کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەکانی بەرزبوونەوەی نرخی «دۆلار» لە بەرامبەر «ڕیاڵ»دا

21:12 - 13 خەرمانان 2726

ناسر ساڵحی‌ئەسڵ

لە ماوەی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل لە شەڕی ١٢ ڕۆژە و ٣٩ ڕۆژەدا لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، و بەتایبەت پاش ڕاگەیاندنی گەمارۆی «گەڵاڵەی پەراوێزخستنی ئابووریی» ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە لایەن سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئیدارەی دۆناڵد ترامپ، هەواڵ و ڕاپۆرت و شرۆڤەی جۆراوجۆر لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی «دۆلار» لە بەرامبەر «ڕیاڵ»دا وەک دراوی نەتەوەیی ئێران، سەردێڕی سەرەکیی ڕاگەیاندنە گشتییەکان بووە. هەر لەو ماوەیەدا نرخ و بەهای ڕیاڵ لە بەرامبەر نرخی دۆلاردا لەچاو تەواوی دراوە بیانییەکاندا زۆر دابەزیوە و زیاتریش دادەبەزێت. لە واقیعدا بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بەرامبەر نرخی ڕیاڵدا، ڕاستەوخۆ دەرەنجامی بارگرژی و نەزانی و هەڵەشەیی سیاسەتە دارایی و دراوییەکانی کاربەدەستە باڵاکانی ڕێژیم و نەگونجاوی سیاسەت و هەڵوێستەکانی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ سیستەمی نێودەوڵەتی و ناوچەییدایە.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی ئۆگۆستی ٢٠٢٦، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئیدارەی دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەورەترین پەلاماری ئابووری لە مێژوودا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران دەست پێدەکات بە ئامانجی بڕینی هەموو ئەو سەرچاوە دارایی و ئابوورییانەی کە ڕێژیمی ئێران لەسەر پێ دەهێڵنەوە. هەروەها وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو وڵاتانەی چارەنووسیان بە ڕێژیمی تارانەوە دەبەستنەوە، ڕێگەی گەیشتن بە خۆشگوزەرانی داراییان لێ دەگیرێت و هەر وڵاتێک لە ڕووی ئابووری و داراییەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران کار بکات بەرەو ڕووخان دەچێت و دەبێ ئامادەی گۆشەگیرییەکی هاوشێوە بێت.

بەپێی گەڵاڵەی پەراوێزخستنی ئابووریی ڕێژیمی ئێران کە لە لایەن وەزیری گەنجینەی ئیدارەی دۆناڵد ترامپ ئامادە کراوە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناتوانێت بەشدار بێت لە بازاڕی کار و بەدەستهێنانی داهاتدا و دەستی بە خزمەتگوزارییە بانکی و داراییە سەرەکییەکان ڕاناگات. ئاکام و ئامانجی ئەم گەڵاڵەیە، بێبەشکردنی ڕێژیمە لە داهاتی نەوتی و نانەوتی و دابڕانی سیستەمی دارایی و بانکیی ڕێژیم لە تۆڕی نێودەوڵەتی؛ کە دەرەنجامی ئەم پەراوێزخستنە ئابوورییە دەبێتە هۆی تێکچوون و ڕووخانی ئابووریی ڕێژیم و لەدەستدانی داهاتی نەوت و گاز کە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی بودجەی ڕێژیمە، و لە لایەکی دیکەشەوە دەبێتە هۆی هەژاری و گرانی و چوونەسەری سەرسووڕهێنەری نرخەکان و دروستبوونی ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتیی گەلانی ئێران.

ئەم پەراوێزخستنە ئابوورییەی ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدا ڕادەگەیەنرێت کە ڕێژیم بەهۆی پیتاندنی ئۆرانیۆم بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی، مووشەکی دوورمەودا، تیرۆریزمی دەوڵەتی، پشتیوانیی دارایی و ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ گرووپە نیابەتییەکان (پڕۆکسی) و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دراوسێ، ناوچەکە و جیهاندا، لە لایەن وڵاتانی ئەمریکی و ئەورووپی و ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە گەمارۆی دیکەشی بەسەردا سەپاوە.

