کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیپلۆماسی بە بێ دەوڵەت: (گوزار لە پارادیپلۆماسییەوە بۆ ڕۆڵگێڕانی ستراتیژی لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا)

10:48 - 13 خەرمانان 2726

زانیار حوسێنی

دوای هەشت دەیە لە دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، گۆڕەپانی سیاسیی ئەو حیزبە لە جوگرافیای نێوخۆیی و سنوورە نەریتییەکانی کوردستانی ئێراندا سنووردار نەماوە. پرۆسەی کەڵەکەکردنی ئەزموون و تێپەڕاندنی قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان و بەرگەگرتن لەبەرانبەر شەپۆلی قورسی سەرکوتکردن و خۆگونجاندنێکی ژیرانە لەگەڵ گۆڕانی ڕاستییەکانی سیستەمی نێودەوڵەتیی مۆدێرن، حیزبی لە بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستیی لۆکاڵییەوە گۆڕیوە بۆ ڕۆڵگێڕێکی خاوەن ڕەهەندە نێودەوڵەتییەکان. لە ونبوونی میکانیزمە نەریتییەکانی حوکمڕانی و ئامرازە یاساییەکانی دەوڵەتە نەتەوەییەکاندا، ئەو حیزبە هەوڵی داوە بە دروستکردنی "کارایی سیاسیی بەردەوام" لە ناوەندەکانی بڕیاردانی جیهانی لە واشنگتۆن تا برۆکسل ئەو بۆشاییە پێکهاتەییە پڕ بکاتەوە کە لە ئەنجامی "نەبوونی دەوڵەت"ەوە دروست بووە.

ئەم گەشەسەندنە تەنیا ڕێبازێکی تاکتیکی و کاتی نییە، بەڵکوو گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە پارادایمی خەبات و تێکۆشانی حیزبدا؛ گۆڕانێک لە بەرخۆدانی نێو سنوورەوە بۆ دیپلۆماسیی نێودەولەتی کە هەوڵ دەدا قورسایی ژێئۆپۆلەتیکی و یاسایی پرسی کورد لە هاوکێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا بەرز بکاتەوە.

بەپێی تێڕوانینە نەریتییەکان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت لە مەکتەبی ڕیالیستیدا جەخت لەسەر پاراستنی هاوسەنگیی هێز و ئاسایشی نەتەوەیی دەکرێ و دەوڵەت بە قۆرخکاری ڕەهای دەسەڵات و تاکە ئەکتەرێکی ڕەوا لە سیستەمی نێودەوڵەتی دادەنرێ. لەم چوارچێوە نەریتییەدا، سەروەریی خاک و قۆرخکردنی ئامرازە ڕێگەپێدراوەکانی توندوتیژی و هەبوونی کورسییەکی فەرمی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، مەرجی پێویستن بۆ چوونە نێو مەیدانی دیپلۆماسی و پەیوەندییەکانی دەرەوە. بەڵام وەرچەرخانی مێژوویی لە سیستەمی وێستفالییەوە بۆ سیستەمێکی جیهانیی ئاڵۆز کە کاریگەریی گڵۆبالیزاسیۆن و تەکنۆلۆژییە نوێیەکانی پەیوەندی و ئابووریی سیاسی جیهانی بە توندی ئەم قۆرخکارییەی تووشی ئاستەنگی و چالێنج کردووە.

