کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی: ئێران مێژوویەکی درێژی لە سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی خەڵکدا هەیە

14:51 - 19 بانەمەڕ 2715

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک لەسەر ڕووداوەکەی مەهاباد‌و سەرکوتی خۆپیشاندەران لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەڵێ ئێران مێژوویەکی درێژی لە سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی خەڵکدا هەیە. رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ راگەیەندراوێکی لەسەر خۆپیشاندان‌و گرژیی و ئاڵۆزییەکانی شاری مهاباد بڵاو کردۆتەوەو لەو ڕاگەیەندراوەدا دەڵێ دەسەڵاتدارانی ئێران دەبێ رێز لە مافی خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتی دەربڕینی ئاشتیخوازانەی خەڵک بگرن. لە راپۆرتەکەی لێبوردنی نێونەتەوەیی‌دا هاتووە کە راستە پۆلیس ئێران مافی خۆیانە پارێزگاری لەخۆیان بکەن، بەڵام ئەو پارێزگاری لەخۆکردنەدەبێ بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی بەکارهێنانی هێز بێ‌و هێزە چەکدارەکان ناتوانن و نابێ بەدوور لەو پڕەنسیپانە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا بجووڵێنەوە. رێکخراوی لێبوردنی نێودەولەتی دەڵێ بەکارهێنانی زەبرو زەنگ لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران بەرامبەر خۆپیشاندەران لە حاڵێکدا بووە کە خەڵکەکە تووندوتیژییان نەویستووە. لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا ئەمنستی ئینتەرناشناڵ هێناویەتی کە ئێمە بە بەڵگەوە دەیسەلمێنین ئێران مێژوویەکی درێژی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران‌دا هەیە، بۆیە ئێران دەبێ لەجیاتی بەکارهێنانی سەرکوتی خۆپیشاندەران لێژنەیەکی بێلایەنانە بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی کوژرانی ئەو کچە لە مهاباد دروست بکا.