
د. ئاسۆ حەسەن‌زادە
"کەمترین چاوەڕوانی کە لە حیزبی دێموکرات ده‌کرێ ئەوەیە که هه‌روا بە ڕاشکاوی و لێبڕاوییەوە لەسەر ناسنامه‌ی سیاسیی جیاوازی کورد و پێویستیی دەستبەرکردنی پێگەیه‌کی یاسایی تایبەت به ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێ دابگرێ و خۆی لە پاشکۆیەتیی ئەو ڕەوتانە بپارێزێ کە به زمان و ڕواڵه‌تێکی نوێ و سه‌رنجڕاکێشه‌وه ھەوڵ دەدەن ئاکامه سیاسی و حقووقییه‌کانی پێشینەی مێژوویی و تایبه‌تمه‌ندخوازیی ڕەوای کورد بسڕنەوە."حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران زۆرجار وەک یەکەم حیزبی مۆدێرنی کوردی و بەڕابردووترین ڕێکخراوی سیاسیی هێشتا چالاک لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێران‌دا ناو دەبرێ. ئەم ئیدیعایە ئەگەرچی له‌سه‌ریه‌ک ڕاستە، بەڵام پێویستیی بە وردکردنه‌وه‌ش هەیە. بەر لەم حیزبە، ڕێکخراوی مۆدێرنی دیکە لە بزووتنەوەی کورددا سەریان هەڵدابوو، بەتایبەت حیزبی «ھیوا» لە کوردستانی عێراق و "کۆمەڵەی ئازادیخوازانی کوردستان" لە ئێران، بەڵام هیچکامیان نەیانتوانی ببنه حیزبێكی جه‌ماوه‌ری و ده‌وام بێنن. لە ئاستی سەراسەریی ئێرانیشدا، حیزبی تودە چەند ساڵ بەر لە حیزبی دێموکراتی کوردستان دامەزرا، بەڵام ئەمڕۆ بە کردە‌وه له‌نێو چووه و هیچ جێیه‌کی له ئۆپۆزیسیۆنی ئێران‌دا نه‌ماوه. لەبەر ئەوە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ده‌توانێ ئەم تایبه‌تمه‌ندییه تاقانه‌یه‌ی خۆی لە بواری پێشەنگایەتیی سیاسی و مێژوویی لە کوردستان و ئێران‌دا بەرجەستە بکاتەوە؛ حیزبێک کە بۆ یەکەمجار توانی وشیاریی نەتەوەیی کوردان لەچوارچێوه‌ی بزوتنەوەیەکی سیاسیی نوێ، پێکهاتەمەند، ڕێکخراو و گشتگیردا ڕێک بخا.
حیزبی دێموکڕاتی کوردستان به سه‌رکردایه‌تیی پێشه‌وا قازی محەممەد و لە دڵی «کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد» (ژ.ک)ەوە کە لە ساڵی ١٣٢١دا دامەزرابوو، هاته‌ده‌ر. ئاوێتەیی و به‌رده‌وامیی فیکری و تەشکیلاتیی نێوان ژیکاف و حیزبی دێموکرات تا ئەو ئاستەیە کە ئەمڕۆ زۆر کەس لە‌و بڕوایەدان که هه‌ق وایه سێ ساڵی تەمەنی ئەم پێکهاتەیەش بخرێتە سەر تەمەنی خەباتگێڕیی حیزبی دێموکرات. گواستنه‌وه لە ڕێکخراوێکی تا ڕادەیەک داخراو و نهێنیی وه‌ک ژیکافه‌وه به‌ره‌و حیزبێکی شوێندانه‌ر و کۆمەڵگەتەوەر ئاماژەیە بۆ ئیراده‌ی پێشکه‌وتن به ئاقاری پڕاگماتیزمی سیاسی و پلوڕالیزمی کۆمەڵایەتی؛ بە دەربڕینێکی تر ئامانج لەم بازدانە چه‌شنییه لە کاری حیزبیی کوردەکان له ئێران‌دا، کۆکردنەوە و یەکخستنی توێژە جیاوازە کۆمەڵایەتییەکان و سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی داواکارییە نەتەوەییەکانی کورد بە ڕەچاوکردنی واقیعە سیاسییەکانی ئەو سەردەمە بوو.
حیزبی دێموکراتی کوردستان تەنیا چەند مانگێک دوای دامەزرانی، بوو به مۆتۆری کاردروستاییه‌کی مه‌زنی سیاسی و کەوتە نێو ناوەندی ئەزموونێکی مێژوویی کە ناسنامە و گوتاری ئەو حیزبه‌ی بۆ هەمیشە له قالب دا، واته کۆماری کوردستان کە لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی لە مەهاباد ڕاگەیەندرا. ئەگەرچی تەمەنی ئەم کۆمارە لە یازدە مانگ تێنەپەڕی، بەڵام ئه‌و کۆماره ڕۆڵێکی ژیانەکی و چاره‌نووسسازی لە داڕشتن و خه‌مڵاندنی خەونی سیاسی-نەتەوەییی هه‌موو کورددا گێڕا. ئەم ئەزموونە کۆمه‌ڵێک پره‌نسیپ و هێمای به‌رهه‌م هێنا و له‌دوای خۆی بەجێهێشت کە بایەخ و گرنگییان لە چوارچێوەی حیزبی دێموکڕات و کوردی ڕۆژهه‌ڵات تێپەڕی. ویستی سەروەریی نەتەوەیی، ئاڵای کوردستان، سروودی نەتەوەیی، ناو و هێمای پێشمەرگە، تێگەیشتنێکی سه‌رده‌می لە وشیاریی هاووڵاتی لە کوردستان و یەکیەتیی نێوان کوردان ئه‌ولاتر له سنووره‌كان، بەشێک لە میراتی سیاسیی و هێمایی ئەم ئەزموونە پڕبایەخەن.