لە پانتایی سیاسیی هاوچەرخدا، ڕۆڵگێڕە نادەوڵەتییەکان- لەوانەش بزووتنەوە ڕزگاریخوازە نیشتمانییەکان، هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و تۆڕە بەهێزەکانی ڕەوەند- بوونەتە کارایی کاریگەر لەسەر بیروڕای گشتیی جیهانی، داڕشتنی نۆرمەکانی نێودەوڵەتی و تەنانەت ئاراستەکردن بە ئەجێندای سیاسەتی دەرەوەی زلهێزەکان. بۆ گەلانی بێدەوڵەتی سەربەخۆ، پانتایی ئەو ستراکتۆرە نوێیە، دەرفەتێکی گرینگ و مێژووییە بۆ بەرزکردنەوەی قورسایی ژێئۆپۆلتیکی خۆیان لە ڕێگای دیپلۆماسیی شارومەندی، لۆبی پێکهاتەیی و بەکارهێنانی کەرەستە نوێیەکانی میدیا و دیپلۆماسی پارلەمانی و، هەروەها ڕێگریکردن لە لادانی داواکارییەکانیان لە هاوکێشە شاراوەکانی دەوڵەتان. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵی ١٩٤٥ەوە هەتا ئێستا، کەیسێکی دیاری خوێندنەوە و جێی توێژینەوەیە لە پەرەسەندنی ڕۆڵگێریی نادەوڵەتیدا. ئەم حیزبه به تێگەیشتن له پێشهاتەکانی نێو سیستەمی نێودەوڵەتی، توانیویەتی ورده ورده خۆی له کۆت و بەسته ژێئۆپۆلیتیکییەکان ڕزگار بکا و خۆی وەک بەردەنگێکی سەقامگیر، بەرپرس و دێموکراتیک له هاوکێشه ناوچەییەکان بخاته ڕوو؛ یەک لە هەرە کەرەستە و ئامرازەکانی بەردەمی، ڕێکخراوە مەدەنی و جۆراوجۆرەکانی ئەو حیزبەن، هەر وەک ڕێکخراوی ژنان، لاوان، خوێندکاران و هتد کە لە چوارچێوەی سیاسەتێکی گونجاوەوە لە تێکۆشان و چالاکی دان.

لە ئەدەبیاتی پسپۆرانەی زانستی سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، چەمکی "پارادیپلۆماسی یان دیپلۆماسیی نافەرمی" وشەی سەرەکییە بۆ شیکردنەوەی ئەم پرۆسەیە. پارادیپلۆماسی ئاماژەیە بۆ چالاکییە دەرەکییەکانی ئەو ئەکتەرانەی کە لە سەروەری فەرمیی دەوڵەت بەهرەمەند نین، بەڵام هاوتەریب یان تەنانەت لە دەرەوەی دیپلۆماسی فەرمیی دەوڵەتان، لەگەڵ پارلەمان و حیزبە سیاسییەکان و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەپێناو بەرەوپێشبردنی ئامانجە سیاسی، ئابووری و کولتوورییەکانیان پەیوەندی دادەمەزرێنن .

هەرچەند حیزبێکی سیاسیی بێدەوڵەت ناتوانێ پەیماننامەی نێودەوڵەتیی دوولایەنە واژۆ بکا، باڵیۆزی فەرمی بنێرێ یان وەک دەوڵەتێکی بەهێز لە شوڕای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان مافی دەنگدانی هەبێ، بەڵام کۆمەڵێک ئامرازی کاریگەری دیکەی هەیە کە ئەگەر ژیرانە بەکاری بهێنێ، دەتوانێ کاریگەریی قووڵی هەبێ؛ وەک:

  • دیپلۆماسیی پارلەمانی: پەیوەندیی ڕاستەوخۆ و گفتوگۆی بەردەوام لەگەڵ نوێنەرانی پارلەمانە نیشتمانییەکان لە وڵاتانی جیاواز، بەتایبەت پارلەمانی ئوروپا. ئەم ئامرازە ڕێگە بە حیزب دەدا کە داواکارییەکانی خۆی لە شێوەی پێشنیار، پرسیار و بڕیارنامەکانی پارلەمانیدا بخاتە ڕوو و فشاری دیپلۆماسی بخاتە سەر حکومەتەکانی ئەو نوێنەرانە.
  • دیپلۆماسیی حیزبی و هاوپەیمانی: پەیوەستبوون بە تۆڕە گەورەکانی حیزبە جیهانییەکان، وەک ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست یان هاوپەیمانییە پێشکەوتنخواز و دیموکراتیکە ناوچەییەکان. ئەو بوونە تۆڕییە، ڕەوایی ئایدیۆلۆژی بە حیزب دەبەخشێ و ڕێگەی پێ دەدا ئەزموونە سیاسییەکان لەگەڵ بزووتنەوە دیموکراتیکەکانی دیکەی جیهاندا هاوبەش بکا.
  • دیپلۆماسیی گشتی و میدیایی: بە بەردەوامی کەڵکوەرگرتن لە تواناکانی بیروڕای گشتیی جیهانی، دامەزراوە بەناوبانگەکانی مافی مرۆڤ، زانکۆکان و میدیا جیهانیەکان بۆ تیشک خستنەسەر ڕەهەندەکانی سەرکوتی سیستماتیک، دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان و ڕوونکردنەوەی بەرنامە سیاسییەکانی حیزب بۆ داهاتووی ئێران.

دامەزراندن، پەرەپێدان و درێژەدان بە چالاکییەکانی "بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکراتی ئێرانی کوردستان" وردە وردە لەو چوارچێوەیەدا مانادار دەبێ. وەرچەرخان لە پەیوەندییە نەریتی، کاتی و تاکەکەسییەکانی دەیەکانی ڕابردووەوە بۆ پێکهاتەیەکی بروکراتی، تایبەتمەند و سیستماتیک لە بواری دیپلۆماسیدا ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنی ڕێکخراوەیی حیزب. پێکهاتەیەکی لەم جۆرە، دڵنیاییە لەوەی کە کارلێکەکانی دەرەکی لە حاڵەتێکی سۆزداری و کاردانەوە دوور دەکەونەوە و دەبنە بەرنامەیەکی ستراتیژی و درێژخایەن لە سیاسەتی دەرەوەی حیزبدا.

ڕێبازی جوگرافی و سیاسیی پێشهاتە دیپلۆماسییەکانی حیزبی دێموکرات، گێڕانەوەی گۆڕانکارییەکی ستراتیژییە. خاڵی دەستپێکی ئەم خەباتە لە ساڵی ١٩٤٥ی زایینی بە دامەزرانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد بوو؛ کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی هاوچەرخی کورددا، دامەزراوەیەکی حوکمڕانیی مۆدێرن بە پێکهاتە تایبەتییەکانییەوە پێک هێنرا. دوای داڕمانی ئەو کۆمارە و دەسپێکی دەیان ساڵ بەرخۆدانی چەکداری و سیاسی لە هەلومەرجی سەختی ناوچەییدا، بە ناچاری فۆکووسی حیزب تەنیا لە شاخ و سنوورەکانی نێوخۆدا سنووردار بوو. بەڵام لەم دەیان ساڵەی دواییدا، ناوەندی کێشکردنی چالاکییەکانی حیزبی دێموکرات، گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتووە. واشنگتۆن وەک پایتەختی بڕیاردانی ماکرۆستراتیژی لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا و برۆکسل وەک دڵی زیندووی دیپلۆماسی فرەلایەنەی یەکیەتیی ئورووپا کاریگەرییان لە سەر دیپلۆماسیی حیزب داناوە.