گەڵاڵەی گەمارۆی قورسی پەراوێزخستنی ئابووریی ڕێژیم بۆ سەر پیشەسازیی نەوت و گاز و پترۆشیمیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەیە کە ڕێژیم لە لایەک تەسلیمی ویست و داواکارییەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترامپ بۆ دەستپێڕانەگەیشتن بە چەکی ناوەکی بێت، و لە لایەکی دیکەشەوە نەتوانێت تێچووی پیتاندنی ئۆرانیۆم، پیشەسازیی مووشەکی و پشتیوانیی دارایی گرووپە پڕۆکسییەکانی دابین بکات. کەواتە گەڵاڵەی پەراوێزخستنی ئابووریی ڕێژیم لە لایەن ئەمریکاوە، دابەزینی نرخی «ڕیاڵ»ی دراوی نەتەوەیی لە بەرانبەر نرخ و بەهای دۆلار زۆر خێراتر کردووە. هەروەها ڕێژیمی ئێران لە بواری بەڕێوەبردن و ئیدارەکردنی وڵات لە ئاستی باڵای بەڕێوەبردندا و بەتایبەت پاش چالاککردنی گەڵاڵەی پەراوێزخستنی ئابووری، تووشی قەیرانی نەختینەیی و دارایی بۆ کاروباری بەڕێوەبەری بووەتەوە.

لە وەها کەشوهەوایەکدا مافیاکانی ئابووری لە بازاڕی ئێراندا لە بواری بەرهەمهێنان، هەناردە و هاوردەکردن، گەندەڵی و دزیدا وڵاتی ئێرانیان تووشی قەیران و ئاڵۆزی کردووە، کە لە چوونەسەری نرخی دراوە بیانییەکان و بەتایبەت نرخ و بەهای دۆلار و نرخی پشکەکانی بۆرسدا دەستیان هەیە. ئەگەر گەمارۆ نوێیەکەی ئەمریکا و هاوکاریی وڵاتانی کەنداو و دراوسێیانی ڕێژیم کە ئەگەریان لە ئارادایە بە گەڵاڵەی پەراوێزخستنی ئابووری زیاد بکەین، هۆکارەکانی بەرزبوونەوە و چوونەسەری نرخ و بەهای دۆلار و دراوی دەرەکی لە بازاڕەکانی ئێراندا زیاتر دەردەکەوێت؛ چونکە لە ئێستادا بەشی هەرەزۆری دابینبوونی سەرچاوەکانی بودجەی وڵاتی ئێران لەسەر داهاتی فرۆشتنی نەوت داڕێژراوە. بۆیە پاش کۆنتڕۆڵ و گەمارۆی گەرووی هورمز لە لایەن هێزی دەریایی سوپای ئەمریکاوە «سێنتکۆم»، ڕێژیمی ئێران تووشی بەربەستی هەناردەکردن و نەفرۆشتنی نەوت بووەتەوە. نەبوونی داهاتی نەوتی و گەیشتنی هەناردەکردنی نەوت و گاز بە ئاستی سفر، کاریگەری لەسەر تەواوی ڕەهەندەکانی سیستەمی بانکی، دارایی و دراویی وڵات دەبێت و بەوەش شایەتی چوونەسەری زیاتری نرخ و بەهای دۆلار لە هەمبەر ڕیاڵدا دەبینەوە؛ هەر وەک چۆن هەتا نووسینی ئەم وتارە بەهای دۆلار لە ٢٢٠ هەزار تمەن تێپەڕیوە.