نەتەوەخوازیی شێلگیر بەڵام واقعبینانە
میراتی مێژوویی مەهاباد لە ناخی خۆیدا هەڵگری جۆرێک دیالێکتیک و گرژیی گوتاری بوو کە لە دەیەکانی دواتریشدا لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران مایەوە. ئەم حیزبە هەمیشە خۆی بە ئاڵاهەڵگری سەرەکیی داکۆکی لە ئاواتە نەتەوەییەکانی کورد لە ئێران زانیوە. لە هەمان کاتدا تێکۆشاوە لە چوارچێوەی ئێران‌دا بەدوای دۆزینەوەی چارەسەرێکی پته‌و و پایه‌دار بۆ پرسی کورددا بگەڕێ؛ چارەسەرێک کە هەتا ساڵی ١٣٨٣ لە چوارچێوەی خودموختاری‌دا فۆرمولە دەکرا و پاشان بۆ فیدراڵیزم بەرز کرایەوە.
هەندێک لە ڕەخنەگران، حیزبی دێموکرات به‌وه تۆمەتبار دەکەن که بە گرتنەبەری ئەم ڕێبازە، ئاستی داواکارییەکان و ئاسۆی ئاواتەکانی کوردی سنووردار کردووە و لە خواست یان مافی سەربەخۆییی کورد پاشەکشەی کردووە. هه‌قیقه‌تی مەسەلەکە شتێکی دیکەیە. لە لایەکەوە، ئەزموونی مێژوویی کۆماری کوردستان ئاڵۆزتر لەم جۆره هەڵسەنگاندنە ساده‌که‌ره‌وانه‌یه. زۆر له هێماسازی و هه‌ڵبژاردنه سیاسی و نیهادییه‌كان لە کۆماری کوردستان و به‌گشتی که‌شی زاڵ بەسەر ژیانی کورتی ئه‌م کۆماره‌دا ده‌لالەت لە ڕوانگە و تێروانینێکی بەربڵاوتر و بەرزەفڕانەتر دەکەن. هەروەک دکتور قاسملوو دواتر لە کتێبی «چل ساڵ خه‌بات له‌پێناوی ئازادی»دا نووسی، قازی محەمەد و ڕێبەرانی کۆمار، چاویان لە ئاسۆیەکی دووره‌ده‌ستتر که زۆر ئه‌ولاتر لە خودموختارییەکی سنووردار لە چوارچێوه‌ی ئێران‌دا ده‌ڕۆیشت بڕیبوو؛ بەڵام لە هەمان کاتدا، ئه‌وان بە تەواوی ئاگاداری بەربەستە نێودەوڵەتییەکان و ئاستەنگە ناوچەیییەکانی بەردەمیان بوون. ئەم پێوەندی و لێک‌گرێدانەی نێوان ئاڕمانجخوازیی نەتەوەیی و واقیعبینیی سیاسی بووەتە ڕێکار و پێناسه‌یه‌ک که حیزبی دێموکڕات هاوسەنگییەکانی پێ ڕاگرتووە. به‌دیوه‌که‌ی دیکه‌شدا، حیزبی دێموکرات لە دەیەکانی دوای ڕووخانی کۆماری کوردستانیشدا بەردەوام پێداگریی لەسەر مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد کردووە و تەنانەت هەندێک جار ئاماژەی بە مافی کوردەکان له ئێران بۆ بەڕێوەبردنی گشت‌پرسیی سەربەخۆییش کردووە.
تێکۆشان بۆ پێکهێنانی هاوسەنگی لە نێوان ئەم دوو ستراتیژییەدا، هەمیشە بۆ ئەم حیزبە مەشقێکی هزری و سیاسیی قورس و سەرچاوەی نالێکی و هەڵکشان و داکشان لە هەر دوو بەستێنی ئێرانی و کوردستانی‌دا بووە. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هۆی ئەو بەرپرسیارەتییە مێژوویی و گوتارییەی لە بزووتنەوەی کوردی له ئێران‌دا لەسەرشانیەتی، زۆربەی جار لە گرتنەبەری هەڵوێستی ڕادیکاڵ خۆی بواردوە. لە ڕاستیدا بۆ ئەم حیزبە، مەسەلەی بنەڕەتی تەنیا هەڵبژاردن لە نێوان خودموختاری/فیدراڵیزم لە چوارچێوەی ئێران و سەربەخۆییخوازیدا نییە؛ بەڵکوو ئاله‌نگاریی سەرەکی لە چۆنیەتیی دەستنیشانکردنی پێگەی سیاسیی کوردستان لە داڕشتنەوەی پێکهاتەییی ئێران‌دایە، بە شێوەیەک کە مەسەلەی کورد لە چەمکی ئینتیزاعی و ئاست دابەزێندراوی به‌ناو یه‌کسانیی هاووڵاتیبووندا ون نەبێ. ئەم ئاله‌نگارییە بە هەمان ئاست سەختتر دەبێتەوە کە پێگەی کۆمەڵایەتی و به‌ده‌نه‌ی ئەم حیزبە (نەک هەر نەوەی نوێ، بەڵکوو تەنانەت لەنێو پێشمەرگە دێرینەکانیشدا) لە دەربڕینی ویست و ئاره‌زووی نه‌ته‌وه‌یی خۆیاندا ڕێباز و ڕوانگەیەکی زۆر ڕادیکاڵتر لە ئەدەبیاتی فەرمی و بەرنامەی پەسندکراوی حیزبیان هەیە.