ئامادەبوونی نوێنەرانی حیزب لە کۆبوونەوە تایبەتمەندەکان، بەستنی کۆبوونەوەی زانستی لە زانکۆ بەناوبانگەکانی ڕۆژئاوا، کۆبوونەوە لەگەڵ پلاندانەرانی سیاسەتی دەرەوەی حکومەتەکانی ڕۆژئاوا و ڕاوێژکردن لەگەڵ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕەهەندە نوێیەکانی خەباتی ئاوەڵەوە کردووە کە تێیدا قەڵەم و تریبۆن شانبەشانی بەرخۆدانی مەیدانی مانا دەکرێنەوە. ئەم گۆڕانکارییە، ڕەنگدانەوەی ئاڵوگۆڕێکی سەردەمیانەیە لە ڕێبازی فیکری حیزبدا کە چارەنووسی بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی تەنیا لە بەرەکانی شەڕی ناوخۆییدا دیاری ناکرێ، بەڵکوو بە ڕەواییدانی نێودەوڵەتی و بەدەستهێنانی پشتیوانیی سیاسی لە ناوەندەکانی دەسەڵاتی جیهانیدا بە قەڵغانێکی پارێزەر لە بەرامبەر پیلانی سڕینەوە و سەرکوتکردنی ئاشکرا دادەنرێ.

سەرەڕای هەموو دەستکەوتە بەنرخەکانی بواری پارادیپلۆماسی، نابێ ئەوە لەبیر بکرێ کە ڕێگای دیپلۆماسی بەبێ دەوڵەت، ڕووبەڕووی ئاستەنگی قورسی پێکهاتەیی، ژئۆپۆلیتیکی و یاسایی دەبێتەوە. ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان هەمیشە لە ژینگەیەکی ناهاوسەنگدا یاری دەکەن کە یاساکانیان لە بەرژەوەندی دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکاندا دانراون. لە گرنگترین ئاستەنگەکانی بەردەم حیزبی دێموکرات لەم بوارەدا ئەمانەی خوارەوەن:

  • دیپلۆماسییەتی بازرگانانەی دەوڵەت: زۆرجار حکومەتە ڕۆژئاوایی و ناوچەییەکان، بەرژەوەندییە ئابووری، ئەمنییەتی و ستراتیژییە کورتخایەنەکانیان لە سەرووی مافەکانی مرۆڤ و بەها دیموکراتییەکان دادەنێن. کارلێکەکانی پشتی پەردە لەگەڵ ڕێژیمی ناوەندیی ئێران یان هەوڵدان بۆ پاراستنی سەقامگیرییەکی ناسک لە ناوچەکەدا، هەندێک جار دەبێتە هۆی پەراوێزخستن و پشتگوێخستنی داواکارییەکانی گەلانی بێدەوڵەت لە ڕێککەوتنە گەورەکاندا.
  • نەبوونی پشتیوانیی یاسایی کلاسیک: نەبوونی دانپێدانانی یاسایی لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان بە واتای زەوتکردنی مافی دەنگدان و تریبۆنە فەرمییەکانی دەوڵەت و میکانیزمە یاساییە پابەندکەرەکانە. حیزب دەبێ هەمیشە هەوڵی پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە لە ڕێگەی ڕەوایەتیی ئەخلاقی و سیاسییەوە بدا کە پرۆسەیەکی کاتبەر و ناجێگیرە.
  • ئالەنگارییە ئەمنییەتییەکان: ڕێژێمە تۆتالیتێرەکانی وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سڕینەوەی ڕەوایی لە ڕەوتی ئۆپۆزیسیۆنەکان و حیزبە کوردییەکان لە مەکۆکانی ڕۆژئاوادا لە هەموو ئامرازە ئەمنییەتییەکان، شەڕی دەروونی، تیرۆر و دیپلۆماسیی ئابووریی خۆیان کەڵک وەردەگرن؛ بەرەنگاربوونەوەی ئەم هێرشانە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا پێویستی بە هەواڵگریی بەرگری، شەفافیەتی دارایی و وردبینیی بەرزی میدیایی هەیە.