کاربەدەستانی باڵای ئابووریی ڕێژیم لە وەها فەزایەکی بێ‌داهاتدا، بە بەرزکردنەوەی نەختینەی بانکی ناوەندی لە ڕێگای فرۆشتنی دۆلار بە نرخی گران بە بازاڕ و خەڵک، هەم دەتوانن نەختینە کۆ بکەنەوە و هەم دەتوانن بۆ کورتخایەن تێچووەکان و پارەی یارمەتییە نەختییەکان (یارانە)ی خەڵک دابین بکەن و هەم ڕێگری لە هاتنەسەرشەقامی ناڕەزایەتیی گەلانی ئێران لە کورتماوەدا بکەن؛ بەڵام لە درێژخایەندا لەگەڵ ناڕەزایەتی و هاتنەسەرشەقامی گەلانی ئێران ڕووبەڕوو دەبنەوە و ئەو شێوە سیاسەتداڕشتنە دارایی و دراوییەی ڕێژیم لە درێژخایەندا دەبێتە هۆی هەڵاوسانی سەرسووڕهێنەر، گرانیی کاڵاکان و خزمەتگوزارییەکان بەگشتی، و هەژاری و نەداریی زیاتری گەلانی ئێران.

لە لایەکی دیکەوە چونکە داڕێژەرانی سیاسەتی دارایی و دراویی ڕێژیم، سیاسەتەکانی وڵاتی «چین»یان وەکوو پارادایمی سیاسەتەکانی خۆیان هەڵبژاردووە، لە هەڵەدان؛ چونکە چین وڵاتێکە لە حاڵی گەشەکردندایە و کاڵاکانی لە زۆربەی وڵاتانی پیشەسازیدا دەفرۆشرێن؛ لە لایەکی دیکەوە نرخی «یوان»ی دراوی نەتەوەیی چین لە بەرامبەر دۆلاردا لە ئاستی بازاڕەکانی جیهاندا نزم ڕاگیراوە، تاوەکوو نرخی فرۆشتنی کاڵای چینی لە بازاڕدا هەرزانتر بێت. بەڵام وڵاتی ئێران نە کاڵای پیشەسازیی هەناردەیی هەیە تا لە بازاڕە جیهانییەکاندا بیفرۆشێت و نە وڵاتێکە لە حاڵی گەشەکردندا، بەڵکوو وڵاتێکی گەمارۆدراو، شکستخواردوو، وێرانکراو و قەرزدار بە سیستەمی بانکی و چاپکەری دراوی بێ‌پشتیوان و خاوەن ئابوورییەکی تێکڕووخاوە.

ئەم شێوە سیاسەتداڕشتنە دارایی و دراوییەی ڕێژیم، دەرەنجامی بەرزبوونەوە و چوونەسەری نرخ و بەهای دۆلارە لە بازاڕەکانی ئێراندا؛ هەم لەسەر سیستەمی بانکی شوێنەواری نەرێنی دەبێت و هەم دەبێتە هۆی گرانی، هەڵاوسانی ئابووری، بێکاری و هەژاریی ڕۆژبەڕۆژی گەلانی ئێران و لە ئاکامدا ناڕەزایەتیی بەرینی جەماوەریی کۆمەڵانی گەلانی ئێرانی لێ دەکەوێتەوە. بۆیە بە ئەگەری زۆرەوە گەڵاڵەی پەراوێزخستنی ئابووریی ڕێژیمی ئێران، چوارچێوەی پێکهاتەی دەسەڵاتداری و حوکمڕانیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەڵدەوەشێنێتەوە؛ چونکە لە چوارچێوەی پێکهاتەی ڕێژیمدا دزی و تاڵان و گەندەڵی لە سیستەمی نادێموکراتیکی بەڕێوەبەریدا، بەردەوام لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا هەبووە و بە سیستماتیک کراوە. بۆیە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران، لە جیاتی ئەوەی بژێوی و داهاتی سەرانەی خەڵک بەرز بکەنەوە، لە لایەک خەریکی ئاژاوەنانەوە و شەڕ و نەگونجان لەگەڵ سیستەمی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی قەدەغەکراوی ناوەکین و لە لایەکی دیکەشەوە لە بیری دزی و تاڵانی سەروەت و سامانی نەتەوەییدان.