ئەمڕۆ ده‌وڵه‌تانی حاکم به‌سه‌ر کوردستان زیاتر لە هه‌ر کاتێک مافی ڕه‌وا و بوونی سیاسیی کوردیان خستووەتە مەترسییەوە و هەوڵ بۆ نەهێشتنی پێگەی تایبەتی کورد لە پرۆسەی به‌ناو گەشەپێدانی سیاسی و مێعماریی نیهادیی ئەو وڵاتانەدا دەدەن. له‌و نێوه‌دا بەداخەوە هێندێک ڕه‌وت و لایه‌ن و چالاکی سیاسی و مه‌ده‌نیی کوردیش، بەئەنقەست یان له‌ڕووی نه‌زانییه‌وه، تێکەڵکردنی داواکارییە سیاسی و بە کۆمەڵەکانی کورد لە ئێران له‌گه‌ڵ به‌ها و بابه‌ته کۆمه‌ڵایه‌تی و به ڕواڵه‌ت دێموکڕاتیکه‌كانی ئێران‌دا به شتێکی ئاسایی ده‌زانن و بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌ت به خۆیان یارمه‌تی به تواندنەوە و بنکۆڵ کردنی پرسی کورد وەک پرسی مێژوویی گه‌لێکی ژێرده‌سته و خاک دابه‌شکراو دەکه‌ن.
لە حاڵه‌تێکی وادا، کەمترین چاوەڕوانی کە لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک هەڵگری سەرەکیی ڕەسالەتی نەتەوەیی کورد لە ئێران ده‌کرێ ئەوەیە که، لە پاڵ پاراستنی واقیعبینیی سیاسی و بەرفراوانکردنی هه‌وڵه‌کانی بۆ بەشداریی شوێندانه‌ر لە پرۆسە سەراسەرییەکانی ئێران‌دا، وەک هەمیشە بە ڕاشکاوی و لێبڕاوییەوە لەسەر ناسنامه‌ی سیاسیی جیاوازی کورد و پێویستیی دەستبەرکردنی پێگەیه‌کی یاسایی تایبەت به ڕۆژهەڵاتی کوردستان (به‌سه‌ریه‌که‌وه) پێداگری بکا و خۆی لە پاشکۆیەتیی ئەو ڕەوتانە بپارێزێ کە به زمان و ڕواڵه‌تێکی نوێ و سه‌رنجڕاکێشه‌وه ھەوڵ دەدەن ئاکامه سیاسی و حقووقییه‌کانی پێشینەی مێژوویی و تایبه‌تمه‌ندیخوازیی ڕەوای کورد بسڕنەوە.
لە چەپی نەریتییەوە بۆ سۆسیالیزمی دێموکراتیک
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەستێنێکی مێژوویی‌دا لەدایک بوو کە ئۆردووگای چەپ کاریگەرییەکی یەکلاکەرەوەی لەسەر بیچمگرتنی ناسنامەی سیاسیی بزوتنەوە ڕزگاریخوازە نەتەوەییەکان هەبوو. به‌وحاڵه‌ش، حیزبی دێموکرات هەرگیز نەبووە ڕێکخراوێکی ئیدئۆلۆژیک. ئه‌و حیزبه لەژێر ساباتی ڕێبەریی د. قاسملوودا کە لە ساڵی ١٩٧١ بەدواوە بەرپرسیارەتیی یه‌که‌می حیزبی گرتە دەست، توانی خۆی لە هێژێمۆنیی گوتاریی حیزبی تودە و به‌گشتی چه‌پی مه‌وجوود ڕزگار بکا و پێناسەیەکی سەربەخۆ و نائۆرتۆدۆکس لە ئیده‌ئالی چەپ پێشکەش بکا. لەم چوارچێوەیەدا، سۆسیالیزمی دێموکراتیک بۆ حیزبی دێموکڕات بوو به مۆدێلێکی شیکاری و په‌نجه‌ره‌یه‌کی گوتاری هه‌تا هه‌م لە نێوان دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و دێموکراسی و ئامانجی نەتەوەیی کورددا ئاوێتەکردنێکی ژیرانە و کارا ئه‌نجام بدا، هه‌م زه‌رفیه‌تی کایه‌کردن له به‌ستێنی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌تایبه‌تی له ئورووپای ڕۆژئاوا بۆ ڕاکێشانی سه‌رنج و پشتیوانیی سیاسی له کورد به‌گشتی و کورد له ئێران به‌تایبه‌تی به‌خۆی ببه‌خشێ.
