هەڵسەنگاندنێکی ڕاستبینانەی هاوسەنگیی هێزەکان بێت، نەک تەنیا لەسەر بنەمای ئایدیالیزم (ئامانجخوازیی ڕووت) یان وەڵامدانەوە بە هەست و سۆز. تێپەڕین لە سەرەڕۆیی لە ئێراندا ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی ئاڵۆز بووەتەوە؛ لە کۆبوونەوەی دەسەڵات لە دامەزراوە ناهەڵبژێردراوەکانەوە تا سنوورداریی فەزای سیاسی، لاوازیی ململانێ لە ڕەوتی هەڵبژاردن و سەرکوتی بەردەوامی دژبەراندا. لەو بارودۆخەدا، هەڵسەنگاندنی داهاتووی سیاسیی ئێران پێویستی بە سەرنجدانێکی هاوکات هەیە بە پێکهاتەی دەسەڵات، تواناکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕۆڵی هەڵبژاردن و ئەزموونی مێژوویی ئەو بزووتنەوانەی کە خوازیاری گۆڕانی بنەڕەتین.
ئامانجی کۆتایی هەر پرۆسەیەکی دێموکراتیک، بێ لەبەرچاوگرتنی شێوازە بەکارهاتووەکان، دەبێت دروستکردنی سیستمێک بێت کە تێیدا ئەم خاڵانە دابین بکرێن:
دێموکراسی و ئازادی، مافی مرۆڤ، دەسەڵاتی یاسا، دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات و سامان، وەڵامدەرەوەیی دەوڵەت و هەموو دامەزراوە حکوومەتییەکان، و لە هەمووان گرنگتر مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوە ستەملێکراوەکان.