لە چوارچێوەی سیستەمی بەڕێوەبەریی ئیداریی گەورەی وڵاتدا، زۆرترین قازانج و بەرژەوەندیی دارایی بە کەسانی نزیک لە دەسەڵات دەگات. بۆیە دەستوپێوەندەکانی ڕێژیمی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی وەک زێروو، خوێنی خەڵک و سەروەت و سامانی نەتەوەیی دەمژن. کەواتە لە چوارچێوەی پێکهاتەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە لایەک هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ ئەوەی ڕێگری لە دەستپێڕاگەیشتنی ڕێژیم بە چەکی ناوەکی و چەکی کۆمەڵکوژ و ئاژاوەنانەوە و پشتیوانیکردنی گرووپە پڕۆکسییەکانی ڕێژیم لە ناوچەکەدا بکرێت، و لە لایەکی دیکەشەوە توانای ڕێگری لە گەندەڵیی سیستەمی ئیداری و دارایی لە دامەزراوە دەوڵەتییەکاندا نییە، چونکە گەندەڵیی کارگێڕی لە ڕێژیمدا لەژێر کاریگەریی دوو جۆری دیکەی گەندەڵی، واتە گەندەڵیی سیاسی و گەندەڵیی هەڵبژاردندایە. بۆیە سیستەمی بەڕێوەبەری و ئیداریی دامودەزگا دەوڵەتییەکان بەهۆی تێوەگلان لە گەندەڵی، توانای کۆنتڕۆڵ و چاودێریی وەزارەتخانەکان، بانکەکان و دامەزراوە ئیداری و داراییەکانی نییە. هەروەها چونکە گەندەڵی لە ڕێژیمی ئێراندا سیستماتیکە، ئەو دامودەزگایانەی وەک: دەزگای دادوەری، هێزی ئینتیزامی، مەجلیسی شوورای ئیسلامی و دەستەی پشکنینی گشتیی وڵات کە بەرپرسیارێتیی خەبات دژی گەندەڵییان لەسەرە، خۆیان لێوانلێون لە گەندەڵی. بەستێنەکانی ڕانتخۆری و گەندەڵیی ئیداری و ئابووری لە ڕێژیمی ئێراندا، لە لێکەوتە ڕاستەوخۆکانی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامیدان.

پوختەی مەبەست؛ بێ گۆڕانی پێکهاتەی سیاسیی ئێران، خەباتی جیددی و شێلگیرانە دژی گەندەڵیی ئیداری و دارایی، چوونەسەری نرخ و بەهای دۆلار و دراوە بیانییەکانی دیکە، شەڕ و ئاژاوەنانەوە و دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوەکی ئەستەمە. تاکە ڕێگەچارە بۆ دەربازبوون لە گەندەڵیی ئیداری و دارایی، ژیانێکی سەردەمیانە بۆ گەلانی ئێران و سەقامگیریی ناوچەی کەنداو و گەرووی هورمز و جیهان، بە دامەزراندنی سیستەمێکی فیدراڵ و دێموکراتیک لە ئێراندایە تا یاسا و پڕەنسیپەکانی دێموکراسی ببنە سەرچاوەی بڕیاردان؛ تا هەم ناوچەکە و جیهان بەدوور بن لە سیستەمێکی سەرەڕۆ، ئاژاوەگێڕ و نەگونجاو لەگەڵ سیستەمی نێودەوڵەتی و ناوچەییدا، و هەم سەروەت و سامانی نەتەوەیی بۆ هەموو نەتەوەکانی ئێران بێت، نەک بۆ دەستە و تاقمێکی دیاریکراو.