ئەگەرچی لە سەردەمی ئێستادا سنووربەندییە ئیدئۆلۆژییەکانی ڕابردوو زۆر کاڵ بوونەوە، ئاله‌نگارییەکانی پێوه‌ندی و ئه‌وله‌ویه‌تبه‌ندیی نێوان ڕزگاریی نەتەوەیی و یەکسانیی چینایەتی هه‌ر لەجێی خۆیانن. لە سەردەمێکدا کە به‌هۆی شکستی ئیده‌ئالی سۆسیالیستی له‌سه‌ر عه‌رز، چەمکە لیبڕاڵییەکان دزەیان کردووەتە ناخی بزووتنەوە ڕزگاریخوازە نەتەوەییەکانیش، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێویستی بەوەیە مانایەکی عەینی و کردەیی بە بەڵێن و دەروەستییەکانی خۆی لەهەمبەر دادپەروەری و یەکسانیی کۆمەڵایەتی ببەخشێ. پرسی نەتەوەیی هەرچەندە بۆ ڕه‌فتاری سیاسیی کورد بڕبڕەی پشت و له‌ڕاستیدا فەلسەفەی وجوودیی حیزبی دێموکرات بێ، بە تەنیا ناتوانێ مانیفێستێکی تەواو و هەمەلایەنە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بخاتەڕوو. به‌پێچه‌وانه‌وه، پشتگوێخستن یان کەمتر پڕژانە سەر پرسی دادپەروەری و بە گشتی بەهێند نەگرتنی پرسە کۆمەڵایەتییەکان دەبێتە هۆی پەرشوبڵاوی و بەفیڕۆچوونی بەشێک لە تواناکانی نێو کۆمەڵگە و ئەم بابەتەش زیان بە یەکگری و ئاقارسازیی ئاکامدار لە خەباتی نەتەوایەتیدا دەگەیەنێ.
سەربەخۆیی سیاسی و پابەندی بە کۆمه‌ڵێک پره‌نسیپی جێی ستایش
سەربەخۆیی لە بڕیاردان و ڕەتکردنەوەی پاشکۆیەتی، هەمیشە بەشێکی دانەبڕاو لە فەرهەنگی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووه. لە سەردەمی ڕێبەریی د. قاسملوودا، ئەم حیزبە توانی لەژێر هەژموونیی حیزبی تودە و بە گشتی ڕەوتە سیاسییە سەراسەرییەکانی ئێران و هەروەها لە بەستراوەیی بە بزووتنەوەی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بێتە دەر. ئەو کاتەی حیزبی دێموکڕات هەستی کرد شوڕای میللیی مقاومەت (له‌ژێر هێژێمۆنیی موجاهیدینی خەڵقدا) سەربەخۆیی سیاسیی ئەم حیزبە ته‌حه‌مول ناکا، بڕیاری چوونە دەرەوەی لە‌و هاوپەیمانییە دا. لە پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ ڕەوت و لایەنە دیارەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستاندا، ئه‌و حیزبه هەمیشە هاوسەنگی و بێلایەنیی خۆی پاراستووە.
ئەم سەربەخۆییە پێکهاتەییە له به‌ستێنی پێوه‌ندییە نێونه‌ته‌وه‌ییەکانی حیزبی دێموکڕاتیشدا بەرجەستە بووە. واقیعی ژیۆپۆلیتیکی دوای شەڕی دووهه‌می جیهانی دەری‌خست هیچ ده‌سه‌ڵات و جه‌مسه‌رێکی نێوده‌وڵه‌تی مه‌یلی ڕاستەقینەی بۆ پشتیوانی لە داواکارییەکانی کورد نییە. لە هەمان کاتدا، حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بۆخۆیشی فەرهەنگێکی سیاسیی تایبەتی لەسەر بنەمای دوورکەوتنەوە لە پاشکۆیەتی و پەراوێزنشینی لە بەرامبەر زلهێزەکاندا چەسپاند؛ بە شێوەیەک کە لە سەردەمی شه‌ڕی سارد ئه‌و حیزبه لە یەک کاتدا ئازایەتیی ڕەخنەگرتن لە هەردوو بلۆکە سیاسییە زاڵەکەی ئەو سەردەمەی هەبوو. لە بارودۆخی ئێستاشدا کە کۆماری ئیسلامی تێوەگلاوی شەرێکی قورس و چارەنووسسازە، ئەم حیزبە بە پێچەوانەی هێندێك گریمانه و چاوەڕوانی، هێشتا پێداگری له‌سه‌ر سەربەخۆیی سیاسیی خۆی ده‌کا و سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به قیمه‌تی تیروتوانجی زۆر له چاوه‌دێران جارێ هه‌ر سیاسه‌تی دانبەخۆداگرتنی ژیرانه ڕه‌چاو بکا.