پرسیاری سەرەکی و چارەنووسساز لە ئێستادا ئەوەیە ئەو تۆڕە بەرفراوانەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان کە دامەزراون تا چەند توانیویەتی ببێتە "سەرمایەی بەرهەمداری سیاسی" و پێگەی پرسی کوردستانی ئێران لە ڕوانگەی داهاتووی سیاسی ئێراندا بەرز بکاتەوە؟

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، پێویستە دوو ئاستی کاریگەری جیا بکرێتەوە:

  • یەکەم، ئاستی پێناسەکردنەوە و چەسپاندنی گوتاری دێموکراتیک: ئامادەبوونی بەردەوام لە کۆڕ و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان و خستنەڕووی پلانگەلێکی تایبەت بۆ پێکهاتەی سیاسیی داهاتوی ئێران (وەک سیستمێک کە لەسەر بنەمای مافی دیاریکردنی چارەنووس، دێموکراسی فرەییخوازانە و فیدراڵیزم بێ) ئەم گوتارەی ڕێژیمی تاران و هێندێک لە ڕەوتە پاوانخوازەکان کە لە پەراوێزی تۆمەتە درۆیینەکانی جوداخوازی بڵاویان دەکردەوە، ڕزگار کرد و گۆڕدرا بۆ پڕۆژەیەکی سیاسیی لۆژیکی لەمەڕ تێپەڕبوون لە دیکتاتۆرییەت.

ئەمڕۆ لە کۆڕ و کۆبوونەوە سیاسییەکانی واشنگتۆن و برۆکسلدا، هیچ وەشانێکی سەقامگیر بۆ داهاتووی ئێران بە بێ لەبەرچاوگرتنی مافە نەتەوەییەکانی کورد، وێنا ناکرێ.

  • دووهەم، ئاستی ڕێگریکردن لە بەرانبەر نەهێشتنی سیاسی: سازکردنی تۆڕی دیپلۆماسی، تێچووی سەرکوت، نەهێشتنی فیزیکی و سیاسیی حیزبی زۆری زیاد کردووە. تا پەیوەندییەکانی حزبێک بە دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پارلەمانەکانی ڕۆژئاوا قووڵتر بێ، کاردانەوەکانی ڕای گشتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەرامبەر بە بەکارهێنانی توندوتیژیی ئاشکرا لە دژی توندتر دەبن.

دیپلۆماسیی بێدەوڵەتی حیزبی دێموکرات، سەرووتر لە هەوڵێکی تاکتیکی و ڕووکەشییە؛ لەڕاستیدا وەڵامێکی ستراتیژی و حەتمییە بۆ پێویستیییەکانی حەیاتی سیاسی لە جیهانی بەیەکەوە گرێدراوی سەدەی بیست و یەکەم. حیزب بە سەلماندنی ئەوەی کە مەرج نییە "کارایی سیاسی" و کاریگەریی نێودەوڵەتی لە قۆرخکاریی دەوڵەتەکاندا بێ، توانیویەتی جوگرافیای خەبات لە تەنگژە نێوخۆییەکانەوە بگۆڕێ بۆ چوارچێوەی دیپلۆماسیی پارلەمانی و تۆڕە نێودەوڵەتییەکان لە واشنگتۆن و برۆکسل.

چالێنجی بنەڕەتی و ئەرکی هەستیاری حیزب لە قۆناغی ئێستادا، تەنیا درێژەدان بە پەیوەندییە فەرمییەکان نییە، بەڵکوو زیرەککردنی ئەم تۆڕەیە بۆ گۆڕینی بە ئاستێکی کارامەی فشار بۆ ئەندازیاریی گوزار بۆ دێموکراسی و بەدامەزراوەییکردنی دادپەروەریی دابەشکاری و گەرەنتیکردنی مافە نەتەوەیی و مرۆییەکان لە ئێرانی دواڕۆژدا. دیپلۆماسیی بێدەوڵەت، ئەگەر بە ستراتیژیی ورد، یەکگرتوویی نێو ڕێکخراوەیی و پەیوەندیی قووڵ لەگەڵ بەدەنەی کۆمەڵگە بێ، دەتوانرێ ببێ بە یەکێک لە کلیلە زێڕینەکانی تێپەڕاندنی چەقبەستووییە مێژووییەکانی گەلانی بێدەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.