لە بواری پێوه‌ندی لەگەڵ دەوڵەتانی حاکم بەسەر بەشەکانی دیکەی کوردستاندا، حیزبی دێموکراتی کوردستان سەربەخۆیی سیاسیی خۆی کردووەتە ده‌رفه‌تێك بۆ چه‌سپاندنی باوه‌ڕ به هاوپێوه‌ندیی سەراسەریی کورد و پەرەپێدانی ئەخلاقێکی سیاسیی پشتبەستوو بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی. بە درێژایی شەڕی ئێران و عیراق، سەرای ئەوەی ئه‌و حیزبه خەباتێکی چەکداریی خوێناویی به‌دژی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە دەبرد، بەڵام قەت ڕێگەی نەدا هاوئاراستەیی عەینی و تاکتیکیی ئەم حیزبە لەگەڵ بەغدا لە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامی‌دا ببێتە مایەی بەستراوەیی سیاسی حیزب به حیزبی به‌عس. لە نیوەی دەیەی ١٩٩٠-یش بەدواوە، ئەو حیزبە هەمیشە هەوڵی داوە خەباتی مەیدانی (بە تایبەت لە ڕەهەندی سەربازییەوە) بیانووی فشار و هەڕەشە لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق نەداته ده‌ست کۆماری ئیسلامی. له هه‌ردووکی ئه‌و بوارانه‌دا (هه‌م مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ناوچه و هه‌م پێوه‌ندییه نێوخۆییه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی کورد)، حیزبی دێموکڕات ییڕەویی لە‌و ئه‌سڵه کردووه کە بردنه‌پێشی پرسی کورد لە هەر بەشێکی کوردستاندا نابێ لەسەر حسێبی بەرژەوەندییەکان یان دەسکەوتەکانی کورد لە بەشەکانی دیکە بێ. ئەمە ئەسڵێکە کە قه‌ت وەک پێویست یا به ته‌واوی لەلایەن لایەنە سیاسییەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستانەوە ده‌رهه‌ق به حیزبی دێموکڕات و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ڕەچاو نەکراوە.
لە تەنیشت ئەم سەربەخۆییە لە بۆچوون و کردەوەدا، کۆمه‌ڵێک به‌ها و پره‌نسیپیش هەن کە ڕۆڵێکی بەرچاویان له بەهێزکردنی ئیعتبار و ڕاکێشانی متمانەی نێودەوڵەتی بۆ لای حیزبی دێموکرات‌دا هه‌بوو؛ لەوانە هەوڵی بەردەوام بۆ کەمکردنەوەی تێچووی مرۆیی شەڕ، ڕەفتاری مرۆڤانە لەگەڵ دیلەکان و ئازادکردنیان، ڕەتکردنەوەی ڕاشکاوانەی تێرۆریزم، بارمتەگیری و هێرش و په‌لاماری کوێرکوێرانە و پێچه‌وانه‌ی قانوونی به‌شه‌ردۆستی. هه‌موو ئه‌و پره‌نسیپ و به‌هایانه له ئاستی ئێرانی و نێونه‌ته‌وه‌ییدا جۆرێک له سیمای شارستانی و ڕێز و سه‌نگینیان بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەخشیوە کە ئەو حیزبە دەتوانێ شانازیی پێوە بکا. بەڵام دەبێ سەرنج بدرێتە ڕووەکەی دیکەی دراوەکەش: پابەندبوونی قورس و قایم و سه‌رسه‌ختانه بەو پڕەنسیپانە و حەزەری بەردەوام به‌تایبه‌تی لە هێندێك بڕگه و هه‌لومه‌رجی دیاریکراودا توانای مانۆڕدان و زه‌رفییه‌ته تاکتیکییه‌کانی ئه‌و حیزبه‌شی سنووردار کردووە. لێرەدا به هیچ جۆر مه‌به‌ست ئه‌وه نیه که بڵێین با ئه‌و به‌ها و پره‌نسیپه پیرۆزانه پێشێل بکرێن؛ بەڵکوو قسه له‌سه‌ر زەروورەتی خستنەڕووی ڕێکارگەلێکی خەباتگێڕانەیە کە وێڕای ڕێزگرتن لە بەهاكانی ئه‌خلاقی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی، ئاستی دەستپێشخەریی به‌کرده‌وه و توانا مەیدانییەکانی ئەو حیزبە بۆ شوێندانانی زیاتر لەسەر ڕەوتی گۆڕانکاری و پێشهاتەکان بەرز بکاتەوە.
واقیعگەرایی وەک سەرمەشقی ڕەفتاری سیاسی
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک حیزبێکی جەماوەری و نائیدئۆلۆژیک، لە سەرەتای دامەزرانیەوە تا ئێستا هەمیشە هەوڵی داوە ببێتە چەقی بەیەکگەیشتنی بەشی به‌رچاوی فره‌چه‌شنی و جیاوازییە نێوخۆییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و زەرفییەتە خەباتگێڕییەکانی ئەم کۆمەڵگەیە. بۆ ئەم مەبەستەش، ئەو حیزبە هەوڵی داوە هه‌م لەگەڵ مێژووی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە پێش دامەزراندنی خۆیه‌وه سەنتێز و پێوەندی دروست بکا، هەم جۆرێک لە سێکولاریزم و سه‌رخانی مۆدێرنی سیاسی بخاتە ڕوو کە ژێرخانی نەریتیی کۆمەڵگەی کوردستان بۆ پێشخستنی خەباتی نەتەوەیی ده‌کار بخا به‌بێ ئه‌وه‌ی بهێڵێ به‌هۆی ویه‌وه کەلێن و درزە پێکهاتەییەکانی نێو ئەم کۆمەڵگه‌یه قووڵتر ببنەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ئەم حیزبە هیچ کات شێواز یان فۆرمێکی تایبەتی خەباتی وه‌ك شتێکی موتڵه‌ق چاو لێ نه‌کردوە. حیزبی دێموکرات هەر کاتێک هەستی بە کەمترین زەمینەی سیاسی کردبێ، تەنانەت لە ژێر سێبەری دەسەڵاتی حاکمییەتی نادێموکراتیکدا بەشداری هەڵبژاردن بووە یان بانگەوازی بۆ بەشداریکردنێکی ئامانجدار کردووە؛ ڕێبەرە دیارەکانی خۆی تەنانەت بە نرخی دانانی گیانیان ناردۆته مه‌یدانی وتووێژ و دانوستانی سیاسی؛ کات و سه‌رمایه‌ی ماددی و مرۆیی بۆ بوارە مەدەنی و دیپلۆماسییەکانی خه‌بات ته‌رخان کردوە؛ و لە بارودۆخی گونجاو‌دا و بەپێی پێویست پەنای بۆ خۆڕاگریی چەکدارانه‌ش بردووە و هەمیشە هێزی پێشمەرگەی خۆی پاراستووە.
ئەم توانایە لە کایه‌کردن لە چەندین بەرە یان به‌ستێنی جیاواز و ته‌نانه‌ت هێندێک جار نالێکدا، بە خاڵی به‌هێزی حیزبی دێموکڕات داده‌نرێ، بەڵام لە هەمان کاتدا، پرسیارێکی ستراتیژی و ژیانەکییش قووت ده‌کاته‌وه : چۆن ده‌كرێ ئەم شێواز و رێکاره جیاوازانە‌ی خه‌بات بەپێی گرینگی‌یان و به‌پێی هه‌لومه‌رج به جۆرێك هه‌ماهه‌نگ و ئه‌وله‌ویه‌تبه‌ندی بکرێن که یه‌كتر نه‌فی نه‌که‌نه‌وه و ئاکام و به‌رهه‌می سیاسیی ڕوون و کۆنکرێت مسۆگەر بکەن؟ ئاله‌نگاریی سەرەکیی حیزبی دێموکرات لە بارودۆخی هەستیار و جارێ زۆر دژواری ئێستادا ئەوەیە کە چۆن لە ئاڵۆزییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی بەرامبەر به ئێران بۆ ڕزگاربوون له سنوورداریی مه‌یدانیی به‌رهه‌می سی و سێ ساڵ مانه‌وه‌ی ڕێبه‌ریی حیزب له قووڵایی خاکی باشووری کوردستان که‌ڵك وه‌ربگرێ، بەبێ ئەوەی بۆ ئه‌و ده‌ربازبوونه ناچار بێ تێچووی گه‌وره له جەوهەری داواکارییەکان و له پێناسەی سیاسیی هەشتا ساڵەی خۆی و له بنه‌ماکانی هه‌رمانی خه‌باتگێڕانه‌ی خۆی بدا.
حیزبێکی به‌ساڵداچوو لە کۆمەڵگەیەکی بە پێکهاتە نۆژه‌نبووه‌وه‌دا
لە باس و خواسه سیاسییەکانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا، هێندێک کەس و لایه‌ن ئەو حیزبە کوردییانەی پێش یان یه‌کسه‌ر پاش شۆڕشی ١٣٥٧ دامەزراون، بە ئاوه‌ڵناوی "نەریتی" یان "کلاسیک" پێناسە دەکەن؛ هه‌روەک بڵێی دێرینەیی و پاشخانی مێژووییان نیشانەی مانه‌وه‌یان له ڕابردوودا و ماوه به‌سه‌رچوونیان بێ. ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر حیزبی دێموکڕات، جێی خۆیه‌تی له‌و که‌س و لایه‌نانه بپرسن که ئایا ده‌كرێ حیزبێک هەشت دەیە له داخراویی که‌شی سیاسی و چالاکیی نهێنی، شه‌ڕ و سەرکوت و تێرۆری ڕێبەرەکانی، کێشه و لێکترازانه نیوخۆییه‌کان؛ و گۆڕانی بارودۆخ و هەلومەرجی جیهانی و ناوچه‌یی و نێوخۆیی ده‌رباز بکا به‌بێ ئەوەی خاوه‌نی توانایه‌كی ڕاستەقینە بۆ گونجاندن و نوێبوونەوە بێ؟
پێوانەکردنی کێش و پێگەی ئێستای حیزبە سیاسییەکان لە ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بەهۆی قەدەغەبوونی چالاکییەکانیان و نەبوونی کێبڕکێی ئازادی هەڵبژاردن، هێشتا کارێکی دژوارە. تاکە قۆناغی مێژوویی کە پێوەرێکی باوەڕپێکراو و عەینیی لە کێشی ئەم حیزبانە دایە دەست یەکەمین هەڵبژاردنه‌کانی دوای شۆڕشی ١٣٥٧ بوو؛ ئەو شوێنەی کاندیدەکانی نیزیک لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە زۆربەی هەرە زۆری ئەو ناوچانەی ئه‌و حیزبه حزوور و چالاکیی ئازادی تێدا هەبوو، زۆرینەی ڕەهای دەنگەکان (تەنانەت سەرووی ٨٠ لە سەد)یان وه‌ده‌ست هێنا. ئەمڕۆ هەڵسەنگاندنی خەمڵێنراوی قوورسایی سیاسیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا لە ڕێگەی پێوەرگه‌لی ڕێژه‌یی وەک قووڵایی مێژوویی، پێگه‌ی کۆمەڵایەتی، توانای ڕێکخستنی گشتی، به‌رفراوانیی ته‌شکیلات و پێوه‌ندییه‌کانیانه‌وه ده‌کرێ. به‌و پێوه‌رانه بێ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هێشتا پێگەیەکی ناوەندی و بڕیاردەری لە ژینگەی سیاسیی کوردستانی ئێران‌دا هەیە.
لەگەڵ ئەمانەشدا، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانی ساڵی ٢٠٢٦ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانی ساڵی ١٩٧٩ نیە. نەوە نوێیەکان و ئەکتەرە سیاسییە تاکییه‌کان (منفرد) و گرووپی سیاسی و مه‌ده‌نیی نوێ، زۆرجار بە نرخی ئەتۆمیزەبوونی یاریی سیاسیی کورد له ئێران، پێیان ناوەتە مەیدانەکەوە و فرەچه‌شنیی نێوخۆیی کۆمەڵگەی کوردی نە تەنیا لە ڕووی سیاسییەوە بەڵکوو بەتایبەتی لە به‌ستێنی فه‌رهه‌نگیدا، زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە بەرجەستە بووەتەوە. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ ئەوەی بتوانێ ڕۆڵی مێژوویی خۆی وەک تەوەر و چەقی ته‌بایی و یه‌كگریی نێو بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد له ئێران بپارێزێ، پێویستی بەوەیە ئەم فره‌چه‌شنه کولتوری و ناوچەییە بە شێوەیەکی بەرجەستەتر لە پێکهاتەی ڕێکخراوەیی و گوتاری سیاسیی خۆیدا ڕەنگ پێ بداتەوە، به‌بێ ئەوەی کارێكی ئه‌وتۆ بە زیانی یەکگرتوویی و ئینسجامی نێوخۆیی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان و ناسنامه و ئاسۆ ستراتیژییه هاوبه‌شه‌که‌ی بشکێتەوە.
یەکگرتنەوەی سەرلەنوێی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات لە ساڵی ٢٠٢٢دا نیشاندەری به‌رپرسیاری و توانای ئەو حیزبە بۆ دروستکردنی سەنتێز و تێپەڕاندنی لێکترازانە نێوخۆییەکان بوو. ڕۆڵی ناوه‌ندی و دەستپێشخەریی ئه‌و حیزبه بۆ یه‌كگرتنی حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات و دروستکردنی چوارچێوه‌یه‌ک بۆ هاوکاری و هاوپەیمانیی نێوانیانیش (به هه‌موو ده‌ڵه‌مه‌یی و که‌موکوڕییه‌کانییه‌وه) هه‌ڵگری هه‌مان په‌یامه. ئه‌مڕۆ ئاله‌نگاری و ئەرکی سەرەکیی حیزبی دێموکڕات له‌و بواره‌دا کەڵکوەرگرتن لە وەرزی نوێ و هیوابەخشی دینامیزمی نێوخۆیی بزووتنەوەی کوردستان بۆ ڕێگریکردنی یه‌کجاری لە دووبارەبوونەوەی ململانێی خراپ و ڕووداوه تاڵه‌کانی ڕابردووی نێو بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان و کارامەکردن و بەکردەوە جێخستنی ئه‌و یه‌كڕیزی و یه‌كگرییه‌یه، به‌بێ ئەوەی ئه‌و حیزبه له‌پێناو یه‌كێتیی نێوماڵی کوردی رۆژهه‌ڵات و هاوئاراستەیی له خەباتدا ناچار بێ مل بۆ دابەزاندنی ئاستی داواکارییە سیاسییەکانی کورد له ئێران و کەمڕەنگکردنەوەی بنەما مێژووییەکانی پێناسە و شوناسی سیاسیی بزووتنەوەی کوردستان ڕاکێشێ.
کێشانەوەی داهاتوو لەسەر بنەمای هه‌گبه‌ی مێژوویی و توانستی ئەمڕۆیی
سه‌ره‌نجام گەورەترین خاڵی بەهێزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بریتییه له ئاوێتەکردنی میراتی ڕه‌مزی و مێژوویی و ڕەگ و ڕیشه‌ی قووڵ و به‌ربڵاوی کۆمەڵایەتی لەگەڵ پۆتانسیه‌لی نوێبوونەوەی ڕێژه‌یی له نێوخۆی خۆیدا و خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی ده‌ره‌وه‌ی خۆی. به‌و حاڵه‌ش، میراتی ڕابردوو بە خودیی خۆی دەستەبەری داهاتوو ناکا و دروستکردنی چۆڕاوگه‌ی (خروجی) راسته‌قینه‌ش له جیاوازیی بۆچوون و خواستگه‌کان له حیزبێكی دێموکڕاتیک و زیندوودا هه‌میشه ته‌مرینێکی دژوار و پڕکێشه‌یه.
ئەمڕۆ بەرزکردنەوەی ڕۆڵی گەنجان و ژنان و گواستنه‌وه‌ی نێوان نه‌وه‌کان و پێگەیاندنی جێگرەوە‌كان، که‌ڵكوه‌رگرتنی دروست و کارا لە پێگەی بەربڵاوی جەماوەری و ڕێکخستنی تەواوی زه‌رفیه‌ته‌کانی نێو کۆمەڵگە، ڕاکێشانی بەربڵاوتر و وردتری پسپۆڕ و بژارده‌کان، کەڵکوەرگرتنی زیاتر و باشتر لە هێزی دیاسپۆرا، مۆدێرنکردنی ئامرازەکانی خه‌بات به‌تایبه‌تی له‌بواری ڕێکخستن و لۆبیگه‌ریی دیپڵۆماسی و مێدیا و چه‌كداریدا، بردنه‌پێشی گوتاری سه‌روه‌ریخوازانه له‌سه‌ر بنه‌مای خاك و سەرچاوەکانی کوردستان، دروستکردن و بەهێزکردنی جەمسەرێکی بەهێزی نەتەوە ژێردەستەکان لە ئێران‌دا وێڕای وریا بوون له پێوه‌ندیی کورد و ئازەری لە ئێران و دۆزینەوەی هاوبەش (شریک)ی جێی متمانه لە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی‌دا، به‌شێك له ئه‌رکه‌کانی بەردەم حیزبی دێموکراتن.
وێڕای ئەوەی ئەمڕۆ خەباتی چەکداری به‌شێوه‌یه‌کی جیددی به‌رته‌سک بۆته‌وه و له‌گه‌ڵ کۆسپی گه‌وره‌ی ئەمنیەتی و ژێئۆپۆلیتیکی به‌ره‌وڕوویه و لە هەمان کاتیش‌دا ئەو حیزبانەی لە ڕابردوودا بانگەشەی پێشەنگایەتی کۆمەڵگەی کوردستانیان دەکرد ئه‌مڕۆ ڕوویان زۆرتر روویان له تەوازوعی سیاسی کردووە، حیزبی دێموکرات نابێ لە توانای کاریگەری بەخشین و ڕۆڵی ناوەندیی خۆی لە بزووتنەوەی سیاسیی کوردستاندا غافڵ بێ. بۆ ئەم مەبەستە هه‌ق وایه پێگەی مێژوویی، پۆتانسێلی جەماوەری و توانا خه‌باتگێڕییه‌كانی ئەم حیزبە لە تەواوی بوارەکاندا زیاتر لە پێشوو ببنە هەوێنی خەباتێکی فره‌ڕه‌هه‌ند و ژیرانە کە لەسەر بنەمای پێشینەبه‌ندیی ڕوون و ڕاشکاو ڕاوه‌ستابێ و دەسکەوتی عەینی و بەرجەستەی لێ بکەوێتەوە.
لە هەشتا و یەک ساڵەییدا، ئاله‌نگاریی ستراتیژیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بریتییە لە گۆڕینی قابلیه‌تی مانەوە (بقا)ی سیاسی بۆ ده‌ستپێشخه‌ریی ئاڵوگۆڕ و توانای ئاڕاستەکردنی پێشهاته‌کان. هێنانەدیی ئەم بابەتە بەندە بەوە کە ئەم حیزبە سەربەخۆیی سیاسیی خۆی و سروشتی قائیم بە زاتی پرسی کوردستان بپارێزێ بێ ئەوەی لە دەرەوەی ڕەوتە سیاسییە سەراسەرییەکاندا بمێنێتەوە؛ به‌شدارییه‌کی چالاکانه‌ی لە هه‌وڵه‌کانی دروستکردنی جێگرەوەیەکی دێموکراتیک له ئێران‌دا هەبێ بێ ئەوەی ڕازی بێ پرسی کورد لەم ڕەوتانه‌دا بتوێتەوە؛ بە ئەسڵ و پرەنسیپەکانی خۆی وەفادار بمێنێتەوە هاوکات کە توانای مانۆڕی سیاسیی خۆی بەرفراوانتر بكا؛ فرەیی و جیاوازییە نێوخۆییه‌کانی کوردستان زیاتر لە پێشوو له باوەش بگرێ بێ ئەوەی ئینسجام و یەکێتی نەتەوەیی له‌بیر بچێته‌وە. له هه‌مووشی گرینگتر ئه‌وه‌یه که ئه‌و حیزبه بتوانێ هه‌گبه‌ی مێژوویی و مه‌شخه‌ڵی خه‌باتی خۆی به نه‌وه‌كانی ئێستا و دواتر بسپێرێ و بۆ سه‌رکه‌وتن له‌و کاره‌شدا له‌بیری بێ که نه‌وه‌ی نوێ ته‌نیا هۆگری ناسین و رێزگرتن له شانازییه‌كانی ڕابردوو نیه، به‌ڵكوو پێش هه‌موو شتێک له خه‌می ئه‌وه‌دایه که ئاینده‌یه‌کی دیکه بنیات بنێ.